عێراق هەوڵیداوە لە رێگەی سیستمی ئەسیکۆداوە رێکارە گومرگییەکانی خۆی بەهێزتر بکات و گەشەیان پێ بدات. ئەسیکۆدا پلاتفۆرمێکی دیجیتاڵییە کە رێکارە کاخەزییەکان دەگۆڕێت بە ئەلیکترۆنی. ئەو سیستمە چەندین سوودی هەن: هەڵەی مرۆیی کەمدەکاتەوە، خێراتر مامەڵەکان رایی دەکات، شەفافیەت زیاد دەکات و کۆکردنەوەی داهات باشتر دەکات. بۆ بازرگانەکانیش، وادەکات خێراتر بارەکانیان لە سنوور تێبپەڕن و تێچووەکان کەمتر ببنەوە. هەروەها بۆ حکومەتیش، داتای ورد و راستەقینە لە کاتی خۆیدا دابین دەکات کە پلاندانانی ئابووری بەهێز دەکات، لەو رێگەیەشەوە دەتوانێت باشتر بەرەنگاری گەندەڵی ببێتەوە.
ئەوەی هەیە، تەکنەلۆژیا بە تەنیا ناتوانێت کێشە بازرگانییەکان لە عێراق چارەسەر بکات. کێشەی سەرەکی ئەوەیە، یاساکانی گومرگ و بڕی باجەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ هاوئاهەنگ نین. لە کاتێکدا بەغدا پێداگری دەکات کە کوردستان سیستمی ئەسیکۆدا پەسند بکات بۆ باشترکردنی هاوکاری، چەندین کۆبوونەوە ئەنجامدراون، بەڵام تائێستا هیچ رێککەوتنێکی کۆتایی واژۆنەکراوە. ئەم نەبوونی هاوئاهەنگییە واتای ئەوەیە کە تەنانەت ئەگەر کوردستان ئەسیکۆدا بەکاربهێنێت، رەنگە هێشتا کاڵا و بارەکان تووشی کێشە ببن.
بۆ نموونە، عێراق سیاسەتی پاراستنی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی پەیڕەو دەکات، ئەوەش هاوردەکردنی ئەو کاڵایانە سنووردار دەکات کە لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێن، بەڵام لە کوردستان بەرهەمە بیانییەکان هێشتا دەتوانن هاوردە بکرێن، هەرچەندە باجی زیاتریان لەسەرە. لە ئەنجامدا، بارهەڵگرەکان کە لە کوردستان گومرگ دەکەن، زۆرجار لە بازگە ناوخۆییەکانی موسڵ و کەرکووک دووبارە رادەگیرێنەوە. ئەگەر ئەو باجانەی لەوێ کۆکراونەتەوە کەمتر بن لە بڕی باجەکانی بەغدا، ئەوا پێویستە خاوەن بارەکان بڕی زیاتر بدەن. ئەم دووبارەبوونەوەیە سوودەکانی هەبوونی سیستمێکی مۆدێرن کەمدەکاتەوە.
وانەکە روونە: بەبێ یاسای یەکگرتوو، ئەسیکۆدا تەنیا دەتوانێت وەک ئامرازێکی تەکنیکی خزمەت بکات، نەک چارەسەرێک. بۆ ئەوەی توانا شاراوەکانی خۆی بەدەستبهێنێت، پێویستە هەردوو ناوچە لەسەر خشتەی باج و سیاسەتەکانی گومرگی یەکگرتوو رێکبکەون. ئەگەر ئەمە رووبدات، عێراق دەتوانێت بەربەستە ناوخۆییەکان لابەرێت، رێگە بە یەک راگەیاندنی گومرگی بدات کە لە سەرانسەری وڵاتدا کارا بێت و ببێتە ناوەندێکی بازرگانی و ترانزێتی متمانەپێکراوتر کە تورکیا، کەنداو و بازاڕە نێودەوڵەتییەکان بەیەکەوە ببەستێتەوە.
پەسندکردنی ئەسیکۆدا هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام سەرکەوتنە راستەقینەکە تەنیا کاتێک دێت کە یاساکان، باجەکان و سیاسەتەکان لە سەرانسەری عێراقدا هاوئاهەنگ بکرێن. بە ئیرادەی سیاسی و هاوکاری، ئەم سیستمە دەتوانێت بازرگانییەکی خێراتر، دادپەروەرانەتر و شەفافتر دابین بکات کە سوودی بۆ هەموو وڵاتەکە هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ