بەشداری گەلی کورد لە سەرکەوتنە مەزنەکەدا

09-05-2024
ماکسیم رووبین
A+ A-
 
9ی ئایاری 1945 رۆژێکە هێمای رووحی خۆڕاگری و قارەمانێتی گەلانی یەکێتیی سۆڤیەتە. لەم رۆژەدا پەیمانی تەسلیمبوونی بێ مەرجی ئەڵمانیا واژۆکرا، کە کۆتایی بە جەنگی مەزنی نیشتمانی (جەنگی  جیهانیی دووەم)هێنا.
 
جەنگی مەزنی نیشتمانی– یەکێکە لە کارەساتە پڕ تراژیدیا و قۆناخە سەختەکان لە مێژووی رووسیادا. ئەم جەنگە گیانی ملیۆنان کەسی ئەستاند و بردەوە، سەدان هەزار خێزانی لەنێوبرد و، بۆ هەتا هەتایە دنیای گۆڕی. ئەم سەرکەوتنە، کە بەدەستی سەربازانی ئازا و خۆبەختکەری سوپای سوور بەدیهات، خەباتێکی پاڵەوانانە بوو و میراتی رووسیایە، نموونەی روونترین قارەمانی و یەکگرتوویی گەلانی یەکێتیی سۆڤیەتە لە بەرامبەر مەترسییەکان. ئێمە خۆمان لە ئاست ئەم بەشداربوو و سەرکەوتووانەی جەنگ دادەنەوێنین و شانازیان پێوە دەکەین و هەمیشە لە یادمان دا دەمێننەوە.
 
لەنێو ئەم قارەمانانەدا ژمارەیەک لە کوڕانی گەلی کورد هەبوون، کە لە هەموو بەرەکانی جەنگی مەزنی نیشتمان دا خەباتیان کرد. لە نێویاندا سەرباز، ئەفسەر، کارمەندانی هەواڵگری، میندانەر، پزیشک و فیدایی هەبوون. زۆریان بەهۆی ئەم قارەمانێتییە سەرکەوتووانەی لەو جەنگە دا ئەنجامیاندا، میدالیا و سوپاسنامەیان وەرگرت. سێ لەو قارەمانە کوردانە (سەمەند عەلی سیابەندۆڤ، ئاڤاز گەشیم ڤێردیێڤ و بەکر مستەفایێڤ) بەرزترین خەڵاتی یەکێتی سۆڤیەتیان وەرگرت کە نازناوی پاڵەوانی یەکێتی سۆڤیەتە. سەربازانی کورد خۆنەویستانە چوونە بەرەکانی جەنگ بۆ بەرگریکردن لە دەوڵەت، کە بۆ ئەوان نیشتمانی دووەمیان بووە. قارەمانانی کورد لە زۆربەی بەرەکانی شەڕ دژی سوپای ئەڵمانیا جەنگاون، هەر لە بەرگریکردن لە مۆسکۆ، شکاندنی گەمارۆی لێنینگراد (سانپترسبۆرگی ئێستا)، شەڕی ستالینگراد، لە شەڕەکانی قەفقاز و رزگارکردنی کریمیا، بێگومان کارکردن لە پشت بەرەکانی شەڕیش. زۆر لە سەربازانی کورد بوێرانە بەرگریان لە (بێلگراد، وارشۆ و بوداپێست) کرد. بەشدارییان لە شەڕی قارەمانانەی بەرلین دا کردووە. سەربازانی کورد وەک بەشێک لە هێزەکانی سۆڤیەت تەنانەت لە دژی سوپای کوانتونگی ژاپۆنی ئیمپریالیستی شەڕیان کرد.
 
لە ئەرشیفە هەڵگیراوەکانی سۆڤیەت دا زۆر وتار و بەڵگەی مێژوویی جۆراوجۆر سەبارەت بە جەنگی مەزنی نیشتمان کە ئاماژەی بە نوێنەرانی گەلی کورد دەکات بەرچاو دەکەون. وتەکانی مارشاڵی یەکێتی سۆڤیەت ئیڤان باگرامیان لەسەر بەشداری گەلی کورد لە سەرکەوتنە مەزنەکەدا نووسراوە: "لە سەردەمی جەنگی مەزنی نیشتمانی دا، کاتێک وڵاتمان، کە گەلی کورد بۆ یەکەم جار لە مێژوودا ئازادیی نەتەوەیی و بەختەوەری راستەقینەی تێدا دۆزیەوە، رووبەڕووی مەترسی کوشندە بووەوە، کورد وەها خۆی نیشاندا کە وەک هەمان نیشتمانپەروەرانی دیکەی سۆڤیەت و گەلانی دیکەی برایان بە ئەمەکن بۆ نیشتمان. لەگەڵ ئەو سەربازە کوردانەی کە لە شەڕدا پێکەوە لە بەرەیەک دا شەڕمان دەکرد، بە دڵسۆزی و ئازایانە ئەرکی سەربازیی خۆیان جێبەجێ دەکرد". ئەمە روونترین بەڵگەی یەکێتی و تەبایی گەلی کورد و رووسە که وەک برای راستەقینە وەستاونەتەوە بەرامبەر بە هەڕەشەکان."
 
*ماکسیم رووبین، کۆنسوڵی گشتیی رووسیا لە هەولێر، ئەم وتارەی بەتایبەت بۆ رووداو نووسیوە.  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەحموود بابان

گەڕی پێنج پڵەس و شەشەمی گرێبەستە نەوتی و گازییەکانی عێراق بە قازانجی زیاتر لە 30٪ بۆ کۆمپانیاکان کۆتاییهات

کۆمپانیای کار لە هەرێمی کوردستان وەک تاکە کۆمپانیای نێوخۆیی عێراق بە واژۆکردنی ئەو سێ گرێبەستەی لە گەڕی پێنج پڵەس و شەشەمی گرێبەستەکاندا کردی، توانای وەبەرهێنانی کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستانی لە کەرتی نەوت و بەتایبەتیش گاز دەرخست، چونکە دوو لەو کێڵگانەی وەریگرتوون تێکەڵە (نەوت و گاز) و کێڵگەیەکیشیان بەتەنیا گازە، ئەمەش دەرخەری ئەزموونی کۆمپانیای کارە لە بەرهەمهێنانی نەوت و بەفیڕۆنەدانی گازی هاوەڵ.