رۆژانێکی سەختە! مرۆڤ نازانێت خەم لە چ لایەکی وڵات بخوات! رۆژهەڵات لە گڕگرتندایە و رۆژئاواش لەژێر ئاگر و ئاسنی چەتە تووندڕۆکان دا.
باری دەروونیی زۆرمان بەهۆی ئەو بوویەرانەوە بەتەواوی تێکچووە. لەنێوان سکرینی تەلەڤزیۆن و مۆبایلەکانمان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دا تێداماوین و هیوا خوازین لێرە و لەوێ هەواڵێکی باش لە رۆژهەڵات یان سەرکەوتنێکی شەڕڤانانمان لە رۆژئاوا و حەلەبی کوردان دەستبکەوێت.
ئەوەی زۆرتر باری دەروونیی منی تێکدا بەدیلگرتنی ئەو کچە شەڕڤانە بوو لەلایەن ئەو چەتە عەرەبانەوە! جارێک فیلمەکەم لە فەیسبووک کەوتە بەرچاو و ئیدی ببڕای ببڕ سەیری ناکەمەوە.
چەتەکان سووکایەتییان پێی دەکرد، یەک جنێوی پێدەدا و یەکیش پرچی رادەکێشا! خاتوونەکەی ئێمەش تووشی شۆک ببوو! دەترسا و حەپەسابوو! نەیدەزانی مۆتەکەی خەونە یان راستییە، بەڵام هەر زوو لەوە تێگەیشت کە بەداخەوە راستییە و کەوتووەتە ناو بەناو مرۆڤانێک کە مێشکیان دەگەڕێتەوە بۆ چاخی جاهیلی.
یەکیان زوو زوو هاواری بەسەریدا دەکرد و دەیگووت (یا "خەنزیرە"). خەنزیرە بە زمانی چەتەکان واتە مالۆس. مالۆس مێچکەی بەرازە.
ئەو چەتەیە، بە تێگەییشتنی خۆی کە بە خانمەکەی ئێمەی دەگوت مالۆس! سووکایەتیی پێدەکات، نەیدەزانی بەراز چییە و چ خزمەتێکی بە ژینگە و مرۆڤایەتی کردووە!
بەراز، بەهۆی زۆریی زاوزێ و ئاسانیی پەروەردەکردنییەوە زۆرترین خزمەتی بە مرۆڤایەتی گەیاندووە! بەراز نەبووایە نیوەی زۆری مرۆڤایەتی بێ گۆشت دەمانەوە. لەوانە بوو زۆر لە مرۆڤایەتی لە هەندێک کات و باردا لە برسا بمردبان. زۆرترین بەرهەمی پێست لە جیهان دا و بەدرێژایی مێژوو لە بەرازەوەیە. لەوانەیە ئەو چەتە عەرەبەی سووکایەتیی بە خاتوونەکەی ئێمە دەکرد، پشتووێنەکەی پشتی و رەخت و پێڵاوەکەی پێی هەر لە پێستی بەراز بووبێت. زۆرترین بەرهەمەکانی هێلم و کەتیرە لە بەرازەوەیە! پۆشاک و رەخت و کەلوپەلەکانی دیکەی ئەو چەتانە، زۆر لەو هێلم کەتیرانەی تێیدا بەکارهێنراوە کە بە خاتوونەکەی ئێمەی دەگوت یا خەنزیرە.
زۆر لە بەرهەمەکانی ئەنسۆلین کە چارەسەرن بۆ نەخۆشیی شەکرە لە بەرازەوەن. کێ دەڵێت ئەو چەتە عەرەبە یان کەسانی نزیکی نەخۆشیی شەکرەیان نییە و ئەنسۆلینی خەنزیرە بەکاردێنن! زۆرترین بۆڕیچکەی دەستکردی دڵ و چاندنی ئەندامەکان بۆ لەشی مرۆڤی نەخۆش لە بەرازەوەن. ناکرێت یەک لە ئەندامان یان کەسەکانی ئەو چەتانە بۆڕیچکەیەکی بەرازی بۆ دڵی دانەنرابێت!
دیارە باسی سوودەکانی بەرازە کێوی ناکەم کە چەند خزمەتی پێشمەرگە و شۆڕشگێڕانی جیهانی کردووە، کە لە بێ خواردنی و رۆژە سەختەکاندا فریادڕەسیان بوون! تەنانەت بۆ چەتەکانی داعش و عەرەبەکانی سووریاش ئەو سەردەمانەی خۆیان دەشاردەوە ، هەر ئەم بەرازە بووە کە بە زیندوویەتی هێشتوونییەوە! ئەمە ئەو زانیارییە گشتییانەن کە من لەسەر بەراز تائێستا زانیومن!.
دڵنیام سوودی زۆر زۆرتری بۆ مرۆڤایەتی هەیە بۆیە لێرەوە سەیری ژیری دەستکرد دەکەم و سوودەکانی دیکەی بەرازتان بۆ دەگوازمەوە. بە گەڕانێکی سادە جگە لەوانەی سەرەوە باسمکردن، ئەمانەش هەن:
کۆلاجینی پێستی بەراز لە چاکبوونەوەی برین و سووتاوی و نەشتەرگەریی جوانکاریدا بەکاردێت. جەلاتین لە ئێسک و پێستی بەرازەوە دێت و زۆر پێویستە لە کەپسوولەکاندا بۆ دەرمان و ڤاکسین، واتە هەموو ئەو کەپسولانەی ئێمە دەیانخۆین لە بەرازەوەیە. بەبێ ئەم ماددانە زۆر لە بەرهەمە پزیشکییەکان بوونیان نەدەبوو. ئەو چەتەیە بەم نزیکانە دەکەوێتە بەر ئاگری شەڕڤانان و کۆلاجینی پێستی بەرازی بۆ بەکاردێت بۆ چاکبوونەوەی.
توێژەران کار لەسەر چاندنی زۆرتری ئۆرگانەکانی بەراز بۆ مرۆڤ دەکەن. بەراز بۆ ئەم مەبەستە لە هەموو ئاژەڵەکانی دیکە گونجاوترە، چونکە ئەندامەکانی لە قەبارە و کارکردن دا زۆر لە ئەندامەکانی مرۆڤ دەچن. ئەمەش دەتوانێت لە داهاتوودا کەمیی ئەندامی بەخشەر چارەسەر بکات.
هیپارین کە مادەیەکی ڕوونکەرەوەی خوێنە و زۆر گرنگە بۆ نەشتەرگەری، زۆرجار لە ڕیخۆڵەکانی بەرازەوە دەردەهێنرێت. بەبێ ئەم مادەیە، زۆر لە نەشتەرگەرییەکان مەترسیدارتر دەبوون. لەوانەیە ئەو چەتەیە لە رۆژانی داهاتوودا بکەوێتە بەر دەستڕێژی شەرڤانێکی دیکەی کچ و بۆ چارەسەرکردنی هیپارین بەکاربهێنرێت! دیسان جەلاتینی بەرهەمەکانی بەراز لە شیرینی و تەنانەت هەندێک خواردنەوەشدا هەیە. دڵنیام ئەو شیرینییە حەڵەبییەی کە چەتە تووندڕۆیەکان شانازیی پێوە دەکەن، تژییە لە جەلاتینی بەراز و ئەو خواردنەوە گازی و وزەبەخشانەشی کە دەیخۆنەوە هەر جەلاتینی بەرازی تێدایە.
گلیسرین، مادەیەکی چەورە و لە بەرازەوە دێت کە بۆ کەرەستەی جوانکاری و شێداری و نەرمی پێست بەکاردێت و هەر چوار ژن و خوشک و دایک و کچی ئەو چەتەیە بەکاری دێنن بۆ ئاراییشت. هەمان ئەم گلیسرینە لە هەویری ددان و سابوون دا هەیە و بەبێ ئەم پێکهاتەیە ئەو بەرهەمانە نەرمکەر نابن و ئەو کوالیتییەیان نابێت، بەڵام کە ئەو چەتانە دەبینم، لەوە ناچێت رۆشنبیرییەکی واهایان ببێت و هەویری ددان و سابوون بەکاربێنن.
هیچ بۆیە و رەنگێک نییە جەلاتینی بەرازی تێدا بەکار نەهێنرابێت، بۆیەی پۆشاک، خانووبەرە، ئوتۆمبێل و پرچ و زۆری دیکە!
بەراز، ئاژەڵێکی ئاسایی نییە، زۆر دەبەخشێتە مرۆڤایەتی و چەتەکانیش بەداخەوە بەشێکی زۆر خراپی مرۆڤایەتین. هەر بۆیە دەبێت رێزێکی تایبەتیی لێ بگیرێت و لەبەردەم هەموو نەخۆشخانەکان و ساڵۆنی جوانکارییەکان پەیکەری بۆ دروستبکرێت.
منیش وەک رێزێک بۆ ئەو خاتوونە دیلەی هاوزمانم و هەموو ئەو بەرهەمە گرنگانەی بەراز پێشکەشی مرۆڤی دەکات، بەشانازییەوە بەرازم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ