کۆرۆنا و گوتاری کوردی

10-04-2020
د. سالار عوسمان
نیشانەکردن کۆرۆنا
A+ A-
 
 
کورد چی لە بارەی کۆرۆناوە گوتووە ؟
ئایا کورد گوتارێکی ھەیە، یان لە بۆشاییدا دەخولێتەوە ؟
ئایا کورد بیر دەکاتەوە، یان ھەر  نەقلی گوتارەکانی تر دەکات؟
 
بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە کە دڵنیام چەندین پرسیاری دیکەیش لەگەڵ خۆیدا دەھێنێتە پێش. جارێ دەبێت بە پۆلێنبەندییەوە قسە بکەین، چونکە ئێمە مەبەستمان لە گوتار، نە وتارە و نە وتاردان، ھەمدیسان نە میدیایە و نە زانیارییش، چونکە لای زۆربەی نووسەر و میدیاکارانی کورد، بەداخەوە ئەم چەمکانە ھەم تێکەڵ دەکرێن و ھەم بەھەڵەیش بەکاردێن.
 
زۆر بە کورتی، گوتار (Discourse) ئەو ھێزە زمانییەیە کە جۆرێک لە ئاگایی و تێگەیشتن دروست دەکات، بە واتایەکی دیکە لەنێو واقیعدا جۆرێک لە تێگەیشتن دەخوڵقێنێت کە ھەڵگری بەشێک لە بڕوا و پاساوەکانی نێو واقیعە نەک ھەموو. بێگومان ئەویش دوای گەنگەشەیەکی قووڵی نێوان راستی و ناڕاستی، کە دواجار نەخشەیەک لە تێگەیشتنی لێ بەرھەمدێت کە دەکرێت ناوی لێبنێین "گوتار".
 
کورد لەبارەی کۆرۆناوە بە داخەوە تا ئێستا گوتاری نییە، زانکۆ و نێوەندە زانستییەکانی، تاک و تەرا، ئەگینا ھیچ توێژینەوەیەکی ئەوتۆیان پێشکەیش نەکردووە سەرنج کۆبکاتەوە. میدیاکان پتر خەریکی ھەواڵن و پەیامنێر و بێژەرەکانیان بە ترسەوە ژمارەی مردووەکان دەڵێن. پزیشکەکان قسەی باش و خراپ دەکەن، زاناکان ھەندێکیان نەبێت کە لە ژمارەی دەست تێناپەڕن، شتێک ناڵێن. سیاسییەکانی کورد بێ قسەن، نووسەران، تاک و تەرای لێ دەرچێت، گەر روانگەیەک بخەنەوە، ئەوانی دیکە یا ون و بێدەنگن یان خەریکی وتارگەلێکن کە دووبارە و ھیچ پێنەبوون. کە دەڵێم ھیچ پێنەبوو، مەبەستم ئەوەیە، ناتوانن ببن بە بەشێک لەو تێگەیشتنەی کە نەخشەکە دروست دەکات. مەبەستم لە نەخشەکە، گوتارە!
 
بۆ باسی ھەموو ئەوانە، زانکۆ، میدیا، سیاسەت و نووسینم بە یەکەوە کرد؟ ئەم پرسیارە لە وەڵامی ئەو پرسیارانەی کە پێشتر و لە دەستپێکدا کردمانن نزیکمان دەکاتەوە. جارێ با وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە. وەڵامەکەیش ئەوەیە، وەک گوتمان گوتار بەرھەمی دوای گەنگەشەی قووڵی نێوان راستی و ناڕاستیی نێو واقیع و دروستکردنی بەخشەیەکە لە تێگەیشتن. بۆیە لەو پێناوەدا دەبێت ھەموو نێوەندەکان رۆڵ ببینن، بە نموونە زانکۆ و نێوەندە زانستییەکان. ھەر بۆ زانیاری، لەوەتەی کۆرۆنا ھەیە لە ئاستی دونیادا پتر لە پێنج ھەزار توێژینەوە کراون و رۆژانەیش ژمارەکان زیاد دەکەن. پرسیار ئەوەیە: "توێژەری کورد چی کردووە؟" ڕووی ئەم پرسیارەیش پتر لە زانکۆ و نێوەندە زانستییەکانی کوردستانە. لەوانەیە ئێستا لە ئاست بێتوێژینەوەیی کورد، ھەندێک کەس  پاساو بھێننەوە. دەزانم پاساوەکان چین و وەڵامیش ھەس، لێ لێرەدا کات بە وەڵامدانەوە ناکوژین و رێک دێینە سەر برینەکە، برینی بایەخ و گرنگینەدان بە زانست لە کۆمەڵگەی کوردیدا. ئەگینا ئەگەر ئەو برینە نەبووایە، دەبوو تا ئێستا، کە پتر لە سێ مانگە کۆرۆنا دنیای لەگەڵ خۆیدا خستووەتە سەر چۆکان، بەڵێ دەبووایە زانایانی کورد وەک ئەو دوای زانایانی گەلانی دیکە ئەوانیش بە توێژینەوە و دۆزینەوە و ئەنجامە زانستییەکانیان خزمەتێکیان پێشکەیش کردبا. کە دەشڵێین زانایانی کورد، مەبەستمان تەنیا زانایانی بواری ساغڵەمی نییە. کۆرۆنا کاری کردووەتە سەر تەواوی لایەنەکانی ژیانی مرۆڤ، بۆیە دەبێت لە ھەموو لایەنەکانەوە لێی بکۆڵرێتەوە، بۆ نموونە لایەنی زانستی دەروونی، ئایا کۆرۆنا چی لە دەروونی مرۆڤی کورد کردووە؟ دەکرێت ئەم پرسیارە و دەیان پرسیاری دیکە لە گۆشەی جیاجیای زانستە جیاجیاکانەوە بکرێنە ھەوێنی توێژینەوە.
 
ھەر لە سەرینی ئەو راستییەی کە بۆ دروستکردنی گوتار (گوتارسازی) دەبێت نێوەندە بیرکەرەوەکانی وڵات رۆڵ ببینن، پرسیار دەکەین: "ئەرێ  نووسەری کورد چی پێشکەش کردووە؟ کوا روانگە کلتوورییەکانی نووسەری کورد لەبارەی کۆرۆناوە؟ کوا دەنگی نووسەری کورد کە پێشتر لە ورد و درشتی ئەوەی لێیدەزانی و لێینەدەزانی تێیدا ھەڵیدەدایێ؟ ئێستا بۆ بێدەنگ و بێڕوانگە سەری خۆی خستووەتە نێو کپیەوە؟!"
 
ئەی سیاسییەکان، تۆ بڵێی کۆرۆنا بەسەر کایەی سیاسییەوە بێباندۆر بێت کە ئاوا سیاسییەکانی کورد لە ئاستیدا قڕوقەپیان لێکردووە؟ نا، کۆرۆنا پڕ کاریگەرییە و لەگەڵ خۆیدا بەشێکی زۆری ئەتمۆسفێری سیاسییش دەگۆڕێت. ھەر بۆ نموونە، لەمەودوا  کۆمەڵگەکان سیستەمی حوکمڕانیی تووندوتۆڵیان گەرەکە و زۆر دەرفەت و دەلیڤە نادەنە ئۆپۆزیسیۆن و بەکورتی، نەفەسی کۆکردنەوە و ئاراستەکردن جێی نەفەسی بیروڕا جیاوازە بریقەدارەکان دەگرێتەوە و گوێنەگرتن لە ئۆپۆزیسیۆن قووڵتر دەبێتەوە. روونتر بڵێین: خەڵک حکومەتێکی دەوێت بیپارێزێت. لەوانەیشە لە ھەڵبژاردنە سیاسییەکانی دوای کۆرۆنادا پاراستنی تەندروستیی مرۆڤ ببێتە درووشم و لۆگۆی یەکەم!
 
میدیا دوای داخستنی مزگەوت و کڵێسا و پەرستگەکان و ھەمدیس دوای راگرتنی چالاکییە سیاسییە جەماوەرییەکان، غرووری تاک مینبەری گرتوویەتی و دوور لە پیشەگەری، خەریکە رۆڵی واعیز دەبینێت کە ئەمە قەت کاری میدیا نییە. یان ھەندێک جار دەبێتە سەرچاوەی زانستی و بەشێک لە خەڵک بڕواشیان پێدەکەن، کە ئەمەیش ھەر ھەڵەیە و کاری میدیا نییە. کورت و کرمانج، میدیا کاری گەیاندنی زانیاری و لەگەڵیشیدا فەراھەمکردنی پانتاییەکانی گفتوگۆیە. بۆیە لە دەرەتانێکی ئاوادا دەبێت بە میدیای کوردی بڵێین: "شاش مەڕۆ!" راستە ھەمووان لە میدیادا قسە دەکەن و دەردەچن، لێ کاری میدیا روونە و نابێت لە بری ئەوانی دیکە کار بکات. بەتایبەت لە پرسێکی ئاوا ھەستیار و زانستیدا، مەبەستمان "COVID-19"یە، ناکرێت جگە لە زانایان ئەوانیش ھەریەک بەپێی پسپۆڕیی خۆی، کەسی دیکە قسە بکات. دەبێت ئەو دەردی قسەکردنی ھەموو کەس لە ھەموو شت رابگیردرێت. دەبێت میدیایش زۆر نەڕوات و واز لە ئامۆژگاری، رێنمایی و بڕیاردان بھێنێت. دەبێ پزیشک رێنمایی، حکومەت بڕیار و میدیایش ھەواڵ و زانیاریمان پێبدەن.
 
ئێستا بەتایبەت کە باسی دەردی  قسەکردنی ھەموو کەس لە ھەموو شت دەکەین، دەبێت بڵێین لە کۆمەڵگەیەکدا کە ھەموو کەس قسە لە ھەموو شت دەکات، بە نموونە، تووندڕۆیەک قسە لە مافی مرۆڤ دەکات، مەلایەک قسە لە زانستی دەرمان دەکات، پۆستنووسێکی سەر سۆشیال میدیا پۆپۆلیزمانە قسە لە پڕی دەکات و ئیتر لە کۆمەڵگەیەکی ئاوادا کە باش و شاش قسە لە ماش و ئاش دەکەن، بیرکردنەوە لە کوێیە؟!
 
پرسی بیرکردنەوە، بەتایبەت لەو کۆمەڵگەیانەی کە بەشی زۆری خۆی رادەستی نەقڵ کردووە و شیانی گەنگەشەی عەقڵ و توانای ھەڵوەشاندنەوەی مانای دەقەکان و تەئویل و راڤە ھێرمینۆتیکییەکانی نییە، پرسێکی لە توونێلدا چەقیوە و ھەززەیەکی گەورەی دەوێت، ھەززەیەکی گەورە تا بیرکردنەوە بکات بە بەشە گرنگەکەی ژیان. ئاخر کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەی بیرکردنەوە نییە، بۆیە لە خودی یەک حیزبدا ئەوپەڕی راست و ئەوپەڕی چەپ دەبینرێت. لەنێو یەک حکومەتدا ئەوپەڕی پاک و ئەوپەڕی گەندەڵ دەبینرێت. لەنێو یەک زانکۆدا مامۆستای قۆڵبەنووشتە و ھەر لەو زانکۆیەشدا مامۆستای زانا دەبینرێت. لە کۆمەڵگەیەکی ئاوادا بیرکردنەوە ھێندە نەبووە، مەگەر وەک گوتمان، ھەززەیەکی گەورە  بمانخاتە سەر راستە رێگە. ئاخر بیرکردنەوە رێگەیە و نەخشەرێگەکەیش "گوتار". بەرھەمی کەڵەکەبووی بیرکردنەوەی دانا و توانا و زاناکانی وڵاتە کە دەیانەوێت چرایەک بۆ باشە، بۆ خێر، بۆ ئاسوودەیی مرۆڤەکان، بۆ دەربازبوون لە تاریکی ھەڵگیرسێنن.
 
کۆرۆنا تاریکییە، تاریکییە و ھەموو رووناکییەکانی ژیانی داپۆشیوە، بۆیە دەبێت گوتارێک، چرائاسا دەستمان بگرێت بۆ پەڕینەوە، ئێمەی کورد بەبێ بیرکردنەوە، بەبێ گوتار و بەبێ چرا لە بۆشاییدا دەخولێینەوە و نەقڵی ھەموو ئەوانی دیکە دەکەین، جگە لە خۆمان!
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە