کەمکردنەوەی نایەکسانی لە کوردستان

10-06-2023
A+ A-

نایەکسانی گرفتێکی رەگ داکوتراوە لە هەرێمی کوردستان کە هەموو بوارێکی کۆمەڵگەی گرتووەتەوە، لە پەروەردەوە بیگرە تاوەکو دەگاتە تەندروستی. جیاوازییەکە لەگەڵ دۆخی لەدایکبوونی تاک دەستپێدەکات، لەوانەش ئەو خێزانەی ئەو منداڵە تێیدا لەدایک دەبێت، ئەو ناوچەیەی تێیدا گەورە دەبێت، باری ئابووریی خێزانەکە و تەنانەت ئەو هەوادارییە سیاسییەی ئەو تاکە هەیەتی. جێگەی نیگەرانییە کاتێک دەبینین بەرزبوونەوەی پێگەی تاک بێ هەبوونی پەیوەندیی سیاسی زۆر سنووردارە. کاتێکیش ئەو بابەتە و جیاوازییەکانی نێو کەرتی پەروەردە ئاوێتە دەبن، کاریگەرییەکانیان لەسەر یەکسانی زیاتر دەردەکەون. 
 
یەکێک لە کاریگەرییە نیگەرانکەرییەکەی ئەم نایەکسانییەی هەرێمی کوردستان لە کەرتی پەروەردەدا دەبیندرێت، قوتابخانە تایبەتییەکان لە هەرێمی کوردستان بە باشی پێشدەکەون و ستاندەردێکی باڵای خوێندن و پەروەردە پێشکێش دەکەن، بەڵام منداڵانی خێزانی چینی کرێکار دەستیان ناگاتە ئەو قوتابخانانە. ئەمەش سیستمێک دروست دەکات کە لە خزمەتی چینی دەوڵەمەنددایە و یەکێک لە ئەنجامەکانیشی دروستکردنی دابەشبوون و جیاوازییەکی روونە کە ئەویش رێگرە لەبەردەم بەرزبوونەوەی پێگەی تاک. ئەوە لە کاتێکدایە، زۆرجار قوتابخانەکانی کەرتی گشتی کێشەی نەبوونی کەرەستە و ئامرازیان هەیە، لەوانەش نەبوونی پێداویستییەکان و وانەکانی وەک تەکنەلۆژیا، ئەندازیاری و کۆدسازی کە هەموویان بۆ پەرەدان بە توانای منداڵ و تاک زۆر پێویستن. ئەو جیاوازییانەی ئاماژەیان بۆ کرا ئاستەنگ بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکەن و دەبنە هۆکارێک بۆئەوەی گەنج بۆ داهاتوویەک ئامادە نەکرێت کە تێیدا ژیریی دەستکرد و پێشکەوتنی بواری تەکنەلۆژیا رۆڵی گەورە دەگێڕن. 
 
قوتابخانە تایبەتەکان لە کوردستان دەبنە هۆی دروستبوونی کۆمەڵگەیەک کە لە دوو چین پێک دێت. ئەو قوتابییانەی لەو جۆرە قوتابخانانەدا دەخوێنن فێری ئەوە دەبن بە چەند زمانێک قسە بکەن و دەرفەتێکی باشیشیان هەیە بۆ ئەوەی دواتر بۆ خوێندن بچنە دەرەوە، بەڵام ئەو دۆخە کاریگەری دیکەی هەیە، ئەویش زیادبوونی ئەو گۆشەگیرییەیە کە بەشێک لە منداڵان رووبەڕووی دەبنەوە، بەتایبەتی ئەو منداڵانەی نیڤشکانن و هەروەها ئەوانەی کێشەی بە زەحمەت فێربوونیان هەیە. زۆرجار ئەو منداڵانە فەرامۆش دەکرێن. بۆ نموونە، هەندێک سەنتەر بانگەشەی ئەوە دەکەن کە خزمەتگوزاری بۆ منداڵانی ئۆتیزم دابین دەکەن و پارەیەکی زۆریش وەردەگرن، بەڵام چارەسەرێکی ئەوتۆ پێشکێش ناکەن. 
 
ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە، تەنانەت بەدەگمەن یەک تووشبووی ئۆتیزم دەبینی سەرکەوتووانە قۆناخی ناوەندی یان زانکۆی لە هەرێمی کوردستان تەواو کردبێت. قوتابخانەکانی کوردستان وەرگرتنی ئەو قوتابییانە رەتدەکەنەوە کە نیڤشکانن یان کێشەی هاوشێوەیان هەیە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو توانایەی کە هەیانە. تاوەکو ئێستاش وەرنەگرتنی قوتابییانی ئۆتیزم لە قوتابخانەکانی قۆناخی ئامادەییدا هەیە و ئەوەش واتای ئەوەیە منداڵانی خاوەن توانا و بەهرەی زۆر، دوای قۆناخی بنەڕەتی فەرامۆش دەکرێن. سیستمی پەروەردەش شکستی هێناوە لەوەی دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو منداڵێک بڕەخسێنێت. 
 
وەک هاونیشتمانییەک کە کار بۆ گۆڕانکاری دەکەم، ئێستا لە هەڵمەتێکدا بەشدارم و هانی وەزارەتی پەروەردە دەدەم کە ئەم قەدەخەکردنە نافەرمییە هەڵبگرێت و دڵنیایی بدات لەوەی مامۆستایانی قوتابخانەکان راهێنانی پێویستیان پێدەکرێت تاوەکو قوتابی تووشبووی ئۆتیزم لە قوتابخانە و پۆلەکانیان جێگەیان ببێتەوە. ئەو قسەیە راستە کە دەکرێت هەندێک لە منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم لە ژینگەی قوتابخانەکاندا رووبەڕووی ئاستەنگ ببنەوە و هەندێک مامەڵەی تێکدەرانە بکەن، بەڵام هەبوونی سیستمێکی دروست دەبێتە یارمەتیدەرێک بۆ ئەوەی ئەو منداڵانەی کە مامەڵەی تێكدەرانەیان زۆر نییە، بەشێوەیەکی ئاسایی لەسەر خوێندن بەردەوام بن. 
 
منداڵەکانی من لە ئینگلتەرا خوێندوویانە و ئەزموونی ئەوێ زۆر جیاوازە. منداڵەکانم دوو هاوپۆلی تووشبووی ئۆتیزمیان هەبوو، بەڵام دۆخەکەیان نەبووە هۆکارێک بۆئەوەی لە پۆلدا نەبن و نەخوێنن. بە پێچەوانەوە، حکومەتی بەریتانیا بودجەیەکی تایبەتی بۆ قوتابخانەکە تەرخانکرد تاوەکو ستافێکی زیاتری هەبێت، کەرەستەکانی تایبەت بە خوێندن بە جۆرێک رێکبخات لەگەڵ توانای ئەوان بگونجێت و ئەو تێگەیشتنەش لای قوتابییانی دیکەی نێو قوتابخانەکە دروست بکات کە بەڵێ جیاوازی لە ژیاندا هەیە. ئەو شێوازی کارکردنە هانی منداڵەکان دەدات بۆ ئەوەی رێز لە هاوپۆلە جیاوازەکانیان بگرن و لێیان تێبگەن؛ لە هەمان کاتیشدا دڵنیایی دەدات لە هەبوونی ژینگەیەکی تایبەت بە فێربوون کە تێیدا هەموو شت یارمەتیدەرە و هەموو کەسیش خۆی تێدا دەبینێتەوە. جێگەی نیگەرانییە ئەو تێگەیشتن و مامەڵەیە لە کوردستاندا نییە. 
 
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژوو بدەینەوە، دەبینین هەرێمی کوردستان لە رابردوودا رووبەڕووی هەژارییەکی زۆر بووەتەوە، بەڵام جیاوازی لە بواری ساماندا کەم بووە. کەچی ئێستا بەشێکی کۆمەڵگە بە جۆرێک سەیری خۆی دەکات لە سەروو ئەوانی دیکەوەیە، ئەوەش بەهۆی ئەو سامانەی کۆی کردووەتەوە، ئیدی بە رێگەیەکی دروست بووبێت یان نا. لە هەمان کاتدا چینی کرێکار دوورە لەوەی نوێنەرایەتیی سیاسی بکرێت و دەرفەتی هاوشێوەی چینەکانی دیکەی بۆ بڕەخسێت تاوەکو پێشبکەوێت. خێزانی چینی کرێکار بە زەحمەت دەتوانێت خەرجی خوێندنێکی باش بۆ منداڵەکانی دابین بکات و لە خزمەتگوزارییە تەندروستییە باشەکان لە چوارچێوەی سیستمی ئێستادا سوودمەند بێت. 
 
بۆ نەهێشتنی ئەم نایەکسانییە زۆرە، رێبازێکی گشتگیر و فرە رەهەند پێویستە. دەبێت کاری لەپێشینەی حکومەت ئەو سیاسەتانە بێت کە دەرفەتی ئابووریی یەکسان پەرە پێدەدەن، جیاوازی لە داهات کەم دەکەنەوە، دڵنیایی دەدەن لەوەی دەرفەتی یەکسان بۆ خوێندن و چاودێریی تەندروستیی باش بۆ هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە هەیە. پێویستە چاکسازییەکان زیادبوونی خەرج بۆ قوتابخانە گشتییەکان، باشکردنی پڕۆگرامی خوێندن و زیادکردنی کەرەستەکان بگرێتەوە؛ هەروەها دەبێت چاکسازییەکان دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ منداڵانی نیڤشکان بگرێتەوە. 
 
کەرتی تەندروستی بایەخپێدانی تایبەتی دەوێ و پێویستە سەرنجێکی تایبەت لەسەر رێکخستنی دەرمانسازی، باشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستیی ناوخۆیی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە پزیشکی بیانی بێت. لەوەش زیاتر، پێویستە سیستمی بەڕێوەبردن و پەیوەندی نێوان دامەزراوەکان چاکسازی تێدا بکرێ بۆ دڵنیابوونەوە لە نوێنەرایەتیکردنی یەکسانی چینەکانی کۆمەڵگە و بەشداریکردنیان. ئەم چاکسازییە زۆر شت دەگرێتەوە، وەک رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، پەرەدان بە شەفافییەت و بەهێزکردنی رۆڵی کۆمەڵگە فەرامۆشکراوەکان بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی چالاک لە پڕۆسەی بڕیارداندا بەشداربن. لە رێگەی نەهێشتنی هۆکارەکانی دروستبوونی نایەکسانی و جێبەجێکردنی چاکسازییەکی گشتگیر، دەکرێت کوردستان بەرەو بوون بە کۆمەڵگەیەکی یەکسانتر هەنگاو بنێت؛ کۆمەڵگەیەک کە دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو هاووڵاتییەکانی بڕەخسێنێت، بەبێ لەبەرچاوگرتنی باکگراوند و دۆخی. 
 
لە کۆتاییدا، نەهێشتنی نایەکسانی لە کوردستان گرنگە و پێویستی بەوەیە سەرنجی بخرێتە سەر و هەوڵی هاوبەشی هەموو لایەکیشی پێویستە. کوردستان دەتوانێت ئەو جیاوازییە کەم بکاتەوە کە هەیە و کۆمەڵگەیەکی خۆشگوزەران و گشتگیر بونیات بنێت، ئەوەش لە رێگەی بایەخدان بە دەرفەتی یەکسانی پەروەردە، خزمەتگوزاری تەندروستی و دەرفەتی ئابووری؛ هەروەها لە رێگەی جێبەجێکردنی چاکسازییەوە بە جۆرێک نوێنەرایەتی سیاسی و بەڕێوەبردنیش باشتر بکرێت. رێگەی گەیشتن بە یەکسانی دەکرێت درێژ و ماندووکەر بێت، بەڵام دەبێت کوردستان ئەو رێگەیە بگرێتەبەر و بیبڕێت، ئەوەش لەبەرخاتری گەلەکەی و نەوەکانی داهاتووی. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەلیل ئیبراهیم مەندەلاوی

عێراق لەنێوان کۆمیدیا و تراجیدیای سیاسیدا

سیاقی کێشەکە لە هەڵەیەکی سەرپێیی قووڵترە، چونکە لە کاتێکدا کە مەڵبەندە سیاسییەکان سەرقاڵی جەختکردن بوون لە پێویستیی پاراستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لیژنە تایبەتمەندەکە بە شێوەیەکی کۆمیدی پاساوی بۆ ئەو هەڵەیە هێنایەوە و، لێدوانێکی دەرکرد کە وەک پێویست یەکلاکەرەوە نەبوو، لە داواکردنی لێبووردنی منداڵێکی بچووک دەچوو کاتێک شووشەیەک لە ماڵەوە دەشکێنێت، کاتێک دەڵێت دانانی ئەو قەوارانە لە لیستەکەدا تەنیا رووداوێکی لاوەکی بووە، هاوشێوەی دۆخی شەرمهێنی دەست دانان لەسەر دوگمەی ناردن بۆ هەموو لە گرووپێکی خێزانیدا کە پڕە لە خزمی فزووڵ، بۆت دەردەکەوێت لە نامەکەدا بڕگەیەکی هەڵە هەیە. پاساوی لیژنەکە بە رستەیەکی فەرمیی جدی داڕێژرا: "پێش هەڵەگری بڵاوکرایەوە و دواتر راستی دەکەینەوە". وشەکان بەم جۆرە دەرکەوتن، وەک ئەوەی بە هێزەوە نالێهاتوویی رابگەیێنن، وەک ئەوەی کەوتنە نێو چاڵێکی هەڵەی سیاسی شتێکی ئاسایی بێت لە جیهانی سیاسەت لە عێراق دا، بەڵکو وەک ئەوەی کارەکە پەیوەندیی بە هەڵەیەکی رێنووسەوە هەبێت لە جۆری نووسینی "ئەمە" لە جیاتی "ئەمە" بێت، نەک دانانی کۆمەڵە گرووپێکی ناوچەکە لە لیستەکانی تیرۆردا