ئەوەی ئاگاداری مێژووی مۆدێرنی ئیسرائیل بێ دەزانێ کە مانەوە و گەشەکردنی دەوڵەتی جوو لەسەر بنەمای روانگە و ستراتیژێکی سیاسی و سەربازی بووە کە تێیدا هێز پایەی هەرەسەرەکی بووە.
لە روانگەی ئیسرائیلەوە هێز تاکە فاکتەری مانەوە و گەشەکردنی دەوڵەتی یەهودە. ئیسرائیل باوەڕی بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی 'سیاسەتی نەرم' نەبووە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ فەلەستینییەکان و دراوسێکانیشی، بەڵکو باوەڕی بە بەکارهێنانی هێزە بۆ مانەوە و ئیسپاتی وجودی خۆی، ئەوەش لە رێگەی هێرشکردن و بەرگریکردن و تەنانەت شەڕفرۆشتنیش. دامەزرێنەرانی دەوڵەتی ئیسرائیل روئیایەکی تەواو واقیعبینانەیان بۆ مانەوەی ئیسرائیل هەبووە کە ئەمەش بووەتە سەرچاوەی هاتنەکایەی ستایل و فەرهەنگێکی سیاسی و سەربازیی تایبەت کە سەرکردە و کاربەدەستەکانی پێوەی پابەند بوون.
ئەم فەرهەنگە بۆ دەوڵەتداری، لە 70 ساڵی رابردوودا دوو دۆکترینی بۆ ستراتیژیی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل لێ بەرهەم هاتووە کە وەک رێنماییەک وان بۆ هەر کردە و کاردانەوەیەکی سەربازیی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا. یەکەمیان بریتییە لە 'دۆکترینی بنگوریۆن Ben-Gurion Doctrine' و دووەمیان 'دۆکترینی مۆشە دایان Moshe Dayan Doctrine'. لێرەدا بە کورتی باس لە ناوەڕۆکی ئەم دوو دۆکترینە دەکەین و پاشان لەسەر بنەمای فەرهەنگی سەربازیی ئیسرائیل، گریمانەیەک بۆ بژاردەکانی ئیسرائیل بۆ ئێستا دەخەینەڕوو.
دۆکترینی بنگوریۆن
بریتییە لە روانگە و ستراتیژێکی سەربازیی کە لە ساڵانی پەنجای سەدەی بیستەم و دوابەدوای راگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل داڕێژرا. ئەم دۆکترینە سێ پایەی سەرەکی هەیە کە یەکەمیان بریتیە لە 'ترساندن/رێگریکردنdeterrence'، دووەمیان 'کەشفکردن/دۆزینەوەdetection' سێیەمیان 'جەنگ و بردنەوەی یەکلاکەرەوەdecisive victory. دۆکترینی بنگوریۆن لەسەر بنەمای ئەو تێگەیشتنەیە کە ئیسرائیل پێگەیەکی جوگرافیی خراپی هەیە و هەرچواردەوری دوژمنە. هەربۆیە ئیسرائیل پێویستە هێزی خۆی بنوێنی و دوژمنەکانی تێکبشکێنێ و کارێک بکات کە بیر لە هێرشکردن بۆسەر ئیسرائیل نەکەنەوە. جگە لەوەش ئەم دۆکترینە سەربازییە رێنوێنی دەکات لەوەی کە ئیسرائیل چاوکراوە بێ لە بەرانبەر هەر جووڵەیەکی دوژمن و نەیارەکانی و پێش ئەوان دەستی خۆی بوەشێنێ و پلانەکانیان پووچەڵ بکاتەوە. پایەی سێیەمی دۆکترینی بنگوریۆن بریتییە لەوەی کە ئیسرائیل لە شەڕی خێرای یەکلاکەرەودا دوژمنەکانی بهێنێتە سەرچۆک و شەڕ لە ماڵی خۆی دووربخاتەوە و لە سەر خاکی دۆژمنەکانی بجەنگێ. دۆکترینی بنگوریۆن بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسی دەوڵەتە نەیارەکانی دراوسێی ئیسرائیل کاریگەر بوو. هەروەک لە جەنگی شەش رۆژەی 1967دا دەرکەوت، ئەم فەرهەنگ و روانگە ستراتیژییە سەربازییە فاکتەری یەکلاکەرەوە بوو لە سەرکەوتنی ئیسرائیل و فراوانکردنی سنووری خاکەکەی و ئیسپاتکردنی خۆی وەک دەوڵەتێکی بەهێز.
دۆکترینی مۆشە دایان
بەڵام لە سەرەتای ساڵانی حەفتاوە و لەگەڵ سەرهەڵدانی 'بەرەی رزگاریخوازی فەلەستینPLO' بە سەرکردایەتیی یاسر عەرەفات، جۆرێکی دی لە مەترسی پەیدابوو کە بریتی بوو لە 'جەنگی ناوشار' لە لایەن دوژمنێکەوە لە ناوخۆدا کە کاراکتەرێکی دەوڵەت نەبوو، بەڵكو رێکخراوێکی چەکداریی نادەوڵەتی بوو. هەرچەندە پرەنسیپەکانی دۆکترینی بنگوریۆن لە بەرپەرچدانەوەی ئەم جۆرە مەترسییانەش کاریگەر بوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئیسرائیل پێویستی بە روانگەیەکی نوێ بوو بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ مەترسییەکانی ئەو سەردەمەدا. ئەو کات دۆکترینی 'مۆشە دایان' هاتەکایەوە کە لەو ساڵانەدا وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بوو.
دۆکترینی مۆشە دایان لە سەر بنەمای دوو پرەنسیپی گرنگ داڕێژراوە کە یەکەمیان بریتییە لە "تۆڵەسەندنەوەی توند" و دەڵێت 'دوژمن دەبێ باجێکی قورسی خوێنڕشتنمان بدا'ت. پرەنسیپی دووەمیان بریتییە لە "ئاڵۆزکردنی دۆخ و پاشان هێورکردنەوەی" escalate to de-escalate، یاخود ئەگەر روونتر بگوترێ بریتییە لە 'شەڕفرۆشتن تا ئەو کاتەی دۆژمن چۆک بۆ ئامانجەکانت دەدا'. دۆکترینی مۆشە دایان رەنگە سەرکەوتنێکی خێرای یەکلاکەرەوە (وەک ئەوەی دۆکترینی بنگوریۆن دەخوازێ) نەهێنێتەدی، بەڵام هەمان ئامانجی هەیە کە سەرکەوتنە لەڕێگەی شەڕی شەکەتکردنی دوژمنەوە (war of attrition). ئەم دۆکترینە بووە هەوێنی ستراتیژێکی سەربازیی ئیسرائیل وەک وەڵامدەرەوەی واقیعێکی نوێ و نەیارێکی نوێی ئیسرائیل.
مێژوو پێمان دەڵێ ئیسرائیل تەنها بە حەماسەوە ناوەستێ..!
هێرشەکانی حەماس لە رۆژانی 7ی ئۆکتۆبەرەوە تائێستا بوونەتە مایەی شەرمەزاری بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل و بەتایبەتیش بۆ ئەو دەزگا و دامەزراوە دەوڵەتییانەی کە ئەرکیان پاراستنی ئیسرائیلە. هەرچەندە گریمانە و تیۆرییەکان لە ئێستادا زۆر و بەربڵاون، بەڵام بەهەرحاڵ ئەوەی راستە ئەوەیە کە ئۆپەراسیۆنەکەی حەماس لە شکۆی ئیسرائیلی دا وەک دەوڵەتێکی بەهێز و هاوکات تا رادەیەک بنکۆڵی ئەو پاشخان و فەرهەنگە سەربازیی/هەواڵگرییەشی کرد کە ئیسرائیل پێی دەناسرێتەوە. ئێستا لە پێناو گێڕانەوەی شکۆی دەوڵەتدا، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بەڵێنی نەک تەنها لەناوبردنی حەماس، بەڵکو داڕشتنەوەی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەدەن. رەنگە ئەم وتانە وەک ریتۆریکی سیاسی و یاخود وەک وەڵامدانەوەیەکی بەگوڕی ناواقیعی لێکبدرێتەوە، بەڵام ئەگەر مێژووی مۆدێرنی دەوڵەتی ئیسرائیل و فەرهەنگی سەربازیی ئیسرائیل لەبەرچاوبگرین، ئەوا دەبێ لەو راستییە بگەین کە بەرپەرچدانەوەی ئیسرائیل تەنها بە کۆنترۆڵکردنی غەزەوە سنووردار نابێ. مێژوو پێمان دەڵێ ئیسرائیل، لە پێناو مانەوەی شکۆی خۆیدا، هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە جگە لە بەرپاکردنی جەنگیکی دیکەی فراوانی یەکلاکەرەوە لە دژی تێکڕای نەیارەکانی لە ناوچەکەدا (هاوشێوەی جەنگی شەش رۆژەی 1967 و جەنگی یوم کیپوور 1973). مێژووی ئیسرائیل و دۆکترینە سەربازییەکانی پێماندەڵێن کە ئەم جەنگە تەنها بە لەناوبردن، یاخود لانی کەم شاربەدەرکردنی، رێکخراوی حەماسەوە ناوەستێ و بۆ گەڕانەوەی شکۆی دەوڵەتی ئیسرائیل پێویستە هەموو نەیارەکانی ئیسرائیل، چ رێکخراو بن یان دەوڵەت، باجی کۆمەڵکوژییەکەی 7ی ئۆکتۆبەر بدەن و هەموو دەبێ، زۆر یان کەم، گورزی ئیسرائیلیان بەربکەوێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ