چاڵێکی دیکەی دادگەی فیدراڵی دژی هەرێمی کوردستان

12-10-2023
ئارام برادۆستی
A+ A-
 
یەکێک لە دەسەڵاتەکانی دادگەی فیدراڵی لە عێراق بریتییە لە چاودێریی دەستوریی بۆ یاساکان (الرقابة على دستورية القوانين)، و ئەو دەستەڵاتە لە کاتێکدا پیادە دەکرێت کە مادەیەک یاخود چەند مادەیەكی یاسایەک پێچەوانەی یەکێک یاخود چەند مادەیەكی دەستوریی وڵات بێت، سەرەڕای ئەوە لایەنێک ( کەسێک یاخود دامەزراوەیەک) هەبێت تانە پێشکێشی دادگەی فیدراڵی بکات بە بەڵگەی ئەوەی ئەو مادانە کۆک نین لەگەڵ دەستوور.
 
وەک دیارە بیرۆکە و داواکاریی ئەو تانانەی پێشکێشی دادگەی فیدراڵی کراون ( کە یەکخراون لە لایەن دادگەوە) لەسەر یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی سالی (1992)ی ھەموارکراو، ئەوەیە داوادەکرێت ئەو ھەموارانەی یاسای ھەڵبژاردن کە هەرێمی کردووەتە یەک بازنە و تەرخانکردنی (5) کورسی بۆ پێکھاتەی تورکمان و یەک کورسی بۆ ئەرمەنەکان ھەڵبوەشێنرێتەوە، بەپێی ئەم داوایە داوادەکرێت کوردستان بکرێتە (4) بازنە و تەنھا پێکھاتەی مەسیحی (5) کورسییان بۆ دابنرێت.
 
بەڵام ئەوەی ھەڵدەھێنجرێت لەو داوایانە وەک ئامانج، کوشتنی دوو چۆلەکەیە بە بەردێک، ئەویش ئەگەر بکرێت ھەڵوەشاندنەوەی ئەو ھەموارانەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمان و گۆڕینی هەرێمی کوردستان لە یەک بازنەیی بۆ (4) بازنەیی و ھەڵوەشاندنەوەی (5) کورسی بۆ پێکھاتەی تورکمان، لە هەمانکاتدا دواخستنی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ کاتێکی تری درەنگتر لە (25-02-2024).
 
شیکردنەوەیەک بۆ مادە یاساییە تانەلێدراوەکان 
 
زۆر لە شارەزایانی یاسایی بۆچوونیان وایە ئەو مادانە ( بۆ نموونە مادەی -9- لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ھەرێمی کردووە بە یەك بازنە) هیچ کێشەیەکی دەستووری و یاساییان نییە، چونکە:
 
1- پێچەوانەی هیچ رێسایەکی دەستووری نین، تەنانەت پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسی و ئازادیی رادەربڕین نین و رێگرنین لە پیادەکردنی مافە سیاسییەکانی وەك خۆپاڵاوتن و دەنگدان لەلایەن ھاونیشتمانییانەوە.
 
2- ھەرێمی کوردستان ئەزموونێکی کردەیی ھەیە لەگەڵ یەک بازنەیی بەبێ کێشە لە پێنج ھەڵبژاردنی رابردووی تەنانەت لە ھەڵبژاردنی ساڵی (1992)، راستە لەڕووی تیۆرییەوە کوردستان (4) بازنە بووە، بەڵام لەڕووی کردەیی وەکو یەک بازنە ھەڵسوکەوتی لەگەڵ کراوە و دەنگەکان ھەژمارکراون.
 
3- بەشێک لە وڵاتان پیادەی سیستمی یەک بازنەیی دەکەن، بە نموونە وەک ئیسرائیل، شارەزایانی بواری ھونەریی ھەڵبژاردن وای بۆ دەچن ئەو وڵات و ھەرێمانەی یەک بازنەیی پیادە دەکەن، بەھۆی بچووکیی رووبەرەکەیانەوە، ھەروەھا دەڵێن یەک بازنەیی لە بەرژەوەندیی پارتە خاوەن دەنگە سنووردار و کەمەکانە بە پێچەوانەی ئەو لۆژیکەی تانە لەیەک بازنەیی دەدەن و بە باشی نابینن.
 
سەبارەت بە کورسیی کۆتای پێکھاتەکان بە ھەمانشێوە، نابینرێت پێچەوانەی رێسایەکی دەستووری یاخود بنەمایەکی دیموکراتی بێت، بە پێچەوانەوە پێموایە یاسادانەری کوردستانی تاوەکو ئەندازەیەک دەستڕاست نەبووە لەوەی لە ساڵی (1992) کورسی بۆ پێکھاتەی تورکمان دانەناوە، بەم ھۆیەوە لە ساڵی (1992 تا 2009) پێکھاتەی تورکمان بێبەشبوون لە کورسیی تایبەت بە خۆیان، راستە لە نێوان لیستەکانی تر بوونیان ھەبووە، بەڵام دەستەبەرتر ئەوەیە کورسی تەرخان بکرێن بۆ پێکھاتەکە، سەرەڕای ئەوە یاسا دانەری کوردستانی ئەوکات نەیتوانیوە دادپەروەری پیادە بکات لە نێوان پێکھاتەی مەسیحی و پێکھاتەی تورکمان بەھۆی ئەوەی (5) کورسی بۆ پێکھاتەی مەسیحی داناوە، کەچی ھیچ کورسی بۆ پێکھاتەی تورکمان دانەنابوو، لە ھەمووی گرنگتر ئەوەیە لەم سەردەمەدا ئاراستەی نێودەوڵەتی و ھەرێمی بەرەو ئەوە دەڕۆن لە ھەموو بوار و لایەنێکدا دەستەبەری پیادەکردنی ماف و ئازادییەکانی کەمەنەتەوەییەکان بکرێت لە نێو زۆرینەی نەتەوەی ھەر ھەرێم و وڵاتێك، بۆیە یاسادانەری کوردستانی لە ساڵی (2009) ھاتووە ئەو ھەڵوێستە نادروستەی خۆی راستکردووەتەوە و (5) پێنج کورسی تری بۆ پێکھاتەی تورکمان داناوە، ئەوە بەھەمان شێوە ناکۆک نییە لەگەڵ ھیچ بنەمایەکی دەستووری و بنەمایەکی نێودەوڵەتیی تایبەت بە دیموکراسی و ئازادیی رادەبرین و پیادەکردنی مافە سیاسییەکان.
 
پێشبینیی ھەڵوێست (بریاڕ)ی دادگە
 
یەکێک لە خەسڵەتەکانی دادگەی فیدراڵی ئەوەیە جگە لە سروشتی یاسایی، سروشتێکی سیاسی ھەیە، بەواتای ئەوەی بارودۆخە سیاسییەکان کاریگەرییان لەسەر دەرکردنی بڕیارەکانی دادگە ھەیە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە بۆ دەرکردنی بڕیارەکانی پشت بە دەلیل و حوجەی دەستووری و یاسایی نەبەستێت، ئەو رووە سیاسییەی دادگەی فیدراڵیی عێراق بە تەواوەتی لە بڕیاری بە نادەستووری لە قەڵەمدانی یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان بە دیارکەوت، چونکە زۆرینەی تانەکان کە دژ بەم یاسایە پێشکێشکرابوون، سەرەتایان دەگەڕایەوە بۆ سالانی (2009-2012)، بەڵام ئەوکات دادگە بڕیاری لەبارەیانەوە دەرنەکرد تاوەکو ساڵی (2022)، بۆیە پێمان سەیر نەبێت ئەگەر دادگە بڕیارێک لەم داوایەی ئێستا بدات لە دەرەوەی پێشبینی یاساناسەکان بێت.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بابەتە بووەتە جێگەی گفتوگۆ و لێدوانی شارەزایان، لێرەدا بۆچوونی زۆرینە ئەوەیە دادگە لەم کەیسە یەکێک لەم دوو بڕیارانەی لەبەردەمدایە، ئەوانیش:
 
یەکەم، رەتکردنەوەی داوایەکە لەبەر ئەو ھۆکارانەی لەسەرەوە باسمان کردن (دژ نەبوونی یاسایە لەگەڵ دەستووری وڵات).
 
دووەم: یاخود پەسەندکردنی داوایەکە، ئینجا لە قەڵەمدانی سەرجەم مادە تانە لێدراوەکان بە نادەستووری، یاخود لە قەڵەمدانی ھەندێک لە مادەکان بە نادەستووری و گەڕانەوە بۆ سەر دەقەکانی یاسایەکە بەر لە ھەموارکردنەوەی بەتایبەت لەوەی پەیوەندی بە مادەی (9) یەک بازنەیی و فرەبازنەیی و مادەی (36) کورسیی پێکھاتەی تورکمانەوە ھەیە و ھاوشێوەی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کورسی بۆ پێکھاتەی تورکمان لە یاسایەکە ھەڵبوەشێنێتەوە، لەبارەی ئەو تانانەی پێشکێشی دادگەی فیدراڵی کرابوون دژی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، دادگە ھەندێک لە مادەکانی ھەڵوەشاندەوە و گەڕایەوە سەر مادەکانی یاسا کۆنەکە، بەڵام جیاوازیی عێراق لەگەڵ ھەرێمی کوردستان لەوەدایە، لە ھەرێمی کوردستان چوار خولی ھەڵبژاردن لەسەر ئەم سیستمە بەڕێوەچوون و ھیچ لایەنێک دژی نەبووە و تانەی لێنەداوە، بەڵام لە عێراق لە دوای ھەمواری یاسایەکە، ھیچ ھەڵبژاردنێک ئەنجام نەدراوە و، ئەگەر دادگە ئەم ھەڵوێستە بگرێتە بەر، بێگومان بەتەواوەتی دەکەوێتە ژێر کاریگەریی دیوە سیاسییەکەی، چونکە وەک ئاماژەمان پێکرد نەک بەڵگە و پاڵپشتیی دەستووری و یاسایی بۆ ئەو پێشبینییە لاوازە، بەڵکو ھەر بوونیان نییە.
 
بڕیاری دادگە بە نادەستوریبوونی ھەموو یاخود بەشێک لەو مادانەی تانەیان لێدراوە، کێشەیەکی دیکە دروستدەکات، ئەویش ئاسەواری بڕیارەکەیە، چونکە بەپێی مادەی (37) لە پەیڕەوی دادگە، راستتر ئەوەیە بڕیارەکانی دادگە ئاسەواری دەبێت بۆ ئەوکاتەی کە یاسایەکە دەرکراوە تەنھا لە کاتێکدا نەبێت ئەگەر دادگە بەڕوونی ئاماژە بەوەبکات بڕیارەکانی ئاسەواری بۆ رابردوو نابێت وەک 'استثناء' لە رێسایەکە، بۆیە لەم ئەگەرە وای بۆ دەچم دادگە ناچاردەبێت پەنا بۆ (أستثناء) ببات بەوەی بڕیارەکەی کاریگەری بۆ رابردوو نەبێت، پاڵپشتی بە بنەمای جێگیربوونی مامەڵەکان (مبداء استقرار المعاملات).

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە