کاریگەریی پەرلەمان بەچی دەپێورێت؟

13-03-2021
لاوک سەڵاح
نیشانەکردن پەرلەمانی عێراق پرۆژەیاسای بودجەی 2021
A+ A-
ژیانی سیاسی لە عێراق پاش 2003 ، لانیکەم سێ دامەزراوەی نوێی هێنایە بەرهەم؛ ئازادی کاری سیاسیی پارتی سیاسی، پێکهێنانی پەرلەمانێک بۆ نوێنەرایەتیکردنی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و حکومەتی خۆجێی لە سەرتاسەری عێراقدا. ئەمە وەک چوارچێوەیەک بۆ پراتکیزەکردنی ژیانی سیاسی لە عێراقدا و دامەزراندنی دامەزراوە دەستوورییەکان. ئەمانە هەوڵەکانی سەرەتا بوون.
 
ئێستا، لە پاش هەموو ئەو گۆڕانکارییە سیاسییانەی وڵاتەکە بەخۆیەوە دی و لە پاش گۆڕانکاری لە سەنگ و قورسایی هێزە سیاسییەکان و دەستتێوەردانی دەرەکی و ململانێی بەردەوامی پارتە سیاسییەکان و جەنگی داعش، ئایا کاتی شیاوی خۆی نییە پێداچوونەوەیەکی یاسایی و سیاسی و ئیداری بە هەیکەل و پەیڕەوی ناوخۆیی و میکانیزمی کارکردن و رۆڵی ئەم دامەزراوەیەدا بکرێت؟ ئایا کاتی ئەوە نییە بە چۆنیێتی ئیدارەدانی دۆسییە سیاسییەکاندا بچینەوە تاوەکو بزانین چۆن کاریان لەسەر کراوە، ئەمەش بە مەبەستی کاراکردنی پەرلەمان و پڕکردنەوەی ئەو کەلێنانەی کە لە وێستگە جیاوازەکاندا دروستبوون. رەنگە ئەو پرسیارەش بکرێت؛ ئەی ئەو پێداچوونەوەیە بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش شیاو نییە؟ دڵنیام بەرجەستەکردنی بنەماکانی پرۆسەی دیموکراسی لە عێراق کاردانەوەی ئەرێنی لەسەر کوردستانیش دەبێت بە حوکمی ئەوەی پەرلەمانی عێراق پەرلەمانێکی نیشتمانیی فیدراڵییە و پەرلەمانی کوردستان پەرلەمانی هەرێمێکە لە دەوڵەتێکی فیدراڵدا.
 
راستە کاری پەرلەمانی و دامەزراوەی پەرلەمان لە عێراقدا مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ رۆژانی حکومڕانی سیستمی شاهانشاهی (مەلەکی) بەڵام لە پاش ئەوە کەلێنێکی فراوان لەنێوان ئەو سیستمە و سیستمە سەربازییەکانی دیکەدا هەیە کە بە جلوبەرگی ئەفەندییەوە ئەم وڵاتەیان بەڕێوەدەبرد، هەر بۆیە ژیانی پەرلەمانی لە عێراقدا، نە ئەوسا، لەبەرماوە کەمەکەی، نەتوانرا ببێتە کولتوورێکی سیاسی کە توانای مانەوەی هەبێت، نە ئەوەی ئێستا، خەسڵەت و سیماییەکی پتەوەی هەیە بڵێین جێگرە و بەرگەی قەیرانی سیاسی دەگرێت، ئەگەر سیستمی حکومڕانی لە وڵاتەکەدا لە هەر ساتێکدا بگۆڕێت.
 
لێرەوە بیناکردنی کۆڵەکەکانی ئەو دامەزراوانەی کە بنەماکانی دیموکراسی پراکتیزە دەکەن زۆرن، هەر لە دامەزراندنی پرۆسەیەکی چاودێری بەردەوامی ناوخۆ و دەرەوەی پەرلەمان تاوەکو پایەکانی دامەزرێن و نەلەرزێن و توانای بڕیارە چارەنوسسازەکان هەبێت، ئەگینا لەگەڵ یەکەمین شنەبای گۆڕانکاریدا رادەماڵرێت تا دەگاتە ئەرکە سەرەکییەکانی پەرلەمان خۆی.
 
وەک هەر دامەزراویەکی دیکەی حکومڕانیش، بەهەمان شێواز، پەرلەمان وەک دامەزراوە و لە هەمانکاتدا ئەدای پەرلەمانتاران پێویستی بە چاودێری و هەڵسەنگاندن هەیە لە لایەن لایەنێکی سەربەخۆوە. چەندان رێکخراوی نێودەوڵەتی و نیشتمانی دەتوانن بەو ئەرکە هەڵسن، ئەم چاودێری و هەڵسەنگاندنە بە مەبەستی پاراستنی ئەو بنەمایانەیە کە پەرلەمان لە پێناویاندا دامەزراوە و لەهەمان کاتدا تاوەکو هاوشان لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسییەکاندا بە هاوسەنگی بەڕێوەبڕوات و بەرگەی هەر قۆرخکردنێک و کۆنترۆڵکردنی هەر گرووپێک بگرێت.
 
ئەو قەیرانە سیاسییانەی لە عێراقدا، ئێستا دەیبینین هەر لە قەیرانی هەیکەلی دادگای فیدراڵی و گفتوگۆ درێژەکانی نێوان هەرێمی کودستان و بەغدا سەبارەت بە بودجە، مووچە و سیستی حکومەتە خۆجێکان لە عێراق و دیمەنی تەماوی هەڵبژاردنەکانی ئاییندە و لاوازی دەوڵەت بە گشتی، ئەوەمان پێدەڵێن کە پرۆسەی دامەزراوەیی پیشەیی سیاسی و دەوڵەتی لە قەیرانی کوشندەدایە و لە 2003 شتێکی وا دانەمەزراوە کە جێی خۆی گرتبێت. 
 
ئەوەندەی پەیوەندی بە پرۆسەی چاودێری و هەڵسەنگاندنەوە هەیە، هیچ جۆرە میکانیزمێکی دیار و رۆشن نییە و ئەگەر هەبێت کاریگەر نییە و پەرلەمان هێشتا پانتایی و چەترێکی کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتەکان بە مانا تەواوەکەی نییە، بەمانایەکی دیکە ئەوکاتەی پەرلەمان دەبێتە هێڵی سوور و نابەزێنرێت، ئەو کاتە دەتوانیین بڵێین سەرەتای بیانکردنی پرۆسەی دیموکراسی هاتووەتە ئاراوە.
 
راستە، یەکێک لە ئەرکەکانی پەرلەمان چاودێریکردنی ئەدای حکومەتە، بەڵام لە ژیانی دیموکراسیدا هیچ دامەزراوەیەک نییە پرۆسەی چاودێری نەیگرێتەوە. کێ باڵا دەستە؟ پرۆسەی هەمەلایەن و فراوانی دیموکراسی باڵا دەستە کە ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکان تێیدا دابەشدەکرێت و بە شێوەیەکی بەردەوام چاودێری خۆی دەکات تا باشتر و باشتر بێت و دوور بێت لە پێشیلکاری یاسایی و ئیداری و بێگومان سیاسیش.  
 
کە دێینە سەرباسی چاودێریش؛ چی پێویستی بە چاودێری هەیە؟ بێگومان سەرتا بەش و کارەکان و ئادای پەرلەمانتارەکان و رەفتاری سیاسی و یاسایی گرنگە بۆ پێداوچوونەوە و هەڵسەنگاندنیان، بۆ نموونە، ئایا پەیڕەوەی ناوخۆی پەرلەمان لەپاش ئەم هەموو ساڵە پێویستی بە پێداچوونەوە نییە؟ ئایا رەفتار و هەڵسوکەوتی پەرلەمانتاران وەک پێویست پیشەیی و یاسایی و ئیداری بووە؟ چی بکرێت لە ئاییندەدا بەشە ئیداری و لۆجستی و میدیای و پەیوەندییە ناوخۆی و دەرەکییەکانی پەرلەمان باشتر بکرێت؟ چی بکرێت بۆ ئەوەی توانای تەکنیکی و تەشریعی ئەندام پەرلەمانتاران پتەو بکرێت کە ئەمە ئێستا گرفتێکی گەورەی ئەدای پەرلەمانتارەکانە. ئایا پەیوەندی نێوان پەرلەمانتارەکان و میدیا و هاووڵاتی پێویستی بە پێداچوونەوە نییە؟
 
پوختەی قسە: دامەزراوەکانی دونیای دیموکراسی لە قۆناخێک و خاڵێکدا ناچەقن، بەڵکو پرۆسەیەکی بەردەوامی گەشەسەندنن، هاوشان بە گۆڕانکاری و رووداوە سیاسییەکان بەڕێوەدەچن تاوەکو سەنگی پەرلەمان بپارێزرێت و پرۆسەیەکی بڕیاردانی سیاسی دادپەروەرانە و یەکسانانە بێتە ئاراوە و هەمیشە توانای هەبێت بەسەر رووداوەکاندا بشکێتەوە و ئارامی و سەقامگیری سیاسی بپارێزێت، ئەمەش تەنها بە پتەوکردنی یاسا مەدەنییەکان دەبێت. 
 
دامەزراوەی پەرلەمان لە پاڵ دامەزراوەکانی دیکەی حکومڕانیدا دامەزراوەیەکی ستراتیژی گرنگە، دەبێت یارمەتی بدرێت تا لە بڕیارداندا نەکەوێتە ژێر کاریگەری لابەلا و هەمیشە لە کێشە جەوهەرییەکانەوە نزیک بێت کە "تەشریعکردن" کاری لە پێشینەیەتی، پەرلەمان تەنیا پانتیاییەک نییە بۆ ئیدانە و سەرکۆنەکردن، بەڵکو شوێنێکە بۆ پێشکەشکردنی پرۆژەی سیاسی بۆ دڵنیابوون لەوەی گرفتە سیاسییەکان روونادەنەوە.
 
ئەم نووسینە بانگەوازێکە بۆ کاریگەرکردنی رۆڵی پەرلەمان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو

شوکرانەی شەرع و مەتەڵی سووریا

کێ دەزانێ! رەنگە ساڵێک بەر لە ئێستا و رێک لەم رۆژانەدا، ئەو خەریکی "نوێژی ئیستیخارە" بووبێت بۆ داهاتووی نادیاری خۆی لە سووریا، بەڵام لەم رۆژانەدا هەقە نوێژێکی "شوکرانە"ش بکات، کاتێک ئاوڕ لە ساڵی رابردووی دەداتەوە.