لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە بازاڕی ئاڵوێری دراوی عێراق ناجێگیر بووە، بەردەوام نرخی دۆلار لە سەرووی نرخی فەرمیی بانکی ناوەندیی عێراقەوە بووە، بانکی ناوەندی و حکومەت بەردەوام هەوڵیان داوە سەقامگیری بۆ بەهای دینار بگەڕێننەوە، لەوانە لە یاسای بودجەدا نرخی هەر دۆلارێک لە لایەن وەزارەتی دارایی بە 1300 دینار جێگیرکرا، وەزارەتی دارایی دۆلارێک بە 1300 دینار بە بانکی ناوەندی دەفرۆشێت، ئەویش بە 1310 دەیفرۆشێتەوە بە بانکەکان، بانکەکانیش بە 1320 دینار بە هاووڵاتیی و بازرگانان.
پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داهاتی هەناردەکراوی نەوت کە بە دۆلار دەستی دەکەوت بۆ پێدانی مووچە بە نرخی رۆژ، دۆلارەکەی دەخستەوە بازاڕەکان، لە کاتێکدا جیاوازیی نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی و بازاڕەکان بەگشتی لە ماوەی مانگەکانی رابردوو زیاتر بووە لە 15هەزار بۆ هەر 100 دۆلارێک بەمەش بڕێکی زۆر دۆلار بە نرخی نافەرمی و بەرزتر دەخرایە بازاڕەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیتوانی پارەیەکی زیاتری دەستبکەوێت بەراورد بە گۆڕینەوەی نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی و نرخی وەزارەتی دارایی عێراق، بەڵام یاسای بودجەی عێراق ئەمەی گۆڕی.
بەگوێرەی یاسای بودجەی حکومەتی عێراق، چیدی داهاتی نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان نابێت و دەچێتە ژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی دارایی و ئابووریی عێراق، هەرێمی کوردستان ناتوانێت دۆلارە بەدەستهاتووەکەی لە فرۆشتنی نەوت راستەوخۆ بێنێتەوە بازاڕەکان و سوود لەو کەلێنە وەرگرێت کە لە نێوان نرخی فەرمی و بازاڕەکاندا هەیە.
لە بڕگەی یەکەمی مادەی 14ی بودجەدا هاتووە: "کۆی داهاتی نەوتیی بەرهەمهێنراوی ناوخۆی هەناردەکراو و فرۆشراو لەو کێڵگانەی دەکەوێتە هەرێمەوە لە یەک هەژماری بانکیدا دادەنرێت کە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵی لە بانکی ناوەندی عێراق کراوەتەوە، کە سەرجەمی داهاتی نەوتی خاوی هەناردەکراو و فرۆشراو و بەرهەمە نەوتییەکان بەبێ هیچ لێبڕینێک دەخرێتە سەر هەژمارەکە، هەروەها هەموو هەژمارە هاوشێوەکانی دیکە دادەخرێن."
داهاتی نەوتی هەناردەکراوی کوردستان کاریگەریی هەبوو لەسەر بازاڕی دراو لە عێراق و ئەمڕۆ ئەرکی بانکی ناوەندی سەختتر دەکات.
لە ماوەی رابردوودا بەهۆی یاسا و رێسا نوێیەکانی ئەمریکا بۆ بانکی ناوەندیی عێراق، کەمبوونەوەی خستنەڕووی دۆلار بۆ بازاڕەکانی عێراق بە تایبەت کەمیی نەختی دۆلاری لە بازاڕەکان لێکەوتەوە، ئەو دۆلارەی کە هەرێمی کوردستان دەستی دەکەوێت لەلایەن بانکە ناوخۆییەکانەوە، دەخرایەوە بازاڕ، بەمەش کەلێنێکی لە خستنەڕووی دۆلار بەتایبەت بە شێوەی نەخت پڕ دەکردەوە، بە جۆرێک هەر کاتێک دەنگۆی خستنەڕووی دۆلار بڵاودەکرایەوە بەهای دیناری بەرز دەکردەوە، ئەم کردارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دوو لایەن کاریگەری لەسەر بازاڕی دراو دروست دەکرد لە قۆناخی یەکەم بۆ پێدانی مووچە، دیناری لە بازاڕەکان کۆدەکردەوە، بەمەش بەهای دیناری بەرز دەکردەوە دواتر خستنەڕوووی دۆلار کە ئەویش هەر لە قازانجی بەهاری دیناردا بوو، بەڵام دوای راگرتنی هەناردەی نەوت، نەمانی دۆلاری هەرێمی کوردستان بووەتە هۆکارێک بۆ دابەزینی بەهای دینار. لە کاتێکدا بانکی ناوەندیی عێراق بەشێوەیەکی گشتی لەو ماوەیەدا رۆژانە بە تێکڕا زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلاری خستووەتەڕوو، بەڵام هێشتا جیاوازی دۆلار لە نرخی بانکی ناوەندی و بازاڕەکان زیاترە لە رێژەی ئاسایی، هەرچەندە ئەمە وا دەکات چیدی هیچ بڕە دۆلارێک زیاتر لە نرخی فەرمی نەخرێتە بازاڕەکانەوە و تەنیا بازاڕ بەدوای نرخی فەرمی بێت، بەڵام لە هەمانکاتدا لە بڕی ئەم دۆلارە، ئیدی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی مووچە و شایستە داراییەکانی دیکەوە، دینار دەرژێنێتە بازاڕەکانەوە.
دەبێت بانکی ناوەندی عێراق دۆلاری زیاتر بفرۆشێت.
خستنەڕووی دۆلار بۆ بازاڕەکان جیاوازە، عێراق لەو دۆلارەی کە لە داهاتی نەوت دەستی دەکەوێت لە رێگەی وەزارەتی دارایی بە نرخی فەرمی دەیفرۆشێتە بانکی ناوەندی واتا راستەوخۆ ئەو پارەیە بە دۆلار ناخرێتە بازاڕەکان، بەڵکو بانکی ناوەندی عێراق رۆژانە بەگوێرەی داواکاری لە چوارچێوەی راستەقینەی ئابووریی عێراق ئەم پرۆسەیە جێبەجێ دەکات، بەڵام پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داهاتی نەوت راستەوخۆ ئەم بڕە پارەیەی دەخستە بازاڕەکانەوە، بە گوێرەی یاسای بودجەی عێراق، هەرێمی کوردستان لە بڕی دۆلار، دیناری بۆ دەگەڕێتەوە، لێرە هاوکێشەکە پێچەوانە دەبێتەوە، لە بری دۆلار لە رێگەی پێدانی مووچە و پڕۆژەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان دینار دەخاتە بازاڕەکانەوە و دۆلارەکەی دەچێتە بانکی ناوەندی، بەمەش خستنەڕووی دۆلار کەم دەبێتەوە، بەرزبوونەوەی خستنەڕووی دینار خواست لەسەر دۆلاری بەدوادادێت، بەم شێوەیە ئەرکی بانکی ناوەندیی عێراق سەختر دەکات کە پێویستە دۆلارێکی زیاتر بخاتە بازاڕەکانەوە.
ئەگەر چەند ئامارێکی فەرمی وەربگرین، کاریگەریی دۆلارەکەی هەرێمی کوردستانمان بۆ دەردەکەوێت، بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چارەکی کۆتایی ساڵی پاردا، داهاتی پوختەی نەوتی هەرێمی کوردستان دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان، یەک ملیار و 190 ملیۆن 789هەزار و 284 دۆلار بووە و بۆ مووچە تەرخانکراوە، ئەگەر لەسەر ئاستی مانگانە هەژماری بکەین مانگانە نزیکەی 397 ملیۆن دۆلار بووە، مانگانە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بڕە دۆلارەی هێناوەتە بازاڕەکان و قەبارەی نەختی دۆلاری بەرزکردووەتەوە، بە هەمان قەبارە دیناری لە بازاڕەکان کێشاوەتەوە، هاوکات ئەگەر قەبارەی خستنەڕووی نەخت لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراق بۆ مانگی چواری ئەمساڵ وەربگرین، نزیکەی 844 ملیۆن دۆلار بووە، بەم جۆرە قەبارەی نەختی هەرێمی کوردستان بۆ نێو بازاڕەکانی عێراق نزیک بووە لە نیوەی قەبارەی نەختی بانکی ناوەندی عێراق، پێویستە بانکی ناوەندی عێراق قەرەبووی کەمبوونەوەی دۆلاری کوردستان لە بازاڕەکان بکاتەوە لە خستنەڕووی رۆژانە و بە زووی خۆی بگونجێنێت لەگەڵ بنەما و رێسا نوێیەکان.
دوور نییە ئەم هۆکارە بەهای دینار زیاتر دابەزێنێت و نەتوانێت سەقامگیری بۆ بازاڕی دراو بگەڕێنێتەوە، بۆیە هەرچەندە مادەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان رەنگدانەوەی خراپی بەسەر ئابووریی هەرێمی کوردستان هەبێت ئەوەندەش بارودۆخی نەرێنیی ئابووریی کوردستان کاریگەری لەسەر ئابووریی عێراق و بەهای دراوەکەی دەبێت، بودجە تەنیا خەمڵاندن و ئەگەرێکە بۆ ژمارەکان، تێپەڕاندنی مادەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و چواندنی بە گۆڵ، دەبێت لایەنە عێراقییەکان خۆیان داوای ڤار بکەن و هۆشمەندانەتر لە هەرێمی کوردستان بڕوانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ