مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق سەردانی تارانی كرد. ئیبراهیم رەئیسی سەرۆكکۆماری ئیسلامی ئیران لە كۆنفرانسێكی هاوبەشی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ کازمی رایگەیاند، پەیوەندییەكانمان لەگەڵ عێراق لە بەرزترین ئاستدایە. گوتیشی "مستەفا كازمی هەواڵێكی خۆشی پێداین بە نەمانی ڤیزای نێوان هەردوو وڵات".
ئەمە چەقی هەواڵە گەرمەکە بوو، دەمودەست بووە جێی بایەخ و لە میدیاکان دەنگدانەوەی زۆری هەبوو. ئەوەی من دەمەوێت هەڵوەستەیەکی لەسەر بکەم ئەمەیە، کە ماوەی 10 ساڵە کۆماری ئیسلامی ئێران داوای هەڵگرتنی ڤیزای نێوان عێراق و ئێران دەکات، هەرچەندە لە رابردوودا و لەسەردەمی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، ئێران بە فەرمی داوای هەڵگرتنی ڤیزای هەردوولای کرد، بەڵام ئەو بڕیارە نەکەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و هیچ کام لە کابینەکانی بەر لە کازمی نەچوونە ژێر باری ئەو داوایە و چاویان لەوە بوو کە رەنگە لێکەوتەکانی ئەم داوایە باش نەشکێتەوە لەسەریان و ببنە جێی لۆمەی نەیارانیان.
دواجار لە سەردەمی مستەفا کازمی و پاش دەستبەکاربوونی رەئیسی، لە دوایین دیداردا بڕیاردرا ڤیزای هاتووچۆی نێوانیان هەڵگرن و کازمی خۆی خستە ژێر باری داوای لەمێژینەی کۆماری ئیسلامی و ئەو خەونەی هێنایەدی کە ئێرانییەکان راستەوخۆ بێنە خاکی عێراق و بێنە و بەردەی ڤیزا و تێچووی زۆری وەرگرتنی ڤیزایان لەکۆڵ ببێتەوە، جیا لەم لایەنە لەخوارەوە بە چەند خاڵێک خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ئەم هەنگاوە شەن و کەو دەکەم.
1- لە ڕووی ئابوورییەوە لەبەر ئەوەی عێراق خاوەنی ژێرخانی ئابووری نییە هەڵگرتنی ڤیزا لەنێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری عێراق لە بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، بەپێی ئەو داتایانەی هەردوو وڵات بڵاوی دەکەنەوە بەپێی هاتنی گەشتیار، هەروەها ئەو نرخەی کە دانراوە بۆ ڤیزا کە لە هەردوو وڵات وەردەگیرێت، عێراق نزیکەی 180 ملیۆن دۆلار داهاتی ساڵانەی لەدەست دەدات، چونکە ژمارەی هاتنی گەشتیارانی ئێرانی بەراورد بە گەشتیاری عێراقی دوو هێندە و سێ هێندە و بگرە زیاتریشە.
2- بەهۆی لاوازیی بەهای دراوی ئێرانی، ئەم بڕیارە و تا رادەیەکیش هەڵکشان لە هاتووچۆی هاووڵاتیانی ئێرانی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئەو کاریگەرییە ئەرێنییەی نابێت کە مایەی دەسکەوت بێت بۆ سەر داهاتی ساڵانەی عێراق، گەشتیارانی ئێرانی کەمترین بڕە پارە خەرج دەکەن، چونکە زۆربەی گەشتیارانی ئێرانی بۆ زیارەتی شوێنە پیرۆزەکان دێن لە عێراق وەک نجف و کەربەلا.
3- بەپێچەوانەوە بەرزیی بەهای دراوی عێراقی هۆکارە بۆ ئەوەی کە سەردانیکاران لەو وڵاتە پارەیەکی زیاتر لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا خەرج بکەن کە گرنگترینیان خۆی لە سەردانی تەندروستی و گەشتیاریدا دەبینێتەوە، هەمیشەش داتاکان وامان پیدەڵێن لە کاتی هاتنی گەشتیاری ئێرانی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق کەمترین داهاتیان بۆ وڵاتەکە هەیە و کەمترین خەرجییان هەیە، و بە پێچەوانەشەوە گەشتیاری عێراقی زۆرترین پارە خەرج دەکەن لەو وڵاتەدا.
4- ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئەم دوو وڵاتە بە هەرێمی کوردستانیشەوە ساڵانە لە نێوان 8-13 ملیار دۆلارە، کە لە 80%ی ئەم ئاڵوگۆڕە لەبەرژەوەندیی ئێران تەواو دەبێت لەبەر ئەوەی عێراق هاوردەکاری کاڵا و شمەکی ئێرانییە لەکاتێکدا عێراق لە 20%ی ئەم ئاڵوگۆڕەی پێ دەبڕێت کە ئەویش زۆربەی خۆی لەبواری وزەدا دەبینێتەوە.
5- لەدوای بڕیاری هەڵگرتنی ڤیزا لە نێوان ئەم دوو وڵاتە، جارێکی دیکە ئێران کۆنترۆڵی بازاڕی عێراق دەکات و بە پێی پێشبینییەکانم ئەم هەنگاوە تورکیا نیگەران دەکات و بە ئاگا دەهێنێتەوە و هانی دەدات کە فریای خۆی بکەوێت تا پشکی خۆی لە بازاڕی گەورەی عێراق بۆ هاوردەکردنی کاڵاکانی کەم نەکات ئەویش ڤیزای نێوان وڵاتەکەی و عێراق هەڵبگرێت.
6- بەو پێیەی عێراق وڵاتێکی بەکارهێنەرە و هەمیشە چاوەڕوانی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیەتی لە کاڵا و شتومەکی ئێرانی، ئەمەش هەر لە بەرژەوەندی ئێران تەواو دەبێت لەبەر ئەوەی لەمەولا کەسانێکی بەرچاو نەک لەسەر ئاستی بازرگانی گەورە و مامناوەند، بەڵکو ئەوانەشی کە خاوەن فرۆشگا و پێشانگەی بچووکن دەتوانن بچن لە کۆماری ئیسلامی ئێران پێداویستییەکانیان بهێنن، ئەمەش دەبێتە فاکتەرێکی گرنگ بۆ ئەوەی کاڵا و شتومەکی ئێرانی زیاتر هاوردە بکرێت بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.
7- ئێران ئێستا ئابڵوقەیەکی ئابووریی بەهێزی لەسەرە دیسانەوە زیادبوونی گەشتیار و بازرگان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران لەبەرژەوەندیی بانکی ناوەندی ئێرانی تەواو دەبێت، لەلایەکی دیکەوە بەو پێیەی دراوی عێراقی بەهێزە و لەهەمانکاتیشدا گەشتیاران دراوی دۆلار یان ئەوەی پێی دەوترێت (عملە صعبە) دەبەن لەگەڵ خۆیان، ئەمەش هەر لەبەرژەوەندیی ئێرانە. هۆکارێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی دراوی ئێرانی بەهای خۆی لەدەست نەدات.
8- ئەوەی لەم سۆنگەیەوە لەبەرژەوەندیی عێراقە و وەک لە دیداریشیاندا کازمی بە رەئیسی راگەیاندووە، تەنها خۆ بینینەوەیە لە زیادبوونی ژمارەی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ مەزارە پیرۆزەکان کە بڕیارە ژمارەیان بکرێتە دوو هێندە.
شایەنی باسە پێویستە ئاماژەش بەوە بکەین عێراق بە هۆی ئەو گرێبەستانەی کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران کردوویەتی بۆ کڕینی ( گازی سروشتی) و (کارەبا) ساڵانە دەیان ملیۆن دۆلاری عێراق دەچێتە خەزێنەی کۆماری ئیسلامی ئێران
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ