لەگەڵ هەر سەردانێکی نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا، هەست بە گەشبینى دەکەم. گەشبینییەکەم لە یەک سەرچاوەوە دێت کە پەیوەستە بە خودی نێچیرڤان بارزانییەوە. لە کەسایەتیی ئەودا، کوردێکی عێراقیی لێهاتوو دەبینم بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم قۆناخە پڕ لە ئاڵنگاری، مەترسی و دڵەڕاوکێیە.
لەم سەردانەى دواییشیدا بۆ بەغدا، کە هاوکات بوو لەگەڵ کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکێکی دیکە، نێچیرڤان بارزانی ئەو هەستەى لا دروستکردم، کە خۆی باشترین نموونەیە بۆ ئەوەی لە چارەکردنى پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتەکانی ناوەند و هەرێمى کوردستان، پشتی پێببەسترێت، چونکە ئەم پیاوە بڕواى وایە؛ چارەنووسی کورد لەوەدایە، لەگەڵ دۆخی درێژبووەوەی چەندین سەتەی جوگرافی و مێژووی عێراقدا بژی، وێڕای ئەوەی دۆخەکە پڕبووە لە نسکۆ، لێکەوت و دژبەرایەتی.
ئەو باشترینە، چونکە نزیکەکان لێکناترازێنێت و خۆیشی لە سەرووی کەسە ناکۆکەکانەوە نابینێت، بە کەمیش سەیریان ناکات. ئەو لە یەک کاتدا، وەک تاک و وەک کۆمەڵیش مامەڵە دەکات؛ وەک تاک لە سۆنگەی ناسنامەی نیشتمانییەوە هەنگاو دەنێت، وەک کۆمەڵیش لە گرنگیی هاوبەشیی تێدەگات بەوەی، کە هەم چارەنووسە و هەمیش شتێکی ویژدانی و پرۆسەیەکی شیاوە بۆ قبووڵکردن و رەتکردنەوەی تێڕوانینەکان. واتە بۆ لێکتێگەیشتنێکی بڕێندراو و پێداچوونەوەیەکی ئەگەرهەڵگری بارودۆخەکان، نێچیرڤان بارزانی خۆنەویستانە بەردەوامبووە لە پێکهێنانی هاوبەشییەکان و سوودوەرگرتن لە خاڵە هاوبەشەکان.
هیواخوازبووم ئەو بە سەرۆککۆماری فیدراڵی هەڵبژێردرێت، ئەوەش دوای کێشەی بۆشایی دەستووری کە لەسەروبەندى کۆتاییهاتنى ماوەی سەرۆکایەتیی بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمارى پێشوو دروستبوو، بەڵام پێشبینی و هیواکان هەموو جارێک ناگەنە ئامانج و بەدینایەن. زۆر جار کە کەسێک، کۆمەڵێک، فراکسیۆنێک یان هاوپەیمانیێتییەک خۆی لێ دەگۆڕێت، ئەنجامەکەى زیانێکی نیشتیمانیی سەرتاسەری دەبێت و بارگرانییەکەى دەکەوێتە سەر شانی هەمووان، واتە هەموو پێکهاتەکان. ئیدی ئەو هیوایەم نەهاتەدی، بەڵام جەختدەکەمەوە کە ئەو ئومێد و روانگەیە، وانەیەکە دووبارە نابێتەوە، ئەگەر دووبارەش ببێتەوە، عێراق بەختێکی گەورەی دەبێت.
بارزانی لە سەرووی پلە و پۆستەکانەوەیە و خۆی لە سەرکەشی و هەڵچوون بەدووردەگرێت. خۆ ئەگەر لەو جۆرانە بووایە کە لە پەیوەندییەکانیاندا بە سەرکەشی و هەڵچوونەوە مامەڵە دەکەن، ئەوا پەیوەندیی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی دوێنێی دەپچڕاند و پەیمانیی لەگەڵ ژمارەیەک دۆستی نوێ دەبەست. بارزانی لەوانە نییە کە هەڵدەچن، بەڵکو عەقڵێکی ستراتیجییە کە بە گوێرەی ئەنجامە گەورەکان دەجووڵێتەوە، نەک لەپێناو بەرژەوەندیی بچووک و کاتی.
لە چوارچێوەی ئەم شرۆڤەیەدا، وای دەبینم دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان کە سەرچاوەى هەڕەشەى بەهێزن بۆ سەنگی عێراق، دەبێت بدرێنە دەستى ئەم جۆرە عەقڵانە و رادەستی کەسانى خاوەن پڕۆژەى پێکەوەژیانی ئاشتییانە بکرێن، ئەوانەی رازین بە لێکەوتەکانی چارەنووسی هاوبەش. رەنگە رۆژێک بێت ببینین، نێچیرڤان بارزانى ئەرکێک یان رۆڵێکى لەم جۆرە بگرێتە دەست و وەک کوردێکی عێراقیی زامنکاری ناسنامە، بەرپرسیاریێکی مێژوویی بکەوێتە سەرشانی، بێئەوەی بنەماکانی رەوشتبەرزی پێشێلبکات یان لایەنگیری بۆ لایەنێک بکات.
چەندین تایبەتمەندیی نیشتیمانى لە کەسایەتیی نێچیرڤان بارزانیدا کۆبوونەتەوە و لە چەندین بۆنە و چالاکیدا کە کوردستان بەخۆیەوە بینیون، کاریگەرییان هەبووە. هەر ئەوەشە لە دیدارەکانیدا لەگەڵ جەمسەرەکانی حکومەتی فیدراڵی رەنگیداوەتەوە، سەردانی ئێستاشی بۆ بەغدا، لەم وەسفە بەدەر نییە. ئەوەى پێشتر لەبارەیەوە گوتمان، جارێکی دیکە رژدتر دووپاتی دەکەینەوە. رەنگە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ فالح فەییاز، سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی، باشترین بەڵگە بێت لەسەر ئەوەى سەرکردەیەکى ستراتیجیی وەک ئەو، ئامادەیە خاڵ بخاتە سەر پیتەکان، هەروەها لە چارەکردنی کێشە سەختەکاندا نە دوودڵە و نە سڵیان لێ دەکاتەوە، کە دەکرێت ئەمە گوڕ بە پەیوەندییە برایانەکان بدات، لەکاتێکدا کە لەسەر ئەوە رێککەوتوون عێراق لە هیچ ململانێیەکى ناوچەکەوە نەگلێنن. هەروەها ئەو لە رێگەی توانا پێشوەختەکانییەوە، درکى بەوە کردووە؛ دیاریکردنى سەرۆکێکى نوێ بۆ پەرلەمان، رێی تێدەچێت ببێتە هۆی تەقینەوەی ناکۆکییە پەنگخواردووەکان و پرسەکان بگەڕێننەوە سەر خاڵی سفر. من، گومانم نییە کە گەشتەکەی بۆ لای سەرۆکى هاوپەیمانییەکان، ئاماژەیەکە بۆ ئەوەى بەشێک لە سەردانەکەى ئێستاى لەپێناو ئەو ئامانجەیە، بەتایبەت کە کەسانێک هەن تایبەتمەندن لە چاندنی مین [ـی کێشەکان] لەنێوان هەرێم و ناوەند.
پێموایە نێچیرڤان بارزانى جیاوازترە لەوانی دیکە، بەوەی کە سەوداسەری وروژاندنی میدیایی و راپۆرتە رەشەکان نییە، کە هەندێکیان پشت بە دزەکردنی دەنگۆکان دەبەستن بۆ بڵاوکردنەوەی ژەهر و دووڕوویی سیاسی.
بۆ ئەوەی روونبێت، دەکرێت ئەو دەنگۆیانە لە کەناڵى ئاست باڵاوە بێن و هەوڵی دروستکردنی وێنەی پەرۆشبوون و رێنموونی راستۆگیانە بدەن، لەکاتێکدا ئامانج لێیان ئەوەیە براکان لێکبترازێنن و بیانخزێننە نێو چارەنووسێکی ناڕوونەوە، بەڵام بارزانی بە ئەندازەی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکانی، پێداچوونەوە بە بڕیار و بڕواکانیدا دەکات، لێیان ورد دەبێتەوە و لەسەر بنەمای متمانە و نیازپاکی و بەرژەوەندیی گشتی دایاندەڕێژێت. من، ئەوە بۆ بونیادی کۆمەڵایەتیی و دەروونی خۆی دەگەڕێنمەوە، کە هەرێمی لە ماوەی یەک دەیەدا بە بازدانێکی گەورەی گەشەسەندن گەیاند.
بەپێی ئەو شتەی لە رابردوودا بینیومە، من سەرگرتنی هێورکردنەوەی دۆخەکە دوای هەر هەڵچوونێک لە نێوان هەرێم و هەموو لایەنەکانی دیکە، بە وڵاتانی دراوسێشەوە، دەگەڕێنمەوە بۆ بوونی کەسایەتییەکی وەک بارزانی، کە خاوەن دانایی و گەشبینییەکی راستگۆیانەیە و لەپێناو ئاشتەوایی و چاوپۆشیکردن لە رابردوو، ئامادەی گفتوگۆیە، هەروەها بیرۆکەی رکابەرایەتیکردن لەسەر دەستکەوتەکان و ونکردنی مافی هاووڵاتییان رەتدەکاتەوە. بۆ نموونە، ئەم خاڵەم لە کۆبوونەوەى لەگەڵ سەرۆککۆماردا بینی کە تێیدا داواى کرد بۆچوونى لایەنە سیاسییەکان لە یەک نزیک بکرێنەوە و مافى هەموو هاووڵاتییان مسۆگەر بکرێت، بە هاووڵاتیانى هەرێمیشەوە.
ئێمە پێویستمان بە کەسایەتییەکی وەک نێچیرڤان بارزانییە، کە لە هەولێر شان دەداتە ژێر نیگەرانیی هاووڵاتییانی هەموو پارێزگەکانی دیکە و لە بەغداش هەڵگری چاوەڕوانی و تێڕوانینی هاووڵاتییانی هەرێمە... کە چاوەڕوانیی خۆشەویستی و ژیانێکی شاییستەیە.
*نووسینی: ئەحمەد عەبدولمەجید، سەرنووسەری رۆژنامەی زەمان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ