نێرگز ئه‌و ژنه مامانه‌ی له پڕۆسه‌ی ئه‌نفالدا خۆی و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی خێزان و كه‌سوكاره‌كه‌ی ده‌ستگیر ده‌كرێن، دوای پڕۆسە‌ی له‌یه‌كجیاكردنه‌وه‌یان له تۆپزاوا، ره‌وانه‌ی كه‌مپی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی (دوبز) ده‌كرێت و بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ له خراپترین و سه‌ختترین دۆخدا ژیان به‌سه‌ر ده‌بات. له‌و شه‌ش مانگه‌دا به به‌رد ناوكی ئه‌و مناڵه تازه له‌دایكبووانه‌ی ناو زیندانی بڕیوه، مه‌رگه‌ساتی زۆرێك له بنەماڵەکانی ئه‌نفالی له یاده‌وه‌ریدا هه‌ڵگرتووه و له كتێبی (نێرگز له دۆزه‌خی ئه‌نفالدا) كه دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به چاپم گه‌یاندووه، دیووی ناوه‌وه‌ی دۆزه‌خی ئه‌نفالمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه. لێره‌دا مه‌به‌ستم له گێڕانه‌وه‌ی سه‌رگوزشته‌ی ئه‌م شێره ژنه و تراژیدیاكانی ناو كه‌مپی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ژن و مناڵه‌كان نییه، به‌ڵكو ده‌مه‌وێ سه‌رنج بخه‌مه سه‌ر ئاستی نیگه‌رانییه‌كانی كه‌سوكاری ئه‌نفال له ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی خۆماڵی، كه ئێستا هه‌ندێكیان خۆزگه به‌و رۆژگارانه ده‌خوازن.
نێرگز له نزیكی كۆتایی دیداره‌كه‌ماندا ده‌ڵێت، "ئێستا جار وایه گوێم لێیه له‌م رادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆنانه خه‌ڵك هه‌یه به باشه باسی سه‌دام ده‌كات، یان خۆزگە به‌و رۆژگارانه ده‌خوازێ كه سه‌دام حوكمی ئه‌كرد. ده‌ڵێم خۆزگە ئه‌و كه‌سانه بۆ یه‌ك کاژێر ده‌هاتنه شوێنه‌كه‌ی ئێمه تا بیانزانیایا ئه‌و قسانه چۆن وه‌ك تیغ جه‌رگمان بریندار ده‌كات. باشه ئه‌وانه وه‌ك خۆیان نه‌هامه‌تیان نه‌دیووه و زوڵمی سه‌دامیان نه‌چه‌شتووه، ئه‌ی تۆ بڵێی نه‌زانن وای به‌سه‌ر ئێمه‌یا هێناوه؟ ئێ خۆ ئه‌گه‌ر نه‌شزانن ئێمه چیمان به‌سه‌رهاتووه، هه‌ر نه‌بێ ناوی ئه‌نفالیان بیستووه یان ده‌زانن سه‌دام به كیمیایی له هه‌ڵه‌بجه‌ی داوە، ئیدی چۆن دڵیان دێ وا بڵێن". به‌ڵام دوێنێ نێرگزه‌كانی ئه‌نفال، نه‌وه‌كانی نێرگز، له‌یادی 34 ساڵه‌ی تاوانی ئه‌نفالدا خۆیان دڵیان هات و وایان گوت. گوتیان سه‌دام به جه‌سته ئه‌نفالی كردین ئێستا ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی خۆمان هه‌موو رۆژێك رووحمان ئه‌نفال ده‌كات.
ئه‌وه‌ی دوێنێ له‌ناو مۆنۆمێنتی ئه‌نفال روویدا له چه‌مچه‌ماڵ، ده‌بێت كۆمه‌ڵگەی كوردی، ده‌سه‌ڵات و سیسته‌مه حوكمڕانییه‌كه‌ی رابچڵه‌كێنێت. چونكه ئه‌وان كه‌سانێكی ئازارچه‌شتووی ده‌ست و رۆژگاری حوكمی سه‌دام بوون، هه‌ر یه‌ك له‌وانه چه‌ندین ئازیزی له‌ده‌ستچووه. ئێستاش نازانن ئێسك و پروسكی دایك و باوك، خوشك و برا، كچ و كوڕه نازداره‌كانیان له‌ژێر لمی كام بیابانن. ئه‌وان نیوه‌ی ته‌مه‌نیان به‌دیار چاوه‌ڕوانیی هه‌واڵ و چاره‌نووسی ئه‌و ئازیزانه‌یانه‌وه به‌ڕێكردووە و وا 20 ساڵیشه چاوه‌ڕێی هێنانه‌وه‌ی رووفاتی خۆشه‌ویسته‌كانیانن. برینی ئه‌وان له هه‌موو برینه‌كانی دیكه‌ی كورد به‌سوێتره، هه‌ر بۆیه تا ساڵانێك له‌مه‌وبه‌ر رقیان له‌وانه ده‌بووه‌وه كه خۆزگه به سه‌رده‌می حوكمی سه‌دام بخوازن، به‌ڵام دوێنێ له‌ناو ئه‌و ده‌نگ و هاوارانه‌ی له‌ناو ناخی پڕ له سوێی ئه‌نفال زه‌ده‌كانه‌وه به‌رزكرایه‌وه گوێبیستی خراپتر بووین. زۆرن ئه‌و پیرەژن و كه‌نه‌فتانه‌ی شۆڕش به نوگره‌سه‌لمان ده‌شوبهێنن.
ناكرێت ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییه هاوشێوه‌ی ره‌خنه و نیگه‌رانی و ناڕه‌زایه‌تیی چین و توێژه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگە ته‌ماشا بكرێت، هه‌رچه‌نده پێویسته ده‌سه‌ڵاتدارێتیی كوردستان باوه‌ش بۆ هه‌موو نیگه‌رانی و ناڕه‌زایه‌تییه‌ك بكاته‌وه داخوازییه‌كانیان له‌به‌رچاو بگرێت. به‌ڵام هاواری كه‌سوكاری ئه‌نفال، نیگه‌رانیی قوربانییانی هه‌ڵه‌بجه جیاوازن، چونكه ئه‌وه‌ی كورد به‌ده‌ستی هێناوه له‌سه‌ر خوێن و جه‌سته‌ی قوربانییانی جینۆساید به‌رهه‌م هاتووه نه‌ك به‌رهه‌می شۆڕش و خه‌باتی چه‌كداری. ئه‌مان خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی به‌ده‌ستهاتووه‌كانن، بۆیه ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیی حكومڕانانی كورد ئه‌وه‌یه پێش هه‌ر چین و توێژێكی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگە ئاوڕ له‌مان بداته‌وه. به‌ڵام ئێستا ئه‌م هاوكێشه‌یه پێچه‌وانه‌یه، ئه‌م به‌شه گرنگه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی فه‌رامۆشكراوترینن.
كورد له‌مێژه گوتوویه‌تی، "كاسه پڕ بوو لێی ده‌ڕژێت". ئه‌گه‌ر تا ئه‌وپه‌ڕی بێهیوابوون، چۆكی ئومێدیان نه‌شكێندرابێت، چۆن ده‌ڵێن "رۆژگاری حوكمی سه‌دام ته‌نها به جه‌سته ئه‌نفال ده‌كراین، ئێستا هه‌موو رۆژ رووحمان ئه‌نفال ده‌كرێت". ئاخر ئه‌م به‌شمه‌ینه‌تانه‌ی كوردستان چۆن ناگه‌ن به‌و قه‌ناعه‌ته كه ده‌بینن له نزیكترین ده‌روازه‌ی جه‌سته‌ی ئه‌وانه‌وه له كۆرمۆری قادركه‌ره‌مه‌وه بۆڕی بۆ گواستنه‌وه‌ی غاز رابكێشرێت تا توركیا، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی كوردی له 30 ساڵی ته‌مه‌ن و حوكمڕانیدا نه‌یتوانیبێت بۆڕییه‌كی ئاو له گۆپته‌په‌وه بگه‌یێنێته چه‌مچه‌ماڵ زێدی ئه‌نفالكراوه‌كان. ناهه‌قیان نییه كه ده‌ڵێن ئێره‌ش هه‌ر نوگره‌سه‌لمان و دوبز و تۆپزاوایه بۆ ئێمه، له نوگره‌سه‌لمان رۆژانه ده‌به‌یه‌ك ئاومان پێئه‌درا، به‌ڵام ئێستا له شۆڕش حكومه‌ته‌كه‌ی خۆمان دوو هه‌فته جارێك ئاومان ده‌داتێ.
وڵاتێك رۆژانه نیو ملیۆن به‌رمیل نه‌وت بفرۆشێت، نه‌توانێ مانگانه ئه‌و به‌شه كه‌مه موچه‌یه‌ی ئه‌و كه‌سانه بدات كه حوكمڕانییه‌كه‌ی له‌سه‌ر خوێن و جه‌سته‌ی ئه‌وان دامه‌زراوه، ئیتر چۆن نیگه‌رانییان ناگاته ئه‌و ئاسته. ئاو و كاره‌با، پێداویستی و خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كانیان بۆ دابین نه‌كرێت، چۆن ژیانی ئێستای خۆیان به زیندانه‌كانی نوگره‌سه‌لمان ناشوبهێنن. ئه‌م ده‌سته‌واژه و به‌راوردكردنه زۆر مه‌ترسیداره و ده‌بێت شۆكهێنه‌ربێت بۆ ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵات له كوردستان. ده‌بێت حكومه‌ت به‌ده‌م داخوازییه ساده و ره‌واكانیانه‌وه بڕوات. ئه‌وان داوای شتگه‌لێكی زۆر ساده ده‌كه‌ن، داوای ژیانی شاهانه‌یان نه‌كردووه، ئاویان ده‌وێ ئاو بۆ خواردنه‌وه. داوای قه‌ره‌بووی خوێن ناكه‌ن، ئێسك و پروسكه‌كانیان ده‌وێته‌وه. داوای تۆڵه له ئه‌نفالچییه‌كان ناكه‌ن، ده‌ڵێن مه‌یانخه‌نه سه‌رووی ئێمه‌وه. داوای دادپه‌روه‌ریتان لێده‌كه‌ن.
ئێمه به‌رده‌وام گله‌یی له جیهان ده‌كه‌ین، ده‌ڵێن له چركه‌ساتی روودانی تاوانه‌كانی وه‌ك هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال، چاویان له بینینی تاوانه‌كه داخستبوو، گوێچكه‌یان له ئاستی هاوار و ناڵه‌ی قوربانییه‌كان كه‌ڕ كرد، كه‌چی ئێستا كه‌سوكاری قوربانییه‌كان هه‌مان ئه‌و گله‌ییه رووبه‌ڕووی ده‌سه‌ڵاته خۆماڵییه‌كه‌ی خۆیان ده‌كه‌نه‌وه، چاو و گوێچكه‌ی ده‌سه‌ڵاته كوردییه‌كه‌ش هاوار و ئازاریان نابیستێ. بۆیه تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه نیگه‌رانن كه ژیانیان به‌خراپتر له‌و سه‌رده‌مانه بزانن كه تاوانه‌كانیان به‌رانبه‌ر ئه‌نجام دراوه. ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتدارێتیی كورد به حیزب و حكومه‌ته‌وه رابچڵه‌كێن، چونكه زۆر مه‌ترسیداره قوربانی بخرێته ناو هه‌لومه‌رجێكی ژیانه‌وه خۆزگه بۆ سه‌رده‌می جه‌لاد بخوازێت. ده‌بێت سه‌دای ئه‌و ده‌نگه‌ی دوێنێ له چه‌مچه‌ماڵه‌وه به‌رزكرایه‌وه، ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد به‌ئاگا بێنێته‌وه، ده‌بێت به‌هه‌موو جۆرێك به ئاگابێنه‌وه. ئه‌گه‌رنا ئه‌وه ده‌بێت دڵنیابن هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی قوربانی وه‌ك په‌لاماری شێری بریندار وایه.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ