مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا
ئێوارەی رۆژی 15ـی تەمووزی 2016، ''رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵایست'' (فەتۆ)، هەوڵی کودەتایەکی خوێناوی دژی خەڵک و حکومەتی وڵاتەکەم دا. ئامانجیان دامەزراندنی رژێمێکی رادیکاڵ و تووندئاژۆ بوو کە تەنیا دڵسۆزیی بۆ سەرکردەی گرووپەکە هەبێت کە فەتحوڵڵا گولەنە.
یەکەیەکی سەربازیی سەربە فەتۆ سەربازگەکانی خۆیان بەجێهێشت بۆ داگیرکردنی چەند شوێنێکی سەرەکی وەکو پردی بۆسفۆر لە ئیستەنبووڵ و، فڕۆکەی جەنگی و، هێلیکۆپتەری هێرشبەر و، بۆمببارانی چەند ئامانجێکی ستراتیجییان کرد، لەنێویشیاندا پەرلەمان و، کۆشکی سەرۆکایەتی و، سوپا و بارەگاکانی پۆلیس. هەزاران هاووڵاتیی مەدەنی هاتنەسەر شەقامەکان بۆ راگرتنی ئەو هەوڵە کودەتایە قێزەونە. پیلانگێڕان 251 هاووڵاتیی مەدەنی بێتاوانیان کوشت و هەزارانیشیان بریندار کرد. لەو شەوەدا خەڵکی تورکیا بە ژیانی خۆیان بەرگرییان لە دیموکراسی کرد. وەڵامی پاڵەوانانەی ئەوان شتێک بوو کە پیلانگێڕان پێشبینییان نەکردبوو.
بۆ ئەوەی لە رووداوەکە تێبگەی، دەبێ لە سرووشتی راستەقینەی فەتۆ تێبگەی. فەتۆ لە کۆتایی ساڵانی شەستەکان وەکو ئەوەی پێی دەگوترێ ''بزووتنەوەیەکی ئایینی'' دامەزرا. لەژێر ناوی برەودان بە پەروەردە و دایەلۆگی نێو ئایینەکان، توانی نیازی پیسی خۆی بشارێتەوە.
پلانی تۆکمە و بەرفراوانی ئەندامانی فەتۆ بۆ چوونە نێو سوپا و هێزە ئەمنییەکان و دەسەڵاتی دادوەری و دامودەزگەکانی دیکەی حکومەت، لەنێویشیاندا وەزارەتەکەی من، ماوەی چەند دەیەی پێچوو. پلانەکە بەشێوەیەکی نهێنی بوو بۆ پلانێکی گەورەتر کە رۆژی 15ی تەمووزی 2016 قۆناخی کۆتایی جێبەجێکرا.
ئەگەر هەوڵی کودەتا سەرکەوتوو بووایە، ئێستا تورکیایەکی تەواو جیاواز دەبوو. دیموکراسی نەدەما، مافە بنەڕەتییەکان و ئازادییەکان بۆ هەمیشە نەدەمان. وڵات دەکەوتە ژێر دەستی حکومەتێکی تووندئاژۆ.
فەتۆ تەنیا کۆنترۆڵی بەشێکی گرنگی دامودەزگە پەروەردەییەکانی نەکردبوو، بەڵکو خاوەنی ژمارەیەک دامەزراوەی داراییش بوو. هەژمارە بانکییەکانیان لەلایەن ئەندامانی دیاری فەتۆوە لە کەرتی بازرگانی و پیشەسازی پڕدەکرانەوە، هەروەها لەلایەن بەرپرسان و خەڵکانی ئاساییەوە. زۆربەی هاووڵاتییانی مەدەنیش لە خشتەبرابوون و هاوکاریی دارایی فەتۆیان دەکرد و یاری بە باوەڕیان کرابوو. ئەو داهاتە گەورەیەی لە قوتابخانەکانیانەوە لە سەرانسەری جیهان بەدەستیان دەکەوت، بە نهێنی دەچووە نێو هەژمارەکانیانەوە و چاوەڕێی جووڵەی کۆتایی دەکرد.
لەدوای هەوڵی کودەتای خوێناوی لە 15ی تەمووزی 2016، بڕیاری تووندی خاوێنکردنەوەی کەرتی گشتی لە ئەندامانی لایەنگری فەتۆ و کۆمپانیاکانیان دەستیێپکرد، لەنێو دامودەزگەکانی حکومەت و سوپا و کەرتی تایبەت. هەندێک لە پیلانگێڕە دیارەکانیان دەستگیرکران. ئەوانەی دیکە لە دەستی دادگە هەڵاتن و پەنایان بۆ وڵاتانی بیانی برد. فەتحوڵڵا گولەن، سەرۆکی رێکخراوی تیرۆریستیی فەتۆ، تاوەکو ئێستا دانیشتووی ویلایەتە یەکگرتووەکانە. چەندین ساڵە حکومەتەکەمان داوای رادەستکردنەوەی گولەنی بۆ تورکیا کردووە، هەروەها ئەو ئەندامانەی فەتۆ کە لە وڵاتانی ئەوروپین. ئەو داواکاریانە تاوەکو ئێستا جێبەجێنەکراون.
لەلایەکی دیکەوە، لە شوێنەکانی دیکەی جیهانەوە ژمارەیەکی زۆری حکومەتەکان لە مەترسی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە تێدەگەن و هەنگاوی پێویست دەنێن. فەتۆ لە کاری نایاسایی وەکو ساختەکاریی ڤیزە و، شووشتنەوەی پارە و بازرگانی چەکەوە تێوەگلاوە. لە دەرەنجامدا، کەرتی گشتی و تایبەت لە زۆربەی وڵاتان لە ئەندامانی فەتۆ پاککراونەتەوە. لەدوای ساڵی 2016، زۆربەی قوتابخانەکانی سەر بەو رێکخراوە تیرۆرویستییە خرانەسەر دامەزراوەی مەعاریفی تورکی. ئەمڕۆ قوتابخانەکانی مەعاریف لە زۆربەی وڵاتاندا کاردەکەن و پەروەردەیەکی زۆرباش لە هەموو جیهان پێشکەشدەکەن.
سرووشت و مەودای شەڕی تورکیا دژی فەتۆ جیاواز نییە لەوەی وڵاتانی دیکە دەیکەن دژی ئەو رێکخراوانەی بەرپرسان و هاووڵاتییانی مەدەنی دەتۆقێنن و مەترسی دەخەنە سەر بەها دیموکراسییەکان و مافە بنەڕەتییەکان و ئازادییەکان. ئەوەی تورکیا دەیکات ئەوەیە کە وڵاتانی دیکە لە ماوەی رابردوودا دژی تیرۆریزم کردوویانە. هەموو رێوشوێنەکان یاسایین.
تیرۆریزم ناسنامەی نیشتمانی، ئیتنی و ئایینیی نییە. ئەو هەڕەشەیە مەترسییە لەسەر تەواوی مرۆڤایەتی. لەبەرئەوە دەبێ وەڵام بۆ ئەو هەڕەشەیە یەکگرتوو و بەهێز بێت. هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت جیاوازی لەنێوان تیرۆریستاندا بکات و هیچ رێکخراوێکی تیرۆریستیش ناکرێت بە ''بەسوود'' دابنرێت. فەتۆ بەرپرسە لە گیانلەدەستدانی سەتان کەس و چەندین تاوانی دیکەی گەورە دژی خەڵکی تورکیا. شەش ساڵ لەدوای 15ـی تەمووزی 2016، تورکیا بەردەوامە لە شەڕی تووند دژی فەتۆ، هەروەکو چۆن بەردەوامە لە شەڕ دژی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکەی وەکو پەکەکە، و پەیەدە و، یەپەگە و، DHKP-C و، داعش.
چاوەڕێ دەکەین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی تورکیا بێت لە شەڕی دژی تیرۆریزم.
*ئەم وتارە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، بۆ رووداو نێردراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ