حکومەت چیت بۆ بکات؟

16-08-2025
هیوا جەمال
A+ A-
 
لەم دواییانەدا، سەردانی دوو ناوچەی گەشتیاریی جیاوازی کوردستانم کرد؛ پێنجشەممەی رابردوو لە بیارەی هەورامان بووم و دوو هەفتە پێشتر لە گەلی شێرانەی دێرەلووکی دەڤەری بادینان. ئەوەی دڵخۆشکەر بوو، خاوەنکارەکانی هەردوو ناوچەکە باسیان لە زۆریی ژمارەی گەشتیار دەکرد، بەتایبەت لە وەرزی هاویندا، کە دەتوانن داهاتێکی باش بەدەستبهێنن، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، چەندین خاڵی لاواز و کێشەی بنەڕەتی بوونە جێگەی سەرنجم، کە پێویستیان بە ئاوڕلێدانەوەی بەپەلە هەیە.
 
ژێرخانی لاواز: رێگەوبانی سەربازی بۆ گەشتیاری!
 
یەکەم و سەرەکیترین کێشە، خراپیی رێگەوبانەکانە، کە بڕبڕەی پشتی کەرتی گەشتیارین. رێگای هەردوو ناوچەکە بەشێکی زۆری یەک ئاڕاستەیە، کۆنە و بە کەڵکی هاتووچۆی گەشتیاری نایەت؛ زیاتر لە رێگەیەکی سەربازیی دەچێت تا گەشتیاری. جگە لەوەی تابلۆ و رێنمایی پێویستیان نییە، ژینگە و دەوروبەری رێگاکانیش تا دەگەیتە شوێنە گەشتیارییەکان، خاوێن نین و سیمایەکی ناشرینیان بەخشیوە.
 
کێشەی یاسایی و کارگێڕی: بەربەست لەبەردەم وەبەرهێناندا
 
یەکێکی دیکە لە کێشە گەورەکان، پەیوەستە بە زەویوزار و لایەنە یاساییەکانییەوە. زۆر لەو شوێنانەی پڕ بە پێستی پڕۆژەی گەشتیارین، وەک زەویی کشتوکاڵی تۆمارکراون، لە کاتێکدا هیچ بەرهەمێکی کشتوکاڵییان لێ ناکرێت. تەنانەت هەندێک شوێن کە سەرچاوەی ئاو و کەژاوەی سرووشتی جوانن و تەنها بۆ گەشتیاری دەست دەدەن، هەر بە کشتوکاڵی هەژمار کراون. ئەمە جگە لەوەی کە کێشەی تاپۆ لە گوندەکاندا بووەتە ئاستەنگێکی گەورە لەبەردەم هەر هەنگاوێکی وەبەرهێناندا.
 
خۆڕاگریی خەڵک و کەمتەرخەمیی حکومەت
 
ئەوەی جێگەی تێڕامان بوو، زۆربەی پڕۆژە گەشتیارییەکان هەوڵی تاکەکەسی و خێزانین. خاوەنەکانیان بە کەمترین کارئاسانییەوە پڕۆژەکانیان بەڕێوەدەبەن و هەندێکجار رێگرییان لێ دەکرێت. لە بادینان لە یەکێکیانم پرسی: "دەتەوێت حکومەت چیت بۆ بکات بۆ ئەوەی بەرهەمی خۆماڵی پێشکەش بکەیت؟" لە وەڵامدا گوتی: "نامەوێت هیچم بۆ بکات، تەنها با وازم لێ بهێنێت کارەکانی خۆم بکەم." ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە ئاستی خزمەتگوزاری و پێشکەوتنی کەرتی گەشتیاری لەبەر نەبوونی پشتیوانیی حکومی، لە ئاستێکی باشدانییە.
 
تێکدانی ئەزموونی گەشتیار: لە نایلۆنەوە تاوەکو پەنیر
 
کاتێک گەشتیار روو لە ناوچەیەکی سرووشتی دەکات، چاوەڕێی ئەزموونێکی سرووشتی و رەسەن دەکات، بەڵام بەداخەوە، لەنێو دیمەنە جوانەکانی هەورامان و بادینان، خزمەتگوزارییەکان پڕن لە کەرەستەی ناسرووشتی و ناتەندروست. بۆ نموونە، لەبن دارگوێزێکی هەوراماندا، سفرەی نایلۆن و قاپی پلاستیکت بۆ دادەنرێت. یان لە گەلیی سۆلاڤ، نانی بەیانی بە پەنیر و ماستی تورکی پێشکەش دەکرێت. ئەمە گەشتیار لە ئەزموونە رەسەنەکە دادەبڕێت و بەرهەمی خۆماڵی پشتگوێ دەخات.
 
پێشنیاز بۆ چارەسەر
 
حکومەت دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ ببینێت لە چارەسەرکردنی ئەم کێشانەدا. دەکرێت بە دامەزراندنی چەند کارگەیەکی بچووک تایبەت بە بەرهەمە خۆماڵییەکان (وەک قاپی گڵین، سفرەی حەسیر، بەرهەمە شیرەمەنییەکان) لە ناوچە گەشتیارییەکان، هەم هەلی کار بڕەخسێنێت و هەمیش ئەزموونێکی رەسەنتر بە گەشتیاران ببەخشێت. هەروەها دەتوانێت ببێتە پردی پەیوەندی لە نێوان کەرتی تایبەت و خاوەن زەوییەکان بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی گەشتیاریی گەورە و ستراتیژی. وەک خەڵکی ناوچەکە دەیانگوت، زۆربەی ئاوەدانکردنەوەکان لەسەر ئەرکی خۆیان بووە و پشتیوانیی حکومەت یان نییە یان زۆر کەمە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سیروان رەحیم

عەبەی مامەسەعە و کوردە تێکدەرەکان

بەڕێزم؛ نەک هەر ئەو پیاوە باشە "کاکە عەبە" و نەک هەر ئەو جاشە، هیچ پەیوەندییان بە ئیسرائیل و کۆلۆنیالیزمەوە نەبوو، بەڵکو بەگشتی کورد بێ پەیوەندین بەو لایەنانەوە، کورد خاوەنی دۆزە. کەس دنەیان نادا، مرۆڤی کورد خۆی ویستی ئازادی و ژیانێکی شکۆدارانەی هەیە. بەداخەوە ئێوە ناژنەفن، بەڵام چ داگیرکەرێک دەبیستێت؟ دیرۆک ئەوەمان پێدەڵێت.