کۆرۆنانامەی ژنێک ... بەشی کۆتایی

17-07-2020
نەزەند بەگیخانی
نیشانەکردن کۆرۆنا
A+ A-
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ دەرکەوتنی گزنگ، کاتێ رووناکی بە هێواشی سەرەتاتکێی دەکرد و تاریکیی شەوی شەق دەکرد، قووقەی کەڵەشێری لادێ بێداری کردمەوە. ئەو دەنگە تێکەڵ بوو بە جریوەی باڵندە هەمەجۆرەکان کە کۆنسێرتێکی ناوازەیان پەخش دەکرد لە کاتێکدا لەسەر چڵی درەختەکانی باخچە باڵەفڕکێیان دەکرد  و خەریکی ئەڤینبازی بوون. ئەو بەرەبەیانییە کەشێکی دەروونیی نزیک لە میلانکۆلیی دەورووژاند. هێمن  و ئارامبەخش و ئەفسووناوی، لەو کەشەدا کاتێ بە ئاگا هاتمەوە یەکسەر هەستم بە زیندوویی خۆم کرد. 
 
مرۆڤ لەم ساتانەدا هەست دەکات ژیان بەردەوامە و رۆژێکی نوێ بە هەموو ئەفسوون و لوغزەکانیەوە باوەشی بۆ دەکاتەوە. جا ئەگەر پەلەی چوونە دەوامت نەبێت و حەز بە نەرمە وەرزش و مێدیتەیشن بکەیت، هەر لەسەر جێگاکەوە پەنجەی پێ و دەستەکانت بە هێواشی دەجووڵێنیتەوە بە مەبەستی ئەوەی دوای چەندین کاژێر لە مانەوە لە یەک باردا، سووڕی خوێن بگەڕێنیتەوە بۆ ئەندامەکانی لەشت. ئینجا خۆت لێکدەکێشیتەوە و چەند هەناسەیەکی قووڵ لە رێگەی سک و سییەکانتەوە دەدەیت و ئۆکسجین بە هەموو دەمار و خانەکانی لەشتدا بڵاودەکەیتەوە. ماوەی دوو ساڵ زیاترە، دوای بینینی کلیپی مامۆستایەکی یۆگا، من فێربووم لەو بەیانییانەدا، هەر لەسەر جێگا چەند راهێنانێکی یۆگا بکەم و هەوڵ دەدەم تا بتوانم بە تەندروستی و هەستێکی جوانەوە سڵاو لە رۆژەکان بکەم. لێتان ناشارمەوە، ئەمە هەندێک جار ئاسان نییە.
 
ئەو بەرەبەیانییە دوای چاوکردنەوە، لە کاتێکدا دەمویست زیاتر بچمە ناو دۆخی ئارامبەخشی قووقەی کەڵەشێر و کۆنسێرتی باڵندەکان، لەناکاو گڕەی ماتۆڕێک دۆخەکەی شڵەژاند و سەرم هەژا و راچڵەکیم. ماتۆڕەکە وردە وردە دوور کەوتەوە، بەڵام هێشتا گڕەی دەنگی بە تەواوی ئاوا نەبووبوو، ئۆتۆمبێلێک بە تیژی بە شەقامەکەدا رەت بوو و باڵندەکانی تووڕەتر راونا. ئەو بەیانییە بیرم کەوتەوە کە فەرەنسا بە فەرمی بڕیاری ماڵنشینکردنی تایبەت بە کۆرۆنای هەڵگرتووە و ژیان گەڕاوەتەوە ''باری ئاسایی''. 
 
"باری ئاسایی'' لێرەدا دەخەمە ناو جووتە بەرزەفاریزەوە، چونکە بۆ من ئەو دۆخە هیچ ئاسایی نییە: بۆنی بەنزین و دووکەڵ و هاڕەی ماتۆڕ و ئۆتۆمبێل ئەو بەیانییە سرووشتیان تەواو پیس کرد. ئەو رۆژە درەختەکان لە جیاتی سەوزی، رەنگێکی بۆری رۆناوییان لەسەر نیشت و کۆتر و باڵندەکانیش کەمتر بوونە میوانی باخچە و سەر مێزی ناو چیمەنەکەم. ئیتر "باری ئاسایی" ژیانی مۆدێرن و پڕ لە ژاوەژاو و ماشێن، واتە باری نائاسایی بۆ سرووشت و گۆی زەویی کەنەفت و ماندوو. ئەمە سەرەتای قۆناخی دوای کۆرۆنایە. 
 
لە مانگی رابردوودا لە فەرەنسا حکومەت بە فەرمی قوتابخانەکانی کردنەوە، رێستۆرانت و باڕ و قاوەخانەکان پڕبوونەوە لە خەڵک، سینەما و هۆڵی کۆنسێرتەکان کرانەوە، دەوامی فەرمی دەستی پێکردەوە، بەڵام ئەمانە هەمووی بە مەرج. من هەر لە گوندەکەی خۆمم لە ناوەڕاستی فەرەنسا و لە رێگەی ئۆنلاینەوە کارەکانم رادەپەڕێنم. 
 
 
ئازادیی دوای کۆرۆنا
 
یەکەم رۆژی دوای نەمانی کەرەنتینە و ماڵنشینی کە بۆ یەکەم جار دەرچووم بەو شەقام و کۆڵانانەدا پیاسەم کرد کە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چۆڵ و  بێدەنگ بوون، هەستێکی تایبەتم لا دروستبوو. سەرەتا خۆشحاڵ بووم کە بەبێ بەڵگەنامەی دەرچوون و مۆڵەت دەتوانم بچمە دەرەوە و ئەو مەودایە ببڕم کە پێشتر قەدەخە کرابوو. 
 
ئەو رۆژە خۆم جوانپۆش کرد، بە هێواشی هەنگاوم دەنا، سەیری هەموو شت و کەس و جووڵەیەکم دەکرد وەکو ئەوەی نوێ بن بۆم! سەرەتا بە بینینی خەڵک سەرسام بووم، سەرنجی روخساری دەمامکدراو و رەفتاری خەڵکم دەدا و هەستم بە خۆشییەکی سادە و پەنهان دەکرد. خۆشیی پیاسە و دیداری یەکتری، خۆشیی قسەکردن لەگەڵ کەسێکی دیکە و پێکەنین و دانیشتن لە تارمەی قاوەخانەکان، خۆشیی سەیرکردنی دووکان و کۆشکی رۆژنامە و گۆڤارەکان و راکردن بەدوای پاس و قیتار و پەڕینەوەی خێرا لە شەقامە بەرینەکان پێش ئەوەی ترافیکلایتەکە سوور ببێت. خۆشیی بینینی کچ و کوڕە عاشقەکان کە یەکتریان لە ئامێز دەگرت، هی ئەو برادەر و کەسانەی کە ناولەپی هەردوو دەستیان لەبەر سنگیان دەنووساند بە یەکترییەوە و بە ئاماژەیەکی بوداییانە سڵاویان لە یەکتری دەکرد. ئەمانە هەمووی نەشئەئامێز بوون. بەڵام زیاتر لە جاران هەستم بە بۆنی پیسیی بەنزین و دەنگی گڕی ماتۆڕ و ئۆتۆمبێل و قیتارەکان دەکرد و بیرم کەوتەوە کە دوای سێ مانگ لە قەدەخەی هاتووچۆ و ماڵنشینکردن، کەمتر بەرگەی ئەو دەنگەدەنگ و ژاوەژاوەی ژیانی شار دەگرم.
 
جگە لەمانە، ئەو ئازادییە مەرجێکی دیکەی هەبوو، مەرجی دەمامکپۆشی و رێزگرتن لە دووریی مەترێک لە نێوان مرۆڤەکان. لە رۆژانی گەرمادا دەمامکپۆشین ئاسان نییە، بەڵام خەڵک هەموو بەکاری دەهێنن. نەک لەبەر ترس لە سزا و غەرامە، بەڵکو خەڵک لەو دەڤەرە ئەمە وەک خاسیەتێکی شارستانی لێک دەدەنەوە، وەک رەفتارێکی سیڤیل و جوان بۆ رێزگرتن لە خۆیان و لە کەسانی دەروبەریان پەیڕەوی دەکەن: واتە بۆ خۆپاراستن و پاراستنی کەسانی دەوروبەر پەیڕەوی دەکەن لەم سەرزەمینە کە ئێمە دەتوانین بیپارێزین و جوانی بکەین. دوێنێ لەناو پاس یەک-دوو هەرزەکار دەمامکەکانیان داگرتبوو، ژنێک بە رێزەوە داوای لێ کردن پابەندی رێنماییەکان بن و ئەوانیش بە داوای لێبوردنەوە دەمامکەکانیان بەستەوە. لە دڵی خۆمدا گوتم چەند خۆشە ژیان لەگەڵ خەڵکی مەدەنی و هۆشیار و بەڕێز. ئێمە زۆر جار باجی گەمژەیی خەڵکانی دیکە دەدەین کە بە نەزانی و یاریی سیاسی و ئایدیۆلۆژیای ئایینی و ناسیۆنالیستی باربوو کراون، بە رەفتارەکانیان خۆیان و کەسانی دەوروبەریشیان هەراسان دەکەن.
 
لە هەفتەی یەکەمی ئەو "بارە ئاساییە"دا دوو هاوڕێی فەرەنسیم بە ناوی خاتوو ئان ماریڤێن و مارکی هاوسەری بۆ ئێوارەخوانێک داوەتیان کردین. ئەو رۆژە زۆر تایبەت بوو. دەمە و ئێوارە خۆم جوانپۆش کرد و تەنکە ماکیاژێکم کرد. نەوزادیش ریشی تاشی و کراسێکی شینی ئاسمانیی پۆشی. لە فەرەنسا کە دەچیت بۆ میوانداری، عادەت وایە چەپکە گوڵێک یا بوتڵێ شەراب لەگەڵ خۆت ببەیت و پێشکەش بە خانەخوێی بکەیت. ئێمە ئەو رۆژە گوڵمان دەست نەکەوت، بەڵام بوتڵێک شەرابی شینۆنمان لەگەڵ خۆمان برد، لەو بوتڵانەی کە نەوزاد لە یاریی شەترەنجی تایبەت بە ناوچەی ئەندر ئێ لواغ  بردبوویەوە. کوڕەکەم بەمە زۆر دڵخۆش بوو. 
 
ئەو ئێوارەیە بە راستی هەستمان بە ئازادیی دوای کۆرۆنا کرد. ئان و مارک ژەمە خواردنێکی فەرەنسیی خۆشیان ئامادە کردبوو. کوڕە گەورەکەیان کە برادەری نەوزاد بوو لەوێ نەبوو و گەڕابووەوە بۆ پاریس. بەڵام هەردوو کوڕە ناوەنجی و بچووکەکەیان لەگەڵمان دانیشتن و تا درەنگانێک ماینەوە و جگە لە باس و خواسی دونیا، زۆر باسی کوردستان و دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستمان کرد. مارک گۆڤاری پاشکۆی لومۆندی دەرهێنا و گوتی لەو ماوەیەی دوایی دوو وتاری لەسەر کورد خوێندووەتەوە. هەروەها گوتی لەکاتی خوێندنەوەی بیری لە ئێمە و لە کوردستان کردووەتەوە. چوو لە کتێبخانەکەی رۆژنامەکەی هێنا و بە گرنگییەوە باسی دەکردن؛ وتارەکان یەکێکیان هی حەمید بۆزئەرسلانی هاوکارم بوو لە سکووڵی خوێندنی باڵای زانستە کۆمەڵایەتییەکان. ئەوی دیکەشیان هی ئالان کەڤال بوو: دوو کوردی دایاسپۆرا کە بە قەڵەم و فیکر خەبات بۆ مافی کورد و ناساندنی کوردستان بە جیهانی دەرەوە دەکەن. بیرم کردەوە رۆڵی کوردانی دایاسپۆرا چەند لە خەباتی ئێمە بۆ دادوەری و سەربەخۆیی گرنگە. بیرم لەو هەموو کار و خەباتە کردەوە کە ساڵانێکی زۆرە لەگەڵ هاونیشتمانییەکانم لە دایاسپۆرا دەیکەین بۆ هۆشیارکردنەوەی رای گشتیی جیهانی لەبارەی ئەو ستەمەی لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان بەرامبەر نەتەوەی کورد دەکرێت. ئەو هەستەم هەر زوو بەرەو پەستی چوو، کاتێک بیرم لە پەرشوبڵاویی کورد و نەبوونی ستراتیژیی نەتەوەیی و براکوژی و حیزبایەتیی تەسک و گرووپگەرایی و شارچیێتی کردەوە. ئای کوردبوون بۆ کەسانی هۆشیار چەند سەختە! لەو کاتانەدا بە قووڵی هەست بە بێدەوڵەتی و خەمێکی قورس دەکەم. هەست دەکەم بۆ هەمیشە لە رەگ هەڵکێشراوم و هەرگیز لە پارچە زەوییەک جێگیر نابم کە بە حەقیقی و کردەنی ناوی بنێم کوردستان، یا ''ماڵ''.
 
 
یەکەم سەفەری دوای ماڵنشینکردن
 
لەناو فارگۆنی شەمەندەفەرەکە بە دەمامکەوە لە دووریی مەترێک لەوانیدیکە دانیشتووم. لە بڵندگۆکەوە دەنگێکی بەگوڕ دەبیستم و دووپاتی دەکاتەوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا تەواو نەبووە، تکایە دەمامکەکانتان ببەستن، هەرکەس دەمامک نەبەستێت بە بڕی 137 یۆرۆ سزا دەدرێت. 
 
شەمەندەفەرەکە لە جۆری تی جی ڤی بوو، واتە شەمەندەفەری خێرا کە 300 کیلۆمەتر بە سەعاتێک دەبڕێت. ئەو رۆژە یەکەم سەفەرم کرد بۆ پاریس بۆ کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە کار. دڵم خۆش بوو کە ژیان تا راددەیەک هاتووەتەوە "باری ئاسایی"، بەڵام توانای بەرگەگرتنی ژاوەژاو و پیسیی ئاوهەوام کەم بووبوەوە. هەروەک کۆتایی جەنگ، هەستم دەکرد ترسێک زاڵە، خەڵک لە یەکتری دڵنیا نەبوون، لە کەشی گشتی و لە بەریەککەوتن دەترسان. کەس لەگەڵ کەس قسەی نەدەکرد، لەژێر دەمامک بزەیەکم بۆ ژنێک کرد کە کۆرپەکەی لە باوەشدا بوو و لە دووریی مەترێک لە من بە پێوە وەستابوو تا بیخەوێنێت. نازانم لە چاوەکانم بزەکەی منی بینی یا لە ژێر دەمامک ون بوو؟ 
 
چاو دەشێت لەو کاتانەدا لە نێوان مرۆڤەکاندا ئەندامێکی گرنگی پەیوەندی بێت، لە نێوان هاوڕێیان کە ئیتر نابێت چیتر یەکتری لە باوەش بگرن، یەکتری ماچ بکەن، یا تەوقە بکەن، نابێت لە نزیکی یەکتری دابنیشن یا تەنانەت گوزەر بکەن. ئاماژە و نیگا و تەماشاکردن و جووڵەی دەست و لەش لەکاتی گفتوگۆ و پەیوەندیدا هەمیشە گرنگ بوون، بەڵام هەستم کرد لە سەردەمی کۆرۆنادا گرنگییان زیاتر بووە، هەرچەندە لەژێر دەمامک و لە دووریی مەترێکدا کەمتر هەستیان پێدەکرێت.
 
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شارستانییەت و رێزگرتن لەوانی دیکە ئێستا بووەتە رێزگرتن لە دووری و تەوقەنەکردن و دەمامکبەستن. ئەگەر ئەمانە نەکەیت، نەک هەر تەنیا بەرپرسی ناو وێستگەی شەمەندەفەر و پۆلیس لێت دێنە دەنگ، بەڵکو خەڵکیش بیرت دەهێننەوە کە بۆ پاراستنی خۆت و هاووڵاتییان دەبێت بەو رێنماییانەوە پابەند بین. بەشێوەیەکی گشتی خەڵک لە فەرەنسا و لەو دەڤەرەی من بە رێنماییەکانی دوای ماڵنشینکردن پابەندن و لە فەزای دەرەوە و لە شوێنە داخراوەکان رەچاویان دەکەن. 
 
ئەو رۆژە لەناو شەمەندەفەرەکە هەندێک لە گەشتیارەکان سەریان بەسەر شاشەی مۆبایل و تابلێتەکانیاندا شۆڕکردبووە و دیار بوو خەریکی سۆشیال میدیا یان یاری و سەیرکردنی فیلم بوون. یەک-دووانێکیان چاویان لێکنابوو و بۆرژابوون، منیش لە پەنجەرەی فارگۆنەکەوە سەیری دەرەوەم دەکرد. شەمەندەفەرەکە زۆر بە تیژی بەناو سرووشتی جوانی ناوەڕاستی فەرەنسا و ناوچەی ئاندر ئێ لواغدا تێدەپەڕی. دیمەنێکی سەرنجڕاکێش کە هەمووی کەسکایی و رووبار و جوانی بوو. کێڵگەی گەنم و گەنمەشامی و گوڵەبەڕۆژە کەتان بە رەنگی زەرد و سەوز و مۆرێکی ئاچوغەوە لە تابلۆی ئیمپرێشنیستەکان دەچوو. لەنێوان رۆشنایی و سێبەری درەختەکانی کەناری ئەو کێڵگانە جوانییەکی تایبەت دەبینرا کە مرۆڤی تووشی سەرسامی و شاگەشکەییەکی خەمئامێز دەکرد، حاڵەتێکی رۆحیی ئەفسووناوی و پڕ لوغز کە وەسفکردنی ئاسان نییە. 
 
ئەو رۆژە من بە هەموو هێزی بینینم سەیری دیمەنەکانم دەکرد و دەمویست ئەو جوانییە بگرم، لەناویدا جێگیر بم و لە خەیاڵمدا تۆماری بکەم. ئەو دیمەنانە هەوێنی ناوێزەن بۆ رۆح، بەتایبەتی لەکاتی مێدیتەیشن کە وەک دیمەنی زیندوو دەیانهێنمەوە یاد و ئیتر بەناویاندا گوزەر دەکەم، لە واقیع دادەبڕێم و دەچم بۆ حاڵەتێکی دیکە، چەشنی  وەجد و عیرفان. لەو ساتانەی مێدیتەیشندا بە خەیاڵ وەک دەروێش بە دەوری خۆمدا دەسووڕێمەوە و لە سەمایەکی سۆفیانەدا فوو بە دەوری خۆمدا دەکەم وەک ئەوەی بمەوێت ئەو پشكۆیە بگەشێنمەوە کە لە ناخمدا وەک ئاگر دادەگیرسێت. ئەگەر ئیماندار بیت و باوەڕت بە خودا هەبێت، جا ئەو خودایە هەرچییەک بێت و هەر ناوێکی هەبێت وا هەست دەکەیت دەگەیتە ئاستێکی میتافیزیکی و روخساری خودا دەبینیت. یا تێکەڵ دەبیت بە جوانی و وەک رووبار بێ دەربەست بەناو سرووشتدا گوزەر دەکەیت، خڵتە و خاشاک و ژاوەژاو و جەنجاڵیی رۆژەکان رادەدێری و دووریان دەخەیتەوە، دەبیت بە چەم یا کانییەکی هێمن کە زیخ و چەوی ناخی روون و رۆشن لەژێر تیشکی خۆردا دەدرەوشێتەوە. ئیتر ئەوەیە وەجد و عیرفان لە مێدیتەیشن؛ مرۆڤ هەموو جارێک بەو حاڵەتە ناگات، بەڵام جار هەیە دەتوانیت ئاگایی جێبهێڵیت و لە نائاگاییدا دۆناودۆن بیت، ببیتە درەخت، یا وەک شنەبی لەشسووک و شانەکانت بێ ئازار شۆڕ بنەوە ناو ئاوی رووبار و چەم، هەست بە نەشئە و ئارامی و تەندروستیی دەروونی و جەستەیی دەکەیت. ئەمەش ئامانجی مێدیتەیشن و خەڵوەتە کە ئەگەر تێیدا سەرکەوتوو بین بۆ ژیان لەو سەردەمە جەنجاڵەدا زۆر هاوکارمان دەبێت. 
 
 
دواساتەکانی ماڵنشینکردن
 
لە کۆتایی نیسان و مانگی ئایاردا گۆشەگیری و ماڵنشینکردن خەریک بوو دەبوون بە سەنگێکی قورس و بەرگەگرتنیان ئاسان نەبوو. هاوڕێکانم لە تەلەفۆن هەموویان باسی ئەوەیان دەکرد کە لە سەرەتادا بە شێنەیی ئەزموونی ماڵنشینکردنیان کردووە، بەڵام لە کۆتاکاندا رۆژەکانیان سەخت و تەنهاییان کوشندەتر بووە. منیش هەستم بەمە دەکرد و وەک پێشوو چالاک نەبووم. هەموو بەیانیان وەک جاران هێزی یۆگا و مێدیتەیشنم نەبوو، بۆ پیاسەی رۆژانەش وەک پێشوو گورجوگۆڵ نەبووم، لە کاتێکدا دەبووایە کارەکانی زانکۆ بەجێبهێنم، کەمتر لە بواری داهێنان و نووسینەکانی خۆم و کاری تایبەت بە کوردستان چالاک بووم. نەوزادی کوڕیشم بە هەمان شێوە: ئەو زۆرتر دەخەوت و کەمتر بەشداریی لە کۆرسەکانی لە رێگەی ئۆنلاینەوە دەکرد. ئەمە هەندێک جار بۆ من دەبووە مایەی نیگەرانی، بەڵام متمانەم بەهێز و ئیرادەی کوڕەکەم ئەوەندە بەرزبوو کە هەرگیز نەبووە کێشە و گرفت. بە پێچەوانەوە، لەم بارەوەیە زیاتر گفتوگۆمان کرد، لەنێوان خۆمان و لەگەڵ هاوڕێکانیشماندا. هەستمان دەکرد دۆخی کۆرۆنا زۆر درێژەی کێشاوە و رۆژانەمان بووە بە رۆتین  و هاندەرمان کەمتر بووە. ناوەناوەش لە روانگەی فەلسەفییەوە قسەمان لەسەر چەمکی تەمبەڵی و کارنەکردن دەکرد و پێمان وابوو کە زۆر ئاساییە هەندێک جار مرۆڤ لە تەواوی رۆژێکدا هیچ نەکات. بەڵام ئایا ئەو هیچ نەکردنە بەراستی تەمبەڵی و بێبەرهەمییە؟ بێئەنجامە؟ بە رای من ئەم هیچ نەکردنە لە زۆر رووەوە دروستکردنی فەزایەکە بۆ بیرکردنەوە، بۆ خەیاڵ و تێڕامان. لێرەش پرسیارێک خۆی رەپێش دەخست: ئایا ئەمانە جۆرێک نین لە ئازادی؟ من لەو ساتانەدا پشت لە واقیع دەکەم و دوور لە کێشە و بەربەرەکانێ و ناکۆکی خۆم ئازاد دەکەم.
 
وابەستەنەبوون بە کاری رۆژانە جۆرێکە لە پچڕان لەگەڵ دۆخێک کە مێشک هەمیشە قاڵە و جەستە بەردەوام لەسەر پێیە و دەروونمان دایم نیگەران و پەشێوە. هەندێک فەیلەسوف ئەم دۆخە بە تایبەتمەندێتیی مرۆڤی سەردەم و شارستان ناو دەبەن. دوورکەوتنەوە لەم دۆخە جۆرێکە لە دابڕان و پێویستە، جۆرێکە لەو خەڵوەت و مێدیتەیشنەی پێشتر باسم کرد، گەشتێکە بەناو خود، کەشفکردنە، گەڕانەوەیە بۆ لای جیهان و ژیان بە شێوەیەکی جیاوازتر، یا بۆ وەجد و عیرفان. ئەمە جۆرێکە لە ئازادی، چونکە بەبێ ویست و هۆشیاری و کردەوەی تۆکمە ناکرێت. 
 
 
کوردبوون: کاتێک جەستە و سەر لێک دەترازێن و دەبین بە دوو لەتەوە
 
ئێمە زۆر جار جەستە فەرامۆش دەکەین و وەکو پێویست ئاگامان لێی نییە. کاتێ بۆ ماوەی چەندین سەعات بە دیار شاشەی کۆمپیوتەرەکانمانەوە دادەنیشین، یا بە سەعات لەسەر تەلەفۆنین و لە یەک باردا بێ جووڵە دەدوێین، یا بەشێوەیەکی ناهاوسانگ دەوەستین و بە سەعات ناجووڵێینەوە. کاتێک لەم دۆخانە دەردەچین کە هەڵدەستین جەستە هاوار دەکات، هاوار لە شێوەی ئازارێکی زۆر لە شان و پشت و ئەژنۆکانمان هەڵدەستێت. جەستە پێمان دەڵێت ئەم حاڵەتە سرووشتی نییە، سرووشتی مرۆڤ بەرگەی ئەمە ناگرێت و پێویستە ئاگات لێم بێت. ئاگات لە خۆت بێت. لەم حاڵەتەدا هیچ نەکردن واتای تەمبەڵی یا هەڵهاتن لە کار و بەرپرسیاری ناگەیەنێت، بەڵکو بۆ تەندروستیی جەستە و ئاوەز مەرجێکی گرنگە، ئەمەش جۆرێکە لە ژیری و لە حیکمەت، تەنانەت هەندێک زانا ئەمە بە مافی مرۆڤ دەزانن، بەتایبەتی لەم سەردەمە جەنجاڵەی سۆشیال میدیا و قەرەباڵخییەی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئارادایە. مێدیتەیشن بەو شێوەیەی  باسم کرد، دەمهێنێتەوە لای خۆم و سەر و جەستەم پێک دەگەیەنێتەوە.
 
جگە لەمە، من وەک کورد و زۆربەی ئێوە لەنێوان دوو جیهاندا دابەش بووم، کار و بەرپرسیارێتییەکانم سنووری نەتەوەیی و جوگرافی دەبەزێنن. رووداوەکانیش هەمیشە بیرمان دەخەنەوە کە دەبێت هەمیشە لەسەر هێڵ بین و هەڵوێست وەربگرین. بە واتایەکی دیکە، ئێمە ئەمڕۆ لە سەردەمێکدا دەژیین جگە لە کاری رۆژانەی ناوماڵ و بەرپرسیارێتیی کاری دەرەوە و نووسین و داهێنان، وای لێ هاتووە کە دەبێت هەمیشە لەسەر هێڵ بین و لەبارەی هەموو ئەو ناهەقی و توندوتیژییانەی لە جیهاندا دەگوزەرێن هەڵوێست و قسەمان هەبێت. 
 
لەو ماوەیەدا کۆمەڵێک رووداوی دڵتەزێن و ناشایستە روویان دا. لە ئەمریکا پۆلیس لە بەرچاوی دنیا جۆرج فلۆیدی خنکاند، لە زۆربەی وڵاتانی دنیا خەڵک بۆ بەرگریکردن لە ژیانی رەشپێستەکان هاتنە سەر شەقام، مێژوویان خستە ژێر پرسیارەوە و یادەوەریی گشتییان زیندوو کردەوە، یادەوەریی لەبارەی رۆڵی رۆژئاوا لە کۆیلایەتی و کۆلۆنیالیزمدا. کەچی سەرەڕای ئەمە، سیستەمی دادوەری لە ئەمریکا دەبووایە چاوەڕێی راپۆرتی پزیشکی بکات بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە جۆرج فڵۆید بە راستی خنکێنراوە و لە ئەنجامی نەخۆشی و تەنگەنەفەسیی پێشوەختە نەمردووە! خاتوونێکی ناسکی وەکو دەشنێ موڕاد لە کوردستان رەشەبا کراسەکەی هەڵدەداتەوە و لەم ساتەدا وێنەیەکی دەگرن و لە سەر سۆشیال میدیا بڵاوی دەکەنەوە و دەیانەوێت حەیای ببەن، سووک و رسوای بکەن، وێنەکان وەک پاکانە و بیانوو بۆ بێشەرەفکردنی ئەو کچە بەکاردەهێنن بە ئامانجی لەناوبردن تا ئاستی کوشتنی سیمبۆلی. تورکیا کە دووژمنی سەرسەختی کوردە، پەکەکەی کردووەتە بیانوو بۆ سەرکوتکردنمان لە هەرشوێنێک کە کورد سەر هەڵبڕێت. بەو بیانووەوە ئەردۆغان سوپای خستووەتە گەڕ و سنوورەکان دەبەزێنێت، خاکمان داگیر دەکات و بۆردومانی خەڵکی سیڤیل دەکات. ئێران کە شەڕی بەوەکالەت لە ناوچەکە دەکات، هەرێمی کوردستانی کردووەتە ئامانج و نەک هەر بێباکانە بۆمب بەسەرماندا دەبارێنێت، بەڵکو ژێربەژێر رژێمی ئاخوند حوکمی عێراق دەکات و کار بۆ لەناوبردنی هەرێمی کوردستان دەکات.
 
ئەمە بۆ کەس جێگەی سەرسووڕمان نییە و پلانی سیاسیی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرامبەر بە کورد ئاشکرا و دیارە. ئەوەی جێگەی نیگەرانی و تێرامانە، دابەشبوونی کورد و پەرشوبڵاویی هێزە کوردییەکانە کە خەریکە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو کەمە پایە و سەنگە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەی کورد هەیبوو لە دەستی دەدات. ئەمە نەخۆشییە لەناو کورددا و لە پەتای کۆرۆنا ترسناکترە. هەموو تاکێکی کورد بەدەست ئەو نەخۆشییەوە دەناڵێنێت و زۆربەش لە هەموو بوارەکان  پەیڕەوی دەکەن بە فێمینیستەکانیشەوە. ئەو هێزە کوردییانەی کە بە کاریگەریی ئەو وڵاتانە شەڕی خۆکوژی و دابەشبوون دەکەن ستراتیژیی نەتەوەییان نییە و خەریکە ئامانجی ئەو دووژمنانە دەهێننە دی. هەرێمی کوردستان کە سەرەڕای هەموو کەموکووڕییەکانی مایەی ئومێدە و دەشێت یەکەم دەرفەت بێت بەرەو ئازادیی و سەربەخۆیی لە داهاتوو، بەڵام بەهۆی پەرشوبڵاوی و خۆخۆری و بەرژوەندخوازی و تاککڕەوییەوە خەریکە ئەو ئومێدە دەکوژێتەوە. ئەگەر کار ئاوا بڕوات، ئەوە گومان دەکرێت کە لە ئایندەیەکی نزیکدا هەرێمی کوردستان لەناوبچێت و ناوچەگەری و شارچیێتی لە شێوەی سلێمانیستان و هەولێرستان جێگەی بگرێتەوە. ئەگەر مرۆڤ توانای نەبێت کەڵک لە وانەکانی رابردوو وەربگرێت، ئەوە مێژوو دووبارە دەبێتەوە.
 
ئێمە لە هەموو ئەم سات و لەکاتی ئەو رووداوانەدا دەبێت لەسەر هێڵ بین، داوامان لێ دەکرێت بێینە دەنگ، هەڵوێستمان هەبێت، ئەمەش فشارێکی زۆر لەسەر دەروون و جەستەمان دروست دەکات. جگە لەوەی کە ژیانی کەسیی هەریەکێکمان پڕە لە کێشە و تەحەددا و بێ ئاڵۆزی نییە. بۆیە هەندێک جار کە فشارێکی زۆرم بۆ دێت، من بە دروستی دەزانم بێدەنگ بم، نەکەومە ژێر باری سۆز و هەست، من دژی ئەوەم نمایش بۆ رای گشتی بکەم و وەک پۆپیولیست بۆ لایک و کلیک و فۆڵۆوەر خەڵک و خۆشم لە خشتە بەرم. ئەمە راستگۆییە لەگەڵ خۆم و لەگەڵ خوێنەرانیش. لەو سەردەمە ناشیرینەدا هەندێک جار نۆرم و دۆخەکە مرۆڤ بەرەو گوتە و رەفتارێک دەبەن کە گوزارشت لە خۆیان نییە، بەڵکو گوزارشتە لە نۆرمەکان و بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکی ناخە لە پێناوی لایک و کلیک و چەپڵەی عەوام. هەروەکو ئەلبێرت کامو دەڵێت: "جوامێر ئەو کەسە نییە کە دەبێت لەو ساتانەدا شتێک بکات، بەڵکو ئەو کەسەیە کە توانای هەبێت رێگە لە خۆی بگرێت و هیچ نەکات، ئەو کارە نەکات کە لەژێر پاڵەپەستۆی عەوامدا هەمووان بە رەوای دەزانن بیکەن".
 
لە چەند هەفتەی رابردوودا من بیرم لە هەموو ئەمانە دەکردەوە. هەندێک جار پەست و بێزار، زۆر جار تووڕە و سەرسەخت بووم، بە تایبەتی لەو کاتانەی کە دەمبینی هەق دەخورێت و راستی پێشێل دەکرێت و سنووری نێوان هەقیقەت و درۆ خەریکە بە تەواوی لەناو دەچێت. ئەگەرچی لەبەرامبەر ئەم دۆخەدا تووڕەم، بەڵام هەرگیز رقن نیم، رێگە بە خۆم نادەم رق و کینە و دژایەتیکردنی کەسانێک ببنە هاندەری کار و چالاکییەکانم، چونکە بە باوەڕی من رق نەک هەر نەخۆشییە، بەڵکو وەک ژەهرە و کوشندەیە بۆ خۆمان و بۆ ئەو دۆزەی کاری بۆ دەکەین. گەورەیی مرۆڤ لەوەدایە بەر لە رق و تۆڵە بگرێت و وەک رووبار رێ بکات، تێکەڵ بەوانە ببێت کە لە دەرەوەی رق و ئیرەیی و شەڕانگێزییەوە ئۆقیانووس دروست دەکەن. لەو ماوەیەدا جگە لە کاروبارەکانی خوێندنی باڵا، زۆرم دەخوێندەوە و دڵخۆش بووم کە توانیم گوتارێک بە ناوی "سەردەمی پاش حەقیقەت" بنووسم و بڵاوم کردەوە. 
 
 
سەردەمی پاش حەقیقەت
 
بە کورتی، بۆ ئەو خوێنەرانەی ئەو وتارەیان نەبینیوە، "سەردەمی پاش حەقیقەت'' باس لەوە دەکات کە ئێمە ئێستا لە قۆناخێکدا دەژیین حەقیقەت چیتر وەک کۆنسێپت و فاکت، وەک بەڵگە و داتا مانای نییە، بەڵکو بووەتە را و بۆچوون و مشتومڕ و ئەجێندای کەسیی کەسانێک کە بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسی و ئابووری و پایەی کۆمەڵایەتی دەیشێوێنن. لەم سۆنگەیەوە، حەقیقەتی مرۆڤەکان چیتر گرنگ نییە، تۆ لە چ ئاستێکی فیکری و مەعریفیدایت گرنگ نییە، بەڵکو ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە چۆن بتوانیت ئەم یارییە بکەیت، چۆن بتوانیت خەڵک لە خشتەبەریت، چۆن بتوانیت پرۆفایلێکی جوان بۆ خۆت دابڕێژیت و خۆت بگەیەنیتە پایەی دەسەڵات و یاری بە هەستی خەڵک بکەیت و سنووری نێوان حەقیقەت و درۆ ببەزێنیت بە جۆرێک کە، هەروەک هانا ئارنت دەڵێت، مرۆڤ ئیتر نەتوانێت درۆ و راستی لە یەکدی جیابکاتەوە. بە رای هانا ئارنت تۆتالیتاریزم ئا لەم خاڵەوە دەست پێدەکات.
 
 کۆنسێپتی پاش حەقیقەت باس لە لێکترازان دەکات لەگەڵ سەردەمێک کە کۆمەڵێک بەهای ئەخلاقی و پرەنسیپ هەبوون لە پەیوەندییەکانی نێوان خەڵک، لە پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتی، نێوان میدیا و رای گشتی. لە سەردەمی پاش حەقیقەت بەهاکانی وەکو راستگۆیی و ئازادیی رادەربڕین لەسەر بنەمای رێزگرتن لە ئازادیی کەسانی دیکە، هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لەناو کۆمەڵگە، ئەقل بۆ راڤەکردن و تێگەیشتن و بەرگریکردن لە حەقیقەت، ئەمانە نەمان و فەرهەنگێک دروست بوو کە ئاڵۆزی و دژوارییەکانی جیهان سادە و بچووک دەکاتەوە بۆ دوو سەنگەر و دوو جەمسەری رەها و دژ بە یەک: چاک و خراپ، خوداوەند و ئەهریمەن، ئێمە و ئەوان. سەردار و فۆڵۆوەر و دەروێشانی ئەم دوو سەنگەرە یەکدی تەواو دەکەن و بە مەبەستی سەپاندنی دەسەڵات و قۆرخکردنی رای گشتی بە سۆز و مەزاج یاری بە هەستی خەڵک دەکەن. 
 
لە هەرێمی کوردستان رەفتار و فەرهەنگ و سیاسەتی پاش حەقیقەت زۆر بە زەقی دیارە و پیادە دەکرێت. لەگەڵ هەر کەسێک قسە دەکەیت، دەبینیت کە  رۆژانە ئازار دەچێژێت و دڵتەنگ و نیگەرانە و لەگەڵ خۆی و لەگەڵ دەوروبەری ناکۆکە، هەست بە غەدر و بێدادی دەکات. تاکی کورد لە بارودۆخێکی ناهەموار و پڕ نیگەرانی و سترێس ئەزموونی ژیان دەکات. میدیای ناپیشەگەر و دیجیتاڵیی 24 سەعاتەی حیزبەکان بەبێ وەستان هەواڵی نادروست و بەبێ بەڵگە و بنەما بڵاودەکەنەوە کە ختووکەی خەڵک دەدەن، مێشکی خەڵکی پێ دەشۆنەوە و توانای بیرکردنەوە و ئەقڵانیەتیان دەکوژن. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بوونەتە سەکۆی خودپەرستی و هەلپەرستی و خۆنمایشکردن کە بەپێی مەزاج و ئەجێندای گرووپ و حیزب و میدیا و رۆشنبیرە ئۆلیگارشییەکان جێبەجێ دەکرێت. فەیسبووک و ئینستاگرام و توویتەر و هتد. لەلایەن ئەو گرووپانەوە بە ترس و هەواڵی درۆ و رقاوی تەنراون. لەم سەکۆ و میدیایانەدا رای گشتی نییە، بەڵکو یاریکردن بە هەست هەیە؛ پەیوەندییەکان تێکچوون، زمانی زبر و ناشیرین بووەتە باو تا ئاستی جنێودان و لەخشتەبردن کە لە رێگەی بەکارهێنانی ئەکاونت و ماڵپەڕ و پەیجی ساختە و رەفتاری نابەجێ و ئازاربەخش دەکرێت. گوتار و نووسینی سەنگین و زانستی و ئەکادیمی و بەڵگەئامێز ئیتر بە دەگمەن دەخوێنرێنەوە و لە بەرامبەردا سادەکاری و گوتاری هەستبزوێن و رواڵەتکاری تا ئاستی پۆرن بە مەبەستی مێشک شووشتنەوە و خەساندن و مۆنۆپۆلیزەکردنی رای گشتی زاڵە. سەنگی مەحەکیش بوو بە ژمارەی کلیک و لایک و فۆڵۆوەر.
 
 
کۆتایی ساڵی ئەکادیمی
 
 جگە لە نووسینی ئەو وتارە و وتارێکیش بە زمانی ئینگلیزی، هەر لەو ماوەیەدا کاروبارەکانی خوێندنی باڵا و زانکۆم زۆر لەسەر کۆبووبوونەوە، بەتایبەتی راستکردنەوەی تاقیکردنەوەی قوتابییەکانم و رادەستکردنی ئەنجامی کۆتایی نمرەکان بە زانکۆ و سازدان و بەڕێوەبردنی وێبینارێکی تایبەت بە کاریگەریی کۆرۆنا لەسەر پەنابەر و ئاوارەکان فشاری زۆری بۆ دروست کردبووم. لەکاتی نمرەدانان بۆ قوتابییەکانم ئەمساڵ خۆم لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی ویژدانیی گەورەدا دەبینییەوە: قوتابییەکانم بەشێکی زۆریان بیانی بوون، لە وڵاتانی دیکەوە هاتبوون و لە ماوەی ماڵنشینکردن لە ژوورێکی بچووکی سێ-چوار مەتری لە باڵەخانەیەکی چیمەنتۆساز لە پاریس خۆیان مات کردبوو. ئەوان زیاتر لە هەموو کەس هەستیان بە تەنیایی و گۆشەگیری و مەترسییەکانی کۆرۆنا دەکرد. سەرەڕای ئەمەش، لە کاتی کۆرسەکان لە رێگەی زوومەوە، هەموویان ئامادە دەبوون و بەشدارییەکی چالاکانەیان دەکرد. 
 
ئەو گوتارەی کە قوتابییەکانی ماستەرم دەبواییە بینووسن ئاسان نەبوو (چوار هەزار وشە لەبارەی توتدوتیژیی سێکسی و جێندەری لە کاتی جەنگ و ناکۆکییەکان). کەچی هەر هەموویان گوتارەکانیان ئامادە کرد و لە تاقیکردنەوەی زارەکییش لە رێگەی زوومەوە پێشکەشیان کرد. چۆن بتوانین لەم بارودۆخەدا حەققانی و دادوەرانە نمرە و هەڵسەنگاندنەکان دابنێین؟ بۆ من ئەمە ئەزموونێکی ئاسان نەبوو. دوو لە گوتارەکان ئەوەندە جوان و بەهێز بوون بڕیارم دا کە لە گۆڤارەکەی زانکۆی بریستڵ بە ناوی گۆڤاری توندوتیژیی جێندەری، کە من تێیدا ئێدیتەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستم، بڵاویان بکەینەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی گۆڤارەکە ئەکادیمییە و بەبێ را و هەڵسەنگاندنی دوو پسپۆڕ لە بوارەکە (ئەوەی کە بە ئینگلیزی پێی دەڵێن پییە ریڤیو) مەحاڵە بە فیلتەری تەحریردا تێپەڕن و بڵاوببنەوە، بۆیە رۆژێکم تەرخان کرد بۆ نووسینی هەندێک سەرنج و تێبینی و بۆ قوتابییەکانم نارد و داوام لێ کردن لەژێر رۆشنایی سەرنج و تێبینییەکان وتارەکە دەوڵەمەندتر بکەن. ئەوانیش سوپاسگوزار بوون و دوای چەند رۆژێک گوتارەکانیان چاک کرد و ناردیانەوە بۆم.
 
وێبینارەکەی سیانسپۆ لەبارەی کاریگەریی کۆرۆنا بوو لەسەر پەنابەر و ئاوارەکان کە ئامادەکردن و بەڕێوەبردنی خرابووە ئەستۆی من. بەشێوەیەکی گشتی ئەو وێبینارە زۆر بە باشی بەڕێوەچوو. ئامانجمان ئەوە بوو بە دەنگ پەنابەر و ئاوارەکانەوە بچین و بە بەڵگە لەبارەی کۆرۆنا و بارودۆخی ئەو ئاوارە و پەنابەرانە زانیاری و زانین بەرهەم بهێنین، بەتایبەتی لە روانگەی جێندەرییەوە. ئامانجی سەرەکیمان بریتی بوو لەوەی کە شرۆڤەی ئەکادیمی و فاکتەکان لێک بدەین و گوتارێکی بەڵگەئامێز و تۆکمە دابڕێژین و بیخەینە بەردەم سیاسەتمەدار و داڕێژەرانی پۆڵەسی لە یوئێن و یەکێیتی ئەوروپی و حکومەتانی ناوچەکە تا کاری پێ بکەن بە ئامانجی باشترکردنی دۆخی پەنابەر و ئاوارەکان و دابنیکردنی پێداویستییەکانییان لە سەردەمی کۆرۆنادا.
 
 
سەدای گریانی گۆی زەوی و تەنیایی ئێمە
 
ئەمە دوابەشی ئەو کۆرۆنانامەیە کە ئەزموونێکی دەگمەن لە جیهانێکی بریندار و سەردەمێکی دژوار و سەخت بەیاد دەکات. ئەزموونی ماڵنشینکردنی سەردەمی کۆرۆنا فێرگەیەک بوو بۆ من پڕ لە پرسیار و تێڕامان. بینیم مرۆڤ چەند ناسکە و چۆن دەبێت ئاگامان لێی بێت، ئاگامان لە خۆمان و لە یەکدی بێت، ئاگامان لەوە بێت هەستی یەکدی بریندار نەکەین، لە بەرامبەر یەکدیدا بێباک و تاکڕەو و بەرژەوەندیخواز نەبین. مرۆڤ زۆر ناسکە و هێڵێکی تەنک، زۆر تەنک، لە مەرگی جیا دەکاتەوە؛ لەنێوان ژیان و مەرگدا هێڵێکی تەنک هەیە کە دەشێت لە چرکەیەکدا بپچڕێت و لە ژیانەوە بکەوینە دیوی دووەم و بە ئێجگاری ون ببین. بۆ ئەوەی کە دەمێنێتەوە لەو دیوەی ژیان، چەند گرنگە ویژدانی ئاسوودە بێت!
 
لەم ئەزموونەدا درکمان بە گرنگیی پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤ کرد، درکمان بە گرنگیی ئاشتی و پێکەوەیی کرد، پێکەوەبوونێکی جوان لەگەڵ خۆمان، لەگەڵ هاوژینەکانمان، لەگەڵ کوڕ و کچەکانمان، لەگەڵ خوشک و براکانمان، لەگەڵ دایک و نەنک و باوانمان، لەگەڵ ئەوانی دیکە کە جیاوازن لە ئێمە. درکمان بەوە کرد کە چەند گرنگە لە پەیوەندیییەکانماندا لەگەڵ یەکدی تووندوتیژ نەبین، زمانی زبر و ناشیرین بەکارنەهێنین و رێز لە خۆمان و لەوانی دیکەش بگرین. رێزگرتن جەوهەر و بنچینەی هەموو پەیوەندییەکانە، تەنانەت خۆشەویستییش بەبێ رێزگرتن واتای نامێنێت. 
 
بینیمان کە پەتای کۆرۆنا وەک مەنفا وایە، لە رەگ و ریشەوە هەڵماندەکێشێت و لە پانتاییەک جێگیرمان دەکات کە جێگەی حەز و ئارەزووی ئێمە نییە. تێگەیشتین کە تەندروستی و ئاشتی و ئاسایش بە ئەندازەی ئازادی بۆ مرۆڤ گرنگن. ئەمانەش بە هێزی سوپا و چەک و تەقەمەنی نایەنە دی. سوپا لەو ساتەوەختەدا چ سوودێکی هەیە لە بەرامبەر کەرتی تەندروستی؟ ئێمە بینیمان لە ساتەوەختی کارەساتێکی وەک کۆرۆنا، بۆ پاراستن و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵگە، کەرتی تەندروستی زۆر لە سوپا و چەک و تەقەمەنی گرنگترە. ئەمەش هۆشیارییەکی نوێیە بۆ سەرانی سیاسی لە سەرانسەری جیهان و هیواخوازم کە لێیەوە فێربن و ئەو بودجە زەبەلاحەی لە پڕچەککردنی سوپا و کڕینی مووشەک و تۆپ و چەکی کۆمەڵکوژی خەرجی دەکەن، تەرخانی بکەن بۆ کەرتی تەندروستی و بۆ پەروەردە، کە گرنگترین و ماندووترین کەرت بوون لە ماوەی کەرەنتینە و ماڵنشینکردن.
 
بینیمان  رووداوێک لەوپەڕی جیهان، لە شارێکی چین روودەدات و تەواوی مرۆڤایەتی تووشی سڕبوون دەکات، جووڵەی ئابووری دەوەستێنێت و دەبێتە مەترسی بۆ سەر تەندروستیی هەموو مرۆڤەکانی سەر گۆی زەوی. ئەمە پێی گوتین کە ئێمە هەموومان بە جۆرێک لە جۆرەکان لە بەرامبەر یەکدی بەرپرسیارین، بەرپرسیارین بەرامبەر بەوەی لە دەوروبەرمان روودەدات، بۆیە پێویستە بە هۆشیارییەوە هەڵسوکەوت بکەین. پێویستە لەمانەوە فێر بین رەها نەبین، بێباکانە رەفتار نەکەین، بێباکانە حوکم نەدەین، بەڵکو فێرببین خۆمان بخەینە جێی ئەوانی دیکە تا زیاتر لێیان تێبگەین و لەم کردەیەشدا تاکڕەو  و خۆپەرست نەبین، بەڵکو پێکەوە بۆ دروستکردنی پەیوەندی و واقیعێکی جوانتر بۆ خۆمان و دەوروبەرمان هاوکار بین.
 
بینیمان لەکاتی کارەسات و پەتایەکی وەک کۆرۆنادا جیاوازی لەنێوان سەرۆک و هاوڵاتییەکی سادە و عەوام نییە؛ ڤایرۆس دەوڵەمەند و سەرکردە و هەژار ناناسێت، هەموومان پێکەوەین لەم گەشتەدا و پێکەوە بەرەوڕووی تەحەدداکان دەبینەوە و ئەزموونی سەرەنجامەکانی دەکەین. بینیمان چۆن وەک لافاوی نووح هەموومان سواری کەشتیی کەرەنتینە و ماڵنشینکردن بووین بۆ مانەوەی خۆمان و بوونەوەرەکانی سەر ئەم زەمینە خۆمان گرمۆڵە کرد و ماڵنشین بووین.
بینیمان تەکنەلۆژیای نوێ بووە جێگرەوە و رەهەندێکی نوێی بە کار و پەیوەندییەکان بەخشی. ئایا گوتنەوەی کۆرس و وانەکان، کارکردن و کۆبوونەوە و کۆنفرانس لە رێگەی زووم و سکایپ و گووگڵ و هتد. دەتوانن ببنە جێگرەوەی کارکردنی کلاسیکی؟ ئەی پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤ دەچێتە کوێی ئەم هاوکێشەیەوە؟ ئایا لە داهاتوودا ئەمانە دەبنە هۆکاری سەرەکیی کار و پەیوەندییەکانمان؟ ئەی مرۆڤ لەم پانتاییە پڕ تەنیایی و ماشێنبازییەدا چی بەسەردێت؟
 
ئێمە بینیمان سەرەڕای دوورییەکان، مرۆڤ حەزی پێکەوەبوونی زۆر بەهێزە. هاوڕێ و دۆست و خۆشەویستان، ئەندامانی خێزان، هونەرمەند و میوزیکژەن و نووسەران دەتوانن پێکەوە بن و پێکەوە هەڵبکەن. دەتوانن لە پەیوەندییەکی جواندا بن، دەتوانن پێکەوە هاوکار بن، داهێنان بکەن و لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و مەترسی و ناشیرینییەکانی سەردەم بەشداربن. ناسنامەی ئێمە دەشێت لەو پێکەوەبوونەدا لە خۆشەویستیدا بەرجەستە ببێت. دەشێت لە فەرهەنگ و هونەر و داهێناندا بەرجەستە ببێت بە جۆرێک کە ببێتە هۆکار یا هاندەرێک بەرەو جوانیی ژیان و هاوڕێیەتی و پێکەوەبوونێکی مرۆڤانەتر.
 
درکمان بەوە کرد کە مرۆڤ چەقی گەردوون نییە، گەردوون هەمەجۆرە و لە سیستەمێکی بایۆدایڤێرسیتیدا گەشە دەکات. ئێمە لە پەیوەندیی راستەوخۆداین لەگەڵ ئەو هەمەجۆرییە، لەگەڵ سرووشت، لەگەڵ مرۆڤ و بوونەوەر و ئاژەڵ و باڵندە و زیندەوەرەکان، وەک بوونەوەری ئەم گەردوونە پێکەوە بەستراوینەتەوە، پێکەوە گرێ دراوین و دەبێت لەو ئەزموونە کورت و سەختەوە ئەوە فێربین کە رێز لەو پەیوەندییە لەگەڵ سرووشت و زیندەوەر و بوونەوەرەکان بگرین بە هەموو جیاوازییەکانمانەوە. 
 
بینیمان کە ژنە سەرکردەکانی جیهان وەک ئەنگێلا مێرکێل و جاسیندا ئاردێرن و هتد. چەند جوان و بەتوانایانە ستراتیژیی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنایان داڕشت و وڵاتەکانیان باشتر لە دۆناڵد ترەمپ و بۆریس جۆنسن لە مەترسی و مەرگ و نەخۆشی پاراست. ئەمەش پێی گوتین کە رەوا نییە تائێستا توخمی نێر حوکمی جیهان بکات، رەوا نییە ئافرەت تائێستاش وەک "زەعیفە" و "شەرەفی پیاو" سەیر بکرێت، بخزێنرێنە ناو ماڵ و ژوورە تەنیاکانەوە و لە کایەی سیاسی و فەرمانڕەوایی وەدەربنرێت.
 
بینیمان کە مرۆڤ تائێستاش لەبەر جیاوازیی رەنگ و رەگەز و زمان سووکایەتی بەرامبەر دەکرێت، دەکوژرێت و لە شار و گەڕەک و دەڤەر راودەنرێت. بینیمان کە ئەگەر هۆشیار بین دەتوانین ئەو دۆخە وەک بەرگری و هەڵوێست بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەوساندنەوە و توندوتیژییەکان بەکاربهێنین. درکمان بە گرنگیی ئەوە کرد کە هەبوونی جیاوازی نابێت ببێتە بەربەست بۆ پێکەوەبوون و گفتوگۆ و هاوکاری، بەڵکو جیاوازیی نێوان من و تۆ دەکرێت ببێتە مایەی دەوڵەمەندی لە ژیان، دەوڵەمەندیی فیکر و پەیوەندی و کار و داهێنان. 
 
درکمان بەوە کرد کە سەرەڕای کارەساتەکان، نابێت بیرمان بچێت سەما بکەین، گۆرانی بچڕین، کتێب بخوێنینەوە و خەون ببینین و هەست بە جوانی بکەین و تێیدا جێنشین بین، دڵفراوان و لێبوردە و بەخشندە بین. دوور لە رق و ئیرەیی و خۆخواردنەوە فەزیلەت لە رۆژەکانماندا بچێنین و کار و کردەوەکانمانی پێ رەنگین بکەین. 
 
لە سەرووی هەموو ئەمانەوە گوێمان لە سەدای گۆی زەوی بوو، بینیمان گۆی زەوی دەگری و داوامان لێ دەکات بە هێواشی بەسەریدا هەنگاو بنێن، لێمان دەپاڕێتەوە هێور ببینەوە و ئاگامان لێی بێت، ئەگەرنا بەرەو نەمان و تێکشانی دەبەین، لەگەڵ ئەویش هەموومان لەگەڵ داهاتووی مرۆڤایەتی لەناو دەچین و تێک دەشکێین. مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەر ماون، ئێستا قۆناخی سەرەتای سەردەمێکی دیکەیە کە ئەگەر مرۆڤایەتی سوودی لێ وەربگرێت، دەتوانێت گۆی زەوی و خۆی و داهاتووی مرۆڤایەتییش بپارێزێت.
 
 
دوا گوتە
 
 ئەو کۆرۆنانامەیە نزیکترین دەقی من بوو لە خوێنەر، چونکە لە رێگەی ئەم دەقەوە وەک شاهێدحاڵێک ویستم ئەو ئەزموونە تایبەتەی کۆرۆنا تۆمار بکەم، نەک تەنیا بۆ خۆم و خۆشەویستانم، بەڵکو بۆ ئێوەش، بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی مرۆڤانە و فیکری لەگەڵ خوێنەرانی هاوزمانم. خۆشحاڵم ئەگەر ئەو گوتانە کەمێک کاریگەرییان هەبێت و بۆ داهاتوو سوودێک بگەیەنن و بۆ خوێنەرانیش بووبێتە مایەی چێژ لە خوێندنەوە و تێڕامان و پرسیار. لە هەر وشەیەکدا بیرم لەوە کردووەتەوە کە خوێنەر نائومێد نەکەم. تا بۆم کرابێت ئەزموون و ژیانی خۆم تۆمارکردووە و لەگەڵ خوێنەر راستگۆیانە دواوم، ئەوەش، سەرەڕای ماڵنشینکردن و دووری و گۆشەگیریمان، جۆرێک بوو لە گفتوگۆ و پەیوەندی، جۆرێک بوو لە پێکەوەیی و رەواندنەوەی تەنیاییمان.
 
 
کۆتایی
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 عومەر ئەحمەد، بەرپرسی دێسکی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو

نرخی زیو لە ساڵی 2026دا چۆن دەبێت؟

پاڵنەری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زیو بریتییە لە خواستی پیشەسازی. بەپێی ئامارە نێودەوڵەتییەکان، ساڵی رابردوو خواستی جیهانی لەسەر زیو گەیشتە 1.23 ملیار ئۆنسە، کە یەکێکە لە بەرزترین ئاستە تۆمارکراوەکان.