سوەیدا؛ بێڕێزی ئیسرائیل و بێ مۆراڵی چەکدارەکان

18-07-2025
شیروان شەمێرانی
A+ A-
 
 
 
 
لەم بابەتەدا دەمەوێت دوو خاڵی لێکگرێدراو باس بکەم، ئەگەرچی لە دوو جیهانی جیاوازیشدا بن، یەکەمیان لە جیهانی سیاسەت و دووەمیشیان لە جیهانی ئایین و فیکر، پەیوەندیدار بە رووداوەکانی باشووری سووریا و پێکدادانی ناوخۆیی گەلی سووریا لە سوەیدا لەنێوان چەکدارەکانی نزیک لە حکومەتی شەرع و چەکدارە دروزەکان لە باشووری سووریا، پێکدادانێک کە هەموو سنوورێکی شکاند، نەک سنوورەکانی یاسا، بەڵکو سنوورە ئەخلاقییەکان، نەک ئەخلاقی ئایینی، بەڵکو ئەخلاقی مرۆیی و سنوورە نێودەوڵەتییەکانیش هەمووی بەزێندرا لەلایەن قەوارەی ئیسرائیلەوە.
 
یەکەم: ئەو جەنگە ناوخۆییەی کە لە کتوپڕێکدا ئاگرەکەی تاودرا و رەهەندێکی نێودەوڵەتیی وەرگرت، بنچینەکەی لە کوێوە هات و چۆن هەڵگیرسا؟
 
لە 12-07-2025 لەمیانی سەردانی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا بۆ ئازەربایجان، نوێنەرێکی لەگەڵ بەرپرسێکی ئیسرائیل بە ئامادەیی ئەمریکی و تورکەکان کۆبووەوە، ئەو کۆبوونەوەیە راستەوخۆیە بۆ دانوستاندن لەسەر خاڵە ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو دەوڵەت و وەکو سەرەتایەکیش بۆ دروستکردنی پەیوەندیی ئاسایی لەنێوان دیمەشق و تەل ئەڤیڤ، هەروەها لە چوارچێوەی ئەو مەرجانەدا دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر شەرع لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکان و سڕینەوەی – جۆلانی - شەرع و گرووپە نزیکەکانی لە لیستی تیرۆردا، لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتن بووە لەسەر کۆمەڵە خاڵێک، سنوورێک بۆ پەیوەندییەکانی هەردوولا بکێشێت تاوەکو جەنگێک کە هیچ لایەک نایخوازێت، بەرپا نەبێت؛ یان سنووری قەوارەی ئیسرائیل پارێزراو بێت، سوەیدا لە ناوجەرگەی ئەو پرسانەدا بووە کە باسی لێوە کراوە، رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە دەسەڵاتی سووریا دەکرێت بگەڕێتەوە ناو پارێزگای سوەیدا، یان پێدەچێت کە شەرع بە هەڵە تێگەیشتبێت لە هێورکردنەوە و هەڵوێستی ئیسرائیلییەکان لە باکۆ، بۆیە کاتێک کە (بەدو)وەکانی سوەیدا هاووڵاتییەکی دروزییان رفاند و لەگەڵ دروزەکان ئاڵان بەیەکدا، حکومەتی دیمەشق وەکو هەلێکی رەخساو مامەڵەی کرد لەگەڵ دۆخەکەدا بە پشتبەستن بە ئەنجامی دیدارەکەی باکۆ، بۆیە هێزی جوڵاند بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی دەسەڵاتی دەزگاکانی دەوڵەت لە تەواوی پارێزگاکەدا، بەڵام وا دەرکەوت بە هەڵە تێگەیشتبوو، بۆیە تووشی کاردانەوەی تووندی ئیسرائیل بوو، حکومەتی ئیسرائیل پابەند نەبوو بە هیچ جۆرە یاسا و بەڵێننامەیەکی نێودەوڵەتی و بێڕێزییەکی بێ بنەمای بە سەروەریی دەوڵەتێکی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا کرد. ئەمە هۆکاری راستەوخۆی ئەو جەنگە بوو، بە واتای ئەوەی کە دانیشتنەکەی باکۆ لە سوەیدا تێکشکا.
 
بۆ دیاریکردنی مەرام و چاوچنۆکییەکانی قەوارەی ئیسرائیل لە باشووری سووریا، نەک تەنیا لەم هێرشانەدا، بەڵکو لەو سیاسەتەی لە یەکەمین رۆژی رووخانی بەعسەوە گرتوویەتییەبەر، ئەمەیە:
 
- مەرامی ئاسایشی ئیسرائیل و دوورخستنەوەی گرووپە چەکدارەکانە لە سنوورەکان، نەک پاراستنی دروزەکان.
- سەپاندنی بوونی خود وەک یەکێک لەو دەوڵەتانەی کە دەبێت بەشدار بێت لە داڕشتنەوەی داهاتووی سووریا.
- داماڵینی سوپای سووریا لە هەموو جۆرە چەکێکی قورس.
- دروستکردنی ناوچەیەکی داماڵێندراو لە چەک – دوور لە بوونی سەربازی - لەناو خاکی سووریادا.
- داگیرکردنی ناوچەیەکی فراوانی باشووری سووریا کە دروزەکانی تیادا جێگیرە و پاشان لکاندنی بە ئیسرائیلەوە وەکو بەرزاییەکانی جۆلان.
 
واتە بۆردوومانکردنی بارەگای سوپاسالاری سووریا لەبەر خاتری پێکهاتەیەک نەبوو، ئەوەندەی کە بیانوویەک و پاساوێکن بەدەست نەتەنیاهوو بۆ رێگرتن لە هەستانەوە و بونیادنانی دەوڵەتی سووریای نوێ. بەتایبەت ئەو پەیوەندییە خراپەی نێوان بەدو-وەکان و دروزەکان لە سوەیدا دروستکراوی رژێمی بەعسی لەناوچووە و هەڵقوڵاوی چەند مانگی رابردوو نییە.
 
دووەم: کاتێک داعش بە گوتار و رەفتارە وەحشیگەراییەکەیەوە پەیدا بوو، وەکو دەرهاویشتەیەکی نامۆی فیکر و کولتووری ئایینی هاتە مەیدان و دەوڵەتە رێکخراوەییەکەی دامەزراند، بە تێپەڕبوونی کات و بڵاوبوونەوەی دیمەنە تۆقێنەرەکان کە لە دەرەوەی سەرتاپای بەها و رەوشت و بنەما و بنچینە ئیسلامییەکان بوون، لەو کاتەدا هەموومان تێکڕا گوتمان، ئەوە تێگەیشتنێکی خەواریج-یانەی ئیسلامە و وێنەیەکی تووندئاژۆ و قبووڵنەکراویەتی، راستییەکەش هەر وایە، بۆیە دەبوو ئەو مێژووە رەشەی کە لە چەند ساڵێکدا کۆتایی هات وەکو ئەزموون مامەڵەی لەگەڵدا بکرایە، بە هیچ جۆرێک هەڵسوکەوتێک نەوەشێتەوە کە بۆن و رەنگی داعشی لێبێت، بەتایبەت کە: کۆی ئەو زانا ئیسلامییانەی رووبەڕووی فیکری داعش بوونەوە، پیرۆزباییان لە شەرع کرد پاش جیابوونەوە لە بەغدادی و دەرخستنی روویەکی جیاواز و نەرم، هەروەها ئەو مێژووە خوێناوییەی کە ئەحمەد شەرع لەگەڵ بەغدادیدا هەیبوو، ئێستاش لە جەنگ و ناکۆکیدایە لەگەڵ پاشماوەی گرووپەکەیدا، بۆیە دەبوو زۆر رژد بووایە لە خۆپاراستن لە هەر کردەوەیەک یان گوفتارێک کە ئەگەر بە خەیاڵیش بێت وێنای بەراوردکردنی لەگەڵ بەغدادیدا بۆ بکرێت، بەڵام بە شێوەیەکی رێژەیی وا دەرنەچوو.
 
چی لە رووداوەکانی ساحیل، یان ئەم رووداوە دواییانەی سوەیدا، بێ مۆراڵیی زۆر بەرامبەر پیاوە ئایینییەکانی دروز کرا، نەریتی ئیسلام، بنەماکانی مامەڵەکردن لەگەڵ جیاوازەکاندا، رەوشتە پێویست و پەیڕەوکراوەکان لەگەڵ خاوەن فیکر و ئایینە جیاوازەکاندا، بێجگە رێزگرتن هیچ شتێکی دیکە نییە، هەر هەڵسوکەوتێک لە هەر کەس بووەشێتەوە و لە هەر پێگەیەکدا بێت، سنووری رێز و بنەما ئەخلاقییەکانی بەزاند، ئەوە دژ بە ئیسلام جووڵاوەتەوە، ئەگەر عەمامەکەشی 10 مەتر درێژ بێت؛ لە ئیسلامدا پێوەرەکان دەقەکانی نیگای خوایین نەک کەسەکان.
 
سمێڵ و ریش تاشینی گەنجان و پیاوانی ئاینیی دروز، جێگەی نەفرەت لێکردنە، دەبێت ئەمە وەکو ئەزموون وابێت، حەماسەت نەبێتە مایەی خۆ بەخاوەن کردنی شەرع یان کەسێکی دیکە، گۆڕانکاری لە فیکردا هەروا ئاسان نییە، ئەوانەی ئەهلی فیکرن لەوە تێدەگەن، ئەزموونەکان لە بەرچاون کە تووندڕۆکان هەندێکجار سەریان لە بێدینییەوە دەردەچێت، لە پەڕگیریی ئایینییەوە بۆ ئەوپەڕی بێدینی، سیاسەت ئامانی نییە، ئەو رووداوانەی کە بە زەبر و ناچاری هەندێک هاوکێشە و بنەمای سیاسەتکاران دەگۆڕن، پێشوەختە بە خەیاڵدا نایەت، دەمەوێت بڵێم، "نزای چاک و خێر بکرێت، بەدوور لەخۆ بەخاوەنکردن، چونکە کاتێک سیاسەت و فیکر تێکەڵ دەبن کە هەرگیز جیاناکرێنەوە، لەو کاتەدا هەڵوێست لەبەر رۆشنایی قسە و لێدوانە میدیاییەکانەوە ناگیرێت، هەروەها پێویستی بە تێپەڕبوونی کاتە، دانایی دەخوازێت کە بە پلەبەندی و لەسەرخۆ هەڵوێست بگیرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەلیل ئیبراهیم مەندەلاوی

عێراق لەنێوان کۆمیدیا و تراجیدیای سیاسیدا

سیاقی کێشەکە لە هەڵەیەکی سەرپێیی قووڵترە، چونکە لە کاتێکدا کە مەڵبەندە سیاسییەکان سەرقاڵی جەختکردن بوون لە پێویستیی پاراستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لیژنە تایبەتمەندەکە بە شێوەیەکی کۆمیدی پاساوی بۆ ئەو هەڵەیە هێنایەوە و، لێدوانێکی دەرکرد کە وەک پێویست یەکلاکەرەوە نەبوو، لە داواکردنی لێبووردنی منداڵێکی بچووک دەچوو کاتێک شووشەیەک لە ماڵەوە دەشکێنێت، کاتێک دەڵێت دانانی ئەو قەوارانە لە لیستەکەدا تەنیا رووداوێکی لاوەکی بووە، هاوشێوەی دۆخی شەرمهێنی دەست دانان لەسەر دوگمەی ناردن بۆ هەموو لە گرووپێکی خێزانیدا کە پڕە لە خزمی فزووڵ، بۆت دەردەکەوێت لە نامەکەدا بڕگەیەکی هەڵە هەیە. پاساوی لیژنەکە بە رستەیەکی فەرمیی جدی داڕێژرا: "پێش هەڵەگری بڵاوکرایەوە و دواتر راستی دەکەینەوە". وشەکان بەم جۆرە دەرکەوتن، وەک ئەوەی بە هێزەوە نالێهاتوویی رابگەیێنن، وەک ئەوەی کەوتنە نێو چاڵێکی هەڵەی سیاسی شتێکی ئاسایی بێت لە جیهانی سیاسەت لە عێراق دا، بەڵکو وەک ئەوەی کارەکە پەیوەندیی بە هەڵەیەکی رێنووسەوە هەبێت لە جۆری نووسینی "ئەمە" لە جیاتی "ئەمە" بێت، نەک دانانی کۆمەڵە گرووپێکی ناوچەکە لە لیستەکانی تیرۆردا