لەم سەردەمەدا ئەرکی میدیای باو (ماسمیدیا - میدیای جەماوەری) بە بینراو و بیستراو و، خوێندراوییەوە لە جاران زۆر سەختتر و گرانتربووە. جاران ماسمیدیا یەکێک لە قارەمانە سەرەکییەکانی ناو گۆڕەپانەکە بوو. زۆربەی کات بە یەک ئاراستە پەیامی دەنارد بۆ ناو جەماوەر. هەرخۆی ئەندازیار و دیزاینەرێکی سەرەکیی ئەقڵ و هۆش و سۆز و میزاجی جەماوەر بوو. ئێستا و لە سەردەمی ( میدیای نوێ و بەرجەستەبوونەکانیدا) رکابەریی زۆری بۆ پەیدابووە و گۆڕەپانەکە پڕیەتی لە یاریزانی جیا جیا، زۆرینەی یاساکانی گەمەکە گۆڕاون. پێوەرەکانی سەرکەوتن و نسکۆ و شکست لەم سەردەمەدا زۆر لەوانەی پێیان راهاتبووین جیاوازن، فەلسەفە و میکانزم و ئامانجەکانی میدیا بە گشتی گۆڕانی ریشەییان بەسەرداهاتووە.
ئەرکەکانی ماسمیدیا زۆر و فرەجەشن بوون: (هەواڵپێدان، رۆشنگەری و گەشەپێدان، پەروەردەی زانستی و هونەری و ئەدەبی، تەندروستی و مافی مرۆڤ و ژینگەدۆستی، بەهێزکردنی رایەڵەی کۆمەڵایەتی و ئاشنایەتی لەگەڵ مێژوو، جیوگرافیا و کەڵچەری میلـلەتان، فەراهەمکردنی خۆشباری) ئەوانە هەرهەموویان بە ئاست و رێژەی جیاجیا لە چەقی بایەخپێدانەکانی هەر کەناڵێکی ماسمیدیادا بوون. هەر میدیایەکیش بەگوێرەی تیۆری و فەلسەفەی کارکردنی خۆی رستێکی لەو ئەرک و ئامانجانە بۆخۆی دارشتبوو، بەڵام ئێستا هیچ دەزگەیەکی ماسمیدیا ناتوانێ وەک پێویست پەیوەست بێت بەو ئەرک و ئامانجانەوە کە رەنگە لە پلانی کاری خۆیدا داشیانبڕێژێت، چونکە یاساکانی گەمەکە گۆڕاون و گۆڕەپانەکەیش ئاڵۆزییەکی ئەوتۆی تێکەوتووە کە ئەستەمە بتوانیت پێشبینیی پێشهات و کاردانەوە و کارلێکەکان بکەیت. ئەوە جگە لەو راستییەی کە رۆژانە بەرەوڕوومان دەبێتەوە: جاران خەڵک لەژێر کاریگەریی ئامانجدار و دیراسەکراوی میدیادا بوو، ئێستا میدیا لەژێر کاریگەری و هەژموونی هەڵچوون و داچوونی خەڵکی عەوامدایە! سایکۆلۆژیای جەماوەریش بەردەوام لە دۆخێکی هولامی و هەڵبەز و دابەزدایە و لە توانای هیچ هێزێکی کۆمەڵایەتیشدا نییە تاسەر کۆنترۆڵی بکات.
ئاستەنگەکانی سەر رێی ماسمیدیایەکی بەرپرس لەم رۆژگارەدا زۆر و فرەچەشنن، سەرەکیترینیان پەیوەندییان بە کات و میکانزم و شێوازی کارکردنەوە هەیە. لەڕووی کاتەوە ماسمیدیای باو پێی ناکرێ بەهەمان خێرایی میدیای نوێ و "میدیای هاووڵاتی" رێبکات و پەیام و هەواڵ رابگەێنێت، چونکە پرۆسیجەری بەرهەمهێنان و گەیاندنیان کەمێک ئاڵۆزە و بە چەندین فلتەر و دەرکەواندا تێدەپەڕێت. رووماڵی فرەسەرچاوە و هەڵسەنگاندن و داڕشتنەوە و وردبینی و دڵنیابووونەوە و پاشان گەیاندنی هەوڵ و پەیام، پێویستی بە کات و پشوودرێژی و پسپۆڕی و کارامەییە، لەکاتێکدا هاووڵاتی لە زۆربەی دەرکەوتە و شێوازەکانی میدیای نوێدا، زنجیرەی ئەو رێکارییانەی سڕیوەتەوە و لە سات و شوێنی دڵخواز و بۆ لواودا، تاک رەهەندانە و پشتبەستوو بە تاک سەرچاوەی نادیار و بەبێ پسپۆڕی و بەبێ هەڵسەنگاندن و داڕشتنەوە و وردبینی، راستەوخۆ هەواڵ و پەیامەکە دەنێردرێتە ناو فەزای ئیتەرنێتی و تۆڕەکانییەوە و هەموو سنوورەکانیش دەبەزینێت.
وێڕای کات، ئاستەنگیی زۆر سەختیش بۆ رێکار و شێواز و مەرجەکانی کاری میدیایی هاتوونەتە پێش. لە یاسا و رێساکانی کاری ماسمیدیادا دەبێ ئەمانە رەچا بکەیت: ( تۆ کێیت و بەنیازی چی بڵێیت؟ پشتبەستوو بە چی دەیڵێیت؟ بۆ کێی دەڵێیت؟ بە چ زمانێک دەیڵێیت؟ لە چ کەناڵێکەوە دەیڵێیت؟ کەی دەیڵێیت؟ بە چ مەبەست و ئامانجێک دەیڵێیت؟ وەڵامدانەوەت بۆ کاردانەوە و لێکەوتەکانی چی دەبێت؟) بۆ نموونە لە میدیای باودا زمانی نووسین و ئاخاوتن، هەروەها زمانی جەستەیش هەزار و یەک حیسابیان بۆ دەکرت، بەڵام بە بەرچاوی هەموومانەوە دەیبینین لە کەناڵەکانی میدیای نویدا، کەمترینی ئەو مەرج و رێکارانە پەیڕەویان لێ دەکرێت. تاکی پەیامدەر لەو ساتەدا بەبێ رەچاوکردنی ئەخلاقیاتی پیشەی پەیامدەر و میدیاکار، هەرچییەکی بە دەمدا بێت بەبێ هیچ فلتەرێک دەیڵێت و نایگێڕیتەوە. رەنگە خۆیشی نەزانێت بۆ کێی دەڵێت، هیچ بەلایەوە گرنگ نییە زمانەکەی پاراوبێ و وشەو دەربڕینی بریندارکەری تێدا بێت یان نا، گوێ نادات بەوەی پەیامەکەی سەنگین و پابەندی رەوشت و ئاکاری کۆمەڵگە بێت، بێ دەروەستە لەوەی لێکەوتەکانی ئەوەی دەیڵێت و دەیکات چیی دەبێت و کێ زیانی ماددی و مەعنەویی پێدەگات. هیچ گرنگ نییە بەلایەوە کەی دەیڵێت و چەند دەخایێنێت، لەڕووی ئامانج و مەبەستیشەوە زۆرجار یان تەواو خاڵییە لە مەبەست و ئامانج و لەوپەڕی پووچگەرایی و بێ واتاییدایە، یان لە باشترین دۆخدا مەبەست و ئامانجێکی خۆپەرستانەی نەگریسی لەدواوەیە.
تائێستا لە کوردستاندا ئەوەی پێی دەڵێن "رۆژنامەوانیی هاووڵاتی" پێگەیەکی ئەرێنیی ئەوتۆی نییە کە شیاوی هەڵسەنگاندن و نرخاندن و پیا هەڵدان بێت. بە پێچەوانەوە رۆڵێکی زۆر نەرێنی دەگێڕێت و بووەتە هۆکاری تەشەنەکردنی زمانی رقوکینە و نەمانی متمانە و دابڕانی خەڵک لە میدیای باو، کە بەڕای من هێشتا لایەنی پۆزەتیڤ و ئەرێنیی زۆر زیاترە لە لایەنە نێگەتیڤ و نەرێنییەکانی.
بەداخەوە هەندێک لە دەزگاکانی میدیای بینراو و بیستراو و، خوێندراوی باو لە هەموو جیهاندا و لەلای خۆشمان کەوتوونەتە ژێر هەژموونی بەناو (رۆژنامەوانیی هاووڵاتی)ـیەوە و دەستیان لە زۆربەی پرنسیپ و بنەما ئەخلاقی و پیشەییەکانی کاری میدیایی هەڵگرتووە و بوونەتە کۆپی و لاساییکەرەوە و پشتیوان و جاڕچی بۆ ئەو بێسەروبەرییەی لە (میدیای نوێ) دا بەرپابووە.
بەلای منەوە هێشتا زووە پێشبینیی داهاتوو بکەین ئەگەرچی دۆخی میدیا لە دونیا و لە هەرێمی کوردستاندا بەتایبەت، لەبەردەم هەڕەشەدایە و زیادەڕۆیی نییە گەر بڵێم گەیشتووە بە سنووری سڕینەوەش، بەڵام بڕوایەکم هەیە کە سرووشتیی ژیان و یاساکانی بەردەوامی، رێنادەن ئەم بێسەروبەرییە تاسەر بەردەوام بێت.
ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ لە رووکەشدا وا دەردەکەوێت کە گوایە خواستی خەڵک و میلـلەتانە و کاردانەوەی تاک و هاووڵاتییە لە بەرامبەر میدیای باودا کە بابەتیبوون و متمانەی لەدەستداوە و کەوتووەتە ژێر گوشار و هەژموونی لۆبیی دارایی و سیاسیی و چیی دی ناتوانێت دەنگ و رەنگی خەڵک بێت! ئەوە تەنیا پاساو و رووکەشکردن و ماکیاژکردنی راستیی بابەتەکەیە. لە راستیدا ئەوەی دەگوزەرێت هەوڵێکی بە بەرنامەیە بۆ چۆکپێدادانی خەڵک و رازیکردنیان بە خۆبەدەستەوەدانێکی بێ مەرجی تاک و کۆمەڵگە لەبەردەم هەژموونی مارکێتینگی کاڵا و سێرڤسی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی دونیای سەرمایەداریدا، ئەگەر کۆمەڵگەی مەدەنی و دەوڵەتان و ناوەندە ئاکادیمی و پارتە سیاسییە مرۆڤدۆستەکانی دونیا بەهۆش خۆیان نەیەنەوە و جڵەوی ژیان و شارستانییەت و بەردەوامی و مانەوەی توخمی مرۆڤ لەسەر ئەم گۆی زەوییە لە دەستی سەرمایەدار و کارتێلە پارە پەرستەکان نەسننەوە، بە دڵنییاییەوە نەک هەر بۆ میدیای باو، بگرە بۆ کۆی کایەکانی ژیانی مرۆڤایەتی، ئاییندەیەکی زۆر تاریک و پڕ ئاژاوە و نا دادپەروەری بەڕێوەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ