پێشمەرگە؛ مێژوو، شوناس و مانەوە

19-05-2025
ئەمین بۆتانی
A+ A-
پێشکێشە بە جەنابی سەرۆک "مەسعود بارزانی"
 
بەبۆنەی ساڵڕۆژی پەیوەندیکردنی بە ریزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە
 
لە 20ـی گوڵانی 1962
 
دوای ئەوەی پێشمەرگە وەک قارەمانی جەنگی دژ بە تیرۆرستانی داعش ناوبانگێکی یەکجار زۆری لەسەر ئاستی جیھان پەیدا کرد، بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە ئیتر ناوھێنانی پێشمەرگە یەکسانە بە بوونی گەلی کوردستان و سەرزەمینێک بە ناوی کوردستان، ھەروەک چۆن ناوی رابەری شۆرشی کوردستان خوالێخۆشبوو (مەلا مستەفا بارزانی) بووەتە کۆدێکی ھەرە درەوشاوە و شوناسی بوونی نەتەوەی کورد و دۆزی رەوای نیشتمانێک کە کوردستانە.
 
پێشمەرگە؛ ئاوەڵناوی بێکەسیی لە یادەوەری و دنیای کورد داتەکاند، سیمبولبوون ئەگەر پلە و پایە بێ؛ یان ئاستێکی شەرەفمەندانە بێ، ئەوە پێشمەرگە لە پێناوی وەدەستھێنانیدا نەجەنگاوە، چونکە سیمبولبوون بەرکەوت و ئستیحقاقێکە مێژوو دروستی دەکات، بەرخودان و پەیوەستبوونیش بە بەھاگەلێکەوە مانای پێدەبەخشێ. بۆیە کوردستانی گیرۆدەی داگیرکاری و ستەم و قەدەری جوگرافیایەکی خنکێنەر، کوردی چەوسێنراوی بێدۆست و بێکەسی بێجگە لە شاخ، پێشمەرگە وەزیفەی ئەوە بووە ھەمیشە ئومێدی ژیان و مانەوە بە کوردستانیان ببەخشێ. بۆیە خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگە ھەمیشە قوربانیدان بووە لە پێناو بەدیکردنی ئەگەرەکانی مانەوە و زیندووھێشتنەوەی تروسکاییەکانی ژیان.
 
سەرەڕای ھەموو تاڵی و سوێرییەکانی شەڕی داعش؛ یەکێ لە دەرەنجام و بەخششە ھەرە گرنگەکانی ئەو جەنگە بێجگە لە داستانەکانی پێشمەرگە و پاراستنی کوردستان؛ وەدیارخستنی ئەو تین و توانا لەبن نەھاتووەی پێشمەرگەی کوردستان بوو، وەدیارخستنی ئەو رۆحییەت و گیانی لێبووردەیی و ژیاندۆستییەی پێشمەرگەی کوردستان بوو بۆ تەواوی گەلانی جیھان، ئەگەر پێشمەرگە لە شۆڕش و بەرخودانی بەر لە ئێستای خۆیدا تەنیا لە پێناو کوردستاندا جەنگا بێ، ئەمجارەیان سرووشتی جەنگی دژ بە تیرۆر ئەو دەرفەتەی بۆ گەلی کوردستان و پێشمەرگەی کوردستان رەخساند، ئەو کولتوور و پەیامە دێرینەی خۆیان پیشانی جیھانی ئازاد بدەن، کە پێشمەرگە و گەلی کوردستان خاوەنی کولتوورێکن لە خەبات، ھاوشانی ئەو بەھا بەرزانەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی.
 
پێشمەرگە ئەمڕۆ نییە لەو مەیدانەدا راوەستاوە. پێشمەرگە قەت نەیویستووە بەرگری و جانگۆریبوونی خۆی بکاتە کاڵای نمایشکردن، بەڵکو ئەوە جەوھەری راستەقینەی خۆی بووە، ئەوەی وەک قارەمانیەتی و رەفتار کردوویەتی بڕوای لە مێژینەی خۆی بووە بەو بەھایانەی کە دۆزی کوردستانی گەیاندە رۆژی رووناک. سیمبوولبوونی پێشمەرگە ئەو ھەست و حورمەتەیە کە کوردستانیان بۆ پێشمەرگە ھەیانە، ئەو نرخاندنە بێبەرامبەرەیە کە جیھانی ئازاد لە ماوەی جەنگی دژ بە تیرۆر بۆ پێشمەرگە کردی. لەم تەوەرانەدا تیشک دەخەینە سەر ئەو لایەنە گرنگانەی شایەن بە رۆڵ و پێگەی پێشمەرگە، وەک سیمبول و وەک جەنگاوەری بەرگریکار.
 
پێشمەرگە..پەیامی ژیاندۆستی
 
تەمەنی ناو و دەستەواژەی (پێشمەرگە) وەک بەکارھێنانی فەرمیی ئەم ناوە بۆ (80) ھەشتا ساڵ دەگەڕێتەوە کە ئەوسا (22-1-1946) لەسەروبەندی دانان و جێگیرکردنی ناوێک بۆ سەربازانی کۆماری نۆبەرەی کورد (کۆماری کوردستان) لە مھاباد ھاتە کایەوە، دەستەواژەیەکی رەسەن و ھەڵقوڵاوی ئەزموونێکی کوردانە بۆ پرسی مان و نەمان. وادیارە لەدێر زەمانەوە تاکی کورد پارێزگاریکردن لە ژیان بە پێشگرتن لە مەرگ، یاخود رووبەڕووبوونەوەی مەرگ، یاخود پێشمەرگکەوتن بینیووە، راستییەکی دڵخۆشکەرە کە کولتووری گەلی کوردستان مەرگ و گیانفیدایی وەک دەرەنجامی خەبات و بەرخودان ناسیوە نەک ئامانج، وەک چۆن پێشمەرگایەتیش ئامرازە نەک ئامانج، بە گەواھی ئەوەی دەستەواژەی پێشمەرگەی ئافراندووە بۆ برەودان بە ژیان، پێشمەرگایەتی نەگرتووەتە بەر وەک مەیلێکی مەرگدۆستی، ئەگەر وابووایە دەستەواژەیەکی بۆ مەرگدۆستی دادەھێنا، وەکچۆن لە کولتووری عەرەبدا دەستەواژەی (ئستیشھادی و ئنتیحاری) ھەیە و زۆر بە زەقی بووەتە چەقی مەرگدۆستیی لەنێو خەیاڵدانی مرۆڤی عەرەب بەوەی کە ھەمیشە ئامانجەکان بۆ نێو ژیانێکی دواخراو پاشەکەوت و پەلکێش کراون، ئەم ئافراندنەی مەرگدۆستی لەلای عەرەب تەنانەت شەھادەتیشی گەیاندۆتە (ئستیشھاد) و خۆکوژیی، کە زاڵبوونی وێناکردن و مێنتالیتەی ئایینییە بەسەر ئەزموونێکی مرۆڤانە، بەڵام پێشمەرگایەتی وەک بژاردەیەکی خۆویستانە، لەلای کورد دەبێتە وەبەرھێنانی ئەگەرەکانی ژیان و دۆزینەوەی ئەگەرەکانی دوورخستنەوەی جەنگ و شەڕانگێزیی. بۆیە زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین؛ ئەوەی پێشمەرگە دەیکات و دەیەوێ بیکات ژیانسازییە، لەبەر ئەوەی وێڕای ئەوەی پێشمەرگە لە ژینگەیەکدا پەروەردە بووە ھەمیشە دەنگی پێکەوەژیان و لێبووردەیی تێیدا بە بەرزی دەبیسترێ، خودی ئەرکی پێشمەرگایەتیش بڕیاری ئازادانە و خۆویستانەی کەسێکە بەوەی تا راددەی مەرگ و ژیانبەخشین و جانگۆریکردن لە پێناو خەڵک و خاک خەبات بکات، پێشمەرگە کەسێکە ئامادەیە بە نەمانی خۆی ژیان بۆ ئەوانی دی فەراھەم بکات. نموونەش بۆ ئەوە؛ لەگەڵ جانگۆریبوون و قوربانیدانی ھەر پێشمەرگەیەک، کوردستان زیاتر و زیاتر باوەشی خۆی بۆ رەنگە جیاوازەکان دەکاتەوە، بەروڤاژی ئەو سەرزەمینەی تووندڕەوی و خۆکوژی بەرھەمی دەھێنێ؛ ھەمیشە لەوێ یەکڕەنگ و یەک دنیابینی سەروەرە. ھەر لەبەر ئەم ھۆکارەیە ئەمڕۆ دەبینین کوردستان گوڵدانێکی رازاوەی گەشاوەیە و بۆتە تاقە ئامێزی ئارامیی لەسەر ئاستی رۆژھەڵاتی ناڤین.
 
پێشمەرگە.. وەبەرھێنانی ژیان
 
ئەگەر لای زۆربەی ھێزە جەنگاوەرەکان، ئاشتی دیوی دووەمی جەنگ یان ساتەوەختی سەرکەوتن و بەکۆتاھاتنی جەنگ بێ، ئەوە ئاشتی لای پێشمەرگە ئەو دۆخەیە پێویستە بڕەخسێنرێ (بەھەر نرخێک) بۆ ئەوەی ھەستکردن بە بوونی ژیان لای مرۆڤەکان بە گەشاوەیی بمێنێتەوە.
                                                                          
جۆری تێڕوانینی پێشمەرگە وەک ھێزێکی سەربازی بۆ پرسی جەنگ و ئاشتی، تێڕوانینێکی سەربازیانەی پەتی نەبووە، بەوەی ھیچ کات لە گۆشەنیگای شکست و سەرکەوتن سەیرنەکراوە، بەڵکو ھەمیشە ژیاندۆستی لای پیشمەرگە چەقی قورسایی بووەو ئاشتی بە تەنیا لە ھاوکێشەی (جەنگ- قارەمانێتی- سەرکەوتن)دا گوزەری نەکردووە، ئەمەیان دەرەنجام و دوا بژاردەیە سەرکردایەتی باڵای پێشمەرگە و پێشمەرگەی کوردستان پەنایان بۆ بردووە، چونکە پێشمەرگە ھەمیشە بیری لای تەمەندرێژکردن و ھێشتنەوەی ئاشتی و ئارامی بووە لە میانی راوەدوونان و ریشەکێشکردنی مەیلی شەڕانگێزیی لە ناخ و خەیاڵدانی ھێزی نەیار و پەلاماردەر، بۆیە ئەرکی پێشمەرگە لە بنەڕەتدا بردنەوەی ئاشتییە و خۆی لە (دوورخستنەوەی ئەگەرەکانی جەنگ-دەستپێوەگرتنی ئۆقرەیی-ئاوەدانی-سەرکەوتنی ھەمووان)دا بینیوەتەوە، شانازی و سەرشۆڕی لای پێشمەرگە بە تەنیا  دەرەنجامی سەرکەوتن و شکست نین لە مەیدانی جەنگ، بەڵکو لە میانی سڕینەوەی سێبەر و ئاسەوارەکانی جەنگ لەسەر یادەوەریی مرۆڤ و سەرلەنوێ بەیەکەوە گرێدانەوەی پنت و رووبەرەکانی ژیان جێبەجێ دەبن. ئاست و رەھەندێکی دی لە سەرفرازی و مایەپووچی لە ژیاندا ھەن بەدەر لە پێناسە سەربازیەکەی، بەڵام ئەو ھێزانەی سەرکەوتن لە کوشتنی رکەبەرانیان و شکست لە لاشەی جەنگاوەرانی خۆیان چڕ دەکەنەوە، ھەرگیز لە جەنگدا بەدوای دۆزینەوەی ئەگەرەکانی ئاشتیدا ناگەڕێن. 
بەڵام ھێزە شۆڕشگێڕەکان لە نموونەی پێشمەرگەی کوردستان بەرپرسیاریەتی قەرەبووکردنەوەی ژیانیان لەسەر شانە، لەسەریان پێویستە سەرکەوتنەکانی مەیدانی جەنگ بگوازنەوە ناو کۆڕی ژیان و ئایندەی ھاونیشتیمانیان لە موژدەی رووتی سیاسییەوە بە ژیانێکی خۆشگوزەری ھەستپێکراو بگەیەنن. ماناکانی شۆڕش لە لادانی رژێمێکی سیاسی (دیکتاتۆر و خراپ) و گۆڕینەوەی بە یەکێکی دی (دیموکراس و باش) دوور بخەنەوە، چونکە دوای بەکۆتاھێنانی ژێردەستەیی قۆناغی رزگارییە نەک ئازادی، بەھەمان شێوە نەمانی جەنگیش واتای ئاشتی راستەقینە ناگەیێنێ، لەبەر ئەم ھۆیە بەر لەوەی بیر لە رەگاژۆکردنی ئاشتییەکی مایندە و ھەمیشەیی بکرێتەوە، زۆر گرنگە کار بۆ شوێنکردنەوەی بنەماکانی لێبوردەیی و پێکەوەژیان و فراوانترکردنی رووبەری بەرخورد لەگەڵ جیاوازییەکان بکرێ، کە خۆشبەختانە ئەمە پەیامی راگەیەنراوی گەلی کوردستان بووە لەم چەند ساڵەی رابردوودا و لەو شەڕە نەخوازراوەی داعشیش بەر و رەنجی کوردستانیان زیاتر بەدیار کەوت، کە کوردستان ئەگەر دەرفەتی زیاتری بۆ بڕەخسێ دەتوانێ لەم رووەوە مۆدێلێکی جیاوازی پێکەوەژیان پێشکێش بە جیھان و مرۆڤایەتی بکات، مۆدێلێک دەربڕی ناخ و باوەڕی کۆمەڵگەی کوردستان و کولتووری دێرینی کوردستانیان بێ نەک دروشم و لافلێدان.       
شۆڕشی کوردستان و رۆڵی پێشمەرگە بێگومان باری شانیان ئەوەندە سووک نەبووە ھەتاوەکو شەو و رۆژ تیۆریزە بۆ لێبووردەیی و ئاشتی و پێکەوەژیان بکەن، بەڵام لە راستیدا ئەوەی شۆڕشی پێشمەرگەکانی کوردستان بێجگە لە ئاستە عەسکەرییە پەتیەکەی بنیاتی ناوە ھەرگیز کەم نییە و بگرە زۆریشە؛ گرتنەبەری ئەو فۆرمەی تێکۆشان و خەباتە دوور لە تووندوتیژی و تۆڵە و تۆقان و تیرۆر؛ دەستکەوتێکی یەکجار مەزنە بۆ کولتووری ئاشتی و لێبووردەیی، کە نەتەوەی کورد و تەواوی کوردستانیان و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیش حەقە شانازی پێوە بکەن. 
لەوانەیە سەرەتاکان پێشمەرگەش وەک ھەر ھێزێکی دی جەنگا بێ، بەڵام ئەوە ساڵانێکە ئەرکی پێشمەرگە زۆر لەوە قورسترە بە تەنیا بیر لە بەدەستھێنانی ئەو فۆرمەی سەرکەوتن بکاتەوە بە مانا سەربازیە کلاسیکیەکەی.. چونکە واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەو ژیانە فرەڕەنگ و پلووراڵەی لە کوردستان ھەیە، ئەرکی پێشمەرگەی لە ھاوکێشەی (بردنەوە و دۆڕان) گەورەتر کردووە. ئەو راستییەی پێشمەرگە لە جەنگی دژ بە داعش بۆ ھەموو جیھان روون بۆوە، کە پێشمەرگە راستە لە پێناو دۆزی نەتەوەیەک دەجەنگێ، بەڵام ھاوکات بەرپرسیارێتی پاراستنی بەھاگەلێکی مرۆڤایەتی لە ئەستۆدایە، بۆیە ھەر زوو ھەست بەو پێگە مرۆڤایەتییەی پێشمەرگە کرا، کار گەیشتە ئەوەی نەک ھەر ھێزە نەیارەکانی پێشمەرگە، بەڵکو خودی تیرۆرستانی داعشیش لە کاتی لێقەومان و خۆبەدەستەوەداندا ئەو بژاردەیان بۆ خۆیان و خێزانەکانیان یەکلاکردەوە، کە رادەستی ھێزی پێشمەرگە بن باشترە لەوەی روو لە سەنگەرەکانی سوپای عێراق یان حەشدی شەعبی بکەن، وەک ئەوەی لە سنووری حەویجەدا روویدا. دۆخێکی لەم رەنگە ئەو راستییە دەگەیەنێ، کە پێشمەرگە لە پێناو بەھایەکدا دەجەنگێ و لە دەرەوەی ساتەوەختی رووبەڕووبوونەوەدا ھەرگیز بیر لە تۆڵە ناکاتەوە، بۆیە بینیمان دڕندەیی داعش نەیتوانی تۆزقاڵێک لە ئاستی جوامێری و گیانی ژیاندۆستانەی پێشمەرگەی کوردستان بێنێتە خوارەوە، بگرە بە پێچەوانەوە، لە سکرینی تەلەڤزیۆنەکان پێشمەرگە بینرا ئاوی دەدایە تیرۆرستێکی داعشی بریندار، ھەروەھا بەسەدان تیرۆرستی داعش لەبەرەکانی جەنگدا لەکاتی رادەستبوون نەدەکوژران، بەڵکو ژیانیان دەپارێزرا سەرەڕای ئەو تاوانە قێزەونانەی دژ بە گەلی کوردستان و مرۆڤایەتی ئەنجامیاندابوو. ئەوەش بەو مانایە نایەت، کە پێشمەرگەی کوردستان لە تاوان و تاوانباران خۆش دەبێت، بەڵام پێشمەرگە ھەرگیز ئامادە نەبووە دەست لەو کولتوورە رەگداکوتاوەی لێبووردەیی ھەڵگرێ، کە پێی گۆشکراوە و ئەمڕۆ بووەتە خەسڵەت و ئاوەڵناوی پێشمەرگە و تێکڕای گەلی کوردستان.
 
لەسەر ئەم پرسە، لێکۆڵەری ناوداری رووسی (ڤاسیلی نیکیتین) دەڵێ، "لە رۆژھەڵاتدا نیمچە کۆدەنگییەک ھەیە، کە کوردەکان دڵڕەق و تووندوتیژ نین لەگەڵ ئەوانەی وەک دیل دەکەونە دەستیان، پێچەوانەی مامەڵە و رەفتاری تووند و ناھەمواری تەتار و تورکمان و کۆچەرە عەرەبەکان لە بەرامبەر دیلەکاندا دەیکەن". گەواھی و نموونەی ئەم راستییە ئەوەندە زۆر و زەوەندن لە ژماردن نایەن، لە رۆژانی سەرھەڵدانی ئاداری 1991دا نزیکەی دووسەد ھەزار سەربازی عێراقی کەوتنە دەست پێشمەرگە و گەلی کوردستان، لەکاتێکدا ھێشتا کوردستان خوێنی لێ دەچۆڕا و ھاتوھاواری ئەنفالکراوان و بۆنی چەکی کیمیایی خەردەل و سیانید ھێشتا لە دۆڵ و دەشتەکانی کوردستان دەھات، بەڵام ئەو سەربازانە نەک ھەر ھیچیان پێ نەگوترا، بەڵکو زۆر جوامێرانە و مرۆڤدۆستانە خزمەتکران و ھاوکاریکران و دواتریش بەڕێزەوە بۆ ئەو شوێنانە بەڕێخران کە خۆیان ھەڵیان بژاردبوو.
 
ھەر سەبارەت بە گیانی لێبووردەیی لای پێشمەرگەی کوردستان و پاراستنی خەڵکی سڤیل و دیلەکانی جەنگ، (ئالان دیلیرۆز) سەرۆکی رێکخراوی بانگەوازی جنێف لە رێوڕەسمێکدا لە رۆژی 29ی ئایاری 2018 رووی دەمی لە وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان دەکا و دەڵێ "ئێمە نەھاتووین فێرتان بکەین، بەڵکو ھاتووین بنەچەیەک بنیات بنێین، کە ئێوە لە خوێنتاندایە و لە بنەڕەتەوە بڕواتان پێ ھەبووە، بۆیە زۆر خۆشحاڵم کە دەبینم لەو رێسایانە نووسراوە پێشمەرگە جەنگاوەرە، بکوژ نییە، پێشمەرگە ھەموو کات چاوی لەسەر ئامانجە سەربازییەکانی خۆیەتی، نەک بە ئامانج گرتنی خەڵکی دیکە".
 
پێشمەرگە..پاراستنی بەھاکانی ژیان
 
بەھاکانی ژیان پێویستیان بە پاراستن و بەرگریکردنە، ئەوەی بەھاکان بە بەردەوامی دەپارێزێ خۆی دەبێتە بەشێک لە بەھای مانەوە و ئومێدی دانبەخۆداگرتن و بەرخودان و ھەڵسانەوە، ساڵانی دوور و درێژی چەوسانەوە و چەرمەسەری و نائومێدی توانییان ھێزێکی ھەڵسانەوە و بەرەنگاری بەرھەمبێنن، ئەگەر چەوسانەوە بەرھەمی نەبوون و نەمانی ھێز بێت؛ بێگومان لەو دۆخەی ژیانکردنە، کە دژمنی چەوسێنەر بەھا و شکۆی مرۆڤایەتی لە ھەموو پنتێکی ژیان دادەتەکاند، پێشمەرگایەتی تاقە ئەگەری گەڕاندنەوەی ئومێد بوو بۆ ئەو گەل و نیشتیمانەی دەکرانە سوتماک. سەیر نییە پێشمەرگە ئەمڕۆ ئەو ھێزە فریادڕەسەی دەستپێوەگرتنی ترووسکایی و ھیوای مرۆڤایەتی بێ لەم بەشەی جیھانە (رۆژھەڵاتی ناڤین) کە دەیان ساڵە خوێنی لەبەر دەڕوا و تازە بەتازە خەریکە سەرلەنوێ سووڕی ئەو تراژیدیایە چەندین بارە دەکرێتەوە. ئەوە بۆ زیاتر لە دوو دەیە دەچێ مرۆڤەکان سەر بە ئایین و ئەتنیکی جیاجیا لە عێراق و سووریا ھەر فریای ئەوە دەکەون برین و مەینەتییەکانی خۆیان ھەڵماڵن و بە پەلەپڕووزێ خۆیان بگەیەننە پەناگە ئارامەکەی رۆژھەڵاتی ناڤین (ھەرێمی کوردستان)، چونکە لێرە پێشمەرگە ئێشکگری ئازادی و ئاشتی و لێبووردەیی و پێکەوەژیانە.. بێگومان ئەم گیانی پێشمەرگایەتییە لە ختوخۆڕا نەھاتووە، بەڵکو دەیان ساڵە ئەزموون وەردەگرێ و بە کردەنی بەرخورد لەگەڵ بەھا بەرزەکانی ژیان دەکات و لە بۆشاییەوە نەھاتووە. پێشمەرگە ھێزێک نییە بەھۆی درێژبوونەوەی ساڵانی چاوەڕوانیی و بەرگریی، ئیدمان و خووی بە چەک و سەنگەر و بەرەنگارییەوە گرتبێ، پێشمەرگە پەرۆشترین کەسە مەیلی ئۆقرەیی و ژیانی ئارام و ئاوەدانی دەکات، بەڵام ھاوکات نیگەرانیەکانی پێشمەرگە بەوەی کە ھەمیشە ئارامی و ئۆقرەیی لەبەردەم ھەڕەشەی تێکدانن، پێشمەرگە بە تەواوی بۆی نەڕەخساوە پشت لە بەرخودان و بەرگریی بکات.
 
پێشمەرگە.. ئازادی بۆ ھەمووان
 
لە ئاداری ساڵی 612ی پێش زایین، سەرکەوتنی میدییەکان (باپیرانی پێشمەرگەی ئەمڕۆ) لە نەینەوا، بووە ھۆی ئەوەی ئاشتی و ئارامی باڵ بەسەر میزۆپۆتامیادا بکێشێ و ئازادی و پێکەوەژیان بۆ گەلانی ئەو ناوچەیە بگەڕێتەوە. لەمبارەیەوە مێژوونووسی گریکی (ھیرۆدۆت)کە بە باوکی مێژوو ناسراوە، باس لە رۆڵی جەنگاوەرانی میدی لەبەرقەرارکردنی ئۆقرەیی و ئاشتی و ئازادی و تەبایی لە ھەمان ئەو ناچەیە دەکات، کە پێشمەرگەکانی ئەم سەردەمە داستانێکی ھاوشێوەیان تێیدا ئەنجامدا و دەڵێ "میدیەکان کۆت و بەندی کۆیلایەتییان لە ئەستۆی گەلانی ناوچەکە داماڵی و سەرجەم نەتەوە و پێکھاتەکان ئازادییان بۆ گەڕێندرایەوە، ئەم سەروەرییە شادی و سەربەخۆیی بۆ سەرانسەری وڵات دابین و فەراھەم کرد". بەھەمان شێوە، (پێغەمبەر ناحوم) دروودی خوای لەسەر بێ ، کە لەو سەردەمە لە موسڵ ژیاوە و لە نزیکەوە ئاگاداری رووداوەکان بووە، باس لە شادی و خۆشحاڵی گەلانی ئەو ناوچەیە دەکات دوای سەرکەوتنی میدییەکان لە نەینەوا و دەڵێ "ھەر کەسێک گوێبیستی ئەو ھەواڵە دەبێ لە خۆشیدا دەست دەکا بە چەپڵەلێدان..لەبەر ئەوەی بەر لە ئێستا جەور و ستەمی زۆریان چەشتووە".
 
شوێن ھەمان شوێنە، کوردستان ھەر کوردستانی جارانە، پێشمەرگە ھەمان خوێنی لێبووردەیی بە دەمارەکانیدا گوزەر دەکا، بەڵام تەنیا 2630 دوو ھەزار و شەش سەت و سی ساڵ بەسەر ئەو رووداوە تێپەڕیوە. باپیرانی کورد کە میدییەکانن ئەوسا لە مووسڵ، بوونە نموونەی فریادڕەسی ئازادی و تەبایی و لێبووردەیی و پێکەوەژیان بۆ سەرجەم ئایین و پێکھاتە و گەلانی دەوروبەری خۆیان، کوردستانی ئەمڕۆش کە لە سایەی پێشمەرگە ئازاکانییەوە دەپارێزرێ، ھێشتا پەناگە ئارام و رەنگاوڕەنگە دێرینەکەی جاران برەو پێدەدات، ئەو تاقە مەئوای رۆژھەڵاتی ناڤینە بۆ سەرجەم ئەتنیک و ئایین ئەو پێکھاتانەی لێیان دەقەومێ و لە تەنگانەدا رووی تێدەکەن.
 
لە دوای 2003 و رووخانی دکتاتۆرییەتی بەعس، بە ماوەیەکی کەم لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق تیرۆر و پاکتاوی مەزھەبی پەرەی سەند و گشت پێکھاتە ئەتنیکی و ئایینی و ئایینزاکانی گرتەوە، کرستیانەکان بە لێشاو روویان لە کوردستان کرد، لە بەغدا و مووسڵ و دەشتی نەینەوا و ناوچەکانی دی کۆچی کرستیانەکان و لەم چوار پێنج ساڵەی کۆتاییشدا عەرەبە سوننەکانی مووسڵ و سەڵاحەددین و بەغدا و فەللووجە و ئەنبار پەنایان بۆ ھەرێمی کوردستان ھێنا. وێڕای زیاتر لە دوو سەت ھەزار ئاوارەی سووری. کوردستان وەک دوورگەیەکی ئارام و سەلامەتی لێھات لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی نوقمی خوێن و کۆچ و ئاگر و ماڵوێرانی.
 
لە سەردانەکانی بەر لە ئێستای جەنابی سەرۆک (مەسعود بارزانی) بۆ دەرەوەی وڵات و بینینی سەرۆک و بەرپرسانی وڵاتان، ئەو راستیەیان بە روون و ئاشکرایی بە سەرۆک بارزانی راگەیاندووە، کە ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست تاکە ناوچەی پێکەوەژیانە بۆ سەرجەم نەتەوە و ئایین و پێکھاتە جیاجیاکان، ھەر بۆیە ئاوارە و لێقەوماوان بەبێ دوودڵیی روو لەسەرزەمینی پێشمەرگەکان دەکەن و ھەر کە پێ دەنێنە سەر خاکی کوردستان ھەناسەی ئازادی و ئارامی ھەڵدەکێشن و ترس و لەرزیان نامێنێ.
لە سەردانی شوباتی ٢٠٠٩دا بۆ ڤاتیکان، (قەداسەتی پاپا بەنەدیکتی شازدەیەم) روو لە جەنابی سەرۆک بارزانی دەکا و دەڵێ "ھەرێمی کوردستان تاکە شوێنی ئارامی ناوچەکەیە بۆ ژیانی ئازادی کرستیانەکان". لە میانی ھەمان سەرداندا، بەڕێز (تاشیزیۆ بیرتۆنی) وەزیری دەرەوەی ڤاتیکانیش راشکاوانە جەخت دەکاتەوە و دەڵێ "ھیوادارین کۆمەڵگەکانی دیکە و وڵاتانی دیکەیش لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست وەک ھەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ کرستیانەکان بکەن، ئێمە بە ھەموو شێوەیەک سوپاستان دەکەین".
 
(قەداسەتی پاپا فەرەنسیسی یەکەم) لە ئایاری 2014 و لە میانی پێشوازیکردنی لە سەرۆک (مەسعود بارزانی)، دەستخۆشی لە بەڕێزیان کرد بۆ ئەو بارودۆخەی کوردستان پێیگەیشتووە وەک ھەرێمێکی ئارام بۆ ئەو پەنابەرانەی لە وڵاتانی دیکەی وەک سووریا پەنایان بۆی ھێناوە، ھەروەھا ئەو کرستیانانەی لە بەشەکانی دیکەی عێراق لە ژێر ھەڕەشە و تووندوتیژیەوە ناچار بوونە شوێن و زێدی خۆیان بە جێبھێڵن و روو لە ھەرێمی کوردستان بکەن. قەداسەتی پاپا دەستخۆشی لە سەرۆک بارزانی دەکا بۆ ئەو سیاسەتەی لە ھەرێمی کوردستان بەرامبەر ھەموو پێکھاتە ئایینی و مەزھەبەکان ھەیە و ھیوا دەخوازێ کوردستان و گەلی کوردستان ھەمیشە لە ئارامی و خۆشگوزەرانیدا بن.
 
دۆڵ و چیاکانی کوردستان بە درێژایی چەندین دەیە ھەمیشە پەناگەی ئەو شۆڕشگێڕانە بووە، کە لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق لە ترسی زەبر و زەنگی رژێمی دکتاتۆری بەعس ھەڵھاتوون و لە کوردستانەوە درێژەیان بە خەبات و تێکۆشانی خۆیان داوە، کە بەداخەوە دواتر زۆربەی ھەرە زۆریان ئەگەر نەڵێین ھەر ھەموویان نمەک حەرام دەرچوون و ھیچیان لەبەرچاو نەبوو و دوای گەیشتنیان بە کورسی دەسەڵاتی بەغدا ھەموو شتێکیان بیرچۆوە و ئەوانیش وەک بەعسییەکان و بگرە خراپتریش نکووڵییان لە مافەکانی کورد کرد.
 
پێشمەرگە.. پاراستنی سەرزەمینی ئازادی
 
ئەو سەرزەمینەی ئەمڕۆ کە ناوی ھەرێمی کوردستانە، بەغدا رۆژانێک و ساڵانێک و سەردەمانێک بە ھەموو توانای خۆیەوە ھەوڵی خاپوورکردن و پاکتاوکردنی گەلەکەی دەدا، ئەوەی لەدەستی ھات کردی، بەچەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی لەبەرەکانی جەنگ دژ بە پێشمەرگە و ھاووڵاتیانی سڤیل (ناپاڵم، فسفۆری، ھێشوویی) ھەتا کۆتایی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دوای پیلانی رەشی جەزائیر 1975، بەر لەوە لەساڵانی 1970 و 1980 سەدان ھەزار کوردی فەیلی دوورخرانەوە و بەھەزارانیشیان لەلایەن رژێمی بەعسەوە جینۆسایدکران، دواتریش لە ساڵی 1983 ھەشت ھەزار بارزانی لە ئۆردوگای زۆرەملێی قوشتەپە ئەنفالکران، ئینجا لە ساڵەکانی 1987 و 1988 لە ھەڵمەتە بەدناوەکانی ئەنفالدا لە زۆربەی شوێن و ناوچەکانی کوردستان 182000سەت و ھەشتا و دوو ھەزار کوردی بێتاوان جینۆساید کران و 4500 چوار ھەزار و پێنج سەت گوند تەختکران، لە ئاداری 1988 کە لووتکەی تراژیدیای کوردە؛ سیمبولی مەزڵوومییەتی نەتەوایەتی گەلی کوردستانە؛ رژێمی دڕندەی شۆڤێنیزمی بەعسی عەرەبی لە ھەڵەبجە لە چەند چرکەساتێکدا پێنج ھەزار مرۆڤی بە چەکی کیمیایی جینۆساید کرد و بەھەزارانیش زامداربوون.
 
بەرخودانی گەلی کوردستان و تێکۆشان و خەباتی نەپساوەی پێشمەرگە گەیشتە ئەو رۆژەی لە ئاداری 1991 راپەڕین بکرێ و کوردستان ئازاد ببێ و دوای کۆچڕەوی ملیۆنی؛ وەک دیفاکتۆ ناوچەی (نۆ فلای زۆن / ناوچەی دژە فڕین) پێکبھێنرێ، کە دواتر حکومەت و پەرلەمانی کوردستان و حوکمڕانیی خۆماڵی لێکەوتەوە. دواتریش دوای چەندین ھەوراز و نشێو ھەرێمی فیدراڵی کوردستان چرۆی کرد و گەشەی کرد و سەرباری ھەموو کەموکوڕییەکان و جووت گەمارۆی عێراق و نێودەوڵەتی و شەڕی ناوخۆ، دیموکراسیەتیش وەک جۆرێک لە ئەزموونکردنی ژیانی فرەیی پەرەیسەند، کوردستان لەگشت روویەکەوە گەشایەوە، ھەتا بەو ئاستە بگات چاودێران و خەڵکانی بیانی بە (عێراقەکەی دی) ناوزەدی بکەن.
 
لە دوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراقیش لە 2003، ھەرێمی کوردستان ئارەزوومەندانە بڕیاریدا لەگەڵ پێکھاتەی عەرەب (عێراقێکی نوێ) بنیات بنێتەوە و ئەمە لە دەستووردا جێگیر کرا.
 
ئەم پێشەکیە کورتە بۆ ئەوەیە بگوترێ؛ ئەو دیموکراسی و ئازادیەی بە تەمابووین لە عێراقی نوێدا چنگمان بکەوێ بەو دەردە بردرا، کە ئەمڕۆ نەک ھەر ئێمە بگرە چاودێرانی سیاسییش لەسەر ئەو راستییە کۆکن کە چیتر ئومێد بەوە نەماوە ئازادی لەو وێرانەیەی ناوی عێراقە چەکەرە بکا و دیموکراسیەتیش دەمێکە کۆتایی پێھاتووە. عێراقێک وەک رۆژانە لەملاو لەولا بڵاودەکرێتەوە و جیھان بە چاوی خۆی دەیبینێ کە تەنیا بەرژەوەندی (!) وڵاتێکی بەناو عێراق ھێشتۆتەوە، ئەگینا لە راستیدا شوێنێک نەماوە ناوی عێراق بێ.
 
ھەتا حوکمڕانانی بەغدا (ھەڵبەت شیعەکان) بە تەواوی پاشگەزبوونەوەی خۆیان لە دەستوور و رێککەوتنەکان پیشان نەدا و دواتر بە کردەنی دژایەتی خۆیان بۆ دەستوور رانەگەیاند؛ سەرکردایەتی سیاسی گەلی کوردستان و بە دیارییکراوی جەنابی سەرۆک (مەسعود بارزانی) زەنگی ئەو مەترسییەی بۆ دوور و نزیک لێ نەدا، زەنگی گەڕانەوەی عێراق بۆ حوکمی تاکڕەوی و شموولی، ئەوسا لەسەردەمی (نووری مالکی) بوو کە بە راشکاوی گوتی (شەراکەت و تەوافوق و تەوازون) لە عێراق کۆتاییان ھات و شیعە کار بۆ (زۆرینەی سیاسی) دەکات، ئەوە بوو بەغدا تانک و تۆپی ناردە سەر ناوچە کوردستانییەکان لە خانەقین و مالکی لە کۆبوونەوەکانیدا ھەڕەشەی پەلاماردانی کوردستانی دا، ھەر کاتێک فڕۆکەی (ئێف 16)ی ئەمەریکییان بگاتە دەست ئەوە کورد راودەنێن بۆ ئەو دیو سنوور و لە عێراق دەریاندەکەن.
لەسەرەتای حوزەیرانی 2014 شدا کە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) شاری مووسڵی گرت و دواتر لە جووڵەیەکی خێرای دراماتیکیانەدا داعش گەیشتە دەروازەکانی بەغدا. سوپای عێراق کە لە راستیدا ھەر سەربازانی عەرەبی شیعەی لەخۆ دەگرت و نووری مالکی دەمێک بوو ئەو تەوازونەی نێو دامەزراوەی سوپای تەفروتونا کردبوو، بە چاونوقانێک ھەموو سەنگەرەکانی خۆیان بۆ تیرۆرستانی داعش چۆڵ کرد و تەواوی چەک و تەقەمەنی و تانک و تۆپ و زرێپۆش و پێداویستییە سەربازیەکانیشیان رادەست کردن. ئەوە بوو لە ناچاریی؛ پێشمەرگە سنوورەکانی کوردستانی پاراست و لە دۆخی بەرگرییدا مایەوە. لەبەر ئەوەی کێشەکە لەوە قووڵتر بوو و سەرەتای ئەو دەرەنجامە بۆ خێمەکانی ناڕەزایی خەڵکی ئەنبار و فەللوجە و حەویجە دەگەڕایەوە و لە بنەڕەتدا شەڕەکە لە رقەبەرایەتی دێرینی نێوان شیعە و سوننە سەرچاوەی گرتبوو.
 
دواجار ئەو سەرزەمینەی ناوی کوردستانە و خەریک بوو پێدەگەیی، خەریک بوو دەورانی چاوەڕوانی و بێھوودە خۆبەستنەوە بە جوگرافیایەکی نابووت (عێراق) بەکۆتا بێنێ و دەستلەملانی خەونی لە مێژینەی خۆی بێ (سەربەخۆیی کوردستان). لەولاشەوە ئەو عێراقە کۆن و پەڕپووتەی جاران، جارێکی دی لەلایەن خودی حوکمڕانانی بەغداوە فەرموو فەرموو بۆ ھێنانەوەی دەکرا. سەرکردایەتی سیاسی گەلی کوردستان بە ھەموو جۆرێک ھەوڵیدا بۆ ئەوەی کوردستان لەو شەڕە تایەفەگەریەی نێوان شیعە و سوننە تێوە نەگلێنرێ، بەڵام بە داخەوە لەناوەخۆ و دەوروبەریش تۆمەت و بوختانی نابەجێ دژ بەو ھەڵوێستە راست و دروستەی گەلی کوردستان ھەڵبەستران و دەرەنجام ئەو ئاگرەیان ھێنایەوە سەر خەلە و خەرمانی کورد. داعشیان بەردایە کوردستان بۆ ئەوەی رەوڕەوەی پێشڤەچوونی سەربەخۆیی کوردستان رابگرن.
 
ئەو شەڕەی بە داعش کرا دژ بە گەلی کوردستان، لە بنەڕەتدا بە ئامانجی گورز وەشاندن بوو لەو قەوارە تازە پشکووتووی دیموکراسخواز و ئازادیخوازەی کوردستان کە وەک ئینجانەیەکی رازاوە وابوو لە نێو زەڵکاوی تۆتالیتارستی و کۆنەپارێزی رۆژھەڵاتی ناڤین. داعشیش لەو شەڕەیدا بە تەنیا نەیدەویست جەنگێکی ئایینی دژ بە گەلێکی خۆیان گوتەنی (لادەر و مورتەدد و ئەڵقە لەگوێی رۆژئاوای سەلیبی و عەلمانی کافر)!!! بەرپا بکا؛ ئەو جەنگەیان لە راستیدا لە ساتەوەختێکدا جۆشدا کە سەرەتای رسکانی سەربەخۆیی کوردستان بوو، سەرەتای وەرزی چنینەوەی بەری رەنج و تێکۆشانی دەیان ساڵەی مەینەتییەکانی نەتەوەی کورد و تێکڕای کوردستانیان بوو، بەڵام داعش لە دەروازەکانی بەغدا ئیلھامی بۆ دێ (!) کە پێویستە لە جیاتی رووخاندنی بەغدای موحتەل رووی جیھادی موقەددەس لە کوردستان بکا، بۆ ئەوەی قودس رزگار بکا و دژمنانی ئوممەتی ئیسلام تەفروتونا بکات و دارولکوفر بە ئاوی کەوسەر بشواتەوە؛ دەبێ سەرەتا ھەولێر بڕووخێنێ!!.
 
ئەو ھەڵوێست و لێدوانانەی سەبارەت بە لەباربردنی پرۆژەی سەربەخۆیی کوردستان لە دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 بڵاوبوونەوە؛ ئامانجی راستەقینەی ئەو شەڕەی داعشیشی وەدیارخست، کە ھەر ھەمووی ئەڵقەی یەک زنجیرەی پیلانی ناوەخۆ و ئیقلیمی بوون دژ بە ئەزموونی جیاوازی کوردستان. ھەر لەبەر ئەوە بوو جەنابی سەرۆک (مەسعود بارزانی) لە سەروبەندی رۆژانی بە جۆشی ئەنجامدانی ریفراندۆم ئەو راستییەی دووبارە دەکردەوە و دەیگوت تاقە ھەڵەیەک لە ریفراندۆمدا ھەبێ ئەوەیە کە دەبوایە بەر لە ئێستا گەلی کوردستان سەربەخۆیی خۆی رابگەیەندایە.
 
ئەو پەرەسەندنە گەورە و خێرایەی لە سایەی ئازادی و مومارەسەکردنی جیاوازی و فرەڕەنگی لە کوردستان روویاندا، سەری کێشا بۆ ئەو قۆناغەی چیتر کەناڵێک نەمێنێتەوە کوردستان بە عێراقی تاکڕەو و مەزھەبگەرا ببەستێتەوە، ئەوە ھیچ گوناھی گەلی کوردستان نەبووە، کە عێراقی عەرەبی مەزھەبی بەم رەشپۆشیەی خۆیەوە نەتوانێ لە کەرنەڤاڵی ھەمەڕەنگی ئازادیدا بەندێک بچڕێ.
 
ئەو ئەزموونی ئازادی و دیموکراسیەی کوردستانی کردە (عێراقێکی دی)، ھەرگیز بەرھەمی شەو و رۆژێک نەبووە، بەڵکو بەروبوومی ئەو کولتوورە ژیاندۆستییەی گەلی کوردستان بوو، ئەو کولتوورەی لێبووردەییە بە خوێنی پێشمەرگە و قوربانیدانی گەلی کوردستان ھاتووەتە کایەوە و پێشمەرگە و کوردستانیان پاراستیان و دەشیپارێزن. ھەر ئەو کولتوورە دێرینە ژیاندۆستییە بوو کوردستانی کردە سەرزەمین و پەناگەی پەڕاگەندە و لێقەوماوان. بێگومان ئەگەر پێشمەرگە نەبوایە ھەرگیز بەمڕۆ نەدەگەیشتین. ئەوسا ئەو دوو ملیۆن ئاوارە و پەناھەندە و بێدەرەتانەی عێراقی شیعی و عێراقی سوننی و سووریای عەلەویش روویان لە وڵاتانی ئەوروپایی دەکرد(!).
 
پاراستنی ئەو سەرزەمینەی ئازادی لە کوردستان لەلایەن پێشمەرگەوە بۆ ھەمووان لە پێویست پێویستتر بوو، راستە و جێی داخ و ئەسەفێکی یەکجار قووڵ و بە ئازارە بۆ گەلی کوردستان ئەو ھەموو پێشمەرگە ئازیزەی خۆی لە شەڕێکی وەک شەڕی داعش لەدەست بدات، بەڵام ئەگەر پێشمەرگە لەو سەنگەرەدا خۆی تاو نەدایە؛ کێ شوێنگرەوەی ئەو بوو؟! بێگومان وەڵام؛ ھیچ کەس!!. بۆیە زۆر گرنگ و ئاسایی بوو پێشمەرگە ئەو رۆڵە ببینێ کە رۆڵی خۆی بووە، ئەویش پاراستنی ئەو سەرزەمینەیە کە ساڵانێکە بە خوێنی خۆی نەمامی ئازادی و تۆوی ژیاندۆستی لێ دەڕوێنێ، ئازادی و بەھا بەرزەکانی ژیان پێویستیان بە وار و سەرزەمینێکی ئارامە مرۆڤەکان بتوانن لەسەریدا بژین و ھەناسە بدەن نەک ھەمیشە خەون بە ئایندەیەکی گەشاوە ببینن. لەکوردستانی پێشمەرگەدا زۆر لە خەونەکان بەدیھاتن و بوون بە کولتوور؛ تەنیا و تەنیا پێویستمان بە پاراستنیەتی، پێویستمان بە جوانتر کردنیەتی، پێویستمان بە زیاتر و زیاتر برەوپێدانیەتی.
 
پێشمەرگە بە درێژایی ساڵانی تێکۆشان؛ وێڕای کە بۆ بەدەستھێنانی مافە رەواکانی گەلی کوردستان بەرەنگاری رژێمی دکتاتۆری بەعس بووەتەوە؛ ھاوکات بۆ بەدیھێنانی دیموکراسییەتیش بۆ ئەو عێراقە خەباتیکردووە کە گەلی کوردستان و تێکڕای پێکھاتەکانی عێراق دەچەوسێنێتەوە. مافی خۆبڕیاردانی چارەنووس مافێکی رەوای دانپێدانراوە و یاسا و رێسا و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان جەختیان لەسەری کردووە. بەڵام شۆڕشی گەلی کوردستان و سەرکردایەتییەکەی بەدەستھێنانی ماف و ئازادییەکانی گەلیان ھەر بە نیشتیمانێکی سەربەخۆ نەبەستۆتەوە بە تەنیا، ھەڵبەت ئەوەش لە کولتووری پلوراڵ و ھەمەڕەنگی کوردستانیان سەرچاوە دەگرێ کە لە دێر زەمانەوە سەرکەوتووانە ئەزموونی کردووە. بۆ نموونە بەر لەوەی نەک ھەر شۆڕشی گەلانی ناوچەکە، بەڵکو بیرمەند و دیموکراسخوازانی وڵاتان و نەتەوەکانی دراوسێشمان لە ناوچەکە ھێشتا ھەر بیریان لە مەسەلەی فیدراسیۆنی پێکەوەژیانی پێکھاتەکان نەکردبۆوە، ئەو کاتەی خوالێخۆشبوو شێخی شەھید (عەبدولسەلام بارزانی) لەسەرەتای چەرخی رابردوو لەگەڵ پێکھاتە ئاینی و نەتەوەییەکانی کوردستان و ناوچەکە خەریکی داڕشتنی پرۆژەی جۆرە کۆنفیدراڵیزمێک بوون. ئەمە فراوانی و دووربینی و زەنگینی ھزر و جیھانبینی شێخ عەبدولسەلام و نەتەوەی کورد بە گشتی دەخاتەڕوو. دەنا ئەو سەردەمە سەرەتای رسکانی بیری ناسیونالیزم بوو لەسەر ئاستی ناوچەکە کە دوای چەند ساڵێکی کەم (1919 و 1920) بە ساڵی شۆڕشەکانی نەتەوەخوازانی عەرەب ناوزەد کراوە و تێیدا زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکان دەستیان بە شۆڕشی رزگاریی کرد.
 
گرفتی گەلی کوردستان لەگەڵ بەغدای ناوەند ھەر لەسەرەتاوە پرسی چەوساندنەوە و نەبوونی دیموکراسییەت و زەوتکردنی ماف و ئازادییەکانی گەل بووە، دەنا دەکرا بە ھەبوونی حوکمڕانییەکی دیموکراس و دادپەروەر ئەم وڵاتە تووشی ھیچ لە مەینەتییەکانی جەنگ و ماڵوێرانی و جینۆساید نەبێتەوە. سەبارەت بەم پرسە؛ رابەری شۆڕشی کوردستان خوالێخۆشبوو (مەلا مستەفا بارزانی) لە وتەیەکیدا بۆ ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ناوەڕاستی نیسانی 1967 دەفەرمووێ "دەسەڵات لە چنگی حکومەتێکی دز و بێ ئەخلاقە کە خزمەت بە دژمنانی عەرەب و کورد دەکات، دەنا ئێمە نامانەوێ رووبەڕووی حکومەتی عێراقی ببینەوە، ئامانجی شۆڕشەکەی ئێمە بەرژەوەندیی عێراقە" بە گشت پێکھاتەکانییەوە.
 
دوای (50) پەنجا ساڵ، ئەو باوەڕە جێگیرەی (مستەفا بارزانی) دەرھەق بە پێکەوەژیان و بەرگرییکردن لە دادپەروەریی و ماف و ئازادییەکان؛ جارێکی دی و لەسەردەمی ھەرێمی کوردستان بەھەمان ھێز و باوەڕەوە لەلایەن جەنابی سەرۆک (مەسعود بارزانی) دووبارە دەکرێتەوە، کاتێک ھەمان ئەو بەغدایە سەرسەختانە لە پەیمان و یاسا و تەواوی بنەماکانی دەستوور پاشگەز دەبێتەوە، گەلی کوردستان ناچار دەبێ بیر لە رێگاچارەیەک بکاتەوە. لەمبارەیەوە سەرۆک مەسعود بارزانی لە 14ی شوباتی 2018 ھەمان ئەو دیدەی (بارزانیی مەزن) دووپات دەکاتەوە و دەڵێ "پێشێلکردنی دەستوور و تێکدانی تەوافوق و ھاوسەنگی و نەھێشتنی شەراکەت وای کرد گەلی کوردستان بڕیاری ریفراندۆم بدات". بۆیە دوێنێ و ئەمڕۆی بەغدا ھیچ جیاوازیەکی بۆ گەلی کوردستان نییە، ئەوسا (بارزانیی نەمر) گوتەنی دەسەڵاتی بەغدا کەوتۆتە ژێر چەپۆکی دز و بێ ئەخلاق و خزمەتی دژمنانی عەرەب و کورد دەکەن، کوردیش رێگایەکی دی لەبەردەمدا نەماوەتەوە بێجگە لە شۆڕش و مقاوەمەت. ئەمڕۆش کە بەغدا لەسەر کاغەز ئیمزا لەسەر ھەموو بەڵێنەکان دەکا و لەسەر ئەرزی واقیع لێی پاشگەز دەبێتەوە، گەلی کوردستان ناچارە لە 25 ی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆم بکات و بە رێژەی زیاتر لە 92% دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەتبوون ھاوار بکا.
 
دوای خیانەتکارییەکەی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 و پەلاماردانی کوردستان لەلایەن بەغداوە، جارێکی دی ئەو ئەزموونە بێھاوتایەی پێکەوەژیان و لێبووردەیی کە کوردستانی کردووەتە پەناگەی ئارامی گشت پێکھاتەکانی عێراق و ناوچەکە کەوتەوە بەر ھەڕەشەی لەناوچوون، ئەو کوردستانەی بووەتە چیڕۆکی سەرکەوتنی دیموکراسییەت و پێکەوەژیانی جیاوازییەکان لەسەر ئاستی رۆژھەڵاتی ناڤین وەک پەڕی بەر رەشەبا لەلایەن دۆستانی دیموکراسی و جیھانی ئازادەوە پشتی تێکرا. بەڵام پێشمەرگە داستانی نەبەردیی لە پردێ و سحێلا و مەحموودیە تۆمار کرد و سوپای بەغدای لەو شوێنانە راگرت. ئەوەبوو سەرۆک و پێشمەرگەی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان (مەسعود بارزانی) لە 29ی تەشرینی یەکەمی 2017 ھەمان ئەو پەندە دێرینەی کوردستانی بە بیر ھەمووان ھێنایەوە و گوتی "جارێکی دی دەرکەوت کە خەڵکی کوردستان تەنیا خۆیانن و چیاکان دۆستیانن".
 
ئەو سەرزەمینەی ئازادی لە کوردستان کە ماڵی ھەمووانە و تێکۆشانی پێشمەرگە بە ئامانجی پاراستنی ئەو ماڵەی ئازادییە بۆ سەرجەم پێکھاتەکان. ئەگەر ھاوپەیمانان و ئەو دۆستانەی کە تێکۆشان و پشوودرێژیی گەلی کوردستانیان بۆ بنیاتنانی (عێراقی نوێ)! و چاوەڕێکردنی بەساڵانی کوردیان بۆ بەدیموکراسبوونی عێراق بەھیچ وەرنەگرت، گەلی کوردستانی ناچار کرد چیتر بە ئومێدی زیندووبوونەوە بەدیار تەرمی عێراقەوە دانەنیشێ، بەڵام دیموکراسیش ھەمان قەدەری گەلی کوردستانی ھەبوو، لەبەر ئەوەی وەک چۆن دیموکراسییەت لەم خاکە نەزۆکەی عێراق چەکەرە ناکا، ئەوانەی ھەتا دوێنێ بەشان و باڵی پێشمەرگەیان ھەڵدەگوت، بینیمان لە خیانەتەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر ھەموو ئەو دروشم و پرانسیپ و بەھایانەیان بیرچۆوە و گوێی خۆیان لە ئاست ئەو گەلەکۆمەکیەی دژ بە پەناگەی لێقەوماوانی رۆژھەڵاتی ناڤین (عێراقەکەی دی)! کەڕ کرد.
 
سەبارەت بەو ھەڵوێستەی وڵاتان، کە پێشمەرگە لەبری گەلی کوردستان و ئەو جیھانە ئازادە دژ بە تیرۆرستانی داعش جەنگا و خوێنی بەخشی، سەرۆک و پێشمەرگە (مەسعود بارزانی) دەڵێ کە ئازادی و سەربەخۆیی باجی دەوێ؛ بەڵام وڵاتانی جیھان" بەداخەوە لە کاتی پێویستدا گەڕانەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان و مەبادئیان بیرچووەوە، رێک پێچەوانەی ھەڵوێستی پێشوویان کە وایان پیشاندەدا لەبەرگریی لە مرۆڤایەتی و شکاندنی داعش، پاداشتی پێشمەرگە و خوێنی شەھیدان بدەنەوە". 
 
ئەوەی نەگۆڕە، گەلی کوردستان کە لە ریفراندۆمدا ویستی ئەو سەرزەمین و جوگرافیایەی خۆی ناو بنێ نیشتیمانی ئازاد و سەربەخۆ؛ ئەو ھەموو پیلان و شەڕوشۆڕەیان بەسەریدا ھێنا. بەڵام خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگە و کوردستانیان لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی و پاراستنی بەھاکانی لێبوردەیی و ژیاندۆستی بەردەوامە و تا سەر بەردەوام دەبێ.
  
خۆنەچەماندن.. نھێنی مانەوەی نەتەوەیەک
 
مێژوونووسی گریکی (زەینەفۆن) لە کتێبی (ئاناباس)دا لە ساڵی 401 پێش زایین دەڵێ "کاردۆخەکان گەلێکی چیانشین و شەڕکەر و بە غیرەتن، ئەوان سەربەخۆ دەژین و ژێردەستەی پاشای فارس نین".
 
دوای تێپەڕبوونی (2325) دوو ھەزار و سێ سەت و بیست و پێنج ساڵ بەسەر ئەو قسەیەی زەینەفۆن، کۆمسیۆنی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی سەر بە کۆمەڵەی گەلان (عوسبەتولئومەم) سەبارەت بە دیارکردنی سنوور لە نێوان تورکیا و عێراق لە ساڵی 1924دا ھەمان قسە و لێکدانەوە سەبارەت بە نەتەوەی کورد دووبارە دەکاتەوە و دەڵێ "کوردەکان نەتەوەیەکی جەنگاوەر و جەربەزەن، سەر بۆ ھیچ کەسێک دانانەوێنن، لە نێو خۆیاندا یەکگرتوو نین، بەڵام لەگەڵ ئەو نەتەوانەی لە وڵاتەکەیاندا دەژین ھەمیشە دراوسێی باشن و بە ئاشتی و تەبایی پێکەوە دەژین".
 
لێکۆلەری ئەرمەنی خاچاتۆر ئابۆڤیانیش لێبڕاوانە دەڵێ "بە ھەموو واتای وشە، دەتوانین نازناوی سوارچاکانی رۆژھەڵات بدەینە کوردەکان".
 
ھەر کارەکتەرێک ئەگەر خەسڵەتەکانی بوون بە سیمبولی تێدا نەبێ، ھەرگیز ناتوانێ ئەو بەھایانە بپارێزێ کە بەلای جیھانی ئازادەوە شایانی پاراستن و قوربانیدانن. لێرەدا پێشمەرگە وەک ناوێک؛ لە پاشخان و رابردوو و یادەوەری و باکڕاوەند؛ دنیایەک لە قارەمانێتی و داستان و نەعرەتە و شکۆ لە خۆ دەگرێ.. مێژوویەک تژی لە جانگۆریبوون لە پێناو پاراستنی ئیرادەی نەتەوە لە رادەستبوون.. مێژوویەک تژی لە بەرخودان و بەرەنگاریی رەوای ئابڕوومەندانە.
 
لێرەدا ئەوەی گرنگە ھەڵوەستەی لەسەر بکرێ ئەوەیە کە پێویستە شیکردنەوە و خوێندنەوە بۆ دوو ئاراستەی یەک مژار بکرێ کە یەکەمیان (خۆ نەچەماندن)ی نەتەوەیە لەسەر ئاستی گیانی بەرخودان و بەرەنگاریی سەرتاسەری و ئینجا (خۆ نەچەماندن)ی پێشمەرگە وەک شێوازی بەرەنگاری و ئەو دنیابینیەی نەتەوە ھەیەتی بۆ مانەوە. خۆ نەچەماندنی نەتەوە لە پێناو ژیانە، بەڵام خۆ نەچەماندنی پێشمەرگە لە پێناو پاراستنی ژیان و بەخشینی مانایە بە خودی مانەوە، بەخشینی مانایە بە مانەوەی نەتەوە.. لێرەدا پێشمەرگەی جانگۆری و ئەو رووبارە خوێنەی پێشمەرگە و تێکڕای نەتەوە بە سەخاوەت پێشکێشی دەکات، بەخشینی بەخۆڕایی قوربانی نییە، خوێنبەربوونێکی بەخۆڕایی و خرۆشانێکی ماتەمگێڕانە نییە، بەڵکو وەبەرھێنانەوەی ژیانە لە میانی بەرخودانی ژیانگەرا؛ ژیانگەرا بە واتای ھەر جووڵە و بزاوتێک مەیلی ژیاندۆستی لە نێو ویست و ئیرادە و زەینییەت و مێنتالیتەی مرۆڤەکان چەکەرەپێبکا.. بەرخودان و جەنگان ئەگەر بۆ تەفروتوناکردن بێ و بەس، ھەرگیز سوود و کەڵکی بۆ نیشتمان و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی نابێ، بەڵکو ئەوسا خەبات و بەرخودان دەبنە ماشێنێک بۆ سازکردنی مەرگ و ھیچی دیکە.
 
لێرەدا خۆ نەچەماندن ئەگەر بە تەنیا بۆ گەرەنتیکردنی مانەوەی کۆمەڵە مرۆڤێک بێ بە ناوی ھۆز و گەل و نەتەوە، ئەوە نموونەی ئەو جۆر و فۆرمەی مانەوە لە ناو مێژوودا زۆرن.. بەڵام مەبەست لێرەدا مانەوەی بەرھەمدار و پۆزەتیڤە، ئەو بەرخودانەی مانەوە و ژیان بە نەتەوە و گەلانی دیکەش دەبەخشێ، ھەمووان لە ژیان و ئاشتی و ئۆقرەییدا ھاوبەش دەکا، کەواتە ژیان و ئازادی و ئاشتی؛ بەھای ھاوبەشی سەرجەم مرۆڤایەتیین، ئەو ھێزەی لە توانایدا بێ ئەو بەھایانە بپارێزێ و ماڵی خۆی بکاتە پەناگای ئارام بۆ گشت لێقەوماوان، بێگومان ھێزێکە شایستەی ئەوەیە وەک سیمبول تەماشا بکرێ.. لەمبارەیەوە بەڕێز خاتوو(ئۆرزۆلا ڤۆن دێر لاین) وەزیری پێشووی بەرگریی ئەڵمانیا لە شوباتی 2018 لە میانی سەردانیدا بۆ ھەولێر؛ بە راشکاوی گوتی "ئێمە ھەرگیز قوربانیدانی پێشمەرگە لە بیر ناکەین کە لە جیاتی ھەموو جیھان دژ بە داعش جەنگا". بەر لەویش، لە نیسانی 2017 بەڕێز (زیگمار گابریێل) وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دوای دیدەنی لەگەڵ جەنابی سەرۆک (مەسعود بارزانی)؛ رایگەیاند کە "ئەو بەرگریکردنەی پێشمەرگە و رووبەڕووبوونەوەیان دژ بە رێکخستنی دەوڵەتی ئیسلامی؛ ھاوکات بەرگریکردنە لە ئەمن و ئاسایشی ئەڵمانیا".
 
پێشمەرگە بۆیە سیمبولە لەبەر ئەوەی توانای ئەوەی ھەیە سەرکەوتنی سەربازیی بکاتە سەرکەوتنی کۆی ژیان، توانای ئەوەی ھەیە لە میانی بەرگریکردن لە نیشتمان و نەتەوەیەک بەرگریی لە کۆی ئەوانی دیکەش بکات، ھەڵبەت ئەوەش بە رێگای پێگیربوون بە پەیامی مرۆڤانەی ھیومانتێریاڵ، کە رێزگرتنە لە یاسا و رێسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و قوربانیدان لە پێناو گشت بەھا پیرۆزەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی.
 
لەبەرامبەر ئەو رێزگرتنەی گەلی کوردستان لە بنەماکانی لێبووردەیی و پێکەوەژیان و پەیوەستبوونی پێشمەرگە بەو ئەتیک و مۆراڵە بەرزەی مرۆڤایەتی، رێکخراوی نێودەوڵەتیی ئاپۆکسیۆمینۆی ئیتاڵی لە 19ی گەلاوێژی 2018 لە رێوڕەسمێکی شکۆداردا لە رۆمای پایتەخت، خەڵاتی رێزلێنانی پێشکێش بە پێشمەرگەکانی کوردستان کرد لە بەرامبەر ئەو رۆڵە جوامێرانەی پێشمەرگەی کوردستان ھەیبووە لە جەنگان دژ بە تیرۆرستانی داعش و رێزگرتن لە بەھا مرۆڤایەتییەکان و پاراستنی ھاووڵاتیانی سڤیل و بە تایبەت کرستیانەکان. 
 
پێشمەرگە.. کولتووری بەرگریی ناتووندوتیژ
 
ھەڵەبجە و ئەنفال و شەڕی تیرۆر دژ بە کورد و کوردستان، نموونەی زەق و حاشاھەڵنەگرن کە پێشمەرگە و گەلی کوردستان لەبەرامبەر دژمنێکی دڕندە و تا ئەوپەڕی تووندوتیژ بەردەوامییان بە خەباتی خۆیان داوە. ئەگەر دوا شەڕی نەگریسی نەیاران دژ بە کوردستان؛ تیرۆرستانی داعش کردبێتیان و تووندوتیژیی داعشیەکان تێیدا گشت ئاستەکانی بەخۆیەوە بینیبێ بەوەی کە بە ھۆی عەقیدە و بڕوایانەوە؛ خۆکوشتن و خۆتەقاندنەوە و سەربڕین و سووتاندن و گشت شێوازەکانی توندوتیژیی بە رەوا دەبینن، بەھەمان شێوە دەبینین بەعسیەکانیش کە درێژکراوەی بیر و مێنتالیتەی شۆڤێنییەت و پاشڤەڕۆی عەرەبین؛ ئەوانیش بە درێژایی زیاتر لە (30)سی ساڵ ئەوەی تووندتر و تیژتر بوو دەرھەق بە کوردستان کردیان؛ ھەتا ئاستی پراکتیککردنی ھەمان ئەو فۆرمە ئایینیەی کە داعش دژ بە شەنگال و گرووپە لە یاسادەرچووەکانی حەشدی شەعبی دژ بە خورماتوو و کەرکووک و دەشتی نەینەوا ئەنجامیاندا.
 
لە راستیدا شەڕی داعش؛ شەڕی ھەرە سەختی پێشمەرگە بووە بە درێژایی ساڵانی خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان، سەختترین و راستەقینەترین شەڕی شۆڤینییەتی عەرەب و سەلەفییەتی جیھادیی خوێنگەرای ئایینی بووە دژ بە ئازادی و ئازادیخوازان کە کوردستان نوێنەرایەتی کردووە.
 
لێکچوونێکی تەواو لە نێوان تاوانەکانی (بەعس و داعش و گرووپە لادەرەکانی حەشد)دا لە رووی فۆرم و ناوەرۆکەوە ھەیە، (ئەنفال)ی بەعس و (سەبی)کردنی ئافرەتانی سەربەرزی کوردی ئێزدی لەلایەن داعش  و (ئەتککردن)ی ئافرەتانی سەربەرزی گەرمیان و سەپاندنی بەزۆری مەزھەبگەرایی لەلایەن ئەو گرووپانەی حەشد لە ناوچە کرستیاننشینەکانی نەینەوا، ھەرھەمووی لە یەک کەلەپووری بۆگەنی دواکەوتووی کۆنەپارێزەوە سەرچاوەیان گرتووە.
 
پێشمەرگەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول زۆرجار دەگێڕنەوە کە رابەری مەزنی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کوردستان خوالێخۆشبوو جەنابی (مەلا مستەفای بارزانی) دەیفەرموو؛ نابێ ئێمە چاو لە رەفتاری دڕندانەی دژمنەکانمان بکەین، دەنا فەرقی ئێمە و ئەوان چیە!، ھەرگیز رێگا بە پەیڕەوکردنی تیرۆر و تووندوتیژی نادەین وەک تۆڵەکردنەوە لە دژمن، ئێمە مافێکی مەشرووع و رەوامان ھەیە و بە رێگایەکی مەشرووعیش خەبات بۆ بەدیھێنانی دەکەین، با بەعسیەکان ھەر چیەک دەکەن بیکەن، ئێمەش بەپێی بیروباوەڕی خۆمان تێدەکۆشین، خەبات لە پێناوی رزگاری و ئازادی و دیموکراتی قبووڵی شێوازی نائینسانیانە و قێزەون ناکات. ھەڵبەت ئەمە شیکردنەوەی روئیا و جیھانبینی بارزانیی مەزنە، ئەمە فەلسەفە و عەقیدەی رابەری شۆڕشی کوردستانە، بەم شێوەیە پێشمەرگەکانی خۆی پەروەردە کردووە. ھەڵبەت جەنابی (بارزانیی مەزن)یش ئەو کولتوورە رۆشن و گرانبەھایەی لێبووردەیی و ژیاندۆستییەی لە عەقیدە و سەرچاوەیەکی روون و زوڵاڵی کوردایەتییەوە ھەڵێنجاوە کە بۆ  شێخی شەھید (عەبدولسەلام بارزانی) دەگەڕێتەوە.
 
کولتووری گەلی کوردستان ئەوەیە، ھەرگیز شێوازی دزێوی نامرۆڤانە ناگرێتەبەر تەنانەت بۆ کوشتنی دژمنەکانیشی، ئابڕوومەندانە بەرگریی لە ئاشتی دەکات، سەربەرزانە لە پێناو شکۆی مرۆڤبوون و بەھاکانی ژیان دەجەنگێ، تیرۆر و تووندوتیژیی ھێزی نەیار؛ ھەرگیز ناتوانێ پێشمەرگە ملکەچی ھەمان پەیڕەوی دزێو بکات.
 
بەردەوامبوونی پێشمەرگە لەسەر پەیوەستبوون بەو کولتوورە بەرزەی لێبووردەییەوە، بێجگە لەوەی جیاوازیەکی لە بەھا (فرق قیمی) دروست کرد لە نێوان خەڵک و خاکی کوردستانی و رژێمە چەوسێنەر و داگیرکەرەکانی کوردستان، گەلی کوردستانیشی کردە ئەو ھێزەی لە توانایدا بێ بەرگە بگرێ و برینەکانی خۆی ساڕێژ بکات و وڵاتە وێرانکراوەکەی خۆیشی ئاوەدان بکاتەوە، بە چاو لە ئایندەیەکی رۆشنتر ھەموو ئەو کۆسپ و تەگەرە و نەھامەتییە سەختانە تێپەڕێنێ و کوردستانەکەی خۆی بکاتە ئەو سەرزەمینە رەنگین و ئارامەی کە دۆست و دژمن شایەتی ئەوەیان بۆ داوە.
 
ھەڵبەت دروستبوونی جیاوازیی بەھا لە عێراق و (عێراقەکەی دی) کە کوردستانە، بۆ سەرچاوەی ئەو بەھایانە و جیاوازیی خودی ئەو بەھایانە لە ھەردوو سەرزەمینەکە دەگەڕێتەوە. کوردستان وەک سەرزەمینی جیاوازیی و فرەیی و خەباتی رزگاریی لە پێناو ئازادی و دیموکراسی و سەربەخۆیی، عێراقی عەرەبییش وەک سەرزەمینی واحیدون ئەحەدی (یەکسەرزەمین و یەک ئایین و یەک زمان و یەک ئوممەت)!، ئەو سەرزەمینە واحیدەی (بەعسییەکان) لە پێناویدا تەواوی کوردستانی باشوور و (گرووپە لەیاسادەرچووەکانی حەشد) دووز و خانەقین و داقووق و کەرکووک و شەنگال و (داعش)یش شەنگال و کۆچۆ و سنوونێ و زوممار و گوڵاڵەیان خاپوور و وێران کرد. 
کوردستان خەون بە ئازادییەوە دەبینێ و عێراقیش بەو جۆرە خەونانە وەڕس و بێزار دەبێ. کوردستان ئازادبوون و بەدەستھێنانی مافەکانی خۆی بە دیموکراسیبوونی عێراقەوە دەبەستێتەوە و خەبات لە پێناو (دیموکراتی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان) دەکات. عێراقیش مانەوەی خۆی وەک (میشێل عەفلەق) دەڵێ؛ بە یەک نیشتیمان و یەک نەتەوە گرێ دەدات و لە پێناو ئنبیعاسی ئوممەی عەرەبی؛ ھەموو ئەو ئەتنیک و پێکھاتانەی دی بە عەرەب و میوان لەسەر خاکی پیرۆزی عرووبەت دەناسێنێ، کە ئەو پێکھاتە جیاوازانە لە کۆتادا ئەگەر نەبن بە عەرەب و شانازی بە نیشتیمانی عەرەبەوە نەکەن؛ ئەوە بێ یەکودوو دەبێ لەناو ببرێن، وەک چۆن لە ئەنفالە بەدناوەکاندا کوردیان بەو دەردە برد.
 
ئەوە کرۆکی جیاوازیی نێوان بەھاکانی کوردستان و بەھاکانی عێراقە، ئەو عێراقەی دەیان ساڵ پێشمەرگە و گەلی کوردستان و دواجار ھێزەکانی ھاوپەیمانان بە رابەرایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا قوربانییان لە پێناو ئازادکردنیدا بەخشی، ئەمڕۆش چەند لایەنێکی کاڵفامی سیاسی مەزھەبی پێیان وایە ئازادکردنی عێراق ھەر لە سێدارەدانی سەددام حوسێن و دەرپەڕاندنی سوننە و کرستیانەکانە!!!. لەبەر ئەم ھۆکارانە کوردستان ویستی سەربەخۆ بێ، چونکە پێشمەرگە خوێنی بۆ ئازادی راستەقینە رژاوە نەک بۆ ئەوەی کەسانێک بێن یاری بە بەرھەمی خوێن و فرمێسک و خەباتی کوردستانیان و ئەو عێراقییە رەسەنانە بکەن، کە دەیان ساڵە بۆ ئازادی و دیموکراسی و لێبووردەیی و رێزگرتنی جیاوازیی تێدەکۆشن و قوربانی دەدەن.
 
پێشمەرگە و گەلی کوردستان نەچوونە ژێر باری رەفتار و زەینییەتی کۆنەپارێز و وەحشیگەرانە. ساڵانی دوور و درێژی بەرخودان زیاتر و زیاتر گەلی کوردستان و پێشمەرگەی لەسەر ئەو رێبازە رەسەنەی کوردایەتی و مرۆڤایەتی مکوڕتر کرد، ئەوسا کوردستانیان بێجگە لە شاخەکان دۆستی دیکەیان نەبوو، بەڵام دەرکەوت دۆستی ھەرە نێزیک و گیانی بەگیانی کوردستانیان بێجگە لە چیاکان؛ ئەو کولتوورەی لێبووردەیی و ژیاندۆستیەیە، ئەو کولتوورەی مقاوەمەت و بەرخودانەیە کە ھەمیشە دەیانپارێزێ و دەبێتە فریادڕەسی تەنگانە بۆیان.
بۆ تیشک خستنە سەر شوناسی راستەقینەی کارەکتەری پێشمەرگە و گەلی کوردستان، کە لە کامە کولتوور و سەرچاوەوە فۆرمی ئیدارەدانی ململانێی خۆیان دەرھەق بە بەرەی نەیار ھەڵدەبژێرن، بۆمان دەردەکەوێ جیاوازیەکە ئەوەندە گەورەیە ھەر ئەو دەرەنجامەی لێدەکەوێتەوە کە لە رۆژانی پڕ شکۆی ریفراندۆمی مەزن؛ کوردستانیان بە گەورە و بچووکەوە بە دەنگی بەرز دەیانگوت و ھاواریان دەکرد (با ھەردوولامان دراوسێی باشی یەکتر بین). ئەگینا بەرەی بەرامبەری پێشمەرگە و گەلی کوردستان (کە عێراقی عەرەبی)ە، ھەرگیز ئەو ئومێدەیان لێ چاوەڕێ ناکرێ رۆژێک لە رۆژان باوەڕیان بە ئازادی و دیموکراسی و فرەڕەنگی و بەھاکانی ژیاندۆستی و لێبووردەیی بێت، ئەوان لە دۆڵێکی قووڵ و ئازادی و دیموکراسی لە دۆڵێکی دی.
 
زۆر گرنگە باس لەو پرسە بنەڕەتییەی (ئیدارەدانی ململانێ) بکەین،  کە لایەنی کوردستانی لە لایەنی عێراقی جیا دەکاتەوە و ھەردوو لایان بەسەر دوو ئاراستە و دوو مێنتالیتە و جیھانبینی زۆر لەیەکدوور دابەش دەکات. کوردستان لەناو بازنەی مێنتالیتەی (بەرگریی و ململانێی پۆزەتیڤ) و لایەنی عێراقی عەرەبییش لەناو بازنەی داخراوی (خۆپەسند و پەلاماردەری نێگەتیڤ). لێرەدا پێویستە ئاماژە بەو پۆلێنە بکەین کە نووسەرانی پەرتووکی (جەنگی ناتووندوتیژ..بژاردەی سێیەم) دەرھەق بە جیھانی عەرەبی و ئیسلامی و سروشت و ئاستی ململانێکان بە گشتی خوێندنەوەیان بۆ کردووە، ئەو نووسەرانە لە میانی ئەو لێکۆڵینەوەیەی خۆیان بەو راستییە گەیشتوون و دەڵێن "پاکتاوکردن و ریشەکێشکردنی بە تەواوەتی یاخود سفرکردنەوە و لەناوبردنی لایەنی بەرامبەر لە ململانێدا، جۆری دڵخواز و تاقە ئامانجی ململانێیە لە جیھانی عەرەبی و ئیسلامی"دا.
 
ئەو بژاردەی سفرکردنەوە و تەفروتوناکردن (کاڵای رێک بەقەد باڵای) حوکمڕانانی بەغدایە، بە دەلیلی ئەوەی ھیچ ھێزێکی سیاسی و مەزھەبی عەرەبی شیعەی عێراقی و بەھەمان شیوە بەغدای ئەوسای بەعسی عەرەبیش رۆژێک لە رۆژان دانوستاندنیان لەگەڵ یەکتریدا نەکردووە و ھەمیشە چاویان لە نەھێشتنی یەکجارەکی یەکتر بووە، بێگومان ھۆکاری ئەو دۆخەی رەفتارە لای عەرەب و جیھانی ئیسلامی زۆر و دیارن، بەڵام ئەوەی گرنگە جۆری بیرکردنەوە و زەینییەتی ھەردوو لایەنی سوننە و شیعەی عەرەبی عێراقییە کە دەکەونە ناو بازنەی (ململانێی سفرکردنەوە)وە؛ ئەو ئاستە باوەی ململانێ لە جیھانی عەرەبی و ئیسلامی کە سەدان ساڵە کاولکاری و تراژیدیا و مەینەتی بۆ خۆیان و نەتەوەکانی دی بەرھەم ھێناوە. لە بەرامبەردا کوردستان کە ھەمیشە لەلایەن بەغداوە ئەو ململانێی سفرکردنەوەی بەسەردا تاقیکراوەتەوە (ئەنفال و چەکی کیمیایی- جینۆساید)، کەچی لایەنی کوردستانی سەرەڕای ئەوەی زۆر دڵنیا بووە لەوەی بەغدا (ئەوسا و ئێستا.....) ھەرگیز متمانەی پێ ناکرێ؛ بەڵام سەرکردایەتی سیاسی گەلی کوردستان دەرگای دانوستاندنی دانەخستووە. ئەمەش بەو مانایە دێت کە کولتووری کوردستان جۆرێکی دیکەیە لە پۆلێنی فۆرمەکانی ئیدارەدانی ململانێ، فۆرمی کوردستانی ناکەوێتە بازنەی سفرکردنەوە و پاکتاوکردن و رەشکردنەوەی بەرامبەر، بەڵکو کولتوورێکە بەرھەمی فرەیی و جیاوازی و بەرامبەربینی و دایەلۆگخوازە، بۆیە ئەوەی کوردستان ھەردوو فۆرمی (ململانێی بەدەستھێنانی خاڵ) و (ململانێی بەرگرییکردن) دەگرێتەوە. لەبەر ئەوەی بەرگریی ناتووندوتیژ لای گەلی کوردستان و پێشمەرگە ساڵانێکە بووەتە ستراتیژ و کولتوور.
 
ھەڵبەت دەبێ ئەوەش قەدەری گەلی کوردستان بێ بەرخورد لەگەڵ رکەبەرێکی لەمجۆرە بکات کە باوەڕی بە دایەلۆگ نییە و تاقە ئامانجی ئەوەیە بەرامبەرەکانی خۆی فەنا بکات. گەلی کوردستان ھەتا ئێستا لە سۆنگەی فۆرمی (ململانێی بەدەستھێنانی خاڵ و بەرگرییکردن)ەوە؛ دوو جار توانیویەتی دوو بەڵگەنامەی فەرمیی گرنگ بە بەغدا ئیمزا بکات. یەکەمجار بەڵگەنامەی فەرمیی رێککەوتننامەی 11ی ئاداری بە بەعسییەکان (حوکمڕانانی بەغدای 1970) ئیمزا کرد. دووەم جار دەستووری ھەمیشەیی عێراقی بە (حوکمڕانانی بەغدای 2005) پەسند کرد کە دواجار لەلایەن 80%ی گەلانی عێراقەوە دەنگی رایفراندۆمی بەدەستھێنا. بەڵام گرنگە بگوترێ، لەبەر ئەوەی ھەڵگری زەینییەتی (ململانێی سفرکردن)ەوە کە دانوستاندن نازانێ و تەنیا باوەڕی بە کوشتنی بەرامبەرەکانی خۆی ھەیە، مەحاڵە ئەوەی لە ترس و ناچاریدا دەیسەلمێنێ لە دواییدا جێبەجێی بکات. بێگومان ھەر واش دەرکەوت؛ بەعسییەکان لە رێککەوتننامەی ١١ی ئادار پاشگەز بوونەوە و جارێکی دی بەربوونەوە گیانی کورد و ھەتا گەیاندیانە ئاستی تەفروتوناکردن، کوشتن و بڕین و جینۆساید و پاکتاوکردن و تەعریب و تەبعیس و تەھجیر و کیمیاباران و ئەنفال......ھتد.
 
لەبارەی ئەو پاشگەزبوونەوەی حزبی بەعس و دەرخستنی راستیی ئەو شیکردنەوە تیۆریەی لەمەڕ ھەژموونی فۆرمی (ململانێی سفرکردنەوە) لە وڵاتانی عەرەبی و جیھانی ئیسلامی بە گشتی، رابەری شۆڕشی کوردستان؛ خوالێخۆشبوو (مەلا مستەفا بارزانی) دەرھەق بە رێککەوتننامەی 11ی ئادار دەفەرمووێ" دوای ئەو رێککەوتننامەیەی دانی بە ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی کورد و خەباتە بێ وچانەکەی دانا لە 11ی ئاداری 1970بە ئەندامانی لێژنەی مەرکەزیم گوت: ئاگادار بن، ئێستا بارودۆخەکە لە پێشان مەترسیدارترە، جاران بە تۆپ و تەیارە بۆمبارانی ئێمەیان دەکرد. بەڵام ئەمڕۆ بەبێ ئەوەی بیانبینین بۆمبامان بەسەردا دەبارێنن، دەبێ زۆر وریا بین و نەکەوینە داوی رژێمەوە، بۆیە بێباک نەبن و نەڵێن تازە مافەکانی خۆمان بەدەستھێنا و ھەموو شتێک تەواو. دەبێ لە ھەموو کاتێک زیاتر چاوکراوە بین بۆ زانینی نیەت و مەرامەکانی رژێم، من خۆم گومانم لەوە ھەیە رژێم دادپەروەر بێ و قەت لەو باوەڕەدا نیم وەعد و بەڵێنەکانی خۆی بەجێ بگەیەنێ". ئاشکرایە دواتر چی روویدا و چۆن بەعسییەکان مەلای بۆمبڕێژکراویان نارد بۆ تیرۆرکردنی (بارزانیی مەزن) کە جەنابیان بە موعجیزە لێی دەرباز بوو.
 
بێگومان دەستووری ھەمیشەیی عێراقیش بەھەمان دەرد برا، دوای سێزدە ساڵ چاوەڕوانی و ھەتا ئێستاش، ئەو مافانەی دوای مشتومڕ و کێشمەکێشی زۆر بە گەلی کوردستان رەوا بینران کە لە چەند رستەیەکی بێ رۆح و گیان لە دووتوێی چەند لاپەڕەیەکدا بەناوی دەستوور تۆمار و جێگیر کران، ئینجا ھەر بەخۆیان ھەر رۆژەی بە بیانوویێک لە بەندێکی پاشگەز بوونەوە. ماددەی 140ی کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان و مافی پێشمەرگە و پرسی یاسای نەوت و گاز و ھاوبەشی و سازان و ھاوسەنگی و ماف و ئازادییەکان و دەرنەچوواندنی دەیان یاسا بۆ تەواوکردنی بوون و سەروەریی دەستوور، زیاتر لە ٥٠ ماددەی دەستووریی ھەمیشەیی عێراق لەلایەن حوکمڕانانی بەغداوە پێشێلکران. ئەم چەند خاڵانەمان وەک نموونە بۆ سروشتی ئەو جۆرەی رکەبەر ھێنایەوە کە گەلی کوردستان ئەگەر دەرفەتی ژیانی ئازاد و نیشتیمانێکی سەربەخۆی نەبێ؛ دەبێ تا سەر مەحکووم بێ بەوەی مامەڵە لەگەڵ بەغدایەک بکات کە سوور دەزانێ نەک ھەر بەڵێنێکی پێ نییە بۆ بەجێگەیاندن، بەڵکو ھەمیشە خۆی مەڵاسداوە بۆ پەلاماردان و قووتدانی کوردستان و تەواوی ئەو ماف و ئازادیانەی لە دەستووردا بە تێکڕای گەلانی عێراق دراوە، کە تا ئێستا ھەر ھەموو ئەمانەیان بە کردەنی ئەنجامداوە. وەک چۆن لە 16ی ئۆکتۆبەریش تەڕ و وشکی کوردستانی گڕ تێبەردا و ھەرچی دەستکەوتەکانی ئازادی و دیموکراسی و یاسا و دەستوور ھەبوو خستیە ژێر پێوە. ئەگەر نەعرەتەی شێرانەی پێشمەرگە گیانبازەکان لە پردێ و سحێلا و مەحموودیە نەبوایە، ئەمڕۆ تایتلێک نەدەما بەناوی ھەرێمی کوردستان و ئەو تاقە رۆشناییەی ژیاندۆستییش کە لە رۆژھەڵاتی ناڤین ھەبوو نوتەک و خامۆش دەبوو.
 
بێگومان چەمکی ململانێی سفری نەک ھەر عێراق؛ بەڵکو بەسەر دەوڵەتانی دیکەیشدا گونجاوە کە پارچەیەکی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، دەوڵەتانی سووریا و تورکیا و ئێران بە بەڵگە و نموونەوە بەو سایکۆلۆجیا و زھنیەتەوە مامەڵەیان لەگەڵ دۆزی کورد و بزوتنەوە رزگاریخوازەکەیدا کردووە، ئەو چوار دەوڵەتە ھەرگیز کورد و گەلی کوردستانیان وەک لایەن و موخاتەب نەبینیوە، بەڵکو ھەمیشە ویستوویانە وەک پێکھاتە و وجوود و کەینوونە ئەو نەتەوەیە بسڕنەوە و پاکتاوی بکەن.
 
ئەم چوار دەوڵەتە نەک ھەر بەرامبەر بە کورد، بەڵکو ئامادە نەبوون لەگەڵ ھیچ کام لە ئۆپۆزسیۆنەکانی خۆشیان دانوستان و دایەلۆگ بکەن؛ لەبەر ئەوەی چەمکی ململانێی سفری لەسەر بنەمای (ھیچ یان ھەموو) بنیات نراوە و بەرگەی بوونێکی دی ناگرێ بێجگە لەخۆی، ھەڵبەت ئەوەش بۆ پاشخانێکی کولتووریی دیاریکراو دەگەڕێتەوە لێرەدا دەرفەتی باسکردنی نییە. 
 
پێشمەرگە.. ھێزێکی متمانەپێکراو
 
ھەر ھێزێک کە (گیانی لێبووردەیی لەخوێن)یدا نەبێ و لەسەر ئاستی ناوخۆیی وەک قەڵای بەرگریکار نەبینرێ؛ ھەرگیز ناتوانێ لە دەرەوەی خۆیدا رێزلێگیراو بێ و ئەوانی دی متمانەی پێبکەن، بەوەش وەک ھێزێکی سەربازی ئەو فاکتەر و پایە لەدەست دەدات بتوانێ جەنگ بخاتە خزمەتی ئاشتی و ئارامی و دادپەروەرییەوە. پێشمەرگە کە خۆشەویست و رێزلێگیراوە لەلایەن گەلی کوردستانەوە، ھێزێک بووە ھەمیشە جێگای متمانە، ئەم خەسڵەت و شوناسەی پێشمەرگە رۆژ لەدوای رۆژ بەرفراوان بوو ھەتا ئەو راددەیەی تەنانەت ئەو جەماوەرەش بە ڕێز و متمانەوە لێی بڕوانێ، کە دەیان ساڵە لەگەڵ ھێزەکەیدا جەنگاوە (جەماوەری بەرەی نەیار). ھەموو ھێزێک ناتوانێ ئەم سنووری مەحاڵە ببڕێ وەکچۆن بینیمان لەداوی 2003 پێشمەرگە بووە ناوکی پێکھێنەر بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی ئەو سوپا و دامەزراوە سەربازیەی عێراق کە دەیان ساڵ ئەژنۆی رووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگەی کوردستانی نەبوو، خەڵکی بەغدا و ئەو ناوچانەی دەیان و ھەزاران رۆڵەیان لەسەر دەستی پێشمەرگە گیانیان لەدەستدابوو کاتی رژێمی بەعس، کەچی تەنیا و تەنیا متمانەیان بە پێشمەرگە ھەبوو، و ھەمیشە داوایان دەکرد پێشمەرگە ئاشتی و ئۆقرەییان بۆ دابین بکات و دامەزراوەکانی بەغدایان بۆ بپارێزێت.
ھەڵبەت ئەو پێگەیەی پێشمەرگە بەدەستی ھێناوە بۆ ئەو پرانسیپ و ئەتیکە بەرزەی رەفتار دەگەڕێتەوە کە ساڵانێکە پێشمەرگە لەسەری پەروەردە کراوە و پێی ناسراوە. بێجگە لەوەش گرتنەبەری پرانسیپی (ناتووندوتیژیی ستراتیژ) لەلایەن پێشمەرگەی کوردستانەوە رۆژ بە رۆژ بووە ھۆی ئەوەی متمانەی زیاتری تەنانەت جەماوەری بەرەی نەیاریش بەدەستبێنێ. ئەوە فەلسەفە و پەیڕەوی نەگۆڕی سەرکردایەتی شۆڕشی کوردستان بووە کە نابێ پێشمەرگە ھەمان شێوازی قێزەونی دژمن بگرێتەبەر بۆ بەرپەرچەدانەوە و تۆڵەسەندنەوە. 
خوالێخۆشبوو (مستەفا بارزانی) رابەری شۆڕشی کوردستان لەمبارەیەوە دەڵێ "سەددام حوسێن چەندین جار پیلانی داڕێژا بۆ ئەوەی بمکوژێ، کوردیش دەیتوانی سزای بدات و لە کاتی سەردانی بۆ کوردستان ھەلیکۆپتەرەکەی بخەنە خوارەوە، بەڵام کورد کارێکی لەمجۆرە ناکات، لەبەر ئەوەی ئەخلاقی کوردانە قبووڵی خیانەت ناکات".
 
بێجگە لەوە، سەرکردایەتی شۆڕشی کوردستان چەندین ھەڵوێستی بەرزی جوامێرانە و بەرزی مرۆڤانەی پیشانی عێراق داوە، بەڵام ئەفسووس! عێراقی عەرەبی و جەوھەری بیرکردنەوەی حوکمڕانانی بەغدا ھەرگیز بەرامبەر کورد و کوردستان گۆڕانی بەسەردا نەھات بە ئێستاشەوە.
لە جەنگی شەش رۆژەی حوزەیرانی 1967ی نێوان عەرەب و ئیسرائیل، (مستەفا بارزانی) ئاگربەستی راگەیاند و فەرمانی بە ھێزەکانی پێشمەرگە کرد بە ھیچ شێوەیەک تەقە لە سوپای عێراق نەکەن، بروسکەی بۆ بەغدا نارد بۆ ئەوەی سوپاکەی خۆی لە کوردستان بکشێنێتەوەو بەرەو فەلەستین بڕوا بۆ بەرگرییکردن لە فەلەستینییەکان.
 
ئەمە فەلسەفەی شۆڕشی کوردستان بووە بە درێژایی ساڵانی خەبات و تێکۆشان، ھەمیشە دوور بووە لە گرتنەبەری تووندوتیژیی، بە ئامانجی کەمکردنەوەی ستەم و چەوسانەوە و بنیاتنانی کولتووری ئاشتی، کە بەبێ لێبووردەیی (تۆلێرانس) و (ناتووندوتیژیی ستراتیژی)؛ مەحاڵە ئەو ئامانجە سەنگینە دەستەبەر ببێ. بێگومان دانیشتووانی سڤیل وەڵامگۆی ئەو راستییەن لە ھەر بەرەیەکدا بن، ئەوان دواجار حوکمی کۆتایی دەدەن کە کامە شۆڕش و ھێز و بزووتنەوە لە پێناو ئاشتی و ئاشتەواییدا تێکۆشاوە.
 
لەم چەند ساڵەی دواییدا ئەم راستییە بە روون و ئاشکرایی دەرھەق بە پێشمەرگەی کوردستان دەرکەوت، کرستیانەکانی عێراق بەگشتی و دەشتی نەینەوا بەتایبەتی و ھۆز و ھاوڵاتییە عەرەبە سوننەکانی مووسڵ و ئەنبار و سەڵاحەددین و بەغدا و فەلووجە و کەرکووک و دیالە و گشت ناوچەکانی دیکەی عێراق گەواھی ئەو راستییە دەدەن و ھەمیشە داوایان کردووە پێشمەرگە پارێزگارییان لێ بکات و ھەمیشە گوتوویانە کە ئەوان تەنیا بە بوونی ھێزەکانی پێشمەرگە ھەست بە ئارامی و دڵنیایی دەکەن.
 
پێچەوانەی ئەو دیمەنەش، بڕوانەھاتن و دڵنیانەبوونی کرستیانەکان و دانیشتوانی سڤیلە بە گشتی لە دۆخی ئەمنیی ناوچەکانیان سەرەڕای نەمانی داعش لە دەشتی نەینەوا، لەمبارەیەوە تۆڕی (رووسیای ئەمڕۆ) لە ناوەڕاستی گەلاوێژی 2018 راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ھاتووە کە بەھۆی شەڕی داعش 150,000 سەت و پەنجا ھەزار کەس لە دانیشتوانی دەشتی نەینەوا ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێھێشت و زۆربەیان روویان لە ھەرێمی کوردستان کرد لەبەر ئەوەی ناوچەیەکی ئارام و سەقامگیرە، بەڵام سەرەڕای نەمانی داعش، بە پێی ئەو راپۆرتە ھەتا ئێستا بە تەنیا نزیکەی 55 پەنجا و پێنج ھەزار کەس لەو ژمارەی ئاوارانە گەڕاونەتەوە، ئەویش بەھۆی ئەوەی وەک یەکێک لەو ئافرەتە کرستیانەی دەشتی نەینەوا قسەی بۆ تۆڕی ناوبراو کردووە" ئێستا ژن و خێزانی کرستیان ناوێرن بگەڕێنەوە نەک ئەوەی دەستدرێژی و پێشێلکارییان لەدژدا بکرێ". ھاوکات ئەوەیان گوتووە کە بارودۆخیان لە کوردستان زۆر ئاساییە و پێیان باشترە پەلە نەکەن لە گەڕانەوە، لەبەر ئەوەی لە ماوەی رابردوودا کاتێ گرووپە لەیاسادەرچووەکانی حەشد ھاتنە ناوچەکانیان کێشە و نەھامەتیی زۆریان چەشت و حاڵەتی دەستدرێژی و ھەراسانکردن روویدا دەرھەق بە ئافرەت و خێزانەکانیان.
 
بەڵام بە ھۆی کولتووری لێبووردەیی و پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن و رێزگرتن لە جیاوازیی، کە شۆڕشی کوردستان ھەمیشە جەختی لەسەر کردووە و پێشمەرگەی کوردستان و تەواوی کوردستانیان بە کردەنی و پراکتیک لە مەیدان جێبەجێیان کردووە، دەبینین ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێ تەواو لەوەی عێراقی عەرەبی جیاوازە. مەھاتما غاندی دەڵێ "شۆڕشی ناتووندوتیژ تەنیا پەیڕەوێک نییە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، بەڵکو بەرنامەیەکە بە ئامانجی گۆڕینی پەیوەندییەکان، ئامانج لەناوبردنی نەیار و رکەبەر نییە، بەڵکو بەدەستھێنانی تێگەیشتنێک و فەراھەمکردنی ھاوسانییەکی سیاسییە".
 
گرنگە بگوترێ کە ناتووندوتیژیی ستراتیژی (ئەوەی شۆڕشی کوردستان پەیڕەوی کردووە و تا ئێستاش لەلایەن پێشمەرگەوە بەردەوامە)، میکانیزمێک دەستەبەر دەکا بۆ بەدیھێنانی یەکسانییەکی مەزن و فراوانتر، ھەڵبەت ئەویش لە میانی ململانێ لە پێناو رزگاربوون لە چەوسانەوە. کوردستان ھەتا ئاستێکی باش توانیویەتی ئەو فۆرمی پەیوەندییانەی (غاندی) باسی دەکا بگۆڕێ و بەشێوەیەک رێکی بخاتەوە ھەمووان لێی سوودمەند بن، یان ھەر ھیچ نەبێ کوردستان لە رێگەی رەفتاری بەرزی پێشمەرگەکانییەوە توانیویەتی مەسجێکی باش و دڵنیاکەرەوە بۆ ئەو پێکھاتانە بنێرێ، کە لەسەر ھەمان ئەو سەرزەمینەی ئازادی لەگەڵ کوردستانیان دەژین یان ئەمڕۆ لەگەڵیدا ھاوسنوورن و لە ئایندە دەبنە دراوسێ. 
 
لەمبارەیەوە لێکدانەوەیەکی بیریاران ھەیە دەڵێ "ئامرازی ناتووندوتیژی دیموکراسییانە؛ ھەمیشە بەرھەم و عاقیبەتی دیموکراسییانەی زۆرتری بەدواوە بووە"، رابەری شۆڕشی کوردستان خوالێخۆشبوو (بارزانیی مەزن)یش دەڵێ "ئێمە لەگەڵ دیموکراتییەت و ئاشتیداین، ھەر شۆڕش و بزووتنەوەیەک لە جیھاندا بۆ بەرژەوەندی گەلە، بزووتنەوەکەی ئێمەش بزووتنەوەیەکی مرۆڤایەتی و رزگاریخوازیی و ئەخلاقییە بۆ بەرژەوەندی تەواوی عێراق، ئێمە لەم شۆڕشەی خۆماندا بەرژەوەندی عێراقمان دەوێ، یەکەم جار بۆ عەرەبەکان دووەم جار بۆ کورد و ئینجا بۆ گشت پێکھاتەکان لە تورکمان و ئاشووری و ئەرمەن و سەرجەم عێراقییە شەرەفمەندەکان".
 
لەسەر ئاستی ناوەخۆی ھەرێمی کوردستانیش؛ پەیام و مەسجی راشکاوی کوردستان بۆ پێکەوەژیان و بەشداریی راستەقینەی پێکھاتەکان لە ئیدارەدانی ئایندەی سیاسیی نیشتیمان؛ ئەو رەشنووسی پەیمانەی لێژنەی باڵای ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بوو، کە تێیدا بە ئاشکرایی ئەو پرانسیپە نەگۆڕەی شۆڕش و گەل و سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بەدیکرا و ئاراستەی داڕێژەرانی دەستووری (کۆماری فیدراڵی کوردستان) کرا، لەو پەیمانە مێژووییەدا بە روونی مافی ھەرێمی فیدراڵی بە پێکھاتەکانی کوردستان جەختی لەسەر کراوەتەوە.
بەڵێ؛ ئەم ھەست و ھەڵوێست و کولتوورە بەرزەی لێبووردەییە لای گەلی کوردستان و پێشمەرگەی کوردستان بووە مایەی دڵنیایی و متمانەی پێکھاتەکانی کوردستان و عێراق بەو پێکەوەژیانەی کوردستان و رۆڵی ژیاندۆستانەی پێشمەرگە.
 
پێشمەرگە.. گۆڕینی چەمکی سەروەریی
 
پێشمەرگە؛ نوێنەرایەتی ھێز و پێداگریی نەتەوەیەک دەکا بۆ مانەوە و ئازادی و سەرخۆبوون. ھاوکات لە سەنگەری بەرگریکرن لە پەیام و بەھا بەرزەکانی مرۆڤایەتی ئامادەی ھەموو قوربانیدانێکە. بۆیە دوای دەیان ساڵ تێکۆشان دژ بە رژێمە دکتاتۆری و تۆتالیتێرە یەک لەدوای یەکەکانی بەغدا، ئەو جەور و ستەمە دڕندانەیەی بەعسی فاشی نەیتوانی لەسەرتاسەری عێراق بێجگە لە پێشمەرگە ھیچ ھێزێکی دیکەی رەسەن و خاوەن دۆز و ئیرادە وەک ئۆپۆزسیۆن بێنێتە ئاراوە. ئەوە بوو لەساڵی 2003 ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ رووخاندنی رژێمی سەددام بە رابەرایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا؛ ھێزی پێشمەرگەی کوردستانی وەک بەشێک لەو ھێزەی خۆی پەسند کرد و تا رۆژی 9ی نیسان کە پەیکەری سەددامی دکتاتۆر لە گۆڕەپانی فیردەوس لە بەغدا پارچە پارچە کرا؛ پێشمەرگە خوێن و قوربانیی زۆری دا لە پرۆسەی ئازادی عێراق. لە رۆژانی ئەنجوومەنی حوکم لە بەغدا و ھاتنەسەرکاری (پۆل بریمەر)ی فەرمانڕەوای مەدەنی ئەمریکی لە بەغدا، سوپای عێراق ھەڵوەشایەوە و ئەوسا ھیچ کام لە ھێزە شیعەکان ئامادە نەبوون و جورئەتی ئەوەیان نەبوو بێنە پێشەوە و ھێزێک بۆ ئەو وڵاتە بنیات بنێن (عێراق) کە چەندین ساڵ گوایە خەباتیان لە پێناودا کردووە و دوای رووخانی بەعسیش چەندین ساڵ بێھوودە لە راگەیاندنەکان بە (عێراقی نوێ) ناوبرا. دواجار ئەگەر پێشمەرگەی کوردستان نەبوایە کە دەستپێشخەری کرد و ھاتە پێشەوە و دوو لیوای خۆی کردە ھەوێن و سەرەتای سەرلەنوێ دامەزرانی سوپای نوێی عێراق، ئەگینا شیعەکان ئەوسا لەبەر ھەر ھۆکارێک نەھاتنە پێشەوە!!!.
پێشمەرگەی کوردستان لە دوای 2003 دامەزراوە شەرعییەکانی بەغدای پاراست، چەندین جار بە ھانای ھێزەکانی عێراقەوە چوو و لەناو گەڕەکەکانی بەغدا دژ بە گرووپە تیرۆرست و تووندئاژۆکان جەنگا و دەیان کوڕی ئازا و بەجەرگی بوونە جانگۆریی ئازادی و پاراستنی ئۆقرەیی لە عێراقی بەناو نوێ. لە دوای 2005 کە دەستووری ھەمیشەیی عێراق لەلایەن گەلانی عێراقەوە پەسند کرا، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان (پاسەوانی ھەرێم/حرس الاقلیم)لە دەستووردا دانی پێدا نرا. بەڵام لەو رۆژەوە تا ئێستا ئەقڵییەتی شۆڤێنی لە بەغدا نەک ھەر بوونی گەلی کوردستان و ناوی پێشمەرگەی پێ ھەرس ناکرێ، بەڵکو بەھەموو ھێزی خۆی رێگا نادا عێراق لە کاکڵە تۆتاڵخوازەکەی خۆی رزگاری بێ و تەنانەت ناھێڵێ ھەرێمێکی فیدراڵی لە باشووری عێراقیش دروست بێ. بەغدا ھەموو ساڵێک بە نووسینی رستەیەک مافی پێشمەرگە لە (مووچە و پڕچەککردن و دابینکردنی پێداویستی) لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی جێگیر دەکات و ھەتا ئێستا یەک دینار و یەک فیشەکیشی بۆ پێشمەرگە نەناردووە، بێجگە لەوە؛ لە رۆژانی شەڕی داعش کە پێشمەرگەی کوردستان ھێزێکی دانپێدانراوی چوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی جەنگی دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)ە؛ کەچی بەغدا رێگای نەدا تەنانەت ئەو چەک و کۆمەکە سەربازیانەش بگەنە کوردستان و دەستی پێشمەرگە کە وڵاتانی ئەندام لە ھاوپەیمانی جەنگی دژ بە داعش دەیاننارد، سەرەتا حوکمڕانانی بەغدا سوور بوون لەسەر ئەوەی دەبێ فڕۆکە بارھەڵگرەکان لە بەغدا بنیشنەوە و بپشکنرێن ئینجا بەرەو ھەولێر بێن، دوا جار ھەر رێگایان نەدا و چەکەکانیشیان لای خۆیان گلدایەوە.
 
بەغدا ھەتا ئێستا توانیویەتی یاری بە دەستەواژە یاسایی و دەستوورییەکان بکا و وەک خۆی بیەوێ شیکردنەوەیان بۆ بکا، رۆژێک پێشمەرگە بکاتە بەشێک لە سستمی بەرگریی و رۆژی دواتر بەشێک لە سستمی ئەمنی و تەناھی، بەڵام ئەوەی نەیتوانی و ناتوانێ بیکات شاردنەوە و بچووککردنەوەی ناو و شکۆ و مێژووی پڕ سەروەریی پێشمەرگەی کوردستانە، کە توانی گشت پیلانە گڵاوەکان رابگرێ و ئیرادەی نەتەوەیی گەلی کوردستانیش بپارێزێ. بۆیە ئەمڕۆ بەغدا بەلایەوە ئاساییە لافی یەکێتی خاکی عێراق و سەروەریی عێراق لێ بدا، ھاوکات قبووڵی ئەوەش بکات ھێزێکی دانپێدانراوی دەستووری خۆی مووچەی لە ئەمەریکاوە بۆ دابین بکرێ و چەک و جبەخانەی لە وڵاتانەوە بۆ بێ و وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا میدالیای ئازایەتی ببەخشێتە پێشمەرگەی کوردستان!!!.
 
بەغدا کە دژایەتی پێشمەرگەی کوردستان دەکات دەزانێ پێشمەرگە پارێزەری ئازادییە، دژایەتیکردنی پێشمەرگە لە بنەڕەتدا دژایەتیکردنی ئازادی و دیموکراسییە ئینجا دژایەتیکردنی کوردستانیشە. پێشمەرگە ئەو ھێزەیە دەتوانێ لە مەیداندا ئەوە جێبەجێ بکات، کە لە سیاسەتدا بەدی نایەت، یان لە مەیداندا ئەوە بەدەست بھێنێتەوە کە لە سیاسەتدا لەدەستدراوە.. پێشمەرگە بە روون و ئاشکرایی رەوایی مافی گەلی کوردستانی لە بڕیاری ئازادانەی سەربەخۆیی بە جیھانی ئازاد راگەیاند.. لە سێ ساڵی جەنگی پڕووکێنەری دژ بە داعش بە بیر ھەمووانی ھێنایەوە ، کە ھێز و ئیرادەی پێشمەرگە لە ھێز و ئیرادەی نەتەوەیەک سەرچاوەیان گرتووە و مەحاڵە ئەو ھێزە لەناو بچێ بەرگریی لە دۆزێکی رەوا بکا.
 
دەتوانین بە راشکاوی رایبگەیەنین؛ کە تێکۆشانی پێشمەرگەی کوردستان دەرخەری راستی و رەوایی دۆزی نەتەوەیەکە دەیان ساڵە دەچەوسێنرێتەوە و مافی زەوت دەکرێ، بەڵام ئەمڕۆ جۆری مامەڵەکردنی نەیاران دژ بە پێشمەرگە؛ رقی راستەقینەی ئەو لایەنانە بەدیار دەخا کە چەند سەرسەختانە دژ بە مافە رەواکانی گەلی کوردستان دەجەنگن، تەنانەت ئەگەر لە دەستووریشدا نووسرابێتەوە. بەغدا ئەگەر لەساڵی 2014 مووچە و بودجەی گەلی کوردستانی بڕیبێ، دەبێ ئەوەمان لە بیر بێ کە بەغدا ھەر لەسەرەتاوە رازی نەبووە پێشمەرگە مووچەی ھەبێ، پێشمەرگە تاقە ھێزە (کە ئەم چەند مانگەی دوایی لێ دەرچێ) دەنا ھەتا ئێستا یەک فیشەک و یەک دیناری لە بەغدا وەرنەگرتووە.
 
پێشمەرگە.. خاوەنی مەنزومەی ئیرادە
 
سەرلێشێواوی حوکمڕانانی بەغدا بەداخەوە ھەموو سنوورێکی یاسایی و ئەخلاقی بەزاندووە، بە جۆرێک ھیچ بەلایانەوە گرنگ نییە چ ھەڵەیەک دەکەن، گرنگ ئەوەیە کارێک بکەن گەورەیی پێشمەرگە لە ئاوێنە بچووکەکەی خۆیان پیشان بدەن. بۆ ئەوەی دڵیان ئاو بخواتەوە بەردەوامن لەو شەڕە دەروونییەی خۆیان دژ بە گەورەترین سەروەرییەکانی نەتەوەی کورد و گەلی کوردستان کە ناوی پیرۆزی پێشمەرگەیە، دەنا ئەوە ئاشکرایە کە بەغدا ھەرگیز نایەوێ پێشمەرگە بەشێک بێ لە سستم و مەنزومەی بەرگریی عێراق، ھەمیشە بە رستە و داڕشتن و دەستەواژە وای پیشان دەدات و کار بۆ ئەوە دەکات بە کردەنی پێشمەرگە دامەزراوەیەکی تەریک و کەمبایەخی ئەمنی بێ لە چوارچێوەی سستمی ئەمنی عێراق. ئەگەر نا؛ چۆن دەبێ پێشمەرگە بەشێک بێ لە مەنزومەی ئەمنیی عێراق (وەک خۆیان دەڵێن) و ھاوکات مووچەی لە وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ تەرخان بکرێ!!، روودانی ھاودژیی سەیر و سەمەرەی لەمجۆرە لە (عێراقی نوێ!)دا شتێکی زۆر ئاساییە، چونکە ئەگەر پێشمەرگە بەشێک بێ لە مەنزومەی گەشتوگوزاریی عێراقیش!؛ بەغدا ھەرگیز ئامادە نییە یەک دینار مووچە بداتە پێشمەرگەی کوردستان. لەم بەرواردکارییەدا؛ کۆمیدیای رەشی یاسایی و دەستووریی عێراقی دوای دکتاتۆرییەت بەدیار دەکەوێ:
لە بڕگەی پێنجەمی ماددە (17)ی یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی دارایی 2007 دا نووسراوە: "رێککەوتنێک لە نێوان سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ھەرێم دەکرێ لەبارەی خەرجی و پڕچەککردن و دابینکردنی پێداویستییەکانی پاسەوانی ھەرێم وەک بەشێک لە مەنزومەی بەرگریی عێراقی".
 
بەڵام لە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی دارایی 2018 دا شتێکی تەواو پێچەوانە نووسراوە، عێراق ھەمان عێراقی نوێیە! دەستوور یەک حەرفیشی لێ ھەموار نەکراوەتەوە! بەڵام یەک شت گۆڕاوە؛ ئەویش ئەوەیە کە شازدەی ئۆکتۆبەر روویداوە و ئەو ھێزە عەرەبییە عێراقیانەی گوایە جاران بەر لە 2003 لە ترسی رژێمی دکتاتۆری و شموولی و شۆڤێنی بەعس خەباتیان کردبوو، ئەمڕۆ ھەمان ئەو ھێزانە دوای ئەوەی ھاتنە سەر سفرەی رازاوە لە گشت وەعد و بەڵێنی خۆیان و لە ناوەرۆکی دەستوور و تەواوی رێککەوتنەکان پاشگەز بوونەتەوە و رقیان لە دیموکراسیەت ھەستاوە و نایانەوێ عێراق ئیتیحادی بێ و پێیان خۆش نییە پێکھاتەکانی وڵات ریفراندۆم بۆ لاوەکیترین پرس بکەن و بە ھیچ شێوەیەک حەزیان لە وشەی ئازادی نییە. بۆیە فوقەھا دلێرەکانیان دوای ئەوەی خەریک بوو یاساڕێژی بۆ بەشوودانی کچی نۆ ساڵانیش بکەن (کە دواجار کردیان)! ئەمجارەیان ویستیان داھێنانێکی نوێ ئەنجام بدەن و بەباشیان زانی مافەکانی پێشمەرگە لە یاسای بودجە بەم شێوەیە بێ:
 
لە بڕگەی (ب)ی ماددەی (10)ی یاسای موازەنەی فیدراڵی ساڵی دارایی 2018دا ھاتووە" رێژەیەک لە تەرخانکراوەکانی ھێزە وشکانییەکانی ئیتیحادی سوپای عێراق بۆ مووچەی ھێزەکانی پێشمەرگە تەرخان دەکرێ، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی رێژەی دانیشتوانی ئەو ھێزانەی ناوبراو بەوەی کە بەشێکە لە مەنزومەی ئەمنیی عێراقی".
 
لە دیدی حوکمڕانانی بەغداوە زۆر ئاساییە پێشمەرگە جارێک بەشێک بێ لە (مەنزومەی بەرگریی)!  جارێکیان بکرێتە بەشێک لە (مەنزومەی ئەمنیی)!! وەک تەبدیل جەوێکیش وایە بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتی دارایی!!!. بەغدا و فوقەھاکانی بەغدا با ئازاد بن لەوەی چ دەنووسن و ناوی پێشمەرگە بە چ شێوەیەک و سەر بە چ مەنزومەیەک و لە چ ماددە و بڕگەیەکدا دایدەنێن.. قوربانییەکانی گەلی کوردستان و خوێنی ئاڵی پێشمەرگە قارەمانەکانی کورد و کوردستان پێویستیان بەو بەند و بڕگانەی ئەوان نییە. پێشمەرگە خاوەنی مەنزومەی شکۆی نەتەوەیە، پێشمەرگە ھێز و شوناسی مەنزومەی ویست و ئیرادەی پۆڵایینی سەرجەم کوردستانیانە بە گشت پێکھاتەکانییەوە. پێشمەرگە بە مەزنی و خۆڕاگریی خۆی گەل و خاکی کوردستان دەپارێزێ و دوور بێ یان نزیک ئەو چەمکە درۆزنەیەش بەتاڵ دەکاتەوە، کە عێراقی کۆنی (بەناو نوێ) لە ژێر دروشمی سەروەریی و یەکێتی خاکی نیشتیمان درێژە بە زنجیرەی ستەمکاریی شۆڤێنیانە و کۆنەپارێزیانەی عەرەبی خۆی دەدات دژ بە گەلی کوردستان.
 
پێشمەرگە.. دەنگی تایبەتی نەتەوەیەک
 
داستانی پڕ سەروەریی و قارەمانێتی پێشمەرگەی کوردستان لە پردێ و سحێلا و مەحموودیە لە رۆژانی سەختی دوای خیانەتکاریە رەشەکەی 16ی ئۆکتۆبەر؛ ئەو کەس و لایەنانەی تووشی شۆک کرد؛ بەوەی کە پێشمەرگە رێگای نەدا ئامانجە نەگریسەکانی ئەوسای بەغدا و دەستوپێوەندەکانی و ئەوانەی لەپشت نەخشە گڵاوەکەوەبوون بێنە دی. لە گشت ئەو وەرزی خەزانەی نەیاران بەسەر گەلی کوردستاندا دەیھێنن، ھەمیشە پێشمەرگە تاقە چرۆ سەوزەکەی ھیوایە بۆ گەشبوونەوەی ئیرادەی نەتەوە، ھەمیشە پێشمەرگە بانگھەڵدێری زیندوومانەوەی ئومێد و رۆشناییە لە نێو جەنگەڵستانی ستەم و زوڵمەتی ستەمکاران.
 
ئەمجارەیان بیریان کردەوە لە کەلێنێکی دی دزە بکەن بۆ گورز وەشاندن لە کوردستان، کە درێژەپێدانی ھەمان زنجیرەی خیانەتەکەی شازدەی ئۆکتۆبەر بوو، ھیچیان شک نەبرد؛ دەستیان بۆ دەنگی پێشمەرگە برد. لەبەر ئەوەی نەیارانی گەلی کوردستان ھەستیان کرد کە ئەمجارەش پێشمەرگە ھاوشێوەی بەرەکانی جەنگ؛ لە دەنگدانیشدا داستانی تۆمار کرد، ویستیان لە رێگەی گومانخستنە سەر پاکی و بێگەردیی دەنگەکانی پێشمەرگە لە پێگەی کوردستان بدەن، ئەوە بو بەغدا بە ھەموو توانای خۆیەوە لەگەڵ چەند لایەنێکی ھاوئاوازی خۆی لە کوردستان کەوتنە مقۆ مقۆ چۆن بتوانن ئەو سەرکەوتنەی کوردستان لەکەدار بکەن.
 
راستە ھێنانی ئامێری نوێ بۆ ھەڵبژاردنە گشتییەکەی عێراق کۆمەڵێک کێشەی تەکنیکی دروست کرد بوو و ببوە ھۆی ئەوەی خەڵکانێک لە دەرەوە و لەولا و لەملا دەرفەت بێنن ساختەکاریی ئەنجام بدەن، بەڵام ئەو پرسە ھیچ پەیوەندییەکی بە پێشمەرگەی کوردستانەوە نییە.
ھەر لەسەرەتاوە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خۆی بۆ نەگیرا و چاوەڕێی لایەن و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی وڵاتیشی نەکرد و ھاتە ناو پرسەکەوە، تەنانەت چاوەڕێی دەرەنجامی کاری ئەو لێژنە باڵایەی حکومەتی بەغدای نەکرد کە بۆ بەدواداچوونی راستییەکان و شیکردنەوەی بەڵگەی تایبەت بە ساختەکاریی لە ھەڵبژاردنەکان پێکیھێنا بوو (سەرەڕای ئەوەی کارێکی لەمجۆرە ئەرکی ھیچ کام لەو دوو دامەزراوە نییە)، ئەوە بوو لە رۆژی 28ی ئایاری 2018 بە ئامادەبوونی 168ئەندام، ئەنجوومەن دەنگی لەسەر بڕیارێک دا و تێیدا وێڕای گومانخستنە سەر تەواوی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان، لە بەیاننامەی خۆیدا بە راشکاویی داوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی لە گشت پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان کردووە.
 
لە رۆژی 29ی ئایاری 2018 لیژنەی باڵای حکومەتی بەغدا کارەکانی خۆی تەواو دەکات و کۆنووسی شیکردنەوە و راسپاردەکانی خۆی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات. لە دەق و ناوەرۆکی ئەو کۆنووسەدا ھیچ ئاماژەیەک بە بوونی ساختەکاری لە ھەرێمی کوردستان و دەنگدانی تایبەتی کوردستان نییە.
 
لە رۆژی 5ی حوزەیرانی 2018 ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی کۆدەبێتەوە و راسپاردەکانی لیژنەی باڵا پەسند دەکەن، کە لەوێش ناوی ھەرێمی کوردستان و ساختەکاری دەنگدانی تایبەتی کوردستان نەھاتووە. لە ھەمان رۆژ (5ی ئایار) سەرۆکی لایەنێکی سیاسی ھەرێمی کوردستان سەردانی عەبادی دەکات و باس لە پێشێلکارییەکانی ھەڵبژاردن دەکەن و پشتگیریی خۆی بۆ ئەو بڕیارەی حکومەت و راسپاردەکانی لێژنەی باڵا دەخاتەڕوو.
 
لە رۆژی 6ی حوزەیرانی 2018 ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی 173 ئەندام دەنگ بۆ سێیەمین ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران ژمارە (45)ی ساڵی 2013 دەدات و ھەروەھا دەقی کۆنووسی ئەو راسپاردانەشی پەسند کرد کە لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆی رەوانە کرابوو، ئەوە بوو بەپێی ماددەی سێیەمی یاسای ھەموارکراو ئەو رستەیە جێگیر کرا کە ئەنجامی "ھەڵبژاردنەکانی دەنگدانی تایبەت لە ھەرێمی کوردستان ھەڵدەوەشێتەوە".
 
ھەر لە پەراوێزی ئەو نیگەرانیانەی لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەغدا و ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەکان ھاتە کایەوە، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (دۆگلاس سیلیمان) سەردانی جەنابی سەرۆک (مەسعود بارزانی) کرد و لە دیداری نێوانیاندا تاوتوێی بارودۆخی سیاسی عێراق و ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان و چەندین پرسی دیکە کران. جەنابی سەرۆک بارزانی بە راشکاویی بە باڵیۆزی ئەمەریکای راگەیاند کە گەلی کوردستان بە ھیچ شێوەیەک قبووڵ ناکات (دەنگدانی تایبەتی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش و دەنگی ئاوارەی کوردانی ئێزدی) پووچەڵ بکرێنەوە.
 
ھەروەھا پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی 9ی حوزەیرانی 2018 ھەڵوێستی خۆی دەربڕی و ئەو بڕیار و ھەمواری یاسایەی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەغداوە رەتکردەوە و پووچەڵکردنەوەی دەنگی پێشمەرگە و پۆلیس و ھێزەکانی ئاسایشی وەک پێشێلکاریی دەستووری و پیلانی سیاسی دژ بە گەلی کوردستان و پرۆسەی دیموکراسی لەقەڵەمدا. بە ھەمان شێوە وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان و ھێزە سەرەکییەکانی کوردستان (ھەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە ھاوبەشی) ئەو بڕیارەی بەغدایان بە پیلان دژ بە پێشمەرگە و گەلی کوردستان وەسف کرد، کە ناکرێ مافێکی دەستووری لە پێشمەرگەی کوردستان بسەندرێتەوە. زۆر بەداخەوە لایەنی سیاسییش ھەبوون لە کوردستان خۆیان بەشێک بوون لە جووڵاندنی بێزووی دێرینی نەیارانی گەلی کوردستان، کە ھەمیشە دڵیان بۆ نانەوەی ئاشووب و تەفرەقە و پیلانگێڕیی و لەکەدارکردنی شکۆی کورد و کوردستان لێیداوە، وەک چۆن لە شازدەی ئۆکتۆبەردا ناپاکی دژ بە گەل و نیشتیمان کرا، ئەمجارەیان دەرھەق بە دەنگی پێشمەرگەش ھەمان ناپاکی دووبارە کرایەوە بەڵام بە شێوەیەکی دی. سێ لایەنی سیاسی؛ بەداخەوە کوردستانیی (بە دیاریکراوی و بێشەرمانە) دنەی شۆڤینیە عەرەبەکانیان دا لە بەغدا (لە ھەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و وەزیران) و وەک مەرج داوای پووچەڵکردنەوەی ئەنجامەکانی دەنگدانی تایبەتی کوردستانیان کرد لە بەرامبەر ئامادەبوونیان و تەواوکردنی نیسابی یاسایی دانیشتنە تایبەتەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەغدا بۆ ھەموارکردنی یاسای ھەڵبژاردنەکان.
 
زۆر بەداخەوە ئەو نوێنەرە بەناو کوردانە دەنگیان لە دژی پێشمەرگە و کوردستان دا، ئەو ستەم و کوشتوبڕ و تاڵانکاریەی گرووپە لە یاسادەرچووەکانی حەشدی شەعبییان لە خانەقین و دووز و داقووق و کەرکووک و دەشتی نەینەوا بیرچووەوە، کە لە رۆژانی دوای خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەر دژ بە گەلی کوردستان ئەنجامیاندا، بۆچی دەبێ دەنگی پێشمەرگەی کوردستان و پۆلیس و ئاسایشی کوردستان قەلپ و ساختە بێ و دەنگەکانی ئەو گرووپانەی حەشد پاک و بێگەرد بن لە دیدی پەرلەمانتەرانی ئەو سێ لایەنەوە؟!.
 
بۆیە ئەو راستییە بۆ مێژوو تۆمار دەکەین، چونکە وەک پێشتر باسمان کرد، کۆنووسی راسپاردەکانی لیژنەی باڵای ئەنجوومەنی وەزیرانی بەغدا ھیچ ئاماژەیەکی تێدا نییە سەبارەت بە بوونی ساختەکاریی لە دەنگدانی تایبەت و گشتیی ھەرێمی کوردستان، چ شتێک لەو چەند کاتژمێرەی کۆتایی روویدا لە دوای سەردانی سەرۆکی ئەو لایەنە کوردیە بۆ لای حەیدەر عەبادی و چ سەودا و مامەڵەیەکی گوماناوی لە نێوان ئەو لایەنانە ئەنجامدرا ھەتا وەکو بە تەنیا دەنگی تایبەتی پێشمەرگەی کوردستان پووچەڵ بکرێتەوە؟!.
 
خۆشبەختانە؛ وەک ھەمیشە وابووە، لە کۆتاییدا ئەمجارەش دەنگی راست و رەوای گەلی کوردستان سەرکەوت و لە رۆژی 21ی حوزەیرانی 2018 دادگای باڵای ئیتیحادی عێراق بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەم پرسە راگەیاند، کە پێشتر پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەرگرییکردن لە دەنگی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایشی کوردستان و دەنگی ئاوارەکان بەگشتی و ئاوارەی کوردانی ئێزدی بە شێوەیەکی تایبەت؛ تانەی لە بڕیار و ھەمواری یاساکەی ئاراستەی دادگای باڵای ئیتیحادی عێراق کرد، وەک چۆن لایەنی دیکەش تانەیان لەبارەی ھەڵبژاردنەکانەوە پێشکێش بە دادگای ناوبراو کردبوو.
 
بڕیارەکەی دادگای باڵا وەڵامێکی پڕ بە پێستی ئەو پیلانگێڕیە بوو دژ بە پێشمەرگە و تێکڕای گەلی کوردستان، لە دەقی بڕیارنامەی دادگادا ھاتووە کە رەفتارەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی وەزیران و بەتایبەتی ھەموارکردنی یاسای ھەڵبژاردنەکان ھاودژە لەگەڵ دەستووری ھەمیشەیی عێراق، لەبەر ئەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رێوشوێنی یاسایی تایبەتی دیارییکردووە بۆ یەکلاییکردنەوەی ھەر پرسێک پەیوەندیی بە ھەڵبژاردنەکانەوە ھەبێ. پێویست بەوە ناکات ئەنجوومەنی وەزیران لێژنەی باڵا بۆ لێکۆڵینەوە لە ساختەکاری و پێشێلکارییەکانی ھەڵبژاردن پێکبھێنێ، یان ئەنجوومەنی نوێنەران خۆی یاسا پێشێل بکا و ھەردووکیان (وەزیران و نوێنەران) بەو رەفتارانەیان تایبەتمەندی و دەسەڵاتەکانی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان پەک بخەن!.
 
دادگای باڵای ئیتیحادی بە روون و ئاشکرایی لە یەکەم خاڵی حوکمی خۆیدا نووسیویەتی "یەکەم: دەقی ماددەی (3) لە یاسای ھەموارکردنی سێیەمی یاسای ھەموارکراوی ژمارە (45) ساڵی 2013ی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەقێکی نادەستوورییە و لادەبردرێ لەبەر ئەو ھۆکارانەی دیارییکراون، چونکە ھاودژن لەگەڵ ماددەکانی (14 - 20 - 38/یەکەم)ی دەستوور و ئەنجوومەنی نوێنەران ئاگادار بکرێتەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی کە پێویستە...ھەروەھا ئاگادارکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق بەو پێکھاتانەی ھەیەتی کە لە ماددەی (3)ی یاساکەیدا ھاتووە، بۆ ئەوەی ئاگاداری ھۆکارەکانی حوکمدان بێ سەبارەت بە نادەستووریبوونی ماددەی (3)ی بابەتی تانەلێدراو، بۆ ئەوەی رەچاوی پرسێکی لەمجۆرە بکات کاتێک بە پێی ماددە (8)ی یاساکەی خۆی دەسەڵاتەکانی بەجێ دەگەیەنێ".
 
دادگای باڵا لە لە دووتوێی ئەم پرسەدا نووسیویەتی؛ ئەنجوومەنی نوێنەران بەم ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنە پێشێلی ئیرادەی ھاووڵاتیانی دەنگدەری کردووە، لەبەر ئەوەی دەستوور جەختی لەسەر ئەو پرانسیپە جێگیر و نەگۆڕانە کردووەتەوە و ناکرێ بە ھیچ بڕوبیانوویێک دەستی بۆ ببردرێ، مافی یەکسان و ئازادی رادەربڕین بەبێ جیاوازیی بەھۆی رەگەز و ئەتنیک و رەنگ و ئایین و بیروباوەڕ و رەوش و پێگەی ئابووری و جڤاکی؛ بنەما و کۆڵەکەی ژیانی ئازاد و دیموکراتیانەی ھاووڵاتیانن و بە دەستوور دیارییکراون، ھیچ کەس و دامەزراوەیەک بۆی نییە بەفیڕۆیان بدا، چونکە بە یاسا رێکخراون و ھەر بە گرتنەبەری رێوشوێنی یاساییش پرسەکانی تایبەت بە ھەڵبژاردنەکان یەکلایی دەکرێنەوە.
 
ئەمەیە دۆخی دیموکراسییەت لە وڵاتێکدا لووتکەی دامەزراوەکانی بەم پێشێلکارییە زەقانە ھەڵدەستن کە دوو دامەزراوەی ھەرە باڵان و کاریان یاسادانان و پاراستنی یاسا و بەرگرییکردنە لە مافی ھاووڵاتیان؛ ھەڵبەت ئەوانیش ھەردوو ئەنجوومەنی وەزیران و نوێنەرانی بەغدان، کە ئەگەر پیلان و مەرامی گڵاو نەبێ، ئەم دوو دامەزراوەیە یەک سوپا راوێژکاری یاسایی و دەستوورییان ھەیە، کەچی بە رۆژی رووناک یاسا و دەستوور پێشێل و ئەتک دەکەن.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەلیل ئیبراهیم مەندەلاوی

عێراق لەنێوان کۆمیدیا و تراجیدیای سیاسیدا

سیاقی کێشەکە لە هەڵەیەکی سەرپێیی قووڵترە، چونکە لە کاتێکدا کە مەڵبەندە سیاسییەکان سەرقاڵی جەختکردن بوون لە پێویستیی پاراستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لیژنە تایبەتمەندەکە بە شێوەیەکی کۆمیدی پاساوی بۆ ئەو هەڵەیە هێنایەوە و، لێدوانێکی دەرکرد کە وەک پێویست یەکلاکەرەوە نەبوو، لە داواکردنی لێبووردنی منداڵێکی بچووک دەچوو کاتێک شووشەیەک لە ماڵەوە دەشکێنێت، کاتێک دەڵێت دانانی ئەو قەوارانە لە لیستەکەدا تەنیا رووداوێکی لاوەکی بووە، هاوشێوەی دۆخی شەرمهێنی دەست دانان لەسەر دوگمەی ناردن بۆ هەموو لە گرووپێکی خێزانیدا کە پڕە لە خزمی فزووڵ، بۆت دەردەکەوێت لە نامەکەدا بڕگەیەکی هەڵە هەیە. پاساوی لیژنەکە بە رستەیەکی فەرمیی جدی داڕێژرا: "پێش هەڵەگری بڵاوکرایەوە و دواتر راستی دەکەینەوە". وشەکان بەم جۆرە دەرکەوتن، وەک ئەوەی بە هێزەوە نالێهاتوویی رابگەیێنن، وەک ئەوەی کەوتنە نێو چاڵێکی هەڵەی سیاسی شتێکی ئاسایی بێت لە جیهانی سیاسەت لە عێراق دا، بەڵکو وەک ئەوەی کارەکە پەیوەندیی بە هەڵەیەکی رێنووسەوە هەبێت لە جۆری نووسینی "ئەمە" لە جیاتی "ئەمە" بێت، نەک دانانی کۆمەڵە گرووپێکی ناوچەکە لە لیستەکانی تیرۆردا