بیرکردنەوەی واشنتن لەبارەی شەڕ لەگەڵ ئێران

19-06-2025
دیار کوردە @diyarkurda
A+ A-
 
تاوەکو ئێستا دۆناڵد ترەمپ بڕیاری کۆتایی نەداوە بەشداری لە شەڕی ئێران بکات یان نا، بیریان لە بژاردەی سەربازی کردووەتەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ بژاردە سەربازییەکانیش کردووە، تەنیا ئەوە ماوە بڵێت، "دەستپێبکەن"، بەڵام دەیانەوێت تاوەکو دوایین خولەک دەرفەت بدەنە دیپلۆماسی و رێککەوتن. لە دوایین لێدوانیشدا دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی گوتی، ''رەنگە بەشداری لە شەڕەکە بکەین، رەنگە بەشداریش نەکەین، دوا خولەک بڕیار دەدەم چی دەکەین''.
 
دۆناڵد ترەمپ خۆی نایەوێت بچێتە نێو شەڕەکەوە، لە دڵەوە حەز دەکات بە رێککەوتن ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، بۆیە لە چەند رۆژی رابردوودا، پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوان وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەبووە، تاوەکو ئێستا ئەمریکا هیوای بەوەیە رێککەوتن بکرێت، چەند جارێکیش دۆناڵد ترەمپ بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکە کردووە و بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیاش کردووە کە پەیامەکانیان بە ئێران بدات و گوشار لە ئێران بکات بە رێککەوتن رازی بن.
 
لە ئەگەری رێکنەکەوتن، ئەمریکا لە قۆناخی یەکەمدا هێرشێکی سنووردار بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات بەتایبەتیش بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ لە رێگەی فڕۆکەی "بی دوو" کە توانای هەڵگرتنی بۆمبی 14 تۆنی هەیە. هۆشداریش بە ئێران بدات، لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا وەڵامی ئەمریکا نەداتەوە، یان وەڵامەکانی هاوشێوەی ئەو وەڵامانە بن کە لە تۆڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی کردنی، واتە زیانی گیانیان نەبێت.
 
شتێک تاوەکو ئێستا رێگری لەوە دەکات دۆناڵد ترەمپ بەخێرایی هەنگاو بۆ ئەو بژاردەیە نەنێت، ترس لە فراوانبوونی شەڕەکە و تێوەگلانی زیاتری ئەمریکایە و بەشداریی گرووپ و لایەنەکانی دیکەیە لەم شەڕە، بۆیەش دڵنیا دەبنەوە لەوەی هێرشەکانیان پەلکێشی ئەم قۆناخەیان ناکات، ئەگەر پەلکێشیش بکرێن تەواو ئامادەن.
 
لەم قۆناخەدا، ئەمریکا خواستی رووخاندنی حکومەتی نییە و ناشیەوێت لەم قۆناخەدا سەرقاڵی بنیادنانەوەی ئێرانی نوێ و لێکەوتەکانی ئەو جەنگە و رووخانی ئەو حکومەتە بێت وەک نموونەی عێراق و ئەفغانستان کە دۆناڵد ترەمپ خۆی دژی هەردوو شەڕەکە بووە و دەریشکەوتووە ئەمریکا زیانی زیاتر بووە لە سوود لەم دوو شەڕەدا، کە خەرجییەکی زۆر دەخاتە ئەمریکا و لەڕووی سیاسیشەوە لە نێوخۆ زیانی گەورە بە دۆناڵد ترەمپ و پارتەکەشی دەگەیێنێت.
 
ئەمریکا چاوەڕێ دەکات، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری نیمیتز بگاتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە دوو رۆژە بەڕێکەوتووە، لەگەڵ کەشتیی فڕۆکەهەڵگری کارل ڤێنسن، هەردووکیان لە ناوچەکە ئامادە دەبن تاوەکو بتوانن لە کاتی پێویستدا رووبەڕووی هەڕەشەکان ببنەوە، یان رێگری لە فراوانبوونی شەڕەکە بکەن بە وەشاندنی گورزی کاریگەر و یەکلاکەرەوە.
لەم چەند رۆژەی رابردوودا، ژمارەیەک فڕۆکە و فڕۆکەی دابینکردنی سووتەمەنیان رەوانەی ناوچەکە کردووە، بەتایبەتیش بۆ ئەورووپا، هەروەها، دەستیانکردووە بە گواستنەوەی هەندێک کەلوپەلی سەربازی ناپێویست و تایبەت لە چەند بنکەیەکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تاوەکو لە زیان بیان پارێزن. بەشێک لەم بڕیارە سەربازییانە بۆ سیاسەتی "دیتێرانسە"، واتە دوورخستنەوەی شەڕ، نەک بەکارهێنانی فڕۆکەکان لە شەڕدا و دەستپێشخەری لە هێرشدا.
 
لە کۆنگرێس بۆچوونی جیاواز هەن، ئێستا داوای راوێژ یان بڕیاری کۆنگرێس بۆ بەشداری لە شەڕ دەکرێت، ئەوەش دەسەڵاتی کۆنگرێسە، بەڵام وەزارەتی داد و ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ پێییان وایە لەم قۆناخەدا دەتوانن بەبێ رەزامەندیی کۆنگرێس ئەو کارە بکەن وەک چۆن لە ساڵی 2017 بەرامبەر سووریا و لە ساڵی 2020 دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی کردیان، بەڵام لە دوای هێرشەکە لە نامەیەکدا کۆنگرێس ئاگادار دەکەنەوە، واتە لە کەمتر لە 48 کاژێردا.
 
هەفتەی داهاتوو، کۆشکی سپی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ کۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیران دەکات، کۆبوونەوەکە داخراوە. لەبارەی ئەگەری تێوەگلانی ئەمریکا لە شەڕەکە و گۆڕینی حکومەتی ئێران، چی بکات، تاوەکو چەند ئامادەیە، سوود و زیانەکانی بۆ ئەمریکا چییە، ئەم هەنگاوە بنێن یان نا، ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر داواکاریی کۆنگرێسە، بەتایبەتیش دیموکراتەکان.
 
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، ئێستا کۆشکی سپی ئەوەی بڕاندووەتەوە کە لەم قۆناخەدا کۆتایی بە پرسی ئەتۆمیی ئێران دەهێنن، تاوەکو دەکرێت بە بژاردەی دیپلۆماسی، ناچاربن بە بژاردەی سەربازی سنووردار و دیزاینکراو و حیساب بۆکراو، چونکە وەستانی شەڕەکە بەم شێوەیە و جێهێشتنی پرسی ئەتۆمیی ئێران بەم شێوەیە، ئێران بەهێزتر دەکات و سەرئێشەی گەورەتر بۆ ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی دروست دەبێت کە ئەمڕۆش نەبێت، بەیانی دەبێت رووبەڕووی ببنەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە کۆشکی سپی لەگەڵ وەزیری دەرەوە و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا کۆدەبێتەوە، رۆژی هەینیش وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و هاوتا ئەوروپییەکانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران کۆدەبێتەوە، ئامانجی کۆبوونەوەکان رێککەوتن و وەستاندنی شەڕەکەیە.
 
بەشێوەیەکی گشتی، رای گشتیی ئەمریکا لەگەڵ هەڵگیرساندنی جەنگ نین، بەڵام ئەگەر ئەمریکا هێرشی سنووردار بکاتە سەر ئێران و ئێران وەڵام بداتەوە و زیان بە ئەمریکییەکان بگەیێنێت، رەنگە گۆڕان لەو بۆچوونانە دروست ببێت.
 
دیموکراتەکان کار لەسەر ئەم سیاسەتانەی دۆناڵد ترەمپ دەکەن بۆ ناوچەکە و دەیانەوێت لە هەڵبژاردنی میدتێرم، واتە خوولی داهاتووی کۆنگرێس، لە کۆمارییەکان ببەنەوە و زۆرینەی کۆنگرێس وەربگرنەوە، ئەوکات دەتوانن سەر ئێشەی گەورە بۆ ئیدارەی ترەمپ دروست بکەن هەر لە داخستنی حکومەت تاوەکو دەگاتە لێپرسینەوە لە سەرۆک کە لە ئیدارەی یەکەمی دۆناڵد ترەمپ دیموکراتەکان هەردووکیان بەرامبەر بە ترەمپ کردووە.
 
لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە، کەسایەتیی دۆناڵد ترەمپ جیاوازە لە کەسایەتیی سەرۆکەکانی پێشووتر، بۆیەش دەکرێت شتەکان زۆر بەخێرایی بگۆڕێن و هەنگاو و بڕیاری دژ بە زانیاری و پێشبینییەکان لە واشنتنەوە ببینین و ببیستین، بەڵام ئەمانەی سەرەوە پشتیان بەستووە بەو زانیارییانەی تائێستا بەردەستن نەک شرۆڤە و شیکردنەوە و بۆچوون، چونکە زۆر هاوڕێی ئازیز داوای بەرچاوڕوونیان کردووە، ویستم بەم نووسینە ئەو وێنەیە روونبکەمەوە کە من لێرە دەیبینم و لە لایڤەکانی رووداو بە وردی و درێژتر باسمان کردوون، چاوتان لەسەر رووداو بێت بۆ زانیاری و پێشهاتی نوێ.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سیروان رەحیم

عەبەی مامەسەعە و کوردە تێکدەرەکان

بەڕێزم؛ نەک هەر ئەو پیاوە باشە "کاکە عەبە" و نەک هەر ئەو جاشە، هیچ پەیوەندییان بە ئیسرائیل و کۆلۆنیالیزمەوە نەبوو، بەڵکو بەگشتی کورد بێ پەیوەندین بەو لایەنانەوە، کورد خاوەنی دۆزە. کەس دنەیان نادا، مرۆڤی کورد خۆی ویستی ئازادی و ژیانێکی شکۆدارانەی هەیە. بەداخەوە ئێوە ناژنەفن، بەڵام چ داگیرکەرێک دەبیستێت؟ دیرۆک ئەوەمان پێدەڵێت.