تیشكێك بۆ سەر وتارەكەی نێچیرڤان بارزانی لە سلێمانی

19-10-2021
سەرمەد لەتیف
A+ A-
 
رێزدار نێچیرڤان بارزانی لە رۆژی 6ـی ئۆکتۆبەری 2021، لە بانگەشەی حیزبەکەیدا لە شاری سلێمانی وتارێکی خوێندەوە و ئاماژەی بە چەند خاڵێکی مێژوویی نێوان بنەماڵەی مەلیک مەحموودی حەفید و بنەماڵەی بارزان کرد. بە کورتی باسەکەی لەم چوار خاڵەدا کۆدەبێتەوە:
 
1. تێكەڵاویی بنەماڵەی بارزان لەگەڵ سلێمانی و ئەم ناوچەیە، دەگەڕێتەوە بۆ مێژوویەكی كۆنتر لە دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان. مێژووی خەبات و ئەرشیڤی وێنەكانی بنەماڵەی بارزان و بنەماڵەی شێخ مەحموودی حەفید و بنەماڵەكانی پێنجوێن و هەڵەبجە و پشدەر و بیتوێن و گەرمیان، شایەتی ئەو پەیوەندییەن.
 
2. هەموومان دەزانین پەیوەندیی بنەماڵەی بارزان لەگەڵ شۆڕشی شێخ مەحموودی نەمر چۆن بووە. هەموومان دەزانین لە چلەكاندا خەڵكی سلێمانی چەند ئازایانە هاوكاریی بارزانیی نەمر و بارزانییەكانییان كرد ئەوانەی كە دوورخرابوونەوە و لە سلێمانی دەژیان، لەم شارە دەژیان. هەر لە سلێمانی، شێخی نەمر و كەسایەتییەكانی شار، هاوكاریی بارزانییان كرد بۆ گەڕانەوە بۆ بارزان و هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش لە ناوچەی بارزان، ئەوە لە سلێمانی دەستیپێكردووە.
 
3. لە سەرەتای دروستكردنی دەوڵەتی عێراق دا، شەڕ هەمیشە لەگەڵ دوو ناوچە بووە، لەگەڵ سلێمانی و بارزان بووه‌، چونكە هەردوو ناوچە پێكەوە پێشەنگ بوون لە شۆڕشدا، پێشەنگ بوون لە شۆڕشی رزگاریخوازی كوردستان دا.
 
4. بارزانیی نەمر، زۆر بایەخی بەم ناوچەیە داوە، لەبەرئەوەش لە سەرەتای دامەزراندنی پارتییه‌وه‌، راسپاردەیەكی سەرەكیی بارزانیی نەمر ئەوەبوو كه‌ شێخ لەتیفی نەمر، هاوكار و جێگری بێت لە سەرۆكایەتیی پارتی دا.
 
لێرەدا بە پێویستی دەزانم تیشکێک بخەمە سەر وتارەکەی رێزدار نێچیرڤان بارزانی. بنەماڵەی شێخ مەحموودی نەمر و بنەماڵەی بارزان رۆڵی سەرەکییان گێڕاوە لە شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی نەتەوەی کورد بۆ بەرگریکردن لە ناسنامەی میللـەتەکەمان. دروستبوونی پەیوەندی لەنێوان شێخ مەحموودی نەمر و شێخ ئەحمەدی بارزان و مەلا مستەفای بارزان لووتکە پرۆژەی نیشتیمانی و نەتەوەیی بوو. پێویستییەک بوو بۆ یەکخستنی هێزی کورد لەو سەردەمەدا.
 
ئەگەر چاوێک بە مێژوودا بخشێنینەوە، دەیان نموونەی بەرزی کوردانە دەبینین لە پەیوەندی نێوان بنەماڵەی شێخی نەمر و بنەماڵەی بارزان. کاتێک شێخی نەمر لە ساڵی 1919 دژی دەسەڵاتدارێتیی ئینگلیز راپەڕی و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی راگەیاند لەپێناو دەستەبەرکردنی مافی لەدەستچووی گەلی کوردستان لە دەوڵەتە تازە دامەزراوەکان دا. لەوکاتەدا شێخ ئەحمەدی بارزان بە نامەیەک سەرۆک هۆزەکانی ئاگادار کردەوە کە یارمەتی شێخ مەحموودی نەمر بدەن و بۆ خۆیشی هێزێکی چەکداری بە سەرۆکایەتی مستەفا بارزانی بۆ هاوکاری شێخی نەمر رەوانەی دەڤەری سلێمانی کرد. مستەفا بارزانی بە دوو هێڵی باڵەک و دۆڵی بیاودا بەڕێکەوت بۆ یارمەتی شێخی نەمر و لەشکرەکەی. ئەوەبوو هەردوو هێز دوای دەربازبوونیان لە چەندان کەمین، خۆیان گەیاندە دەوروبەری سلێمانی، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئاکام بوون، چونکە ئینگلیزەکان بە هێرشی هەوایی و زەوینی دەوڵەتی راگەیێندراوی شێخ مەحموودیان تێکشکاند و خودی شێخی نەمریش بە برینداری دەستگیرکرا و دوورخرایەوە بۆ دوورگەی ئەندامان لە هیندستان، بەڵام دواتر لەژێر گوشاری خەڵکی بەشەرەفی کوردستاندا ئینگلیز ناچارکرا شێخی نەمر بگەڕێننەوە کوردستان لە ساڵی 1922.
 
 
هەروەها کاتێک مستەفا بارزانی و بارزانییەکان لە سلێمانی دەستبەسەربوون لە کۆتایی ساڵانی سییەکان و سەرەتای ساڵانی چلەکانی سەدەی رابردوودا، شێخ لەتیفی حەفید و حەپسەخانی نەقیب هاوکاری و پاڵپشتییان بە نهێنی و ئاشکرا دەکردن. تاوەکو ئەو ساتەی بە پلانێکی تۆکمەی شێخ مەحموودی نەمر و شێخ لەتیف، بارزانی نەمر بە سەلامەتی لە سلێمانییەوە رەوانەی بارزان کرایەوە و شۆڕش جارێکی دیکە هەڵگیرسایەوە.
 
دوای گەڕاندنەوەی بارزانی لە یەکێتی سۆڤیەت، سەرلەنوێ شێخ لەتیفی حەفید پشتیوانی خۆی بۆ بارزانی دووپات کردەوە. هەرچەندە بەهۆی کەرتبوونی سەرانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی لە باشوری کوردستان، زۆر هەوڵی ئەوە درا کە شێخ لەتیف بکرێتە شمشێری لەتکردنی بزووتنەوەکە، بەڵام شێخ نەچووە ژێر باری ئەو هەوڵانەوە و ئەوەی پێیکرا کردی بۆ ئەوەی شۆڕشەکە لەژێر فەرمانی بارزانیدا بەردەوام بێت و یەکڕیزی کورد پارێزراوبێت، بەڵام لە دوای کۆچی دوایی شێخ لەتیفی حەفیدەوە، نەتوانرا ئەو پەیوەندییە بەردەوام بێت.
 
بەپێی ئەو دۆکیۆمێنتانەی لەسەر باشووری کوردستان کە د.کەمال مەزهەر و د. عوسمان عەلی و د. نەجات عەبدوڵڵا لە ئینگلیزی و فەرەنسییەوە وەریانگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، ئاماژە بەوە دەکەن کە بەریتانیا نیازی نەبووە قەوارەیەکی سیاسی بۆ کورد دابمەزرێنێت و مافی سەربەخۆیی بداتە کورد. بگرە هەر لە سەرەتاوە پلانیان دانابوو کە ویلایەتی مووسڵ بلکێنن بە عێراقی عەرەبییەوە. هەربۆیە دژی هەموو یەکڕیزییەکی کورد دەوەستانەوە و سیخوڕی خۆیان دەخستە ناو هێزە کوردییەکانەوە. روون و ئاشکراشە کە داینەمۆی شۆڕش لە باشووری کوردستان لەلایەن بنەماڵەی شێخی نەمر و بنەماڵەی بارزان داگیرسابوو. هەربۆیە ئینگلیزەکان لەو سەردەمەدا لەم پەیوەندییە دەترسان و بەردەوام لە پیلانگێڕاندا بوون بۆ تێکدان و هەڵوەشاندنەوەی!

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەلیل ئیبراهیم مەندەلاوی

عێراق لەنێوان کۆمیدیا و تراجیدیای سیاسیدا

سیاقی کێشەکە لە هەڵەیەکی سەرپێیی قووڵترە، چونکە لە کاتێکدا کە مەڵبەندە سیاسییەکان سەرقاڵی جەختکردن بوون لە پێویستیی پاراستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لیژنە تایبەتمەندەکە بە شێوەیەکی کۆمیدی پاساوی بۆ ئەو هەڵەیە هێنایەوە و، لێدوانێکی دەرکرد کە وەک پێویست یەکلاکەرەوە نەبوو، لە داواکردنی لێبووردنی منداڵێکی بچووک دەچوو کاتێک شووشەیەک لە ماڵەوە دەشکێنێت، کاتێک دەڵێت دانانی ئەو قەوارانە لە لیستەکەدا تەنیا رووداوێکی لاوەکی بووە، هاوشێوەی دۆخی شەرمهێنی دەست دانان لەسەر دوگمەی ناردن بۆ هەموو لە گرووپێکی خێزانیدا کە پڕە لە خزمی فزووڵ، بۆت دەردەکەوێت لە نامەکەدا بڕگەیەکی هەڵە هەیە. پاساوی لیژنەکە بە رستەیەکی فەرمیی جدی داڕێژرا: "پێش هەڵەگری بڵاوکرایەوە و دواتر راستی دەکەینەوە". وشەکان بەم جۆرە دەرکەوتن، وەک ئەوەی بە هێزەوە نالێهاتوویی رابگەیێنن، وەک ئەوەی کەوتنە نێو چاڵێکی هەڵەی سیاسی شتێکی ئاسایی بێت لە جیهانی سیاسەت لە عێراق دا، بەڵکو وەک ئەوەی کارەکە پەیوەندیی بە هەڵەیەکی رێنووسەوە هەبێت لە جۆری نووسینی "ئەمە" لە جیاتی "ئەمە" بێت، نەک دانانی کۆمەڵە گرووپێکی ناوچەکە لە لیستەکانی تیرۆردا