قوتابخانەی ئەڵمانی لە هەولێر و بزووتنەوەی قوتابخانەی سەوز

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیپان عەبدولسەلام بەرواری
A+ A-
 
لە ساڵی 2025، قوتابخانەی ئەڵمانی لە هەولێر (GSE) یادێکی گرنگ دەکاتەوە، کەم دامەزراوەی پەروەردەیی لە هەرێمی کوردستان دەتوانن بەم شانازییەی قوتابخانەکە بانگەشەی بۆ بکەن: 15 ساڵ لە باڵایی ئەکادیمی، ئاڵوگۆڕی کولتووری و خزمەتکردنی کۆمەڵگە، ئەوەی وەکو دەستپێشخەرییەکی سادە بۆ هێنانی ستانداردە پەروەردەییەکانی ئەڵمانیا بۆ هەولێر دەستیپێکرد، ئێستا گەشەی کردووە و بووەتە قوتابخانەیەکی زیندوو، فرەچەشن و چاو لە داهاتوو، خزمەتی سەتان قوتابی دەکات لە باخچەی ساوایانەوە تاوەکو پرۆگرامی دیپلۆمی بەکالۆریای نێودەوڵەتی (IB)ـی زمانەوانی.
 
وەکو سەرۆکی بۆرد، ئەو شەرەفەم هەبووە شایەتی گەشەسەندنی قوتابخانەکە بکەم بۆ دامەزراوەیەکی ئەکادیمیی پێشەنگ، قوتابخانەیەک باشترین نموونەی بەهاکانی هەردوو ئەڵمانیا و کوردستانە لە دیسپلین، داهێنان، بەرپرسیارێتی و نوێگەری. 
 
ئەمڕۆ، قوتابخانەی ئەڵمانی لە هەولێر تەنیا وەکو ناوەندێکی پەروەردەی بە کواڵێتی نەوەستاوە، بەڵکو وەکو چرایەکیشە بۆ بیرۆکەی پێشکەوتوو، بەرپرسیارێتیی ژینگەیی و هاووڵاتیبوونی جیهانی.
 
پەروەردەیەکی ئەڵمانی لە دڵی کوردستاندا
 
قوتابخانەی ئەڵمانی لە هەولێر لە هەرێمەی کوردستاندا بێوێنەیە. وەک دامەزراوەیەکی قازانج نەویست لەلایەن بەرپرسانی پەروەردەیی ئەڵمانیاوە سەرپەرشتی دەکرێت، پەیڕەوی پرۆگرامێکی چڕ دەکات جەخت لەسەر فرەزمانی، لێکۆڵینەوەی زانستی و بیرکردنەوەی سەربەخۆ دەکاتەوە. فێرخوازانی گەنج گەشتەکەیان لەگەڵ ئێمە لە باخچەی ساوایان دەستپێدەکەن، بە قۆناخەکانی سەرەتایی و ناوەندیدا بەردەوام دەبن و دواجار دەچنە پرۆگرامێکی بەهاداری بەکالۆریای نێودەوڵەتیی، ئەم رێچکەیە دڵنیایی دەدات منداڵ دەتوانێت لەناو ژینگەیەکی ئەکادیمیی یەکگرتوودا گەشە بکات، فێربێت و پێبگات، بە پشتیوانی بەها جێگیرەکان، ستانداردە مۆدێرنەکانی وانەوتنەوە و ئاراستەیەکی بەهێزی نێودەوڵەتی.
 
فەلسەفەی وانەگوتنەوەمان لەسەر بنەمای فێرکردنی قوتابیانە بەو لێهاتووییانەی بۆ سەدەی 21  پێویستن: توانستی قووڵی زمانی ئەڵمانی و ئینگلیزی، بیرکردنەوەی شیکاری و زانستی، هۆشیاریی نێوان کولتوورەکان و رێزگرتنێکی قووڵ بۆ فرەچەشنی. ئێمە شانازی دەکەین بە ئامادەکردنی قوتابیان نەک تەنیا بۆ زانکۆکانی کوردستان و عێراق، بەڵکو بۆ دامەزراوەکانی سەرانسەری ئەڵمانیا، ئەوروپا و جیهانیش.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، شایستەیی ئەکادیمی بە تەنیا بەس نییە. بۆ گەشەکردن لە جیهانیی ئاڵۆزدا، گەنجان پێویستیان بە زیاتر لە زانیارییە، پێویستیان بە ئامانجە، بۆ ئێمە لە (قوتابخانەی ئەڵمانی لە هەولێر، ئەو ئامانجە بریتییە لە تێگەیشتن لە بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر بە ژینگە.
 
لەدایکبوونی دیدگەی قوتابخانەی سەوز
 
هەرێمی کوردستان بە جوانیی سرووشتی، چیا، دۆڵ، دەشتە بەپیتەکان و دارستانە چەند سەدەییەکان ئاوەدانە، بەڵام رووبەڕووی ئاڵنگاریی ژینگەیی قووڵیش دەبێتەوە: کەمئاوی، پیسبوون، گوشار کەشوهەوا، خراپ بەڕێوەبردنی پاشماوە و دانیشتووانی گەنج کە خێراتر لەوە گەشە دەکەن ژێرخانی گشتی بتوانێت خۆی بگونجێنێت.
 
پرسیارێکی سادەمان لە خۆمان کرد: قوتابخانەیەک دەتوانێت چی رۆڵێک بگێڕێت لە داڕشتنی داهاتوویەکی بەردەوام بۆ هەرێمەکەمان؟ وەڵامەکە بووە بەردی بناخەی گۆڕانکارییەکی گەورە لە ئەرکی پەروەردەییماندا. لە ساڵی 2024، قوتابخانەی ئەڵمانی لە هەولێر بە فەرمی دەستپێشخەریی قوتابخانەی سەوزی راگەیاند، بەمەش پەیوەندی بە بزووتنەوەیەکی جیهانییەوە کرد کە لەلایەن دامەزراوەی پەروەردەی ژینگەیی (FEE) و پرۆگرامی نێودەوڵەتیی ئیکۆ-سکۆڵس (Eco-Schools) ئیلهامی وەرگرتووە، خواستمان هەبوو بۆ ئامانجەکەمان بەڵام بە روونی : بەردەوامی جێگیری لە هەموو گۆشەیەکی ژیانی قوتابخانەدا، نەک وەکو وانەیەک، بەڵکو وەک کولتوورێک. قوتابخانەی سەوز زیاترە لە کەمپەسێک کە روەک و سەتڵی ریسایکلینی هەبێت. بریتییە لە کۆمەڵگەیەک بەرپرسیارێتیی ژینگەیی، هۆشیاریی کەشوهەوا و ئەزموونی کردەیی گەشە پێدەدات. قوتابییان فێردەکات کە بەردەوامی بیرۆکەیەکی خەیاڵی نییە؛ شتێکە کە دەتوانن هەموو رۆژێک بە کردار بیکەن.
 
لە چەمکەوە بۆ کردار: بونیاتنانی بەردەوامی لە ژیانی رۆژانەدا
 
تەنیا لە یەک ساڵی خوێندندا، گۆڕانکارییەکە بەرچاو بوو، قوتابخانەی ئەڵمانی لە هەولێر هەنگاوی بوێرانەی ناوە بۆ ئەوەی پەروەردەی ژینگەیی بکات بە شتێکی بەرجەستە، بەشێوەیەک کردەیی بێت و تێکەڵ بێت بە فێربوونی رۆژانە.
 
- نەهێشتنی پلاستیکی یەکجار بەکارهاتوو
 
یەکێک لە یەکەم بڕیارەکانمان قەدەخەکردنی بوتڵە پلاستیکییە یەکجار بەکارهاتووەکان بوو لە سەرانسەری کەمپەسەکەدا، لەجیاتی ئەوە، قوتابیان و کارمەندان بوتڵی فرەجار بەکارهاتوو بەکاردەهێنن. ئەم هەنگاوە سادەیە بەشێوەیەکی بەرچاو پاشماوەی پلاستیکی کەمکردووەتەوە و یارمەتیدەر بووە لە بەرزکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی خووەکانی بەکاربردن.
 
- جیاکردنەوەی پاشماوە و هۆشیاریی ریسایکلین
 
سەتڵی پاشماوەی رەنگ-دیاریکراومان بۆ کاخەز و پاشماوەکانی دیکە بەکارهێنا، قوتابیان چالاکانە بەشدارن لە جیاکردنەوەی پاشماوە بەشێوەیەکی دروست، لە کرداردا فێردەبن فڕێدانی بەرپرسیارانە چۆنە.
 
- دروستکردنی سیستەمێکی کارای پەیین (کۆمپۆست)
 
تیمەکەمان ناوچەیەکی پەینیان لە باخچەی قوتابخانە دروستکرد. ئێستا پاشماوەی ئۆرگانیکی باخچەکە لە گەڵا، گیا، پاشماوەی رووەک - هەروەها پاشماوەی خۆراکی چێشتخانەی قوتابخانە، دەگۆڕدرێن بۆ پەینی سرووشتی. قوتابیان لە هەموو قۆناخەکاندا بەشدارن: کۆکردنەوەی گەڵاکان، چاودێریکردنی پەینەکە و بەکارهێنانی خاکەکە لە باخچەکانماندا.
 
- سەوزکردنی کەمپەس بە گیای بۆنخۆش، رووەک و درەخت
 
باخچەی قوتابخانە بووەتە پۆلێکی زیندوو، ئێمە گیای بۆنخۆش، گوڵ و نەماممان بە بەشداریی قوتابیانی قۆناخە جیاوازەکان چاند. ئەم ئەزموونە کردەییە نەک تەنیا زیندەزانی، بەڵکو فێری ئارامی، گرنگیپێدان و رێزگرتن سرووشتمان دەکات.
 
- داهێنان لە دووبارە بەکارهێنانەوە 
 
بۆ هاندانی بیرکردنەوەی داهێنەرانە دەربارەی پاشماوە، قوتابیان گوڵدان، کەرەستەی جوانکاری و پارچەی هونەرییان لە قوتوو، بوتڵ و شووشەی بەکارهاتوو دیزاین کرد. لەڕێگەی ئەم چالاکییانەوە، بەهای گۆڕینی مەبەستی بەکارهێنانی کەرەستەکان فێردەبن لەجیاتی فڕێدانیان.
 
- پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوە
 
یەکێک لە هەنگاوە هەرە سەرنجڕاکێشەکانمان دروستکردنی فڕنی سادەی خۆر بوو لەلایەن قوتابیانەوە، کە رێگەی پێدان گەڕان بکەن لەوەی چۆن وزەی خۆر دەتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ گەرمی. هەروەها سیستەمێکی بچووکی فۆتۆڤۆڵتاییکمان دانا، کە لەلایەن تێراوات (Terrawatt)، کۆمپانیایەکی نێوخۆییەوە پشتیوانی دەکرێت، کە یەکەم هەنگاوە بەرەو خواستی زۆر گەورەتر: پلانی دانانی نزیکەی 150 پانێڵی خۆر لەسەر سەربانی قوتابخانە، بۆ ئەوە هێشتا بەدوای سپۆنسەرێکدا دەگەڕێین. ئەمە بەشێوەیەکی بەرچاو شوێنپێی کارەبای قوتابخانە کەم دەکاتەوە و وەکو نموونەیەکی راستەقینە و بەرچاوی وزەی پاک بۆ قوتابیان و سەردانیکاران خزمەت دەکات.
 
- سەردانە پەروەردەییەکان
 
بۆ قووڵکردنەوەی تێگەیشتنی کردەیی، سەردانمان بۆ نەمامگە، خانوویەکی پلاستیکیی مۆدێرن و کارگەیەکی ریسایکلینی پلاستیک رێکخست. بینینی کارە پیشەییەکان لە نزیکەوە رێگە بە قوتابیان دەدات فێربوونی تیۆری بە چارەسەرە جیهانییەکان بەشێوەیەکی راستەقینە گرێ بدەن — کە پێزانینێکی قووڵتریان پێدەبەخشێت بۆ گرنگیی چاودێریکردنی ژینگە.
قوتابخانەی سەوز وەکو ئەرکێکی کولتووری

پڕۆژەی قوتابخانەی سەوزمان تەنیا لە چالاکییە ژینگەییەکاندا سنووردار نییە. بەشێکە لە ئەرکێکی گەورەتر بۆ پێگەیاندنی هاووڵاتیی بەرپرسیار، هۆشیار و تێکەڵ بە کۆمەڵگە. لە ناوچەیەکدا دانیشتووانەکەی گەنجن و لە گەشەکردندان، هۆشیاریی ژینگەیی بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی داهاتوو پێویستە، بە تێکەڵکردنی گەشەسەندوویی لەناو پەروەردەدا، ئێمە یارمەتیی بونیاتنانی نەوەیەک دەدەین بەهای خاکەکەی دەزانێت، سەرچاوەکانی دەپارێزێت و لە دەرەنجامەکانی فەرامۆشکردنی ژینگە تێدەگات. ئەم گۆڕانکارییە نەک تەنیا کۆمەڵگەی قوتابخانەکەمان بەڵکو کۆمەڵگەی دەوروبەریشمان بەهێز دەکات. قوتابیان زانیارییەکانیان دەبەنەوە ماڵەوە، فێری خوشک و برا، دایک و باوک و هاوڕێکانیان دەکەن، زۆر خێزان ئێستا داوای ئامۆژگاریمان لێدەکەن دەربارەی دروستکردنی پەین، چاودێریی رووەک و ریسایکلین لە ماڵەوە. ئێمە بڕوامان وایە گۆڕانکاری لە تاکەکانەوە دەستپێدەکات، و قوتابیان باشترین نوێنەری ئەو گۆڕانکارییەن.

روانین بۆ داهاتوو: داهاتوویەکی گەشەسەندوو بۆ پەروەردە لە کوردستان

کاتێک یادی 15 ساڵەی دامەزراندنی قوتابخانەی ئەڵمانی لە هەولێر دەکەینەوە، تەنیا بیر لە دەستکەوتەکانمان ناکەینەوە. ئێمە دیدگەیەک بۆ 15 ساڵی داهاتوو دادەڕێژین — دیدگەیەک کە لەسەر باڵایی ئەکادیمی و بەرپرسیارێتیی ژینگەیی دامەزراوە.

ئامانجەکانمان ئەمانە لەخۆدەگرن:

دامەزراندنی خانوویەکی پلاستیکیی تەواو و سەنتەری فێربوونی هایدرۆپۆنیک لە کەمپەس
فراوانکردنی دامەزراوەکانی وزەی نوێبووەوە
دەستپێکردنی ئەنجوومەنێکی گەشەسەندوو بە سەرکردایەتیی قوتابیان
بەهێزکردنی هاوبەشی لەگەڵ دەستە حکومییەکان، رێکخراوە ناحکومییەکان (NGO) و رێکخراوە ژینگەییەکان
تێکەڵکردنی بەردەوامی لەناو پرۆگرامی خوێندنی هەموو قۆناخەکاندا
برەودان بە گەشتیاریی پەروەردەیی لەڕێگەی وۆرکشۆپی قوتابیان و چالاکییە ژینگەییەکانەوە

پەیامێک بۆ خەڵکی کوردستان

قوتابخانەی ئەڵمانی لە هەولێر هی کۆمەڵگەکەیەتی، ئەمڕۆ بەهۆی متمانەی خێزانەکان، دڵسۆزیی مامۆستایان و پاڵپشتیی هاوبەشان لە کوردستان و ئەڵمانیاوە لەسەر پێیە، کاتێک یادی 15 ساڵەی خزمەتکردنی قوتابخانەکە دەکەینەوە، سوپاسگوزاریی خۆمان ئاراستەی هەموو ئەوانە دەکەین کە بەشێک بوون لەم گەشتە. لەوەش گرنگتر، ئێمە بانگهێشت دەنێرین: بۆ ئەوەی پەیوەندیمان پێوە بکەن لە داڕشتنی کوردستانێکی گەشتر. پەروەردە بناخەی هەموو کۆمەڵگەیەکی مۆدێرنە، و هۆشیاریی ژینگەیی یەکێکە لە کۆڵەگەکانییەتی. پێکەوە، دەتوانین نەوەیەک پێبگەیەنین نەک تەنیا لە رووی ئەکادیمییەوە سەرکەوتوو بێت، بەڵکو پارێزگاری لە جوانی و سەرچاوەکانی ئەم خاکەش بکات. قوتابخانەی ئەڵمانی لە هەولێر پابەندە بەوەی بەشێک بێت لەو هەوڵە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 عومەر ئەحمەد، بەرپرسی دێسکی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو

نرخی زیو لە ساڵی 2026دا چۆن دەبێت؟

پاڵنەری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زیو بریتییە لە خواستی پیشەسازی. بەپێی ئامارە نێودەوڵەتییەکان، ساڵی رابردوو خواستی جیهانی لەسەر زیو گەیشتە 1.23 ملیار ئۆنسە، کە یەکێکە لە بەرزترین ئاستە تۆمارکراوەکان.