'یۆڤاڵ هەراری' فەیلەسوفی سەردەم، مامۆستا لە زانکۆی ئۆرشەلیم، دەڵێت "دوای 1945 واتە دوای جەنگی جیهانی دووەم، جەنگ خراپترین بزنس بووە". مەبەستەکە لەوەیە کە قازانجی نەبووە ئەوەندەی زیانی هەبووە. ئەمەش لەبەر چی لەبەرئەوەی کە سرووشتیی ئابووری گۆڕاوە، لەکۆندا کرێی جەنگ و دەستکەوتەکەی زەویە کشتوکاڵییەکان و کۆیلە و کانە ئاڵتونەکان و وڵاخ بوون، کە بەهۆی جەنگی داگیرکارییەوە دەستی بەسەردا دەگیرا ، جەنگ بۆ داگیرکردنی زەوی و ناوچە و وڵات و خەڵکەکەی بوو، ئەمانەش ئامرازی دەستکەوتنی ئابوری بوون، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو ئیمبراتۆریەکان کە دەیانویست هێز و پارە و دەوڵەمەندی بەدەست بێنن و ئابووریی خۆیان بەرزکەنەوە، پەلاماری وڵاتێکیان دەداو سەرچاوەکانی ئابوورییان دەخستە ژێر دەستی خۆیان ،بۆیە کرێی جەنگ و تێچوونەکەی دەست دەکەوتەوە، بەڵام ئەمڕۆ ئامرازی ئابووری ئەم ئامرازانە نین، بەڵکو "مەعریفەیە". ئەو مەعریفەیەی لە مێشکی ئەندازیار و تەکنیکاران و زانستییەکاندا هەیە، ئەمەش ئاشتی دەوێت نەک جەنگ. ئەمانە دەبنە بناخەی دەستکەوتی ئابووری. بۆ نموونە ئەو وڵاتانەی کە لە جەنگ دۆڕان لە جەنگی دووەمی جیهانی وەک ئەڵمانیا و یابان، لە جەنگ دوورکەوتنەوەو ئاشتییان هەڵبژارد، ئێستا وڵاتی هەرەبەهێزی ئابووری و پێشکەوتووی جیهانن، واتە لە ئاشتیدا گەشەیان کرد.
رووسیا بەردەوام لە جەنگدایە، بەڵام وڵاتەکەی نوقمی گەندەڵییە، چین لە ساڵی 1979 دوای جەنگی ڤێتنام دوورکەوتەوە لە جەنگ، بەڵام بووەتە گەورەترین وڵاتی ئابووریی جیهان، جەنگ ئێستا وەک جاران نییە، پارەت دەبات پارەت بۆ پەیداناکات، لە روانگەی زیانی ئابووری و گەشەسەندنەوە سەیری بکەین، جەنگ خراپترین بزنس بووە دوای جەنگی جیهانی دووەم، ئەو وڵاتانەی دووربوون لێی و ئاشتییان هەڵبژاردووە، لە ئاستی ئابووری و گەشەی کۆمەڵگەییەوە بەرەو پێشچوون، ئەمریکا دوو جەنگی کرد دوای جەنگی جیهانی دووەم، کە بریتی بوون لە عێراق و ئەفغانستان لە هەردووکیان کشایەوەو پەشیمانە، ئیسرائیل جەنگی زۆری یەک لەدوای یەکی کرد، ناوچەی زۆری داگیرکرد، خەرجی زۆری کرد، بەڵام داهاتی نەبوو، ئەمڕۆ ئەوە سەرکەوتن نییە ناوچەیەک داگیرکەیت، ئەوە سەرکەوتنە چیت دەست دەکەوێت لەو داگیرکردنە لە رووی ئابوورییەوە، بەڵام رەنگە ئاسان نەبێت بۆ وڵاتێک دراوسێیی خراپت هەبێت و شەڕەنگێز بێت،تۆش بتەوێت نەچیتە ناو جەنگ و ئاشتیپارێز بیت.
جەنگی جاران پردی پەیوەندی بۆ دروست دەکردیت لەگەڵ وڵاتان و سنورەکانت دەبەزاند، جەنگی ئەمڕۆ جەنگی مەعریفەیە، کە بێسنوور دەڕوات لەنێوان وڵاتەکان، جگە لەتێچوونی ئابووری لە رووی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژیەوە باجی جەنگ دەدەیت، ئەوەندەت دەست ناکەوێت لە رووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە سەقامگیری بۆ کۆمەڵگەکەت دروست بکەیتەوە، کۆمەڵگە لەدڵەڕاوکێ دەهێڵێتەوە، ناتوانیت دادپەروەری کۆمەڵایەتی فەراهەم بێت، بەڵام ئەمە بیرکردنەوەی بەشێک لە سەرۆک و سیستمە دیکتاتۆرەکان نییە، دیکتاتۆر ناگۆرێت، چونکە کەس ناتوانێت هەڵەکەی پێ بڵێت، بۆیە لەکۆمەڵگەی دیموکراسی مرۆڤەکان دەتوانن داهێنان و پێشخستن بکەن و بەبێ جەنگ پێشبکەون، بەڵام لەدیکتاتۆریەت مرۆڤ و کۆمەڵگە گەشەناکات. هەربۆیە هەندێک لەو وڵاتانەی جیا دەبنەوە لە وڵاتە دایکەکەیان و دەچن بە پرۆسەی دیموکراسی گەشەدەکەن و پێشدەکەون، نموونەی وەک ئۆکرانیا و تایوان.
جگە لەوەی جەنگ بارودۆخی وڵات خراپ دەکات، بارودۆخی خراپیش خراپتری بەدوادێت، نموونە بارودۆخی رووسیا بۆ خراپە؟ چونکە شەڕەکانی پێشوو بۆیان خولقاند، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئێستا خراپە، چونکە ململانێکانی پێشوو ئەمەیان بۆ بەرهەمهێنا. جەنگی جاران ئەگەر دەستکەوتەکەی ئابووری بووبێت، یان داگیرکاری ناوچەیەک، یان غەزووی نەتەوەیەک و داگیرکردنی لەرووی سەپاندنی ئایدۆلۆژیەکەوە یان ئاینێکەوە. ئەمڕۆ دەرەنجامی دیکە بەرهەم دێنێت, ئاڵۆزە دەرەنجامەکەی بەهۆی ئەوەی سیستمی ئابووری ئێستا جیاوازە لەجاران، زۆربەی وڵاتان بەستراون بەیەکەوە لەرووی ئابوورییەوە. بۆیە کە سروشتی ئابووری گۆڕاوە، سروشتی جەنگیش دەگۆڕێت، بە عەقڵیەت و مۆدیلی کۆن جەنگکردن دەرهاویشتەکانی خراپ و ئاڵۆزن، هەرخۆت و ئەو وڵاتە تێوە ناگلێنێت، کە جەنگی دژی دەکەیت، بەشی زۆری جیهان تێوە دەگلێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ