میدیاكان دەڵێن ئەگەری ئەوە هەیە 200 ملیار دینارەكەی بەشە بودجەكەی هەرێمی کوردستان كە لە عێراقەوە دێت ببڕدرێت. راگەیاندنەكان بە گوێمان دەچرپێنن هێزەكانی حەشد كە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمیان داگیر كردووە، لەوانەیە پەلاماری هەرێمی کوردستان بدەن. میدیا و راگەیاندنەكانی سەر بە میلیشیاكان پڕن لە لێكدانەوەی ناڕەوا لەدژی كوردستان و مافەكانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان. دەیانەوێ وا وێنا بكەن كە گەورەترین كێشەی عێراق پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدایە. دەیانەوێ ئەو قەناعەتە لای عێراقییەكان و تەنانەت خەڵكی كوردستانیش دروست بكەن كە ئەگەر هەرێمی كوردستان ملكەچی بڕیارە ناڕەواكانیان ببێت و هەرێمی كوردستان چیدی خۆی نەوت دەرنەهێنێت و نەفرۆشێت، ئەوە عێراق دەبێتە بەهەشتی ناوچەكە.
لێرەدا پرسیاری سەرەكی ئەوەیە ئایا هەرێمی كوردستان و فیدڕاڵیزم و مافەكانی خەڵكی كوردستان گەورەترین كێشەی عێراق و عێراقییەكانە؟ ئایا كوردستان رێگرە لەوەی عێراق پێشبكەوێت و خەدەمات بۆ دانیشتوانی نێوەڕاست و باشووری عێراق دابین بكرێت؟
ئەو 200 ملیارەی زۆر باسی دەكەن و وەك كارتی گوشار بەكاری دەهێنن و بە مووچەخۆرانی هەرێمی بە رەوا نابینن تەنیا دەكاتە كەمتر لە 2%ی داهاتی مانگانەی عێراق. ئەوە لە کاتێکدایە ماوەی هەشت ساڵیشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراق بڕدراوە و سەرباری بوونی شەڕیش لەگەڵ داعش حكومەتی عێراق تەنانەت ئامادە نەبووە یەك فیشەكیش بۆ پێشمەرگە بنێرێت.
داهاتی عێراق لە دوای رووخانی رژێم لە تریلیۆنێك دۆلار زیاتر بووە و بەشێكی زۆر كەمیی ئەو داهاتە بەشێوەیەكی نادادپەروەرانە بەر هەرێمی كوردستان كەوتووە. 80 ملیار دۆلار لە عێراقدا بۆ كارەبا سەرفكراوە كەچی نە كارەبا هەیە و نە پارەكە دیارە بۆ كوێ رۆیشتووە. لەدوای 2003 هەتا ئێستا دەیان هەزار هاووڵاتیی عێراق تیرۆر و تەسفیە كراون و ملیۆنان هاووڵاتیی دیکەیش ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە. ئەو دەستوورەی خەڵكی عێراق دەنگی پێدا پێشێلكرا. تایفەگەری و فراوانخوازی و بەدەوییەتی فكری و سیاسی و سەربازی شوێنی دیموكراسی و سیستەم و مەدەنییەتی گرتەوە. لەو پاشەكشە روونەدا كە لە عێراق لە هەموو بوارەكاندا رووی داوە، هەرێمی كوردستان تۆسقاڵێك رۆڵی نەبووە. بە پێچەوانەوە ئەگەر لە عێراقدا شوێنێك هەبێت سەقامگیری و حەوانەوەی جیاوازییەكانی تێدابووبێت ئەوە هەرێمی كوردستان بووە نەك شوێنەكانی دیکەی عێراق.
لێرەدا بە دەرئەنجامێكی لۆژیكیی دیکە دەگەین كە پێچەوانەی جاڕدانی خەڵكی شۆڤێنی هەرێمی كوردستان سەرچاوەی گرفتەكانی عێراق نییە، بەڵكو چاوگی بەختڕەشی و ناخۆشییەكانی عێراق دەسەڵاتدارانی عێراق و عەقلییەتەكەیانە كە عێراقیان بەم رۆژە گەیاندووە.
بەر لە رووخانی سەدام هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق دوو كۆنگرەی گرنگیان لە سەلاحەدین (نۆڤەمبەری 1992) و لەندەن (دیسەمبەری 2002) ئەنجام دا. بەشی زۆری ئەو هێزانە ئێستا لە عێراقدا باڵادەستن و حوكم دەگێڕن. راسپاردە و بڕیارەكانی هەردوو كۆنگرەكە دەرئەنجام و بڕیاری دڵخۆشكەر بوون بۆ ئاییندەی عێراق. ئەوان لەسەر ئەوە كۆك بوون كە پاشەڕۆژی عێراق دەبێ دیموكراسییانە بێت و دەستوورێك حەكەم بێت. ئەوان بەڵێنیان دا كە هەموو جۆرە دەستێوەردانێكی دەرەكی و زەوتكردنی ئیرادەی عێراقییەكان رەتبكەنەوە. گفتیان دا كە مل نەنێنە تایفەگەری و رێزی پێكهاتەكان بگرن و دەوڵەتی هاووڵاتی بنیات بنێن. ئەوان بەڵێنان دابوو كە ئەگەر رژێم رووخا چیدی سوپا و دەزگە ئەمنییەكان بۆ یەكلاییكردنەوەی ناكۆكیی ناوخۆیی بەكار نەهێنرێت و وڵات نەبێتە سەربازگە و جێی میلیشیاكان. سوود لە هەڵەكانی رابردوو وەربگرن و خۆیان بۆ عێراق بەخت بكەن. هەردوو كۆنگرەكە هاوسۆزیی تەواوی داوا رەواكانی گەلی كوردستان بوون بە مافی دیاریكردنی چارەنووسیشەوە. بڕیاریان دا ئاسەوارەكانی جینۆساید و تەعریب و كیمیاباران و ئەو ستەمەی لە كورد كراوە و بسڕنەوە و گەلی كوردستان قەرەبوو بكەنەوە.
دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق كە پێشتر ئۆپۆزیسیۆن بوون هەموو بڕیار و بەڵێن و راسپاردە و درووشمەكانیان خستە ژێر پێ و بەتەواوەتی رێگەیەكی پێچەوانەیان گرتەبەر. عێراقیان گەیاندە دۆخێكی ترسناكی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و ژینگەیی. هەتا توانیان تایفەگەری و بەدەوییەتان پڕڕەنگ كرد. وایان كرد عێراق لەڕووی گەندەڵییەوە ببێتە سەر لیستی وڵاتانی گەندەڵ و پاسپۆرت و ئیعتباری عێراقیش بكەوێتە دوای سۆماڵ و سووریا.
ماوەتەوە بڵێین ئەو عێراقەی بڕیار بوو بنیات بنرێت سەری نەگرت و شكستی خوارد. چارەسەری كێشەكانی عێراقیش ئەوە نییە، ئیملای دەرەكیی بۆ بكرێت یانیش دادگەی فیدڕاڵیی عێراق ببێتە هەمە كارە. چارەسەری عێراق ئەوە نییە هەرێمی كوردستان بخنكێندرێت و سوننە دەستەمۆ بكرێت و نەوتی هەرێمی کوردستان بكەوێتە دەست سۆمۆ. دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنیش دادی دۆخەكە نادات. چارەسەر ئەوەیە عێراق بگەڕێتەوە قۆناخی 2003 و بگەڕێتەوە بۆ ئەو بەها و پڕەنسیپانەی كە بڕیار بوو بچەسپێن، بەڵام ئەتك كران. عێراق پێویستی بە دووبارە پێناسەكردن و سەرلەنوێ داڕشتنەوەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ