به‌شی دووه‌م
هه‌رچه‌نده ئه‌سته‌مه به زوویی و له ئێستادا، ورد و درشتی سیما و ماهیه‌تی جیهانی پۆست-كۆرۆنا ده‌ستنیشانبكرێت، به‌ڵام له‌میانه‌ی خوێندنه‌وه بۆ دۆخ و قه‌یرانه كه‌ڵه‌كه‌بووه له‌مێژینه‌كانی جیهان و ئه‌و ره‌وشه‌ی كۆرۆنا سه‌پاندوویه‌تی و تۆخیكردووەته‌وه، ده‌كرێت كۆمه‌ڵێك گریمانه و سیناریۆ بۆ جیهانی پۆست-كۆرۆنا پێشبینی بكرێت. كورد ئه‌گه‌رچی ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كیی داڕشتنه‌وه و بونیاتنانی سیسته‌م و نۆرمه جیهانییه‌كان نییه، به‌ڵام به‌ركه‌وته‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م گۆڕانكارییانه ده‌بێت و به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت كاریگه‌ریی له‌سه‌ری ده‌بێت، له‌م گۆڕانكارییانه‌شدا ده‌كرێت هه‌وڵی دوورخستنه‌وه‌ی زیان و قۆستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت و سووده‌كانی بد‌رێت.
كولتووری دونیای گلۆباڵیزم و نیولیبراڵیزم، بانگه‌شه‌كانی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری بریتی بوون له كاڵبوونه‌وه‌ی سنووره‌كان و به‌ستنه‌وه‌ی جیهان به‌یه‌كتر، بازاڕێكی جیهانیی ئازاد، كاڵكردنه‌وه‌ی كولتوور و ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی، هه‌نگاونان به‌ره‌و هاوجیهانیبوون و هاوكولتووری، تاكگه‌رایی، هاريكاريكردنی ئابووری و سیاسی و چه‌ندین بانگه‌شه‌ی دیكه بوو؛ كه‌چی وڵاتانی خۆرئاوا، هه‌ر له ئاستانه‌ی سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی ئه‌م په‌تایه‌دا، به‌شی زۆری ئه‌م كولتوور و بانگه‌شانه كه‌وتنه ژێر پرسیاری جەوهه‌ری و راده‌ی قه‌یرانه‌كه‌شی قوڵتر كردووه، هه‌ر زوو بنمیچه‌كانی ئه‌م كولتووره درزی تێكه‌وت.
ئه‌مه‌ش گه‌ڵاڵه‌ی كۆمه‌ڵێك گریمانه و سیناریۆ بۆ جیهانی پۆست-كۆرۆنا ده‌هێنێته ئاراوه، سرووشتی په‌تای كۆرۆنا و قه‌یرانه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی پێشوو له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه، راده‌ی سه‌ختیی ئاڵنگاری و پێویستییه‌كانی هه‌ر سیناریۆیه‌ك ئه‌گه‌ری روودانی به‌هێزتر ده‌كات. له‌م سۆنگه‌یه‌وه، ده‌كرێت كۆی مه‌زه‌نده‌كان له سێ سیناریۆی سه‌ره‌كیدا كورتبكرێنه‌وه، كه ئه‌وانیش: خولانه‌وه (چه‌قبه‌ستن)، فۆرمووله‌كردنه‌وه و وه‌رچه‌رخانن.
له شیمانه‌ی یه‌كه‌مدا، ئه‌گه‌ری هه‌یه سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی ئابووریی جیهانی و په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، له باری ئاساییبوونه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌دا، له‌سه‌ر هه‌مان میكانیزمی كاركردن و مۆدێلی سیاسه‌تكردن و بیركردنه‌وه درێژه به‌م ئه‌زموونه‌ی ئێستا بده‌ن به كه‌مێك گۆڕانكاریی بچووكه‌وه، كه په‌یوه‌ندییان به رێوشوێنی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی په‌تاكه هه‌یه له قه‌یرانه‌كه بێنه ده‌ره‌وه، ئه‌مه تاوەکو راده‌یه‌ك ئەسته‌مه، ئه‌ویش له‌به‌ر مه‌ودای زه‌مه‌نی مانه‌وه‌ی په‌تاكه و راده‌ی لێكه‌وته‌كانی قه‌یرانه‌كه و ته‌نگژه سیاسی و ئابوورییه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كان. له ئه‌گه‌ری روودانی ئه‌م پێشبینییه‌ش، ته‌نیا كات و زه‌مه‌نی سیناریۆكانی دیكه دواده‌خات، ئه‌گینا له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ر قه‌یرانێكی هاوشێوه له داهاتوویه‌كی نزیك و دووردا، پێویستیی گۆڕانكارییه‌كان له سیسته‌م و بونیاتی به‌ڕێوه‌بردنی جیهانیدا زه‌قتر ده‌كاته‌وه.
له سیناریۆی دووه‌مدا، جیهانی پۆست-كۆرۆنا جیهانی خۆداڕشتنه‌وه و فۆرمه‌له‌كردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌ت و ستراكچه‌ری سیسته‌می ئابووریی جیهانییه، هه‌روه‌كو رۆبن نیبلێت، به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی لێكوڵینه‌وه‌ی ستراتیژیی چاسام هاوس (Chatham House) پێیوایه كه ئه‌م په‌تایه و لێكه‌وته‌كانی ده‌بن به بارێكی قورس به‌سه‌ر شانی گلۆباڵیزمی ئابووریی، پێیوایه كه ده‌بێ گلۆباڵیزم به‌شێوه‌یه‌ك دابڕێژرێته‌وه كه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان له‌به‌رچاو بگیرێ، نه‌بوونی پاڵنه‌رێك بۆ ده‌ستكه‌وته هاوبه‌شه‌كانی هاریكاریكردنی ئابووریی جیهانی، ئه‌وا ئەو بونیاده ئابوورییه‌ی كه له سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م دامه‌زراوه به خێرایی به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چێ و به‌م شێوه‌ی ئێستا نامێنێته‌وه. له‌م روانگه‌یه‌وه ئه‌و بارودۆخه قه‌یراناوییه له لێكه‌وته هه‌نووكه‌ییه‌كانی كۆرۆناوه دروستبوون، ئه‌و تێگه‌یشتنه ده‌هێنێته‌پێشه‌وه، كه فه‌لسه‌فه‌ی تاكگه‌رایی، سیسته‌می ئابووریی جیهانی، بنه‌ما و میتۆدی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان وڵاتان و رێكخراو و یه‌كێتی و ئه‌كته‌ره نادە‌وڵه‌تییه‌كان پێویستی به دووباره داڕشتنه‌وه و فۆرموله‌كردنه‌وه هه‌یه. پێداویستیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه ئه‌م په‌تایه و په‌تا هاوشێوه‌كانی كه له ماوه‌ی رابردوودا دووچاری مرۆڤایه‌تی هاتوون و ئه‌گه‌ری هه‌یه له به‌رگی نوێ‌دا سه‌رهه‌ڵبده‌نه‌وه، ئه‌و درز و شلۆقییه‌ی جیهان له سه‌ره‌تاكانی سه‌رهه‌ڵدانی كۆرۆنا به‌رجه‌سته‌ی كرد، گومانی خسته‌سه‌ر بنه‌ماكانی په‌یوه‌ندییه سیاسی و سیستەمی ئابووریی جیهان، بۆیه زه‌مینه‌سازی بۆ گۆڕانكاریی خێرا و بڕیاری سیاسی ده‌ستبه‌جێ، هه‌ر زوو ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی خێراتر كرد. ئه‌م سیناریۆیه به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چێت كه له جیهانی پۆست-كۆرۆنادا، فه‌لسه‌فه‌ی تاكگه‌رایی به سیسته‌مێكی هاریكاریی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌هێز خۆی دا‌بڕێژێته‌وه. سیسته‌می ئابووریی ئازاد و جموجۆڵه بازرگانییه‌كان له چوارچێوه‌ی تووندكردنی سنووره‌كان به رێككاری ته‌ندروستی به‌ھێز و به‌هه‌ندوه‌رگرتنی توانای ئابووریی نیشتمانی به‌رده‌وام ده‌بن. به‌ستنه‌وه‌ی جیهان به‌یه‌كتر له چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی و به‌رژه‌وه‌ندیی نیشتمانی، زه‌مینه‌سازییان بۆ ده‌كرێت. پاشه‌كشێ زلهێزانی دونیا له پابه‌ندبوون به‌رامبه‌ر قه‌یرانه جیهانییه‌كان بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه نێوخۆییه‌كان خۆی شێوه‌گیر ده‌كات.
له سیناریۆی سێیه‌مدا، گریمانه‌ی ئه‌وه ده‌كرێت كه جیهانی پۆست-كۆرۆنا جیهانێكه، به‌ته‌واوی له جیهانی پێش كۆرۆنا جودایه و گۆڕانكاریی ریشه‌یی مه‌ودا فراوان دروستده‌كات، كه سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی كۆرۆنا قۆناخی گواستنه‌وه‌ی جیهانه و خاڵی وه‌رچه‌رخانی گۆڕینی ریشه‌یی سیسته‌می ئابووری و په‌یوه‌ندییه دیبلۆماسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوورییه‌كانه. ئه‌م سیناریۆیه هه‌روا به خێرایی روونادات، زه‌مینه‌سازی و قۆناخبه‌ندیی زه‌مه‌نیی درێژی ده‌وێ، كه ره‌نگه گۆڕانكارییه‌كانی سیناریۆی دووه‌م یه‌كێك له قۆناخه‌كانی بێت. به‌گوێره‌ی ئه‌م گریمانه‌یه، ئامراز و پێوه‌ره‌كانی هێز به‌ته‌واوی گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا دێت، له‌بری هێزی سه‌ربازی و چه‌ك، هێزی پێشكه‌وتنی بایۆلۆژی و مه‌عریفه رۆلی گرنگ ده‌گێڕن، هه‌روه‌كو جاك دڕێدا ده‌یگووت "جه‌نگه‌كانی داهاتوو، جه‌نگی بایۆلۆژی ده‌بن". هه‌روه‌ها زلهێزی تازه‌ی جیهانی دێنه پێشه‌وه، ده‌وڵه‌ت ده‌بێته بكه‌ری سه‌ره‌كی و هێزی نه‌ته‌وه‌یی ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه‌ده‌ست، هه‌روه‌كو ستیڤن واڵت، پڕۆفیسۆر له به‌شی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له زانكۆی هارڤارد ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ته‌نگژه‌ی سه‌ختی له‌م شێوه‌یه ده‌بێته هۆی زیادبوونی خواستی نه‌ته‌وه‌یی و پاراستنی قه‌واره‌ی نیشتمانیی به‌هێزبوونی هێزی نه‌ته‌وه‌یی. له‌پاڵ ئه‌مانه‌شدا، وه‌كو ئه‌گه‌رێك گۆشه‌گیریی ئابووری شوێنی كرانه‌وه‌ی ئابووری بگرێته‌وه. له‌نێوان سۆشیالیزم و كا‌پیتاڵیزم، فه‌لسه‌فه و جیهانبینییه‌كی تازه، یاخود ده‌نگی سێیه‌م دروستبێت.
له‌م نێوه‌نده‌دا، كورد وه‌كو به‌شێك له میلله‌تانی جیهانی سێیه‌م و ئه‌كته‌رێكی ناده‌وڵه‌تی، هه‌رچه‌نده هه‌مان رۆڵ و كاریگه‌ریی ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كیش ناگێڕێ، هه‌روه‌ها گریمانه‌كانی جیهانی پۆست-كۆرۆنا، به هه‌مان ئاست و ئاراسته و شێوه له هه‌موو جوغزێكی جیهان رووناده‌ن، به‌ڵام پوخته‌ی ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ی كه په‌یوه‌ندییان به كورده‌وه هه‌یه، ده‌كرێت له چه‌ند خاڵێكدا چڕبكرێنه‌وه، كه گرنگترینیان ئه‌مانه‌ن:
تۆخبوونه‌وه‌ی سنووره‌كان: له‌گه‌ڵ هاتنی كۆرۆنا تووندكردنی سنووره‌كان بوونه‌ته بڕیاری له‌پێشینه‌ی وڵاته‌كان، كه ئه‌مه ره‌نگه له ئاسته سیاسی و ئابووری و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كەشی ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بێت و ببێته به‌شێك له ململانێیه جیۆپۆله‌تیكییه‌كان، له ئه‌گه‌ری به‌جیهانیبوونی كێشه سنوورییه‌كان، كه ره‌نگه چه‌مكی سنوور له قاو‌خێكی تازه‌دا دابڕێژرێته‌وه. كورد ده‌توانێت كێشه سنوورییه‌كانی خۆی له گۆڕه‌پانی سیاسیی جیهاندا زیاتر بباته پێشه‌وه، هه‌روه‌ها ده‌بێت وریای ئه‌وه بێت کە مه‌سه‌له‌ی تووندكردنی سنوور وه‌كو كارتێك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی بوونی ئه‌و له گۆڕه‌پانی سیاسی‌دا به‌كارنه‌هێنرێت. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه كورد خۆی ئه‌زموونی له‌گه‌ڵ سنوورداخستن و گه‌مارۆدانی ئابووریدا هه‌یه. كه ده‌كرێ سوود له‌م ئه‌زموونانه وه‌ربگرێ، هه‌رچه‌نده له‌گه‌ڵ ئه‌م قۆناخه‌ی ئێستادا جیاوازییان هه‌یه.
جێگۆڕكێی رۆڵی زلهێزه‌كان: گریمانه‌ی زۆر ده‌كرێت له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه قۆناخی پۆست-كۆرۆنا قۆناخی پارسه‌نگی زلهێزی به‌لای چیندا ده‌شكێته‌وه، یان هه‌ندێك پێیانوایه ئه‌مریكا له هه‌مان پێگه‌ی خۆیدا ده‌مێنێته‌وه، یاخود هه‌ندێك وڵاتی دیكه‌ی وه‌كو كۆریای باشوور و سه‌نگاپوره و به‌رازیل و هیندستان رۆلی گرنگییان له گۆڕه‌پانی سیاسی و ئابووریی جیهاندا ده‌بێت. له قۆناخی داهاتوودا، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به مامه‌ڵه‌ی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ كورده‌وه هه‌یه، ره‌نگه زیاتر پشتگیریی سیاسی بێت، نه‌ك ئابووری، له‌م باره‌شدا ئه‌مریكا كوردستانێكی ده‌وێ كه توانای خۆبه‌ڕێوه‌بردنی ئابووریی هه‌بێت. ئیدی سیاسه‌تی ئه‌م وڵاته دروشمی به‌هێزكردنه‌وه‌ی ئه‌مریكای هه‌ڵگرتووه، رۆڵی دووره‌په‌رێزی ده‌گێڕێ و له ناسه‌قامگیرییه‌كانی ئاسایشی دونیا ده‌كشێته‌وه، چونكه به‌هێزبوونی ئاسایشی ناوخۆی ئه‌مریكا و دروستبوونی پشێوی و ناسه‌قامگیری له جیهاندا له به‌رژەوه‌ندیی ئه‌مریكادایه، له‌م دۆخه‌شدا، ناوچه‌ی سه‌قامگیر ده‌بێته ناوچه‌ی به‌گه‌ڕخستن و كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رمایه. له حاڵه‌تی هاتنه‌پێشه‌وه‌ی چینیشدا، ئه‌وا گلۆباڵیزمێكی چینی شێوه نیمچه ئه‌ڵمانی دروستده‌بێت، كه ره‌نگه پرسه ئابوورییه‌كانی به‌لاوه گرنگتربێ، یان له ده‌لاقه‌ی په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌كانه‌وه سه‌یری پرسه سیاسییه‌كان بكات، له‌م دۆخه‌دا چین كوردستانی وه‌كو به‌كاربه‌ر و كڕیاری كاڵاكانی گه‌ره‌ك ده‌بێت.
به‌دیارده‌بوونی ده‌وڵه‌تی شكستخواردوو: ئه‌مه دیارده‌یه‌كه كه تێیدا ده‌وڵه‌تی خاوه‌ن سه‌روه‌ری له جێبه‌جێكردنی رۆڵ و ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كانی خۆی شكست دەهێنێت. ئه‌مه‌ش قه‌یرانێكی تازه نییه، به‌ڵام ده‌كرێت له‌گه‌ڵ خه‌ستبوونه‌وه‌ی زیاتری كێشه ئابوورییه‌كان ئه‌م پرسه ببێته دیارده له‌نێو وڵاتانی جیهانی سێیه‌م و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌تایبه‌تی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه پێشینه‌یه‌كی قووڵی قه‌یرانی ئابوورییان هه‌یه، كه عێراقیش له‌م ئه‌گه‌ره به‌دوورنابێت، هه‌ربۆیه كورد ده‌بێت بیر له هه‌لومه‌رجه‌كانی ئه‌م ئه‌گه‌ره بكاته‌وه.
گۆڕانی ئامرازی ململانێ و پێوه‌ری هێز: چاوه‌ڕوانده‌كرێت، سه‌رده‌می پۆست-كۆرۆنا پێوه‌ری هێز له توانا و هێزی ماددی بینراوی به‌رجه‌سته‌ی وه‌كو سوپا و چه‌ك و نه‌وت بگۆڕێ بۆ هێزی نه‌بینراوی وه‌كو ئامرازه بایۆلۆژییه‌كان و رۆبۆت و زانیاری، یاخود ئه‌وه‌ی دووه‌میان رۆڵی زیاتر و كاریگه‌رتر بگێڕێ، له‌م باره‌شدا، نه‌وت وه‌كو سه‌رچاوه‌یه‌كی وزه هه‌مان هێزی ئابووری و سیاسیی جارانی نابێت، به‌تایبه‌تی له دیدی ئه‌مریكاوه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی گه‌یاندن و گواستنه‌وه‌شی كه ده‌بێته كێشه‌یەكی سیاسی-ئابووریی جیهانی، بۆیه ده‌بێت بیر له ئه‌ڵته‌رناتیڤی دیكه بكرێته‌وه.
به‌هێزبوونه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی: ئه‌گه‌ر دونیای گلۆباڵیزم و نیولیبراڵیزم كاری له‌سه‌ر لاوازكردنی رۆڵی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كرد، كه‌چی گه‌ڕانه‌وه بۆ پاراستنی نه‌ته‌وه و پته‌وكردنی قه‌واره‌ی نیشتمانی بوو به یه‌كێك له بڕیاره‌كانی وڵاتان له هه‌ڵمه‌تی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنادا، هاوجیهانیبوونی گلۆباڵیزم بوو به سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسی و فۆبیا، ئه‌مه‌ش ره‌نگه له داهاتوودا ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی كاتییش بێت، هه‌ندێك هێزی نه‌ته‌وه‌یی راستڕه‌و بهێنێته پێشه‌وه، هه‌روه‌كو له سییه‌كان و چله‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو روویدا، به‌ڵام ره‌نگه چه‌مكی نه‌ته‌وه به‌شێوه‌ی دیكه خۆی فۆرموله بكاته‌وه، ئه‌م بابه‌ته بۆ كورد مه‌سه‌له‌یه‌كی دووسه‌ره‌یه، ئه‌گه‌ر دروستكردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ببێته به‌شێك له پرسه سیاسییه گرنگه‌كانی جیهان، ئه‌وا پرسی كوردیش له‌م نێوه‌نده‌دا خۆی زه‌قترده‌كاته‌وه، هه‌م ره‌نگه به‌هێزبوونی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی له رۆژھه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به زیان بۆ كورد بشكێته‌وه.
نۆرمی لێكدژ: زۆرجار له‌گه‌ڵ گۆڕانكاری و قه‌یرانه گه‌وره‌كان، كۆمه‌ڵێك نۆرم و دیارده‌ی لێكدژ و پێچه‌وانه‌ی ئاراسته‌ی رێڕه‌وی مێژووی قۆناخه‌كه رووده‌ده‌ن، بۆ نموونه، له نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، وێڕای ئه‌وه‌ی گلۆباڵیزم زۆر به به‌هێزی خه‌ریكی گۆڕانكاریی ریشه‌یی و چه‌سپاندنی چه‌مكی هاوجیهانیبوون و كاڵكردنه‌وه‌ی چه‌مك و ڕۆڵی نه‌ته‌وه بوو، به‌ڵام هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا، به‌هۆی هه‌ندێك هه‌لومه‌رجی سیاسی و ئابووری، كۆمه‌ڵێك ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ربه‌خۆ له ئاستی جیهانیدا دروستبوون، یاخود خۆیان جیاكرده‌وه، وه‌كو: جۆرجیا، كازاخستان، لاتیڤیا، تاجیكستان، ئۆزبه‌كستان، مه‌كه‌دۆنیا، سلۆڤاكیا، نامبیا، كرواتیا... هتد. كشانه‌وه و لاوازبوونی هه‌ندێك ده‌وڵه‌تی ناوچه‌یی و هه‌ندێك هه‌لومه‌رجی تازه‌ی ئابووری و سیاسی، ره‌نگه ئه‌م دۆخه بۆ كورد بخولقێنن، ئه‌گه‌ر كورد ئاماده‌باشی و تێگه‌یشتنێكی ورد و قوڵی بۆ رووداوه‌كان هه‌بێت.
گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ: شانۆی كۆرۆنا له ئاسته ته‌ندروستییه‌كه‌ی به دیمه‌نی مانه‌وه و گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ ماڵ ده‌ستیپێكرد، هه‌ر له هه‌مان دیده‌وه، چه‌مكی ماڵ به مانا سیاسییه‌كه‌شی هه‌ر هه‌مان دیمه‌نی دووپاتكرده‌وه. له زۆربه‌ی وڵاتانی دونیا، له بڕیاردان و گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی ته‌ندروستی و ده‌ركردنی رێككاری یاسایی و ئابووری و سیاسی، زیاتر ته‌نیا پشتیان به ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت ده‌به‌ست، هه‌موو جۆره پرۆسه‌یه‌كی هاوبه‌شی ئابووری و سیاسی له‌پڕێكدا وه‌ستا و له هه‌ندێك باردا بۆ دژایه‌تیكردن گۆڕا، رۆڵی زلهێزه‌كان له پاراستنی جیهان بۆ رۆڵی پاشه‌كشێ بۆ ماڵ گۆڕا و تاوەکو ئێستاش به‌رده‌وامیی هه‌یه. مه‌سه‌له‌ی پاشه‌كشێ و گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ، پرسێكی تازه نییه، بۆ نموونه ئه‌مریكا ده‌مێكه هه‌وڵی پاشه‌كشه له به‌رپرسیارێتییه جیهانییه‌كان ده‌دات، خه‌ریكی خۆڕێكخستنه‌وه‌ی ناوه‌كییه، هه‌روه‌كو له مه‌سه‌له‌ی كشانه‌وه‌ی له عێراق و سووریا به‌ته‌واوی هه‌ستی پێده‌كرا. ئه‌مه ره‌نگه ببێته كولتوورێكی سیاسی و پاشه‌كشێی هه‌ندێک لە وڵاتانی هه‌رێمیشی لێبكه‌وێته‌وه و زیاتر سه‌رقاڵی گرفته ناوخۆییه‌كانیان بكات. هه‌روه‌ها گۆشه‌گیریی ئابووری بهێنێته كایه‌وه، سستبوونی جموجۆڵی ئابووریی لێبكه‌وێته‌وه، چه‌مك و رۆلی هاوپه‌یمانێتییه‌كان و دۆستایه‌تییه‌كان و كۆمه‌ڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌م شێوه‌یه هه‌بووه، نامێنێته‌وه؛ بۆیه كورد ده‌بێت بیر له به‌گه‌ڕخستنی هێزی ئابووریی ناوه‌كی و رێكخستنه‌وه‌ی ناوماڵی خۆی بكاته‌وه وه‌كو ئه‌ڵته‌رناتیڤێك بۆ ته‌نگژه‌ی داخران و سستیی په‌یوه‌ندیی ئابووریی جیهانی، له‌كاتێكدا كه ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری هه‌ڕه‌شه‌ن بۆسه‌ر ئاسایشی ته‌ندروستی، ده‌كرێت بیر له به‌رهه‌مهێنانی خۆماڵی و بوژاندنه‌وه‌ی كشتوكاڵ و به‌هێزكردنی كه‌رتی پیشه‌سازی و كه‌مكردنه‌وه‌ی هێنانی كرێكاری بیانی و به‌رزكردنه‌وه‌ی توانای مرۆیی ناوخۆیی و بونیاتنانه‌وه‌ی ژێرخانی ته‌ندروستی بكرێته‌وه، كه ئه‌مانه ره‌نگه له سیما و بنه‌ما هه‌ره دیاره‌كانی جیهانی پۆست-كۆرۆنا بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ