کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراق و وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن

21-07-2023
ئارام برادۆستی
A+ A-
 
کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراق لە وەڵامی نووسراوێکی دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان پێشنیازی کردووە رۆژی (18-02-2024) دیاری بکرێت وەک رۆژی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان. لە ھەمان کاتدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە دەکرێت وادەیەکی درەنگتر لەو وادەیە دیاری بکرێت، بەڵام لە ھەردوو بارەکەدا داوایکردووە لە کاتێکی گونجاوی نزیك مەودا وادەکە دیاری بکرێت بۆ ئەوەی کۆمیسیۆن خشتەکە لە (01-08-2023) دابنێت. 
 
خوێندنەوەی جیاواز بۆ ئەم ھەڵوێستەی کۆمیسیۆنی عێراق دەکرێت، لەسەر ئەم بنەمایە چەند سەرنجێك دەخەمەڕوو: 
 
1- پاڵپشتی بە ئەزموونی سادەی خۆم پێموایە کۆمیسیۆنی عێراق ھاوکات لەگەڵ ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە (18-12-2023) دەیتوانی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات بە تایبەت بەھۆی ئەوەی: 
 
ئـ- کۆمیسیۆنی عێراق لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بە ھەبوونی ئەزموونێکی سەرەتای و کەم شارەزای فەرمانبەرانی لە (30-01-2005) واتە لە یەک رۆژدا سێ ھەڵبژاردنی بەیەکەوە ئەنجامدا (پەرلەمانی کوردستان، ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی عێراق)، تاوەکو ئەندازەیەکی زۆر پرۆسەکە بە بەراورد بە بارودۆخی ئەوکاتی عێراق بەگشتی و کۆمیسیۆن بە تایبەت پرۆسەیەکی سەرکەوتوو بوو، ھەر بۆ نموونە دەنگدەر سێ پسوولەی دەنگدانی وەردەگرت و سێ سندووقی جیاوازیش دانرابوون، سێ رێکاری جیاواز ھەبوون، پرۆسەی هەژماردن و لێکجیاکردنەوەی دەنگەکان پاڵپشت بە سێ رێکاری جیاواز بوون، پڕکردنەوەی سێ جۆر فۆڕمی جیاواز بەڕێوەدەچوو، سەرەڕای ئەوە رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەر (81%) بوو کە ئەوە ھۆکارێکە بۆ گرانی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، کەچی ھەم کۆمیسیۆن سەرکەوتووبوو، ھەم پرۆسەکەش.
 
ب- کاتێك ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق ئەنجام دەدرێت لە (18-12-2023) ھیچ ھەڵبژاردنێك لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام نادرێت، چونکە ئەم ھەڵبژاردنە تایبەتە بە ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق جگە لە ھەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان پرۆسەی ھەڵبژاردنی جیا لە عێراق بەخۆیەوە دەبینێت کە بەگوێرەی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان رێكخراوە.
 
لە ھەمان کاتدا لە ھەرێمی کوردستان کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراق و فەرمانگەی پارێزگاکان ھەیە کە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەبەن و خاوەن ئەزموونێکی 18 ساڵەن، بۆیە جگە لە چەند بنکەیەکی دەنگدان بۆ ئاوارەکان ئەم دەستەیە و ئەم فەرمانگانە لە ھەرێمی کوردستان بەدەست بە تاڵی دادەنیشن لە بۆشاییەکی کارکردندان، بۆیە ئەگەر ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ھەمان وادە بەڕێوەچووبایە دەتوانرا لەلایەن ئەو دەستە و فەرمانگانە بەئاسانی بەڕێوەببردرێت.
 
کەواتە ھۆکار چییە ناکرێت لە (18-12-2023) ھەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەرێوەبچێت؟ وەڵامەکە تەنیا لە لای سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراقە. 
 
2- گریمان کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراق بەگوێرەی نووسراوەکە ناتوانن لەگەڵ ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدەن، بە باشی دەبینم نیەتی کۆمیسیۆنی عێراق بۆ پێشنیازکردنی ئەو وادەیە یاخود ھەر وادەیەکی دیکەی دوای ئەو وادەیە کە بەڕێز سەرۆكی ھەرێمی کوردستان دیاری دەکات بە ئەرێنی خوێندنەوەی بۆ بکرێت و ھەڵبسەنگێنرێت چونکە:
 
ئـ- راستە ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی عێراق وادەیان لە (07-01-2024) تەواو دەبێت، بەڵام بەھۆی ئەوەی ھەندێ لە رێکارەکانی تەواوکاری ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەونە دوای ئەو وادەیە، تەواوکردنی ئەم رێکارانە پێویستیان بە مانەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانە، ئەو مانەوەیە تەنیا بە درێژکردنەوەی ماوەیان چارەسەر دەبێت ئەویش بە پێشکێشکردنی پرۆژەیاسایەک بۆ پەرلەمانی عێراق بەمەبەستی ھەموارکردنەوەی یاسای کۆمیسیۆنی عێراق بۆ پێدانی ماوەیەکی دیکە (بۆ نموونە شەش مانگ) بۆ تەواوکردنی رێکارە تەواوکارییەکانی پرۆسەکە، ئەگەر گریمان ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیش پێش (10-03-2023) ئەنجام بدرێن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی عێراق بۆ تەواوکردنی ھەردوو ھەڵبژاردنەکە تەنیا پێویستیان بە سێ مانگی دیکەیە، بۆیە ئەو ماوەیەی کە پێویست دەکات بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران پێموانییە دەستکەوتێکی کەسی ئەوتۆبێت بۆیان جگە لە بەرپرسیاریەتێکی یاسایی و مێژوویی. 
 
ئینجا بابەتێکی دیکە لێرەدا دێتە پێشەوە ئەویش ئەوەیە ئەگەر درێژکردنەوەی ماوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بە یاسا و دەستووری لە قەڵەم دەدرێت؟ یاخود ئایا هەڵوێستی دادگەی عێراق لەسەر ئەوە چی دەبێت ئەگەر تانەی لێ بدرێت؟ بە تایبەت بەگوێرەی مادەی 7/ بڕگەی یەکەم لە یاسای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق باس لەوە دەکات، ماوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران چوار ساڵە و ناکرێت درێژبکرێتەوە. 
 
کەواتە ئەگەر درێژکرایەوە ماوەکە بە یاسا جیاوازی چی دەبێت لەگەڵ یاسای بەردەوامبوونی پەرلەمانی کوردستان؟ 
 
ب- ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی عێراق بەرامبەر ئەنجوومەنی نیشتمانیی عێراق (پەرلەمان) بەرپرسیارن، لە رابردوو سەردان و گفتوگۆ ھەبووە لە نێوان لیژنەی یاسای پەرلەمانی عێراق و کۆمیسیۆنی عێراق، بۆیە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بە ئاسانی ناتوانن لەژێر ئەو بەرپرسیارێتییە بچنە دەرەوە لە بارودۆخێکی وەك ئێستای هەرێمی کوردستاندا کە نە پەرلەمان وەك ئەرك دەتوانێت رۆڵی خۆی ببینێت نە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستانیش، کەواتە بەرپرسیاریەتییەکە ئێستا لەسەرشانی کۆمیسیۆنی عێراقە. 
 
لەبیریشمان نەچێت لیژنەی یاسای پەرلەمانی عێراق لە ھەموو لایەنێك زیاتر لەگەڵ ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی عێراق باشتر لەیەك دەگەن و ھاوکار دەبن لە ئەگەری پێویست بوونی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بە ماوەی زیاتر لە رێگەی پەرلەمانی عێراقەوە ماوەکەیان بۆ درێژبکەنەوە. 
 
3- سەبارەت بەو وادەیەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دیاریکردووە بۆ ھەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان (18-02-2024)، پێموایە ئەو وادەیە لە رووی کەشوھەواوە بۆ ھەرێمی کوردستان گونجاو نییە، بەتایبەت بەھۆی ئەوەی بەشێکی زۆری ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان شاخاویی و کوێستانین و ژمارەیەکی زۆری دەنگدەر لەخۆدەگرێت لە جۆری ئەو دەنگدەرانەی ھەمیشە تامەزرۆی پرۆسەکانی ھەڵبژاردنن و رێژەی بەشدارییان بە بەراورد بە رێژەی شارەکان بەرزترە، بۆیە لە ئەگەری ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەو وادەیە و نالەباری کەشوھەوا پێشبینی ئەوە دەکرێت رێژەی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکانی پێشووتر زیاتر روو لە کەمی بکات، بۆیە بە باشی دەبینم ئەو وادەیە چەند رۆژێک دوابخرێت بەتایبەتی بۆ سەرەتای مانگی ئاداری 2024. 
 
بەخستنەڕووی ئەو واقیعەی سەرەوە بۆمان دەردەکەوێت:
 
1- نەبوونی پەرلەمانی کوردستان وەك بینینی یەکێك لە ئەرکەکانی خۆی کە چاودێریکردنی حکومەتە ناکرێت بەم شێوەیە بەردەوام ببێت و ھەرێمی کوردستانیش لە بۆشاییەکی یاسایی دابێت، لە ھەمان کاتدا حکومەتیش کاربەڕێکەر بێت.
 
2- ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بووەتە بەرپرسیاریەتییەکی یاسای لە ئەستۆی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراق، دەبێت لەنزیکترین کاتدا ئەنجام بدرێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەلیل ئیبراهیم مەندەلاوی

عێراق لەنێوان کۆمیدیا و تراجیدیای سیاسیدا

سیاقی کێشەکە لە هەڵەیەکی سەرپێیی قووڵترە، چونکە لە کاتێکدا کە مەڵبەندە سیاسییەکان سەرقاڵی جەختکردن بوون لە پێویستیی پاراستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لیژنە تایبەتمەندەکە بە شێوەیەکی کۆمیدی پاساوی بۆ ئەو هەڵەیە هێنایەوە و، لێدوانێکی دەرکرد کە وەک پێویست یەکلاکەرەوە نەبوو، لە داواکردنی لێبووردنی منداڵێکی بچووک دەچوو کاتێک شووشەیەک لە ماڵەوە دەشکێنێت، کاتێک دەڵێت دانانی ئەو قەوارانە لە لیستەکەدا تەنیا رووداوێکی لاوەکی بووە، هاوشێوەی دۆخی شەرمهێنی دەست دانان لەسەر دوگمەی ناردن بۆ هەموو لە گرووپێکی خێزانیدا کە پڕە لە خزمی فزووڵ، بۆت دەردەکەوێت لە نامەکەدا بڕگەیەکی هەڵە هەیە. پاساوی لیژنەکە بە رستەیەکی فەرمیی جدی داڕێژرا: "پێش هەڵەگری بڵاوکرایەوە و دواتر راستی دەکەینەوە". وشەکان بەم جۆرە دەرکەوتن، وەک ئەوەی بە هێزەوە نالێهاتوویی رابگەیێنن، وەک ئەوەی کەوتنە نێو چاڵێکی هەڵەی سیاسی شتێکی ئاسایی بێت لە جیهانی سیاسەت لە عێراق دا، بەڵکو وەک ئەوەی کارەکە پەیوەندیی بە هەڵەیەکی رێنووسەوە هەبێت لە جۆری نووسینی "ئەمە" لە جیاتی "ئەمە" بێت، نەک دانانی کۆمەڵە گرووپێکی ناوچەکە لە لیستەکانی تیرۆردا