بەرەو نەخشە رێگەیەكی نوێ بۆ كۆریا و كوردستان لە سەردەمی تەمومژی كۆرۆنا دا

21-09-2020
چۆی كوانژین
نیشانەکردن كوردستان كۆریا كۆرۆنا
A+ A-
لە ساڵی 2004، 3000 سەرباز بە 5 هەزار تۆن كەلوپەل، 13000 كیلۆمەتریان لە كۆریاوە بە زەوی و ئاسمان و ئاودا بڕی و سەرئەنجام تیپی زەیتوون لێرە (لە هەولێر) جێگیربوو. ئەمە بۆ پشتیوانیكردنی ئابووری و دووبارە بنیاتنانەوەی كوردستان بوو لە بوارەكانی پەروەردە و تەندروستی و چارەسەری پزیشكی و پەرەپێدانی تواناكان و بونیاتنانی خزمەتگوزارییەكان و. هتد. كوردەكانیش، پێشوازییان لە زەیتوونی كۆری كرد و بە دیاری خودایان دانا.
 
لەوكاتەوەی حكومەتی كۆریا و تیپی زەیتوون و كۆیكا سەركەوتووانە كاری پڕبایەخیان ئەنجامداوە. لەوانە: بونيادنانی زياتر لە 250 پرۆژەى خزمەتگوزاری وەكو قوتابخانە و نەخۆشخانەی زەیتوون و كتێبخانەی زەیتوون. هەروەها دامەزراندنی ئەكادیمیای كوردستان بۆ كارگێڕیی گشتی، سیستەمی كڕینی ئەلیكترۆنی، دابینكردنی پێداویستیی پزیشكی بۆ ئاوارەكان و راهێنانی زیاتر لە 1500 كارمەندی حكومى لە كۆریا، هەروەها هاوكاریی كەلوپەل بە بڕی زیاتر لە 60 ملیۆن دۆلار و هتد... هاوكات، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هاوئاهەنگیی هاوبەشی پێشكەشكردووە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانمان.
 
جارێكیان، سەرۆكی پێشوو بەڕێز مەسعود بارزانی، ئاماژەی بەوەدا "ئێمە هیچ هاوڕێیەكمان نییە، جگە لە چیاكان و كۆریا."
 
ساڵی رابردوو، یادی پازدە ساڵەی پەیوەندی نێوان كۆریا و كوردستانمان كردەوەو بەم بۆنەیەوە ئاهەنگمان گێڕا. هەروەها نێردەی تایبەتی سەرۆكی كۆریا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و شاندی پەرلەمانی كوردستان سەردانی كۆریای كرد و لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانی كۆریادا كۆبووەوەو هەر لەو ساڵەدا یەكەمین رێوڕەسم بە بۆنەی رۆژی نیشتیمانی كۆریا لە ناو فەرماندەیی زێڕەڤانی ئەنجامدرا و. هتد.
 
ئەم ساڵ 2020، دەبێتە یەكەمین ساڵی گەڕێكی دیكەی 15 ساڵیی پەیوەندییەكانی نێوان كۆریا و كوردستان.
 
ئەم گەڕەی پەیوەندییەكانمان هەڵگری مانایەك بوو كە ئەم جارە گیانی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانمان بپارێزین، بەشێوەیەك كە بەرهەمدارتربێ و زێدەتر روو لە ئایندەبێت، وەك لە ئەزموونی 15 ساڵی رابردوومان.
 
لەگەڵ هەڵدانەوەی پەڕەیەكی نوێی پەیوەندییە دوولایەنییەكانمان، بەداخەوە كە پەتای كۆڕۆنا بڵاوبووەوەو ڤایرۆسەكەش لە هەموو شوێنێكە، لەوانە كۆریا و كوردستان. بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تەواوی نەریتە تەقلیدییەكانی هەڵتـەكاند، بەتایبەتی لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا.
روانگەی بەرفراوان بۆ ئایندەی پەیوەندییەكانی كۆریا و كوردستان لەو سەردەمەی تاریكی كۆرۆنادا، تووشی قەیرانی نوێبووەوەو كەوتە ناو گێژاوی قەدەخەی هاتووچۆ و قەیرانە یەك لە دوا یەكەكان و مووشەكباران و بەرزبوونەوەی رێژەی توشبووان و مردووان.
 
هەروەك چۆن دوای ئازارێكی درێژی زستان، گوڵاڵەسوورە دەپشكوێت، بەم شێوەیە دەبێ قەیرانەكانیش ببەزێنین تاوەكو لەپێناو ئایندەی كۆریا و كوردستان شوێنپێییەكان بەسەر ئەو رێگەیەدا ببریسكێنەوە كە هیچ كەس بەسەریاندا رێینەكردووە.
 
خۆشبەختانە، كۆریا توانی بەبێ سەپاندنی قەدەخەی هاتووچۆ، چیرۆكی سەركەوتن بەسەر كۆرۆنا نمایش بكات. ئەم سەركەوتنە بە بیرۆكەی داهێنەرانەبوو بە پشتبەستن بە تەكنەلۆژیای زانیارییەكان، وەك بنكەی پشكنینی لەئۆتۆمبێلەوە Drive Through، نەرمەكاڵای شوێنپێ هەڵگرتنی كەسانی بەركەوتوو. هەروەها بە یەكگرتویی لەنێوان خەڵك و حكومەت وەدیهات، لە رێگەی سێ Tیەكان كە بریتییە لە پشكنین، شوێنپێهەڵگرتن، چارەسەركردن. كە ئەمەیان كاریگەرتربوو لەوانەی یەكەم.
 
سەرۆك مون جای ئین لە كۆڕبەندی ئەنجوومەنی تەندروستی جیهانی رۆژی 18ی ئایار رایگەیاند كەوا كۆریا بڕی 100 ملیۆن دۆلار تەرخان دەكات بۆ وەڵامدانەوەی داواكاری وڵاتانی جیهان. تائێستا، كۆریا هاوكاری مرۆیی پێشكەشی 100 وڵات كردووە بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات لە كۆنتڕۆڵكردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
 
هەروەك ئاشكرایە، كونسوڵخانەی كۆریا لە نزیكەوە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان كاری كردووە بۆ نزمكردنەوەی ئاستی كۆرۆنا لە كوردستان. ئەم هەوڵانە خۆیان لە چەند چالاكییەكدا بەرجەستەكرد، لەوانە لە مانگی ئاب دا حكومەتی كۆریا كیتی پشكنینی كۆڕۆنای بە بەهای 400 هەزار دۆلار بۆ هەرێمی كوردستان دابینكرد. كۆیكا سەبەتەی هاوكاری بەسەر ئاوارە و خەڵكی پێویستی كوردستان دا دابەشكرد و، ژووری پشكنینی لە ئۆتۆمبێلەوە Drive Through بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دابینكرد. كۆمپانیا ئاسنی كۆری، پۆسكۆ، هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بە دابینكردنی كیتی پشكنینی كۆرۆنا. سەرەڕای ئەوانە حكومەتی كۆریا چەند دەرفەتێكی فەراهەم كرد بۆ بەشداریكردن لە وێبیناری تایبەت بە ئەزموونی كۆریا و ئەو وانانەی كە لێیوەردەگیرێن سەبارەت بە كۆنتڕۆڵكردنی سەركەوتووانەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
 
حكومەتی كۆریا بڕیاریداوە بە بڕی 300 هەزار دۆلار هاوكاری كەلوپەل پێشكەشی ئاوارەو پەنابەرانی هەرێمی كوردستان بكات.
 
هەروەك لە میدیاش پەخشكرا، كۆمپانیا پۆسكۆ رێوڕەسمێكی شایستەی ئەنجامدا لە مانگی تەممووز، بە بۆنەی تەواوكردنی وێستگەی كارەبای خەبات كە بووە هۆی زیادبوونی بەرهەمی كارەبای هەرێمی كوردستان بە رێژەی سەتا10.
 
بەگشتی سەلمێنرا، ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبووە رێگر لە بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆریا، بەڵكو لە بەرامبەردا دەرفەتی پێكەوە كاركردنی زیاتری خستەپێشمان وەك لە قەیرانەكان.
 
ئێستا كاتی ئەوەیە كۆریا و كوردستان دەست لەناو دەست لە تەك یەكدی بوەستن و بەیەكەوە رووبەڕووی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببنەوەو هاوئاهەنگییەكان فراوانتر و قوڵـتر بكەن لەپێناو بەدەستهێنانی ئامانجی هاوبەش كە بریتییە لە ئایندەیەكی باشتر بۆ پەیوەندییەكانی كۆریا و كوردستان.
 
لەم سۆنگەیەوە كۆنسوڵخانەی كۆریا بەنیازە دووەمین رێوڕەسمی رۆژی نیشتیمانی كۆریا ئەنجامبدات، كە یەكەمین رێوڕەسمی لەوجۆرە دەبێ لەو ماوەیەدا لە كوردستان و بە ئەنجامدانی ئەم یادە بەشێوەی لە ئۆتۆمبێلەوە Drive In و، دەبێتە خاوەنی شێوازێكی نوێ و داهێنەرانە لەسەر ئاستی جیهان. 
 
لەهەمانكاتدا، بۆ دامەزراندنی بناخەی ئاڵوگۆڕی نێوان خەڵك و تێگەیشتنی دوولایەنە لەسەر كولتووری یەكدی، كونسوڵخانەی كۆریا (فیستیڤالی هەفتەی كۆری) ئەنجامدەدات كە پێكدێت لە چەند چالاكییەكی ئۆنلاین. لەوانە، پاڵەوانێتی جامی كونسوڵی گشتی تایكواندۆ لە 24ی تشرینی یەكەم، پێشبڕكێی بەهرەی كۆری لە 17ی تشرینی یەكەم، هەروەها پێشبڕكێی زمانی كۆری بە ئۆنلاین و فیستیڤاڵی فیلمی بە شێوەی لە ئۆتۆمبێلەوە Drive In . 
 
ڤایرۆسی كۆرۆنا، كۆریا و كوردستان زیاتر بەرەو دوو هاوبەش دەبات، وەك لەوەی ببنە دوو هاوڕێی گۆشەگیر. ئەو خۆرەی لەسەر سەفین هەڵدێت، نابێ وەكو ئەوەی دوێنێ بێت.
 
*كۆنسوڵی كۆریای باشوور لە هەرێمی كوردستان 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەلیل ئیبراهیم مەندەلاوی

عێراق لەنێوان کۆمیدیا و تراجیدیای سیاسیدا

سیاقی کێشەکە لە هەڵەیەکی سەرپێیی قووڵترە، چونکە لە کاتێکدا کە مەڵبەندە سیاسییەکان سەرقاڵی جەختکردن بوون لە پێویستیی پاراستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لیژنە تایبەتمەندەکە بە شێوەیەکی کۆمیدی پاساوی بۆ ئەو هەڵەیە هێنایەوە و، لێدوانێکی دەرکرد کە وەک پێویست یەکلاکەرەوە نەبوو، لە داواکردنی لێبووردنی منداڵێکی بچووک دەچوو کاتێک شووشەیەک لە ماڵەوە دەشکێنێت، کاتێک دەڵێت دانانی ئەو قەوارانە لە لیستەکەدا تەنیا رووداوێکی لاوەکی بووە، هاوشێوەی دۆخی شەرمهێنی دەست دانان لەسەر دوگمەی ناردن بۆ هەموو لە گرووپێکی خێزانیدا کە پڕە لە خزمی فزووڵ، بۆت دەردەکەوێت لە نامەکەدا بڕگەیەکی هەڵە هەیە. پاساوی لیژنەکە بە رستەیەکی فەرمیی جدی داڕێژرا: "پێش هەڵەگری بڵاوکرایەوە و دواتر راستی دەکەینەوە". وشەکان بەم جۆرە دەرکەوتن، وەک ئەوەی بە هێزەوە نالێهاتوویی رابگەیێنن، وەک ئەوەی کەوتنە نێو چاڵێکی هەڵەی سیاسی شتێکی ئاسایی بێت لە جیهانی سیاسەت لە عێراق دا، بەڵکو وەک ئەوەی کارەکە پەیوەندیی بە هەڵەیەکی رێنووسەوە هەبێت لە جۆری نووسینی "ئەمە" لە جیاتی "ئەمە" بێت، نەک دانانی کۆمەڵە گرووپێکی ناوچەکە لە لیستەکانی تیرۆردا