ئەگەر پێناسەی باوی دیپلۆماسی، پەیوەندیی نێوان وڵاتان و هونەری دانوستاندن و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی نێوان ئەکتەرە دەوڵەتییەکان بێت. ئەوا پارادیپلۆماسی، دیپلۆماسیەت و سیاسەتی دەرەوەی هەرێم و بکەرە نا-دەوڵەتییەکانی وەک هەرێمی کوردستان لە عێراق، کیوبیک لە کەنەدا، کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا و چەندین هەرێمی دیکەیە لە وڵاتە جیاوازەکانی دنیادا. ئامێری بنەڕەتیی بەگەڕخستنی دیپلۆماسی و پارادیپلۆماسی سەرچاوە جیاوازەکانی هێزی نەرم و شێوازی بەکارهێنانیەتی، بەتایبەت لە دەرەوەی ژینگەی سیاسیی وڵات یان هەرێمەکە بەئامانجی دروستکردنی گوشار بۆ سەر ناوەندەکانی بڕیار لە وڵاتانی دیکەدا. پارادیپلۆماسی و هێزی نەرم، بەدیاریکراویش خۆپێشاندان و هەر جوڵە و بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ کورد لە هەردوو ناوەندی وەک یەکێتیی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دووجار گرنگن:
یەکەم: هەردوو ناوەند دوو جومگەی کاریگەری حکومڕانیی جیهان و راگری سیستمی سیاسی جیهانن، بڕیار و رێساکان دادەڕێژنەوە و بەڕێوەدەبەن و بەمەش هەرێمی کوردستان دەتوانێت لێیەوە سوودمەندبێت.
دووەم: کۆبوونەوە و گوشاری مەدەنیی کوردانی تاراوگە دەکرێت وەک گلدانەوەی هێزی نەرمی کۆمەڵگەی کوردستانی سەیربکرێت و دواتریش بخرێتە خزمەتی پارادیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان، بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشە و مەترسییە ئاسایشییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش ئەو هەڕەشانەی کە لەلایەن سیستمی هەرێمی ناوچەکەوە ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.
پڕۆتێستۆی هێرشەکان:
سەرەتای ئەم هەفتەیە هاونیشتمانییان لە تاراوگە و لەو وڵاتە ئەوروپییانەی کە باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لێیە و کارایە، خۆپێشاندانیان لەدژی هەڕەشە و تاوانەکانی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و شەهیدکردنی منداڵی یەک ساڵان و هاووڵاتییانی مەدەنی ئەنجامدا. وێڕای بەربەستی کەشوهەوای سارد و بەفر و سەرماوسۆڵەی ئەوروپا، لە واشنتن و 16 شاری جیاوازی دیکەی ئەوروپا خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو. جوڵاندنی ئەم سەرچاوەی هێزە لە تاراوگە بۆ سەرکۆنەکردن و پڕۆتێستۆکردنی هێرشێکی لەمجۆرە، بایەخ و پێگەی خۆی هەیە و دەکرێت بەمشێوەیە وێنای بکەین:
یەکەم: هەرێمی کوردستان لە رێگەی هێزی رەقەوە، واتە: سەرباز و سوپا و رۆکێتەوە ناتوانێت وەڵامی ئەمجۆرە هەڕەشانە بداتەوە، کە لەلایەن ئەکتەرە هەرێمییەکان و وڵاتانی دراوسێوە دەکرێنەسەری، چونکە هێز، پێگە، رۆڵ و ناسنامەکەی ناهاوسەنگ و نابەرامبەرە و ئەوان دەوڵەتن و خاوەن پانتایی جیۆپۆلەتیک و چەکی ئەتۆم و سەرجەم سەرچاوەکانی هێزی رەقن، بەڵام هەرێمی کوردستان دەتوانێت رەوەندی کوردی لە تاراوگە وەک سەرچاوەی هێزی نەرم بەکاربهێنێت، جۆشیانبدات و بیانکات بە خانەیەکی زیندووی لۆبیکردن و داکۆکی و گوشار بەسەر داڕێژەرانی سیاسەت و دامەزراوە سیاسییەکانی ئەوروپا و ئەمریکادا.
دووەم: خۆپێشاندان و فۆڕمەکانی دیکەی بەشداریی سیاسی کۆمەڵگەی کوردستانی لە تاراوگە، دەتوانێت رۆڵی کەناڵێکی دیکەی پارادیپلۆماسی ببینێت و وەک جۆرێک لە دیپلۆماسیی جەماوەریش سەیری بکرێت و لەم جۆرە رووداو و مەترسییانەدا سوودی لەبننەهاتووی لێوەربگیردرێت و وەبەرهێنانی سیاسی و دیپلۆماسیی تازەی تێدابکرێت. بەتایبەت دەنگی ناڕازیی کورد لە ئەوروپا ئاسانتر و باشتر دەگات بە دامەزراوەکانی نێو یەکێتیی ئەوروپا.
لەلایەکی دیکەوە، ئەم هێزە کاریگەرەی تاراوگە، ئەمجارە توانای مانا بە گردبوونەوەکەی بدات و بیسەلمێنێت کە هێرشی ناڕەوای ئەمجارەی ئێران بەسانایی تێناپەڕێت و تاڕادەیەکی زۆر توانیان سۆزی وڵاتان و کۆمەڵگەی رۆژئاوایی بەرامبەر کورد و کوردستان تازە بکەنەوە و بە ئاڵای کوردستان و سروودی نیشتمانیی ئەی رەقیب پەیامی ناڕەزایەتیی و نیگەرانیی خۆیان گەیاندە پایتەخت و شار و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان.
ئەوەی زیاتر جێگەی سەرنج و تێڕامان بوو لە خۆپێشاندانەکانی ئەمجارەدا، خەڵک و ئەندامانی نەتەوەکانی دیکەی خاوەن دەوڵەت و نەتەوەکانی بێ دەوڵەت هاوسۆزیی زۆریان لەگەڵ کورد و کۆمەڵگەی کوردستانی پێشاندا و هاوبەشیی پێکرد. ئەم ئاوێتەبوون و جۆرە پەیوەندیی و پێکەوەبوونەی کۆمەڵگەی کوردستانی لەگەڵ نەتەوە و گەلە چەوساوە و بێ دەوڵەتەکانی دیکەی رۆژئاوا هەنگاوێکی دیکەی هێزی نەرم و فراوانکردنی بازنەی پشتیوانی و بەدەستهێنانی پاڵپشتی و پتەوکردنی گوشارەکانە، چونکە ئەمڕۆ سەردەم و سەدەی پەیوەندی و هەماهەنگی و هاوبەشکردنی خەم و چیرۆکە تراژیدییەکانی نێوان گەلانە و کوردانی تاراوگە دەتوانن لەڕێگەی چیرۆک و ناسنامەی کوردبوون و ئازار و بەسەرهاتەکانی، یادوەری و یادگەی خۆیان لەگەڵ گەلانی دیکەدا هاوبەشی پێبکەن و سۆز و پاڵپشتییان بەلای خۆیدا رابکێشن. دواتریش بەئاسانی بیانخەنە خزمەت پارادیپلۆماسیی هەرێمی کوردستانەوە.
ئەم وتارە لەلایەن کارۆخ خۆشناو و پەیڕەو ئەنوەرەوە نووسراوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ