مانگی ئۆکتۆبەر دەکرێ وەک مانگێکی ڕەش لە مێژووی کوردستاندا ناودێر بکرێت، چونکە دوو رووداوی کارەساتبار و رەش لەم مانگەدا روویانداوە کە بریتین لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017 و 9 ی ئۆکتۆبەری 2019، لەمەی دواییاندا هێرشی دڕندانەی سوپای تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد و هەتا نووسینی ئەم وتارە بەردەوامە. ئەگەر سەیری مێژووی لانیکەم سەد ساڵی ڕابردووی کوردستان بکەین، دەبینین لەم ماوەیەدا ژیانی رۆژانەی گەلی کورد بەردەوام لەگەڵ ئێش و ئازار و مەینەتی و ئاوارەیی دەستەویەخە بووە و دەیان کارەساتی لە جۆری 9 و 16ی ئۆکتۆبەر ڕوویانداوە. لەم سەد ساڵەدا، کورد بەردەوام هەوڵیداوە بە مەزڵوومنوێنی وەبەرهێنان لەسەر سۆز و هەستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات، تا بەڵکوو لەم ڕێگەیەوە بتوانێ بە ئامانجەکانی خۆی بگات.
ئەزموونی ئەم سەد ساڵە ئەو ڕاستییەی سەلماند کە ئەم شێوازە لە کاری سیاسی و دیپلۆماسی ئەگەرچی پێویستە، بەڵام ئەمە ناتوانێ کێشەی کورد چارەسەر بکات و برینەکانمان ساڕێژ بکات.
گەلۆ لەم دۆخەی ئێستادا چارەسەر چییە؟ دەبێ ئێمە هەر بە کڕووزانەوە و پاڕانەوە سیاسەت بکەین، یاخود دەبێ بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ڕابردووی خۆمان و ئەزموونی سەرکەوتووی گەلانی تر بە دوای ڕێگەچارەیەکی تردا بگەڕێین؟
پێشهات و کارەساتەکانی سەد ساڵی ڕابردووی گەلی کورد، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنێ کە تیۆری بەرگریی- ئاسایشی کورد کەلێن و هەڵەی ستراتیژیی زۆر گەورەی تێدایە. یەکێک لە هەڵە ستراتیژییەکانی ئێمەی کورد ئەوە بووە کە بەردەوام ویستوومانە بە هێز و توانای سەربازیی دەوڵەتانی تر ئاسایشی خۆمان دابین بکەین و بەرگری لە خۆمان بکەین و بە مافەکانمان بگەین، لە کاتێکدا ئەو ڕاستییەمان فەرامۆش کردووە کە هەر دەوڵەت و لایەنێک هەتا ئەو شوێنەی بەرژەوەندییەکانی بخوازێت پشتیوانی ئێمە دەکات و لەو شوێنەی کە ئیدی بەرژەوەندی نامێنێ، پەتی پەیوەندییەکان دەپچڕێنێ و پشتمان چۆڵ دەکات، ئینجا ئیتر نۆرەی ئێمەیە کە دەست بکەین بە هۆنینەوەی بەیت و بالۆرەی خیانەت و ناپاکی.
لە جیهانی ئەمڕۆ و بەپێی پرەنسیپەکانی سیاسەتی ڕیالیستی، هەر دەوڵەتێک کار بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات و بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵاتەکەی خۆی لە سەرووی هەموو شتێکەوە دادەنێت، هەربۆیە بنەما ئاکارییەکان لە جیهانی سیاسەتدا جێیان نابێتەوە. ڕەفتاری نائاسایی ئەوەیە کە دەوڵەتێک بیەوێت هێزی سەربازیی خۆی لە شوێنێک بە کوشت بدات، پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی بێت، یاخود پاڵپشتیی لایەنێک بکات کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی دەگەیەنێت.
ئاسایشی هەر وڵات و هەرێمێک بابەتێکە کە نابێ سازشی لەسەر بکرێت، هەر لایەنێک دەبێ هەوڵی ئەوە بدات بۆ خۆی و بە پشتبەستن بە تواناکانی خۆی ئاسایشی وڵاتەکەی دابین بکات و بەرگری لە خۆی بکات، ئەوەی کە بیەوێت بە پاڵپشتیی دەوڵەتێکی تر ئاسایشی وڵاتەکەی دەستەبەر بکات یا بیپارێزێت، بێگومان وەک کورد هەمیشە سەری بێ کڵاو دەمێنێتەوە و تووشی کارەسات دەبێت. هەربۆیە لایەنە کوردییەکان دەبێ هەوڵی ئەوە بدەن بە پشتبەستن بە توانا مادی و مرۆییەکانی خۆیان توانای سەربازی و بەرگریی خۆیان بەرز بکەنەوە، هەتا بتوانن ڕووبەڕووی هەڕەشەکان ببنەوە و لەم ڕووەوە نابێ پشت بە هیچ هێز و دەوڵەتێکی دەرەکی ببەسترێت.
هەڵەیەکی دیکەی ستراتیژی ئەوەیە کە ئێمەی کورد بازنەی ئاسایشی خۆمان تەنیا لە چوارچێوەی سنوورەکانی کوردستاندا پێناسە دەکەین و، پێمانوایە کە ڕێگەی دروست ئەوەیە سنووری چالاکییە سەربازییەکانی خۆمان لە چوارچێوەی کوردستاندا قەتیس بکەین، ئەمەش بە کردەوە بووەتە هۆی ئەوەی کە خاکی کوردستان ببێتە گۆڕەپانی جەنگێکی درێژخایەن و کوشندە و ئەنجامەکەی هەر بە زیانی ئێمەیە، چونکە جەنگەکان لەسەر سینگی ئێمە و لە ناو خاکی ئێمەدا دەکرێن و کوردستان ناسەقامگیر دەبێت و، شار و گوندەکانی ئێمە کاول دەبن و خەڵکی کوردستان ماڵ و حاڵیان لێ تێکدەچێت و ئاوارە دەبن. سەبارەت بە دوژمنانیش، شار و گوند و سەرچاوە مرۆیی و ئابوورییەکانیان پارێزراو و بێ زیان دەمێنێتەوە و سەقامگیریی وڵاتی ئەوان تێکناچێت و لە ڕاستیدا لای ئەو نە بایە و نە باران.
ڕێگەی دروست ئەوەیە بازنەی ئاسایشی خۆمان فراوانتر بکەین، هەموو ناوچەکانی دەرەوەی کوردستان کە ناوچەی دەسەڵات، سەرچاوەی ئابووری و مرۆیی، بەهێزی و حەسانەوەی دوژمنە بە بازنەی ئاسایشی خۆمان پێناسە بکەین و بیکەینە گۆڕەپانی جەنگ. هەروەک چۆن ئیسرائیل، بازنەی ئاسایشی وڵاتەکەی خۆی بە سەدان کیلۆمەتر لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتەکەی پێناسە دەکات و، هەر هەڕەشەیەک کە بکەوێتە ناو ئەو بازنەیە وەک هەڕەشەیەکی جدی لەسەر وڵاتەکەی سەیری دەکات و بەرەنگاری دەبێتەوە و هەوڵی لەناوبردنی دەدات.
گرفتێکی دیکەی ئێمەی کورد ئەوەیە، وەک نەتەوە خاوەن پلاتفۆرم یا دەزگایەکی نەتەوەیی نین کە بتوانێ هەموو پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچە لەژێر چەتری خۆیدا کۆبکاتەوە و، بەپێی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان بیر بکاتەوە و بڕیار بدات و هەموو هێز و لایەنەکان بەشدار بن لە داڕشتن و دروستکردنی بڕیار و دواجار پابەند بن بە بڕیارەکانی ئەو دەزگا یا پلاتفۆرمە. بەداخەوە، بەرژەوەندییە نەتەوەییە باڵاکان لەناو ململانێی حزبیی لایەنەکاندا ون بووە و، ئەنجامەکەشی ئەوەیە ئەو ڕۆژانەی کە کورد پێویستی بە بڕیار و هاودەنگیی نەتەوەیی هەیە، جگە لە هەندێ جووڵەی بەرتەسکی مەدەنی یا دەرکردنی ڕاگەیەندراو هیچی ترمان لە دەست نایەت.
هەتا هێز و لایەنە کوردییەکان، پێداچوونەوە بە ستراتیژی بەرگریی خۆیاندا نەکەن و، نەتوانن پلاتفۆرمێکی یەکگرتووی نەتەوەیی بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە چارەنووسسازە نەتەوەییەکان دابمەزرێنن، ئەوا حاڵمان لەوەی کە هەیە باشتر نابێت و ڕەنج و ئازارەکانمان دووبارە و سەدبارە دەبنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ