"دەمرم، دەکوژم، کوردستان رزگار دەکەم "

24-07-2025
A+ A-
 
لە یەکێک لە قاوەخانە کولتوورییەکانی ئامەد کە ئەو زیاتر حەزی دەکرد بەناوی دیاربەکرەوە ناوی شارەکە بێنین، یەکترمان بینی. قاوەخانەی مەهاباد پڕبوو لە کوڕ و کچی گەنجی شارەکە، ناخۆشترین شت بەلای منەوە لە دیاربەکر، قسەنەکردنی خەڵکەکەیە بەتایبەتی گەنجان بە زمانی کوردی. دیاربەکر بە هەموو جوانییەکانییەوە، بە دیوارە کەڤنارەکانییەوە، منارەی مزگەوت و ماڵی دەنگبێژان و کوچە و کۆڵانە تەنگەبەرەکانییەوە، شەقامە مۆدێرن و باڵاخانەکان، سیمای شارێکیان خەمڵاندووە کە هەموو نیشانەکانی پایتەختبوونی پێوە دیارە.
 
بەداخەوە بەهۆی زۆردارییەوە دیاربەکر یان ئامەد بە زیندانەکانیشی بەنێوبانگە، بەتایبەتی ساڵانی هەشتاکانی سەتەی رابردوو بەهۆی ئەشکەنجە و ئەو ناهەقیانەی بەرانبەر زیندانییە سیاسیەکان دەکرا، لە خراپیدا نێوبانگی دەرکردبوو لە دنیا دا! قاوەخواردنەوەکەم لەگەڵ کەسایەتی سیاسی و یەکێک لە ئەندامە دێرینەکانی دەدەکەدە(کۆمەڵەی شۆڕشگێری دیموکراتی کولتووری)، عەبدولحەی ئۆکۆموش بوو.
 
باسکردنی مێژووی سیاسی و رێکخراوەیی لە باکووری کوردستان بەبێ ناوهێنان و تیشک خستنەسەر رۆڵی (دەدەکەدە) کە بە دایکی زۆر لە رێکخراوە چەپ و نەتەوەییەکانی باکووری کوردستان دادەنرێت، مێژوویەکی ناتەواو دەردەچێت. ئۆکۆموش هەر لە سەرەتای لاوێتییەوە ئاشنایەتی لەگەڵ دەدەکەدە پەیدا دەکات. ئەو خۆی بە ئەسڵ خەڵکی فارقینە، بۆیە دەیەوێت رۆڵی فارقین لە دیرۆکی کوردستان دا نیشانبدات، ئاخر سەردەمانێک پایتەختی مەروانییەکان بووە کە پێگەیەکی گرنگیان لە مێژووی کوردستان دا هەیە و تەنانەت سکەی تایبەت بەخۆیان لێداوە.
 
زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی باسی بزووتنەوەی نەتەوەپەروەری کورد لە باکووری کوردستان دەکەن، بە دەنگی بڕنەوەکانی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و شەخسی ژەنەراڵ بارزانییەوە گرێی دەدەنەوە، کە توانیبووی دڕ بەو شەوە زەنگەی باڵی بەسەر کوردایەتی لە باکووری کوردستان دا کێشابوو بدات. ئۆکۆموش دەڵێت هەرچەندە من لەو خەتەدا نەبووم، بەڵام لە بیرم دێت کە منداڵ بووم، مەلایەکی خزممان لە کۆتایی هەموو نوێژێکی دا دووعای بۆ مەلا مستەفا بارزانی دەکرد، مامۆستا بەوکارەی ختووکەی هەستی نەتەوەیی ئێمەی دەدا. هەرچی بیروباوەڕی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستی بوو لە سەردەستی پارتی کرێکارانی تورکیا (تیک)ەوە سەرچاوەی گرتبوو، گەنجانی کوردی لە دەوری خۆی کۆکردبووە. ئۆکۆمۆش پێیوایە بەهۆی نکۆلیکردنی نەتەوەی کورد، کوردی باکووری کوردستان نەیاندەتوانی بە ئاشکرا کوردبوون و کوردایەتی بکەن، بۆیە بۆ کاری سیاسی پەنایان بردبووە بەر پارتی کرێکارانی تورکیا، هەرچەندە بەشێکی زۆری ئەندامە تورکەکانی ئەو پارتە بە سەرکردەکانیشیانەوە لەسەر ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد وەکو نەتەوەیەک قسەیەکی زۆر جیاوازتریان لە کەمالیستەکان نەبوو، ئەوە لە کاتێکدایە ئەوان وەکو هەر رێکخراوێکی سۆسیالیستی و کۆمۆنستی لە دنیادا دروشمی دادپەروەری و ئازادی و یەکسانیان بەرزکردبووەوە، تەنانەت کەسایەتییەکی وەکو نازم حیکمەت بەقسەی ئۆکۆموش هیچ کاتێک دۆستایەتی کوردی نەکرد، بەڵکو لە نامەیەک دا بۆ ئەتاتورک داوای لێبووردنی لێدەکات و داوا دەکات بیبەخشێت.
 
 ئۆکۆمۆش دوای ئەو هەموو ساڵە کە بەناوی کۆمۆنیستی و سۆسیالیستییەوە خەباتی کردووە، بۆ هاوسەنگی هاوکێشەکە ئیسلامی و چەپ و کۆمۆنیستەکانی تورکیا دەخاتە تای یەک تەرزاووەوە و دەڵێت لە بەرانبەر کورددا دەنگی هەمان دەهۆڵن. ئۆکۆموش بە زەردەخەنەیەکی پەشێمانئامێزانەوە دەڵێت سەردەمانێک"سۆسیالیزم ئەوەندە لەلامان پیرۆز بوو، بیانگوتایە کورد نییە رەنگە بمانگوتایە راست دەکەن".
 
کاتێک کوردانی نێو پارتی کرێکارانی تورکیا بەهۆش خۆیان هاتنەوە و رەوشێکی سیاسی جودا لە تورکیا دەستی پێکرد، تاوەکو رادەیەک شنەبایەکی دیموکراسی رووی لەو وڵاتە کرد، بەتایبەتی دوای لێبووردنی گشتی ساڵی 1947، ئیتر کورد ماڵی خۆیان لە پارتە کۆمۆنیستەکان جیاکردەوە، بەڵام بەهەمان جلوبەرگی سۆسیالیستییەوە، دەیان پارت و رێکخراوی کوردی دامەرزان،هەریەکەیشی لە ئاشێکی دەکرد. ئۆکۆموش باسی رۆڵی پارتە کوردییەکان دەکات و دەڵێت بەداخەوە ئێمە بە چاوێکی مارکسیستانەوە تەماشای شۆڕشی باشوورمان دەکرد و پارتی دیموکراتمان بە پارتێکی پاشکەوتوو لە قەڵەم دەدا.
 
دامەزاردنی دەدەکەدە هەنگاوێک بوو بەرەو کوردایەتی، بەڵام لە فۆرمێکی سۆسیالیستی دا، کۆمۆنیستەکانی تورکیا هەر بە چاوی شۆڤینیانەوە لە ئێمەیان دەڕوانی، تەنانەت رۆژنامەنووسێکی بەنێوبانگی تورکیا بە ناوی کەمال ئیلجاق لە وتارێکیدا بە توانجەوە کورتکراوەی DDKD بە "دەمرم، دەکوژم، کوردستان رزگار دەکەم " شرۆڤە کردبوو. ئاخر خەڵکانی وەکو خەتیب دیجلە و ویدات ئایدن کە لە نەوەتەکاندا لەلایەن بکەری نادیارەوە شەهید کران، لە کادرە سەرەکییەکانی دەدەکەدە بوون.
 
لە بەرنامەی (پەنجەمۆر)دا لەگەڵ ئۆکۆمۆش لە دەرگای زۆر باس و خواسمان داوە بەتایبەتی مێژووی چەپ و پەیوەندی لەگەڵ کورد لە باکووری کوردستان دا، چونکە زۆربەی زۆری پارتەکانی باکووری کوردستان جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا، ئێستاشی لەگەڵدابێت لە کانی سۆسیالیزم ئاو دەخۆنەوە، رێکخراوە کوردییەکانی باکوور هەریەکە بە باڵای وڵاتێکی سۆسیالستی دا هەڵیدەدا،هەروەها بەردەوام لە ناکۆکیدا بوون لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستانیش دا، ئاخر ئەوان شەڕەکانیان تەنیا لە لاپەرەی رۆژنامەکان دا نەهێشتەوە بەڵکو چەکیان لە یەکتر راکێشا، زۆربەی سەرچاوەکان ژمارەی کوژراوانی نێوان پەکەکە و کوک بە نزیکەی دووسەت کەس دەخەمڵێنن.
 
لە کاتێکدا کە باسی چەکدانانی پەکەکە دەکرێت، ئۆکۆمۆس باس لە مێژوویەکی بسیت و پێنج ساڵ بەر لە ئێستا دەکات و دەڵێت کاتێک پارتی(هەپ) لە ساڵی 1990 وەکو پارتێکی مۆڵەتپێدراو دامەزرا، پەکەکە دژی وەستا، چونکە هەموو شتێکی لە لوولەی تفەنگ دا دەبینی. هەرچەندە دوایی بووە بناخەی کاری سیاسی مۆڵەتپێدراو بۆ ئەوان .
 
بەسەرهاتەکانی زیندانی دیاربەکر و  ئەزموون لەگەڵ بەرێوەبەری زیندانەکە ئەسەد ئۆکتای کە بەدڵڕەقترین زیندانەوان لە نێو کورد دا ناسراوە، پەیوەندی بە رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین، بۆچی عەرەفات ناوی کوردی نەدەهێناو دەیگوت نەوەکانی سەلاحەدین؟ گەلێک بابەتی دیکە لە پەنجەمۆردا شایەتیان لەسەر دەدرێت .

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەلیل ئیبراهیم مەندەلاوی

عێراق لەنێوان کۆمیدیا و تراجیدیای سیاسیدا

سیاقی کێشەکە لە هەڵەیەکی سەرپێیی قووڵترە، چونکە لە کاتێکدا کە مەڵبەندە سیاسییەکان سەرقاڵی جەختکردن بوون لە پێویستیی پاراستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لیژنە تایبەتمەندەکە بە شێوەیەکی کۆمیدی پاساوی بۆ ئەو هەڵەیە هێنایەوە و، لێدوانێکی دەرکرد کە وەک پێویست یەکلاکەرەوە نەبوو، لە داواکردنی لێبووردنی منداڵێکی بچووک دەچوو کاتێک شووشەیەک لە ماڵەوە دەشکێنێت، کاتێک دەڵێت دانانی ئەو قەوارانە لە لیستەکەدا تەنیا رووداوێکی لاوەکی بووە، هاوشێوەی دۆخی شەرمهێنی دەست دانان لەسەر دوگمەی ناردن بۆ هەموو لە گرووپێکی خێزانیدا کە پڕە لە خزمی فزووڵ، بۆت دەردەکەوێت لە نامەکەدا بڕگەیەکی هەڵە هەیە. پاساوی لیژنەکە بە رستەیەکی فەرمیی جدی داڕێژرا: "پێش هەڵەگری بڵاوکرایەوە و دواتر راستی دەکەینەوە". وشەکان بەم جۆرە دەرکەوتن، وەک ئەوەی بە هێزەوە نالێهاتوویی رابگەیێنن، وەک ئەوەی کەوتنە نێو چاڵێکی هەڵەی سیاسی شتێکی ئاسایی بێت لە جیهانی سیاسەت لە عێراق دا، بەڵکو وەک ئەوەی کارەکە پەیوەندیی بە هەڵەیەکی رێنووسەوە هەبێت لە جۆری نووسینی "ئەمە" لە جیاتی "ئەمە" بێت، نەک دانانی کۆمەڵە گرووپێکی ناوچەکە لە لیستەکانی تیرۆردا