هەرێمی كوردستان چی جیاوازە لە ئەفغانستان؟!‏

25-08-2021
محەممەد وانی
A+ A-
 
لە سەرەتا دەمەوێت بڵێم ئەمریكا بۆ بەرژەوەندیی خۆی دەچێتە شوێنێک و لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیشی لێی ‏‏‏دەكشێتەوە، چەمكەكانی مافی مرۆڤ و دیموكراسی دەبێت خزمەتی پرۆژە ستراتیژییەكانی ئەو بكەن، ‏‏خاتر ‏خاترانێ و دۆستایەتی و هاوپەیمانی لای ئەو ناخوات ئەگەر دژی سیاسەتەکەی بوون.‏
 
‏ئایا ئەمریكا هەرێمی کوردستان بەجێدێڵێت؟
 
هەر لەپێناو بەرژەوەندیی باڵای دەستی بەسەر ئەفغانستان دا گرت و 20 ساڵ تێیدا مایەوە و هەر لەپێناو ئەو ‏بەرژەوەندییەش ئێستا ‏لە ئەفغانستان كشایەوە، بەو شێوە دراماتیكییەی كە بینیمان. ئەمەش چەند راستییەكمان بۆ ‏دیار دەخات:
 
‏1- مانەوەی ‏زۆری ‏‏ئەمریكا لە ناوچەیێک، مانای ئەوە نییە كە ئیدی تەواو پێبەندییە ئەخلاقی و سیاسی ‏لەسەر ‏فەرزكرا بۆ ئەوەی تاوەکو هەمیشە لەو شوێنە بمێنێتەوە و بیپارێزێت! نەخێر ئەمریكا بەو شێوە رۆمانسییە بیر ناكاتەوە، ‏پراگماتیانە سیاسەتی دونیا بەڕێوەدەبات، ‏دەریهێنا دەمێنێتەوە، دەرینەهێنا یەك ‏چركە ناوەستێ!‏
 
‏2- كشانەوەی خێرای لە ئەفغانستان "وەهمێكی" چەسپاوی گەورەی ‏لە مێشكی لایەنگران ‏‏‏و هاوپەیمانانی "هەڵتەكاند" و تێیگەیاندن كە ئەمریكا پاسەوانی كەس نییە و كەسیش بە دۆست و هاوپەیمانی هەمیشەیی خۆی نازانێ لە ناوچەكە بێجگە لە ئیسرائیل! ‏دەبێ درك بەو راستییە بكەن و چیدی بەدوای سەرابدا وێڵ نەبن!
 
رووداوەكانی ئەفغانستان كۆتایی ‏بە قۆناخێك ‏هێنا و پێی نایە قۆناخێكی دیکە، جیاواز لە هەموو قۆناخەكانی دیکە!
 
بۆئەوەی ‏مامەڵە لەگەڵ ئەمریكا بكەیت، دەبێ شتێكت هەبێ پێشكێشی بكەی، واتە بەرژەوەندیی لات هەبێ، ئەگەر نەشتبوو ‏ئەوە دەبێ پەیدای بكەیت!‏
 
ئەفغانستان لە زۆر رووەوە لە هەرێمی كوردستان دەچێت:
 
‏‏1- هەردوولا دەوڵەمەندن لە داهاتەكانی ژێر زەوی
2- هەردوولا شوێنەكەیان چیاییە
3- ناوچەیەكی جیۆپۆلۆتیكیی گرنگیان هەیە، هەردوو رۆژهەڵاتی ناوەند و ئاسیای ناوەند
4- كۆمەڵگەی هەردوولا خێڵەكییە، ئەوەش ‏‏رەنگدانەوەی راستەوخۆی هەبووە لەسەر ئاستی رۆشنبیری و بڕیاری سیاسییان
 
‏سەرەڕای ئەو لێكچوونانە زۆر شتیشیان لێك جیایە؛ ئەوان "دەوڵەت"یان هەیە و ئێمە نیمانە! حكومەتی ئەشرەف غەنی لادرا و تاڵیبان هاتە شوێنی. واتە ئەفغان شوێنی ئەفغانی گرتەوە نەك پاكستانی یان هیندی ببێتە حاكمی كابوول؛ بەڵام لە دۆخی هەرێمی کوردستان دا لایەنێكی كوردى نییە ‏‏شوێنی پارتی و یەكێتی بگرێتەوە بێجگە لە میلیشیاكانی شیعە یان سوننەی عەرەب! دەبێ ئەوە بكەینە هەڵقە و لە گوێمانى هەڵواسین!
 
بەڵام پرسیارە ترسناكەكە كە لای زۆر كەسان دروستبووە؛ ئایا ئەمریكا هەر كات ویستی بەجێت دێڵێ؟ ‏وەڵامەكەی بە خێرایی و بێ بیركردنەوەی زۆر؛ ‏"بەڵێ"یە! لای ئەو ئاساییە و زۆر ئاسانە؛ بای بای-ت لێ بكات و.. هەموو ‏شتێک كۆتایی پێبێ! بەجێتبێڵێ و پرسیشت پێنەكات! ئەوەش نابێ ببێتە سوپرایز، بەتایبەتی بۆ ‏كورد، چونكە لێی بینیوە ‏و ئەزموونی تاڵی لەگەڵ هەبووە! دەبێ لە پلانەكانی دواڕۆژمان ئەوە دانێین كە ئەمریكا لە ناكاو پێمان بڵێ؛ بای ‏بای!
 
ئەگەر:
 
‏1- هەرێمی کوردستان هێزی پێشمەرگەی رێكنەخست! ئەوەیان زۆر زۆر گرنگە لای ئەمریكییەكان و هاوپەیمانیی ناتۆ لەپێش ‏‏چاكسازی و رێزگرتن لە بنەماكانی یاسا و دیموكراسیش دێت. نازانم بۆچی وەستاون، كەی قسە دەكەن بە كردەوە؟ ‏كەی بەڵێنەكانیان دێننە دی؟ رۆژانە هەندێک بەرپرسی سەربازی لە كەناڵەكان بە هیوایەكی نادروست خەڵكەكە شەحن ‏دەكەن، لە ئەرزی واقیعیش دا هیچ لەئارادا نییە!
 
‏2- بەردەوامبوون لە ململانێی حیزبی و بەروە رووننەبوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵكاران.‏
‏3- ئەگەر حكومەتی بەغدا بە فەرمی داوای كشانەوە بكات لە هەرێمی کوردستان، بەداخەوە تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان بەستراوەتەوە بە عێراق‏، لەو دۆخەدا دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دیپلۆماسیی خۆیان بخەنەگەڕ لەگەڵ كازمی و حكومەتەكەی تاوەکو هەرێمی کوردستان لە بڕیاری كشانەوە جيابكەنەوە، ئەوەش زەحمەتە، بەڵام موستەحیل نییە!‏
 
‏4- ئەگەر ئەمریكا بۆ رازیكردنی ئێران و لەپێناو رێككەوتنە ئەتۆمییەکەی لەگەڵیداا وادەی كشانەوەی پێبدا‏.
 
ئەفغانستان پێگەی سیاسی و ئابووری و جیۆپۆلۆتیكی نزیكە لە پێگەی ‏هەرێمی کوردستان، ئەگەر گرنگتر نەبێ، وڵاتێكی دەوڵەمەندە لە كانزاكانى (یۆرانیۆم ‏‏ــ لیپیوم کە پاتریی لێ دروستدەكرێت) بریلیۆم (بەكاردێت بۆ دروستكردنی ‏مۆبایل ‏و فڕۆكە و رۆكێت)، ئاسن و زێڕ و.. هتد. كەچی زۆر بە ئاسانی ئەمريكا رادەستی هێزێكی ئیسلامیی تووندڕەوی كرد. بۆچی؟
 
توێژەر و ناوەندە ستراتیژییەكان چەند ئەگەرێكیان (احتمالات) داناوە بۆ كشانەوەكە كە جیهانی هێنایە شۆك، هەرچەندە ‏لای ئەفغانەكان و خەڵكی دیکە سورپرایز بوو، بەڵام لای حكومەتی ‏ئەمریكی سورپرایز نەبوو، چونكە بڕیارەكە دەمێك بوو ‏‏درابوو و له 15ى ئۆگۆستيش جێبەجێ كرا، ئەوەی سورپرایز بوو، ‏داڕمانی خێرای حكومەتی ئەفغانی و سوپا ‏‏300 هەزارییەكەی بوو!
تۆێژەرەكان هەندێك لەو ئامانجانەی ئەمریكا لە كشانەوەكەی دەستنیشان دەكەن:
 
‏1- بۆئەوەی بەرەیەكی سوننی بەرامبەر بەرەی ‏شیعیی ‏ئێران دروستبكات لە هەمان توخمی خۆی (مەلا بەرامبەر مەلا، پیاوانی ئایینی دژی پیاوانی ئایینی)‏
 
2- وەرگێڕانی رووی ئێران لە رۆژهەڵاتی ‏نێوەڕاستی گڕگرتوو ‏بەدەست ئێرانيیەكانەوە بەرەو ئاسیای ناوەند (ئەفغانستان)، چونكە لای ئەمریكا رۆژهەڵاتی ‏نێوەڕاست زۆر گرنگترە ‏لە ئاسیای ناوەند.
 
3- بۆ پاراستنی دەوڵەتی ئیسرائیل.
 
‏4- بۆ تێکشکاندنی پڕۆژەی "پشتوێنی چینی" كە پێشتر پێیان ‏دەگوت (رێگەی ‏پەمۆ) كە بە كابوولی ‏پایتەخت دا تێدەپەڕێت.
 
5- نامەیە بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی بنكەی سەربازیی ئەمریكیی لێیە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ببێتە دەرس كە ئەمریكا ‏‏سەرچاوەی هێمنی و سەقامگیرییانە، ئەگەر لەگەڵ مەرج و رێنوێنییەكانی ئەمریكا نەگونجێن، ئەوە سزایان دەدات ‏وەك ‏ئەفغانستان و ‏دەیانخاتە ژێردەست تووندڕەوترین گرووپی چەكدارى!‏ هەڵبەت ئەوە ‏‏كوردستانیش دەگرێتەوە بە شێوەیەك لە شێوەكان، ئەمریكا هەوڵی زۆری داوە تاوەکو هێزی ‏پێشمەرگە یەكخات، بەڵام سوودی نەبووە تاوەکو ئێستا!
 
پێشنیاز دەكەم ‏سەرۆكی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بە شەخسی خۆی بە كاری نزیكخستنەوە و یەكخستنی ‏پێشمەرگە هەڵبستێ و رادەیەک ‏بۆ ئەو كەمتەرخەمی و سستییە دابنێت، چونكە كەسێكی پەسندە لای هەمووان، ‏بەتایبەتی لای پارتی و یەكێتی‏، توانیویەتی تاوەکو ئێستا زۆر لە كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكات و رێگە لە تەقینەوەیان بگرێت.
 
ماقول نییە تاوەکو ئێستا هێزی پێشمەرگە یەكینەگرتووە، دوای رووداوەكانی ئەفغانستان و وادەی كشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ‏‏ئەمریكا لە عێراق لە 31ی دیسەمبەری ئەمساڵ، بە قسەی شێخ جەعفەر بێت، دەبێت "لە ساڵێک زیاتر ‏تێپه‌ڕێت یان تێنه‌په‌ڕێت کە هێزەکانی پێشمەرگە بە تەواوی یەکبگرنەوە"! ئەمە مانای نەكردنیەتی! ئەگەرنا بۆچی ئەوەندە ‏درەنگ؟ ‏كارەكە ‏خۆی "سیاسییە" و پێویستی بە بڕیارێكی سیاسییە تاوەکو بە چەند رۆژێک، نەك چەند مانگێک، كۆتایی ‏بێت. خۆ ‏دەبینین ‏گۆڕانكارییەكانی دونیا چۆن روودەدەن! داگیركردنی عێراق و لەسێدارەدانی سەدام حوسێن ‏چەند ‏هەفتەیەكی ‏پێچوو! رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی ناوچەكە لە "بەهاری عەرەبی"دا بە خێرایى ساروخ ‏‏رووخان! بە 10 رۆژ تاڵیبان دەستی بەسەر هەموو ئەفغانستان دا گرت! بۆیە تكا لە سەرۆكی هەرێمی کوردستان ‏دەكەم ‏بەو كارە پیرۆزە هەڵسێ و دەستكەوتێک بخاتە نێو دەستكەوتە زۆرەكانی  پێش ئەوەی ئەمریكا لە عێراق ‏بكشێتەوە‏.
 
* ئەمە پووختەى هەڤپەیڤینێکی منە لەگەڵ رادیۆی دەنگی ئەمریكا لە رۆژی 21/8/2021‏
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە