روونكردنه‌وه‌یه‌كی پێویست:
نیولیبراڵیزم ــ Neolibralism ــ یان لیبراڵیزمی نوێ: چه‌مكێكی سیاسی و ئابوورییه و به ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی و ئه‌ڵه‌مانی هه‌زاران لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر نووسراوه. ئه‌م رێبازه فیكری و ئایدیۆلۆژییه، له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا لایه‌نگر و به‌رهه‌ڵستكاری هه‌یه.
لایه‌نگرانی، له رۆژاوا بره‌ویان به‌م رێبازه داوه و به‌شێك له‌به‌رنامه و سیاسه‌تی نیولیبراڵ كاریگه‌ری له‌سه‌ر مێشك و هزر و ره‌فتاری خه‌ڵك داناوه. له بواری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و فه‌رهه‌نگییه‌وه، ئه‌م رێبازه ره‌نگیداوه‌ته‌وه و ده‌یه‌وێت زمان، بیر، ویست و هه‌ڵوێست ، له مرۆڤ وه‌ربگرێته‌وه و بۆ ئامرازێكی بێ گیان و هه‌ست و هزر بیگۆڕێت.
رۆژنامه‌نووسی ئه‌ڵه‌مانی ژان تسیگله‌ر ده‌نووسێت: "فاشیزمی ئه‌ڵه‌مانی پێویستی به ماوه‌ی (6) ساڵ بوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت (56) ملیۆن مرۆڤ له‌ناوبه‌رێت. سیستمی ئابووریی نیولیبراڵ، ده‌توانێت ته‌نیا له‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا ئه‌م كاره بکات.." (1)
هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵپاچین و داپاچین، زانكۆ و خوێندنی باڵای گرتووەته‌وه و ده‌ستكاری سیستمی خوێندنی باڵا ده‌كرێت و ناوی لێنراوه: (شۆڕش له‌سه‌ره‌وه) یان شۆڕشی كه‌مینه دژی به‌رژه‌وه‌ندیی زۆرینه.
بیرمه‌ندێك پێیوایه پلان و گۆڕانكارییه‌كانی لیبراڵیزمی نوێ ده‌یه‌وێت قۆناخی زیندووكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌ره‌به‌گایه‌تی بهێنێته پێشه‌وه، گوایه: هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی (كه‌رتی گشتی) و سه‌پاندنی (تایبه‌تاندن) Privatization (2) ئه‌م پرۆسه‌یه ده‌سه‌ڵاتی نوێی داسه‌پاندووه كه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ده‌ره‌به‌گایه‌تی (3) هاوشێوه‌یی و هاوڕه‌نگی به‌رجه‌سته ده‌بێت. ئه‌م دیارده‌یه نێوی لێنراوه Refeudalization ، سه‌یر ئه‌وه‌یه ماكس ڤێبه‌ر (1864ــ 1920) پێش نزیكه‌ی سه‌د ساڵ ئاماژه‌ی به گه‌شه‌كردنی بیرۆكراسی كردووه كه ده‌بێ ده‌زگای بیرۆكراسی هه‌ر زۆر له (ماڵ)ه‌وه دووربێت و نابێ (فه‌رمانگه)به‌شێك بێت له‌ماڵ یان به ماڵه‌وه گرێبدرێت. ئیستا نیولیبراڵه‌كان (فه‌رمانگه)و پله و پۆست و جێگه‌ی كاریان وه‌كو به‌شێك له موڵك و ماڵی خۆیان ده‌بینین و حزب و پۆست بۆ ده‌ستكه‌وت و پاره په‌یداكردن به‌كارده‌هێنن و رێگه ناده‌ن كه‌س له سنووری ده‌سه‌ڵات و كورسیی ئه‌وان نزیك ببێته‌وه.(4)
چینی ده‌سه‌ڵاتدار و سه‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵ له رۆژاوا، پشتیوانی له‌م ئایدیۆلۆژیایه ده‌كات. ئه‌وان ده‌زانن بۆ ده‌بێ داكۆكی له‌م رێبازه بكه‌ن. زۆر چاك ده‌زانن ئه‌م ئایدیۆلۆژیایه كاریگه‌ری فرەلایه‌نی هه‌یه و سوود و قازانجی بۆیان هه‌یه.
له رۆژهه‌ڵات به راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ، ئه‌م ئایدیۆلۆژیایه له بازاڕ و مۆڵ و ناوه‌ندی بڕیاری سیاسی، به زه‌قی ره‌نگیداوه‌ته‌وه و زیانی خۆی له كۆمه‌ڵ و فه‌رهه‌نگی سیاسی داوه. كه‌سانێك هه‌ن یه‌ك دێڕیان له‌سه‌ر لیبراڵیزمی نوێ نه‌خوێندووەته‌وه، كه‌چی به‌كرده‌وه هه‌ر زۆر له نیولیبراڵه‌كان نیولیبراڵترن!
راسته نیولیبراڵیزم له رۆژاوا سه‌ری هه‌ڵداوه و لایه‌نگری خۆی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م رێبازه دوژمن و به‌رهه‌ڵستكاریشی هه‌یه. له‌سه‌ر ئاستی جیهان، به‌ره به‌ره خه‌ریكه به‌ره‌یه‌كی فراوان به‌رامبه‌ر ئه‌م ئایدیۆلۆجیایه دروست ده‌بێت. به‌هه‌زاران رێكخراوی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، كه‌سایه‌تی گه‌وره، هێزی سیاسی ره‌خنه‌ی توند و زانستی له‌م ئاڕاسته‌یە ده‌گرن (5). له هه‌موو روویەكه‌وه مه‌ترسییه‌كانی بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵ و ژینگه و داهاتووی مرۆڤایه‌تی ده‌خه‌نه به‌رچاو (6). له ئه‌مریكا، فه‌ره‌نسا، بەریتانیای گه‌وره، ئه‌ڵه‌مانیا و سویسرا كار له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ده‌كه‌ن و به به‌ڵگه و داتا كێشه‌كان بۆ خه‌ڵك روون ده‌كه‌نه‌وه. بابه‌ته‌كه له‌ناو په‌رله‌مان شه‌ڕه ده‌نووكی له‌سه‌ر ده‌كرێت. زانكۆ و ناوه‌نده زانستی و فه‌رهه‌نگییه‌كان، به‌كۆڕ و سیمینار ده‌ورێكی گرنگ له ریسواكردن و شیكردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی ئه‌م رێبازه‌دا ده‌گێڕن.
لیبراڵیزم و نیولیبراڵیزم
چه‌مكی لیبراڵیزم له‌ڕووی زاراوه‌سازی و ئیتمۆلۆژیه‌وه، ره‌نگه سه‌رنج بۆ لای ئه‌وه رابكێشێت: لێكچوون و نزیكبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ (لیبراڵیزمی نوێ)دا هه‌بێت و له‌چه‌ند ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌یه‌كه‌وه به یه‌ك بگه‌ن! ئه‌وه‌ی راستی بێت، ئه‌م دوو (فێرگه) و (ئاراسته) و (ئایدیۆلۆژیا)یه هه‌ر زۆر له‌یه‌كه‌وه دوورن، هه‌ریه‌كه (دید) و (تێڕوانین) و (جیهانبینی) خۆی هه‌یه و رایه‌ڵ و دیواری هاوبه‌شیان نییه!
لیبراڵیزم جاران بڕوای به بازاڕی ئازاد، بازرگانیی ئازاد و ئازادیی تاك هه‌بوو. نوێنه‌رانی ئه‌م رێبازه بڕوایان به مافی مرۆڤ و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بوو. فه‌یله‌سووف و ئابووریناسی به‌ناوبانگ ئاده‌م سمیس ــ Adam Smith ــ (1723 ــ 1790) نووسه‌ری كتێبی سامانی گه‌لان ــ The Wealth of Nations ــ یه‌كێكه له رابه‌رانی بیری لیبراڵیزم. ئاده‌م سمیس ناسراوترین پێشه‌وای بزاڤی رۆشنگه‌ریی سكۆتله‌نده‌یه و كتێبی به‌نرخی له‌سه‌ر په‌روه‌رده داناوه. ئه‌و له كتێبی (سامانی گه‌لان)دا ده‌نووسێت: "دادپه‌روه‌ری كۆڵه‌گەیه‌كی سه‌ره‌كیی ته‌لاری كۆمه‌ڵی مرۆڤایه‌تییه. له‌م هاوكێشه‌یه‌دا ئه‌گه‌ر دادپه‌روه‌ری ده‌رهاوێژرا، كۆمه‌ڵ به‌جارێك هه‌ره‌س ده‌هێنێت.. تاد" (7) . پێشه‌نگه‌كانی تری بیر و فێرگه‌ی لیبراڵیزم، به‌گیانی رۆشنگه‌ری دیموكراسییه‌وه قسه‌یان له ئازادی و دادپه‌روه‌ری و مافی مرۆڤ كردووه.
لیبراڵه‌كان ده‌مێكه ئاڵای دژایه‌تی نیولیبراڵه‌كانیان به‌رزكردووەته‌وه و سه‌رهه‌ڵدانی نیولیبراڵیزم به مه‌ترسییه‌كی گه‌وره بۆ سه‌ر ئازادی و بازاڕی ئابووری داده‌نێن. ناسراوترین كه‌سایه‌تی لیبراڵ (ڤیرنه‌ر فۆنتۆبل)ـە، كه ژماره‌یه‌ك كتێب و لێكۆلینه‌وه‌ی له‌سه‌ر جیاوازیی رێبازی لیبراڵ و نیولیبراڵیزم نووسیوه.(8)
نیولیبراڵیزم، بیر و هزری ته‌نیا لای گه‌شه‌پێدانی بازاڕی ئابووری و فراوانكردنی ده‌ستكه‌وت و قازانج و سه‌رمایه‌ی زه‌به‌لاحه، به‌بێ ئه‌وه‌ی هێز و وزه‌ی زۆریان له‌و پرۆژه‌یه‌دا سووتاندبێت: یه‌كگرتنی دوو بانك ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی (10.000 ــ 15.000) كرێكار و كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌ر ره‌وانه‌ی ماڵه‌وه بكرێن. جێگه‌ی ئه‌مانه به رۆبۆت و ئامێری دیجیتاڵ پڕ ده‌كرێته‌وه. له سۆنگه‌ی ئه‌م یه‌كگرتنه‌دا، قازانجی بانكی نوێ چوار پێنج ملیار دۆلار تێده‌په‌ڕێنێ. لای به‌ڕێوه‌به‌ره باڵاكان و خاوه‌ن پشكه زۆره‌كان ئه‌م (ده‌ستكه‌وت) و (قازانج) و (سه‌ركه‌وتن)ه، زۆر له‌سیاسه‌ت و حزب و فه‌رهه‌نگ و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی گرنگتره! سیاسه‌ت و كار و چالاكیی ئه‌وان ته‌نیا له‌خزمه‌ت (پاره) په‌یداكردن و (پاره) كۆكردنه‌وه و به‌رفراوانكردنی ده‌سه‌ڵاتی داراییە و هیچی تر!
نوێنه‌رانی لیبراڵیزمی نوێ دوژمنی سه‌رسه‌ختی دیموكراسین. ئه‌مانه بڕوایان به هه‌ڵبژاردن و ده‌ستاوده‌ستی ده‌سه‌ڵات نییه. ئه‌وان تا ئه‌وكاته لایه‌نگری دیموكراسین، ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ست ئه‌و چینه‌دا بمێنێته‌وه و به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌وان نه‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه. ئێستا له‌چاو سه‌ره‌تای حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، سه‌ندیكای كرێكاران لاوازتر كراوه، هێزه دیموكرات و سۆسیال ــ دیموكراته‌كان پاشه‌كشه‌یان پێكراوه و سه‌رده‌می (ڤیللی برانت، ئۆلف پالمه، كرایسكی، هیلمۆت شمت،..) به‌سه‌رچوو.
ده‌وڵه‌تی یاسا و ده‌وڵه‌تی سۆسیال
نیولیبراڵه‌كان خاچی هه‌ڵته‌كاندنی ده‌وڵه‌تی یاسا و ده‌وڵه‌تی سۆسیالیان له‌سه‌ر شان داناوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دامه‌زراوه دیموكراسی و قانونییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌واندا ناگونجێت. له سۆنگه‌ی هه‌ڵپاچین و داپاچینی دامه‌زراوه‌كانی كه‌رتی گشتی (هاتوچۆ و پۆست،..) هاووڵاتی ده‌بێ چاوه‌ڕوانی گرانكردنی تكتی شه‌مه‌نده‌فه‌ر بێت و ئاستی خزمه‌تگوزاریش دابه‌زیوه. خوێندكاران له هه‌لومه‌رجی نه‌گونجاودا ده‌بێ خوێندن به‌سه‌ربه‌رن.
هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی پێشوو، بیمه‌ی ته‌ندروستی به بڕێك به‌شداریی كه‌م خزمه‌تێكی زۆری پێشكه‌شی نه‌خۆش ده‌كرد: ده‌رمانخانه‌كان بۆ هه‌ر ده‌رمانێك كه دكتۆر له‌سه‌ر راچێته ده‌ینووسی، ته‌نیا دوو ماركی ده‌دا. ئێستا ده‌رمان وه‌كو ئاگری لێهاتووه. دكتۆری ددانیش بۆ هه‌ر دانیشتن و چاره‌سه‌ر و ئامۆژگارییه‌ك داوای پاره‌ی زۆر له نه‌خۆش ده‌كات.
یارمه‌تی ده‌وڵه‌ت و ئاسانكاری و سووككردنی باری هاووڵاتیان (مووچه‌ی بێكاری ــ بۆ نموونه) گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی به‌سه‌ردا هاتووه.(9)
نیولیبراڵه‌كان چی‌یان ده‌وێت؟
نیولیبراڵه‌كانی رۆژاوا و رۆژهه‌ڵات یه‌ك دروشمی ناوه‌ندییان هه‌یه: (پاره) په‌یداكردن و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر سه‌رچاوه داراییه‌كان و دڵنیابوون له بێده‌نگبوونی خەڵک. ئه‌و راوە‌ڕووتی خۆی ده‌كات و سامانی وڵات به تاڵان ده‌بات، به‌ڵام هاووڵاتیان نابێ (ئاژاوه) بنێنه‌وه و زیان به ده‌وڵه‌ت بگەیێنن. مووچه كورت ده‌كرێته‌وه و باج به‌رز ده‌كرێته‌وه، نابێ رێپێوان و خۆپیشاندان و مانگرتن روو بده‌ن. هاووڵاتیان ده‌بێ پشتێنه‌كه‌یان توند بكه‌نه‌وه و له‌و پاشه‌كه‌وته خۆیان بژێنن كه پێشتر پاشه‌كه‌وتیان كردووه. نابێ ده‌وڵه‌ت به‌رپرسیارێتی خۆی ده‌ستۆ بگرێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هاووڵاتی كه‌مته‌رخه‌م بووه و (رۆژی ره‌ش)ی له‌به‌رچاو نەگرتووە.
راینه‌ر ماوزفێڵد (Rainer Mausfeld)، پرۆفیسۆرێكی ئه‌ڵه‌مانییە، ساڵی 2019 كتێبێكی بڵاوكرده‌وه بە ناونیشانی (بۆ به‌رخه‌كان بێده‌نگن؟)(10) ئه‌م كتێبه ده‌نگیدایه‌وه و هه‌ر ئه‌مساڵ دوو جار چاپكراوه و نووسه‌ره‌كه‌ی چه‌ندین كۆڕی بۆ گیراوه و زۆربه‌یان له یوتیوب بڵاوكراونه‌ته‌وه. یه‌كێكیان له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا 200 هه‌زار بینه‌ری هه‌بووه. ماوزفێڵد به‌چڕی باسی میكانیزمی بێده‌نگكردنی خه‌ڵكی خستووەته ڕوو. كاتێك یه‌له‌ك زه‌رده‌كانی پاریس خۆپیشاندانیان كرد، ماوزفێلد كۆڕێكی تایبه‌تی له‌سه‌ر ئه‌وه گرت و ناوی كۆڕه‌كه‌ی نا (به‌رخه یه‌له‌ك زه‌رده‌كان هاتنه ده‌نگ).
نیولیبراڵیزمی كوردی
یه‌كێتی جاران خۆی به رێكخراوێكی چه‌پ، شۆڕشگێڕ و كوردستانی داده‌نا. خۆی به حزبی رۆشنبیران و شۆڕشگێڕان و ره‌نجده‌ران داده‌نا. ئێستا زۆربه‌ی سه‌ركردایه‌تی ئه‌م حزبه نامۆن به مێژووی خۆیان. مریشكه و لاسایی قاز ده‌كاته‌وه. ئه‌وانه رۆژانه نه‌فره‌ت له ناسنامه‌ی كۆن و رابوردووی گه‌له‌كه‌یان ده‌كه‌ن. رقیان له بیروباوه‌ڕی چه‌پ و شۆڕشگێڕ و چینی رۆشنبیره. دوژمنی سه‌رسه‌ختی دیموكراسی و بیروڕای مۆدێرنن. به‌هۆی ئه‌م جیهانبینی و هه‌ڵوێست گۆڕینه‌وه له هه‌ڵبژاردنی 30/9/2018 رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی یه‌كێتی بۆ 21% دابه‌زیوه له‌چاو هه‌ڵبژاردنی 1992.
پاژێكی سه‌ركرده‌كان ره‌نگ و خووی بازرگان و به‌ڵێنده‌ریان گرتووه: به ڕێكه‌وت گوێ له ده‌نگوباس ده‌گرن و رۆژنامه ده‌خوێننه‌وه. كوڕه‌كانیان، چه‌ند ئۆتۆمبێلێكی جامڕه‌ش پاسه‌وانییان ده‌كات. ئه‌م سه‌ركردانه بڕوایان به دیموكراسی و هه‌ڵبژاردن نییه و بڕوایان به كڕینی ده‌نگ و گۆڕینی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه بۆ ئه‌و كاندیدانه‌ی گوێڕایه‌ڵ و بێده‌نگ و سه‌ر به باڵی ئه‌وانن، ده‌ربچن و له هۆڵی په‌رله‌مان به ریمۆت كۆنتڕۆڵ كار بكه‌ن.
پێوه‌ری كه‌سایه‌تی كادر و ئه‌ندامان لای ئه‌وان هێز و دراوه. كه‌سێك دۆلارێكی نه‌بێت دۆلارێك ناهێنێت. كه‌سێك رێزی خۆی و خه‌ڵك بگرێت لای ئه‌وان زۆر سووك و سه‌لیمه. ئه‌مانه ده‌یانه‌وێت یه‌كێتی نه‌ك چه‌ند باڵ و سه‌كۆ و فراكسیۆنێك بێت، به‌ڵكوو ته‌نیا چه‌تری پارێزگاری لە به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌وان بێت. ئه‌وان باش له‌و راستیه تێگه‌یشتوون: یه‌كێتی نه‌بێت ئه‌وانه كێ ده‌سه‌ڵاتیان ده‌داتێ و حیسابیان بۆ ده‌كات؟ بۆیه ده‌یانه‌وێت یه‌كێتی بمێنێته‌وه، به مه‌رجێك له‌بن ده‌ستی خۆیاندا بێت. دوای خۆشیان كوڕه‌كانیان جێگه‌یان بگرنه‌وه. واته: بۆ داهاتووی نزیك چه‌ند بنه‌ماڵه دروست بێت و ئه‌وانه به ته‌نیا قۆرخ و پاوا‌نی ده‌سه‌ڵات و بڕیاری سیاسی و داهاتی كۆمپانیای نۆكان بكه‌ن. لای ئه‌وان رێكخستن و مه‌ڵبه‌ند و كه‌رت و كۆمیته و مه‌كته‌ب و ناوه‌ند توورێكی قوڕاوی ناهێنێت. مێژووی یه‌كێتی و فیداكاریی شه‌هیدان و زیندانی سیاسی و كه‌سوكاریان له‌دوو چه‌پك كوزه‌ڵه هه‌رزانتره. هزر و بیر لای ئه‌مانه باس بكه‌یت واده‌زانن گوێزیان بۆ ده‌ژمێریت... تاد.
پاژێك له‌م سه‌ركردانه پێش 2016 باسی ((شه‌فافیه‌ت))یان ده‌كرد! واته: ده‌بێ داهاتی دارایی یه‌كێتی به كراوه‌یی به به‌رچاوی ئه‌وانه‌وه بێت. دیاره ئه‌و سه‌ركردانه مه‌به‌ستیان (شه‌فافیه‌ت) و ترانسپرێنت نه‌بوو. مه‌به‌ستیان له شه‌فافیه‌ت ئه‌وه بوو: پاره و داهات بخرێته به‌رده‌ستی ئه‌وان. هه‌ر ئه‌وكاته من له كه‌ناڵێكی ئاسمانی گوتم: ((ئه‌مانه ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و لێپرسراوی گه‌وره‌ن. با ئه‌وان له خۆیانه‌وه ده‌ستپێبكه‌ن! بۆ له‌خۆیانه‌وه ده‌ستپێناكه‌ن؟ له‌خۆیانه‌وه ده‌ستیانپێكرد و موڵك و ماڵی خۆیان له‌به‌رده‌م (ده‌سته‌ی ئه‌ستۆپاكی) خسته‌ڕوو، ئه‌وكاته رچه ده‌شكێنن و بڕوای كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك وه‌ده‌ستده‌هێنن..)) ئه‌وانه‌ی ئه‌وكاته شه‌و رۆژ داوای شه‌فافیه‌ت و ئاشكراكردنی سامان و موڵك و ماڵی یه‌كێتییان ده‌كرد، ئه‌مڕۆ ده‌نگیان لێوه نایه‌ت و ده‌ستی ماندوو له‌سه‌ر سكی تێره. كه‌سیش ئه‌مڕۆ مافی نییه باسی شه‌فافیه‌ت و چاكسازی و پاكسازی بكات.
ئه‌گه‌ر به ڕابردوو بێت، به په‌یڕه‌و و پرۆگرام بێت، یه‌كێتی حزبێكی سۆسیال ــ دیموكراته. سۆسیال ــ دیموكرات به‌ته‌نیا به‌سه‌رزاره‌كی نابێت، ده‌بێ به كرده‌وه ئه‌و سه‌ركردانه سۆسیال ــ دیموكرات بن! ده‌بێ سه‌رسه‌ختترین داكۆكیكار بن له ده‌ستكه‌وت و قازانجی هه‌ژار و چه‌وساوه و لێقه‌وماوان.
ده‌بێ قورسترین شه‌ڕ له‌پێناوی دیموكراسیدا بكه‌ن. ده‌بێ ئه‌وانه، به دیمه‌ن، هه‌ڵسوكه‌وت، گیرفان، ماڵ، ئۆتۆمبێل، نوێنه‌رایه‌تیان له په‌رله‌مان و داووده‌زگای ده‌وڵه‌ت، سۆسیالیست و دیموكرات بن، نه‌ك فیرعه‌ون و نمروود و جه‌نگیزخان. من سه‌رۆكی چینم بینیوه، به‌سواری یه‌ك ئۆتۆمبێل رۆیشتووه و خۆم خواحافیزیم لێكردووه. جگه له من و وه‌رگێڕه‌كان كه‌س به‌دوایه‌وه نه‌بوو. ئه‌نگێلا مێركل خۆی و مێرده‌كه‌ی دوو قۆڵی بۆ بازاڕ ده‌چن و كوله‌كه و ته‌ماته و كه‌ره‌وز ده‌كڕن.
پێویسته له‌م كۆنگره‌یه‌ی یەکێتیدا، ئه‌ندامانی كۆنگره پێشه‌كی ئه‌وە ساخبكه‌نه‌وه: ئایا سۆسیال ــ دیموكراتن یان نیولیبراڵن؟ من یه‌ك دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ناو ئه‌م یه‌كێتییه‌دا به‌دی ناكه‌م! كادرێكی لاوی خوێنده‌وار و خاوه‌ن بڕوانامه‌ی به‌رز ده‌بینم، گیرفانی 250 دیناری تێدا نییه، برای پاسه‌وانی لێپرسراوێك ده‌ناسم، ئۆتۆمبێلی لكسسی هه‌یه و ڤێلایه‌كی جوانی له مێرگه‌پان هه‌یه. گوایه: ئه‌و لێپرسراوه سۆسیال ــ دیموكراته. لێپرسراوی هه‌ر زۆر باڵا هه‌یه: له‌پاره‌وه سه‌د جار له‌به‌رده‌م میدیاكان ده‌ركه‌وتووه و یه‌ك جار نه‌یفه‌رمووه : (من یه‌كتێیم!).
بودجه‌ی ساڵانه‌ی سعودیه راده‌ستی ((هه‌ڤاڵان))ی نیولیبراڵی كوردی بكرێت، به‌شی چوار رۆژیان ناكات.. كه‌واته: ده‌بێ كۆنگره‌ی داهاتوو ((چواره‌م)) ئه‌گه‌ر پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م گوتاره‌ی به‌نده ببه‌سترێت و بۆ كاتی نادیار دوانه‌خرێت، كۆنگره‌ی چاكسازیی بنه‌ڕه‌تی بێت و كۆنگره‌ی پینه‌و په‌ڕۆ و ماچ و مووچ و قاچ و قووچ و ته‌زویری ده‌نگ و شێواندنی ئیراده‌ی دڵسۆزان و خه‌مخۆران و مافخوراوانی یه‌كێتی نه‌بێت.
ده‌بێ سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی ی.ن.ك بڕوای سه‌دا سه‌دیان به‌راستگۆیی سه‌ركرده‌كانیان هه‌بێت. سه‌ركردایه‌تی ده‌بێت به‌كرده‌وه ئه‌وه بسه‌لمێنێ كه په‌یڕه‌وی لە دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كرێت و ژیان و گوزه‌رانی ئه‌وان له‌گه‌ڵ ساده‌ترین كادردا، جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆی نییه. كادره پێشكه‌وتووه‌كان قه‌ناعه‌تی نه‌گۆڕیان لا په‌یدا بووه، له‌نێوان ئه‌وان و سه‌ركردایه‌تیدا خه‌ره‌ندێك له گومان و بێ‌بڕوایی دروست بووه!
با نیولیبراڵه‌كانی ناو سه‌ركردایه‌تی ی.ن.ك له‌گه‌ڵ خۆیاندا ئه‌وه‌نده راستگۆ بن و خۆیان ساخبكه‌نه‌وه: له‌مبه‌رن، یان له‌وبه‌رن!
سه‌رنج و سه‌رچاوه:
1. Mausfeld, Rainer: Warum Schweigen die Lämmer? Westlend. 2 Auflage, Frankturt am Main 2019 S. 123
2. له‌بری (خصصە) ی عه‌ره‌بی و Privatization ی ئینگلیزی من پێشنیار ده‌كه‌م چه‌مكی (تایبه‌تاندن) له‌مه‌ودوا به‌كاربهێنرێت
3. Ibid, S, 116
4. Webar, Max: Wirtsehaft und Gesellschaft, Studienausgahe, J. C. B Mohr (Paul Siebeck) Tübingen 1985 S. 128, ff.
- Mickel. W (Hrsg): Bürokratietheorien. in: Handlexikon. Zu
Politikwissenschaft.Bonn / München 1986. 55. Ff.
5. Wagenknecht, Sahra: Courgiert gegen den Strom, Westend.
München 2017 S 52. ff
6. Goessmann, David: Sahra Wagenknecht, Von Links bis heute, das Heue Berlin, Auflage, Berlin 2019 S, 144 ff.
د. زارا فاگنكنێشت له‌ساڵی 1991 به‌دواوه یه‌كێكه له دیارترین سه‌ركرده‌ی حزبی چه‌په‌كان. له (2011)ه‌وه سه‌رۆكی فراكسیۆنی چه‌په‌كانه له په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا. سه‌رسه‌خترین ره‌خنه‌گره له نیولیبراڵه‌كانی ئه‌ڵه‌مانیا به‌تایبه‌تی و سیستمی كه‌پیتالیستی به‌گشتی و كتێب و لێكۆڵینه‌وه‌ی زۆری له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته هه‌یه.
7. Vontabel. Werner: Die Wohlstandsmaschine. Elster Verlag. Baden – Baden. Zürch. 1998 S. 20. ff.
8. Ibid, S. 7.f
9. Butterwegge, ChristophLÖsch, BettinaPtak, Ralf: Kritik das Neolibralismus, 3. Auflage, Springer Vs, Wiesbaden 2017 S. 93 ff.
10. Mausfeld. Rainer: Ibid. S. 18,
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ