نەوەی ئایپاد و تیکتۆک "چەکیان" هەڵگرتووە

دوێنێ کاژێر 06:36
دیار جەمیل
A+ A-
 
‎رووداوەکانی ئەم دواییە لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان جگە لە گۆڕانکاری لە جوگرافیا و سنووری دەسەڵاتی سەربازی و دابەشکاریی. بیر و هزری ئەم نەوەیەی بەم دواییانە پێیان دەگوترا، نەوەی 'تیکتۆک و فەیسبووک و مۆبایلی زیرەک'، روونکردەوە و توانا و هێزی پێشاندان. دەریخست فەیسبووک و تیکتۆک وەکو خەباتە مەدەنی و سەربازییەکانی نەوەی پێشووتر دەتوانێت جێی خۆی بگرێت و سەنگ و قورسایی لە کۆمەڵگەی کوردی هەبێت، بەجۆرێک ئەوەی دەنگی کوردی لە گەرووی مابێ لە هەر قوژبنێکی ئەم جیهانە، بهێنێتە دەنگ لەسەر داگیرکاری و زەبر و ستەمی ئەو هێزانەی هەڵگری جیهانبینییەکی "رادیکاڵ"ـن و هەڕەشە لە فرەیی و پێکەوەژیان دەکەن.
 
‎'دانانی وێنەکانتان هێندەی چەکی دەستی شەڕڤانێک کاریگەریی هەیە' 
 
‎پەیامی یەکێک لەو گەنجانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چالاکە، سەرنجی راکێشام، گەنجەکە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردبووەوە و دەیگوت: 'وێنەکانتان بڵاوبکەنەوە دەنگی کورد بگەیێنن، بە کەمی مەبینن، هێندەی چەکی دەستی ئەو شەڕڤانەی لە بەرەکانی پێشەوە شەری پێدەکات کاریگەرە.' ئەم قسەیە رەنگە زۆر سادە بێت، زێدەڕۆیی تێدابێت، بەڵام ئەگەر تۆزێک قووڵ بینەوە تێیدا دەگەینە ئەنجامێکی سەیر! چەک لە چەند ساڵی رابردوو، پێش ئەم جیهانە دیجیتاڵییەی دروست بووە رەنگە کاریگەرترین ئامراز بووبێت بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەم بارودۆخانە. مێژووی شۆڕشە کوردییەکانیش شاهێدی ئەمەن. بەڵام ئێستا شتەکە گۆڕاوە، تەنانەت چەکەکانیش بوونەتە دیجیتاڵی، واتە ئەم سەردەمە سەردەمی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکردە. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش هێندە گرێدراون بە یەکدییەوە، هاشتاگێک دەتوانێت بەشێکی گەورەی خەڵک لەسەر بابەتێک کۆ بکاتەوە و دەنگێکی جیهانی دروست بکات. 
 
‎بۆچوونە کۆنەکە چۆن بوو، ئێستا چی روودەدات؟
 
‎کاتێک کۆمەڵگەی ئێمە سەرەتا ئاشنابوو بە جیهانی تەکنەلۆژیا بە گشتی و ئینتەرنێت و ئامێری زیرەک و دیجیتاڵییکانی دیکە، لێرە و لەوێ قسەی جیاواز دەکران، ئەوەی کە نەوەکانی پێشوو، واتە هەر لە نەوەی بەیبی بومەرز (Baby Boomers) تاوەکو نەوەی ئێکس (Generation X) کە لە زانستی سۆسۆلۆژیا بەم جۆرە پۆلێنکراون، پێیان وابوو ئەم نەوە تازەیە 'نەوەی تیکتۆک و فەیسبووک و ئایپاد' کە نەوەی زی یان زێتیان پێدەڵێن، نەوەیەکی تەمبەڵ و گێل دەبن، هیچ بابەتێکی نیشتمانی، خاک و زمان و کولتووریان بەلاوە گرنگ نییە. ئاوات و خولیای ئەوان بۆ ژیان لە ئامێرێکی پێشکەوتووی تەکنەلۆژیا کۆبووەتەوە، بەڵام دەرکەوت ئەم بچوونە تاڕادەیەکی زۆر هەڵەیە. چونکە ئەم ‎نەوەیە دەتوانێت شۆڕشێکی نوێ بە تەکنەلۆژیا بکات، ئەگەر رۆژێک لە رۆژان ئەوەی بە دیبلۆماسییەت و هەنگاوی سیاسی و کۆبوونەوە و دابەشکردنی بەرژەوەندییەکان نەکرابێت، ئەمان بە کەمپەینێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەیکەن. دەتوانن دەسەڵاتەکان بگۆڕن، کاریگەرییان لەسەر بەرنامەی سیاسیی حیزبەکانیش هەبێت. رووداوەکانی بەنگلایدیش، کینیا، ئەفریقای باشوور، ئیندۆنوسیا و فیلیپین بەڵگەن بۆ ئەم قسەیە.
 
‎رووداوەکانی رۆژئاوا بە نموونە 
 
‎لەم رۆژانەی دواییدا لەگەڵ شەڕی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب و دواتر پەرەسەندنی شەڕەکە بۆ ناوچەکانی دیکەی سووریا، کە تێیدا کورد و نەتەوە و پێكهاتە کەمینەکانی دیکەی سووریا تووشی دەستدرێژکردنێکی نامرۆڤانە بوونەوە. هەستی نەوەی تازە، نەوە دیجیتاڵییەکەی کوردستان و جیهان جۆشدا و هەمووان لەژێر چەتری کوردایەتی و نیشتمانی دا کۆبوونەوە. هەڵمەتێکی زۆر فراوان دەستیپێکرد کە باوەڕناکەم لە هیچ بابەتێکی دیکەدا کورد هێندە یەکگرتوو بووبن بە درێژایی مێژوو، تەنانەت جۆشی ئەوان بۆ بابەتەکە وای لە میدیاکان کرد بە ناچاری وەکو یەک کار لەسەر ئەو بابەتە بکەن، ئەگەر جاران میدیا خەڵکی ئاراستە کردبێت، ئێستا خەڵکیش دەتوانێ میدیا بەوجۆرە ئاراستە بکات کە دەیەوێ چونکە لە جیهانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دا ئێستا زۆرینەی دەزگاکانی راگەیاندن شەڕی بینەر و کۆکردنەوەی فۆڵەوەرز دەکەن، ئەگەر بۆ سەرنجڕاكێشانیش بێت، ناچار بوون ئەم بابەتە بورووژێنن. تەنانەت ئەم هەستە نیشتمانپەروەرییەی 'نەوەی تیکتۆک و فەیسبووک' کاریگەریی لەسەر حیزبە کوردستانییەکانیش هەبوو، لە بڕیارەکانیان لەسەر پرسەکە و کۆدەنگی سیاسیشی دروست کرد. هەر بەوەش نەوەستا دەنگەکە هێندە دلێر بوو، گەیشتە وڵاتە زلهێزەکانی جیهان، گەر پێشووتر بێدەنگیان لە بەرامبەر شتانێک هەڵبژاردبێ، ئەمجارە ناچار بوون گەر بە ناڕاستەوخۆش بێت، شتێک هەر بڵێن! کە ئەمە خۆی هەنگاوێکی گرنگ و کاریگەرە.
 
‎چالاکڤانێک لە تۆرۆنتۆ و کچە نمایشکارێک لە بوخووم، هونەرمەندێک لە ژاپۆن و خوێندکارانی زانکۆ لە مۆسکۆ و پەرلەمانتار لە بەریتانیا و ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەورووپا قسەیان هەبێ و پاڵپشتیی دۆزی کورد بکەن لە رۆژئاوا. تەنانەت هاوزمانەکانی خۆشیان (عەرەب) پاڵپشتیی ویستی کورد لە رۆژئاوا بکەن و سەرکۆنەی مامەڵەی دڕندانەی سوپای عەرەبیی سووریا بکەن. ‎تەنانەت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ناڕاستەوخۆ بەجۆرێک لە جۆرەکان هاوسۆزییەکی پێشاندا بۆ دۆخی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بەڵێنی دا بیانپارێزێت. ئەمەش دوای ئەوەی هاوکارمان دیار کوردە لەبارەی پرسی رۆژئاوای کوردستانەوە پرسیاری لێی کرد. ئەمە کاریگەریی ئەو هەڵمەتەیە کە نەوەی "ئایپاد، تیکتۆک و فەیسبووک" دەستیان پێکرد، تائێستاش کۆتایی نەهاتووە، چاوەڕوان دەکرێت، تاوەکو مافەکانی کورد لە سووریا نەچەسپێت، ئەمە بەردەوام بێت.
 
ئەم رووداوانە گرێدراون و زنجیرەن، کاریگەریی ئەو هەڵمەتەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەیە رەنگە راستەوخۆ لە ورووژاندنە گەورەکاندا دەرنەکەوێت، بەڵام کاریگەرییەکە هەر هەیە. لێرەدا ئەوەی گرنگە و پێویستە بگوترێت، ئەوەیە، ئێستا سەردەمی تەکنەلۆژیایە دەبێ کۆمەڵگەی کوردی لەبری ئەوەی سەرزەنشتی منداڵان و گەنجان بدەن لە بەکارهێنانی ئامێرە زیرەکەکان و بابەتە دیجیتاڵییەکان، هانیان بدەن بە دروستی بەکاری بهێنن و بەشێک بن لە پێشکەوتن و پەرەپێدانی پڕۆژە و بیرۆکەکانیان لە کایە جیاوازەکاندا، ئێستا سەردەمی شۆڕشی دیجیتاڵییە، گەنجانی ئێمە و ئەم نەوەیە سەلماندیان شۆڕشگێڕێکی باشن، بۆیە تاکە رێگە هاندانیانە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاوە ئەمین گوڵچین

کەرامەت پارێزی سەرۆک مەسعود بارزانی و پیرۆزباییەکەی بایدەمیر

رۆژئاوای کوردستان هەموو کوردی یەکخستووە. کورد بە هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان دانەنیشت بگریێت، کورد لە هەموو بوارێکدا هەستاوەتە سەرپێ بۆ بەرگریکردن لە رۆژئاوای کوردستان بە هەموو شێوەیەک