ئەلێکساندەر شاڵنبێرگ*
چەندین دەیەیە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە دەست گێژەڵۆکە یەک لەدوای یەکەکانی تووندوتیژییەوە دەناڵێنێت، بەڵام ئەم چەند مانگەی رابردوو، رەهەندێکی نوێی وێرانکارییان لەگەڵ خۆیاندا هێنا. هێرشە تیرۆریستییە دڕندەییەکانی حەماس بوونەتە هۆی ئەوەی غەززە و هەموو ناوچەکە بکەوێتە دۆخێکی زۆر مەترسیدارەوە. وەک هەر ململانێیەک، هاووڵاتیانی سیڤیل زیانمەندی سەرەکین. ئیسرائیلییەکان بەهۆی کوشتوبڕەکەی 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تووشی کۆستی دەروونی بوون و خێزانەکان ترسیان لە سەلامەتیی منداڵ، دایک و باوک، داپیرە و باپیرەکانیان هەیە کە هێشتا لە غەززە بە بارمتە گیراون. لە هەمان کات دا، چەندین فەلەستینی لە غەززە ئازیزەکانیان لەدەستداوە و بەبێ پەناگە و خۆراک و یارمەتیی پزیشکین. دیدارم لەگەڵ ئەو خێزانە فەلەستینییە نەمساییانەی کرد کە لە غەززە گەڕاندووماننەتەوە، هەروەها دیدارم لەگەڵ ئەو دایکە ئیسرائیلییانە کرد کە هێشتا رۆڵەکانیان بارمتەی دەستی حەماسن. ئەمانە بە قووڵی کاریان تێکردم. نەهامەتیی هیچ کەس لە سەرووی نەهامەتیی کەسێکی دیکەوە نییە. ئازار و کۆستی هەموو سیڤیلەکان ناخهەژێنە. پاراستنیان و کۆتاییهێنان بە ئێش و ژانەکانیان بەرپرسیاریێتیی هاوبەشمانە.
هەربۆیە سەردانی تەلئەڤیڤ، رامەڵڵا، قاهیرە و عەممان دەکەم و گوێ لە هاوبەشەکان دەگرم و گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکەم. رەگ و ریشەی ئەم ململانێیە قووڵە. هەست و سۆزەکان بەرزن. هەڵوێستەکان بە تێپەڕبوونی کات داکوتراوتر بوون، لەوانەش لە دەرەوە. وەک وەزیری دەرەوی وڵاتێک کە چەندین دەیەیە هاوبەشێکی متمانەپێکراوی خەڵکی فەلەستینییە و لە هەمان کات دا پێداگرانە پابەندبووە بە بەرپرسیاریێتیی مێژوویی خۆی بەرامبەر دەوڵەتی ئیسرائیل، بە ئەرکی خۆمی دەزانم هەر شتێکم لەدەست بێت، بیکەم تاوەکو بوارێک بۆ دیپلۆماسی بکەمەوە.
یاسای نێودەوڵەتی، بنەمای رێنیشاندەری سیاسەتی دەرەوەمانە. پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی، لە هەر کات و شوێنێکی جیهانەوە بێت، هێڵی سوورە. بۆیە بە هەموو شێوەیەک سەرکۆنەی هێرشی مووشەکی بەردەوام، تونێلە پڕ لە تیرۆرەکان، گرتنی بارمتەکان و بەکارهێنانی نەگریسانەی خەڵکی سیڤیل وەک قەڵخانی مرۆیی لەلایەن حەماسەوە دەکەین. بۆیە پێداگرانە پشتیوانی لە مافی بەرگری لەخۆکردنی ئیسرائیل لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا دەکەین. لەبەر ئەوەشە بە پشتبەستن بە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، هانی ئیسرائیل دەدەین هەموو هەنگاوێک بنێت بۆ ئەوەی کاری زیاتر لەپێناو پاراستنی خەڵکی سیڤیل بکات و رێگە بە رۆیشتنی یارمەتیی زیاتر بۆ نێو غەززە بدات. هەر بەو هۆیەشەوەیە هەموو ئەو قسانە رەتدەکەینەوە کە داوای راگواستنی فەلەستینییەکان دەکەن؛ هەر لەبەر ئەوەشە داوادەکەین غەززە بە ناوچەیەکی فەلەستینی بمێنێتەوە و داوای سەپاندنی سزا بەسەر پەڕگیر و تووندڕۆیەکاندا دەکەین کە لە کۆمەڵگە جوونشینەکاندان.
بەڵام باسکردنی بنەما چاکەکان بە تەنیا بەس نییە. بەڵکو ئەوە دیپلۆماسیی بەردەوام و کۆڵنەدەرانەیە کە بارمتەکان بە ئازیزانیان شاد دەکاتەوە و یارمەتیی ژیانپارێزی زیاتری وەک ئاو، خۆراک و دەرمان دەگەیێنێتە خەڵکی سیڤیلی غەززە. ئەوە ئامانجی لەپێشینەی نەمسایە. دڵخۆشم بە گفتوگۆکانی ئەم دواییە کە ئەمریکا، قەتەر و میسر پشتیوانییان دەکەن. ئەگەر رێککەوتنێک بکرێت، دەکرێت زەوینەیەک بۆ ئاگربەستێکی درێژخایەن و لە کۆتاییشدا دەرفەتی ئاشتی، دابین بکات.
نابێت کات بەفیڕۆ بدرێت. هەر رۆژێک تێدەپەڕێت، ئازاری زیاتر بۆ خێزانی بارمتە ئیسرائیلییەکان و منداڵ، ژن و پیاوانی غەززە لەگەڵ خۆی دەهێنێت. ئێمە 13 ملیۆن یۆرۆمان لە شێوەی یارمەتیی فریاگوزاری بۆ خەڵکی غەززە و سەقامگیریی ناوچەکە تەرخانکردووە. پشتیوانیی زیاتریش بەڕێوەیە. لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، ئەو یارمەتییەی نەمسا بۆ ناوچەکەی تەرخانکردووە، گەیشتووەتە زیاتر لە 320 ملیۆن یۆرۆ. لە کاردانەوەی دەنگۆی تاسێنەری تێوەگلانی کارمەندانی ئونروا لە هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەردا، ئێمە و چەند وڵاتێکی دیکەی بەخشەر، بە شێوەیەکی کاتی، پارەمان بۆ ئاژانسەکە هەڵپەسارد، تاوەکو ئەوکاتەی لێکۆڵینەوەی ورد، تێروتەسەل و رۆشن دەکرێت، بەڵام هەرگیز یارمەتییەکانی نەمسامان نەوەستاندووە. پێزانینمان هەیە کە نەتەوە یەکگرتووەکان ئێستا هەنگاوی ناوە و لە نزیکەوە لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیشمان کاردەکەین بۆ دیاریکردنی ئەو پێوەرانەی رێگەمان پێدەدەن دەست بە تەرخانکردنەوەی پارە بکەین، دوای ئەوەی تۆمەتەکان لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت و ئەنجامەکان روون دەبنەوە. گرنگە نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرووی گلەییەکانەوە بێت. ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان وەک یەک شایەنی ئەوەن لە ئاشتی، ئاساییش دا و بە شکۆوە بژین.
گوتەیەک هەیە دەڵێت، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست شوێنێکی سەختە بۆ گەشبینەکان. بێگومان، لەنێو ئەم هەموو ترس و ئازارەدا، دانانی رێگەیەک بەرەو ئاشتییەکی بەردەوام، وا دەردەکەوێت زەحمەت بێت، بەڵام بۆ من، هیچ جێگرەوەیەک بۆ چارەسەری دوو دەوڵەت نییە کە شیاوی جێبەجێکردن و درێژەپێدان بێت. چارەسەری دوو دەوڵەت تاکە رێگەچارەیە.
داهاتوویەکم دەوێت کە تێیدا گرووپە تیرۆریستەکان هەڕەشە لە ئاساییشی ئیسرائیل نەکەن؛ داهاتوویەک کە دەسەڵاتێکی بەڕێوەبردنی سیڤیل لە غەززە وەبەرهێنان لە هیوا، خەون و خواستی خەڵکی فەلەستینی دا بکات لەجیاتی ئەوەی تونێل لێبدات و نەخشەڕێژی بۆ هێرش بکات؛ داهاتوویەک کە تێیدا وڵاتانی عەرەبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردبێتەوە و بەرهەمی سوودی ئابووری و سیاسیی رۆژهەڵاتێکی نێوەڕاستی پێکەوەبەستراو بچننەوە؛ داهاتوویەک کە تێیدا فەلەستینییەکان بگەنە ئومێدی خۆیان و لە ژێر فەرمانڕەوایی دەسەڵاتێکی چاکسازی فەلەستینی دا، دەوڵەتێکی راستەقینەی دیموکراسییان هەبێت.
خێزانەکان، چ ئیسرائیلی بن یان فەلەستینی، شایەنی ئەوەن لە ماڵەکانیان دا هەست بە ئارامی بکەن؛ منداڵان شایەنی ئەوەن بەبێ ترس یاری بکەن و بڕۆنە قوتابخانە؛ ژن و پیاوان شایەنی ئەوەن بەدوای کارەکانیاندا بڕۆن و بە شکۆمەندییەوە ژیانێک بۆ خۆیان و ئازیزانیان پێکبێنن.
بەرەوپێشچوون ئاسان بەدەستەوە نایێت و گومانیشی تێدا نییە کە رێگەکە نسکۆی تێدا دەبێت، بەڵام ئەگەر لە 7ـی ئۆکتۆبەر و رووداوەکانی دوای ئەو رۆژە شتێک فێربووبین، ئەوە دەبێت کە ناتوانین لەسەر ئەو دۆخەی لە رابردوودا هەبووە، بەردەوام بین. لە گفتوگۆکانم لەگەڵ هاووڵاتییە نەمساییە جوو و موسڵمانەکان، هەروەها لەگەڵ هاوبەشە ئیسرائیلی و فەلەستینییەکانم، لەگەڵ هاوکارەکانم لە باکووری ئەفریقاوە تاوەکو کەنداو، گەیشتوومەتە ئەو ئەنجامەی؛ وێڕای چەندین ناکۆکی، چ راستەقینە بن یان وێناکراو، هەموومان دەتوانین پێکەوە لەسەر بنەمای هاوبەشی شکۆداری و مرۆڤایەتی یەکگرتوو بین. پێویستە بوێری و خواستی سیاسیمان لە ئاستی ئەرکەکەدا بێت. نەمسا پابەندە بەوەی ئەم روانگەیە بەدیبهێنێت و نەوە ئیسرائیلی و فەلەستینییەکانی داهاتووش لە ئاشووبی جەنگ بپارێزێت.
* گوتاری ئەلێکساندەر شاڵنبێرگ، وەزیری فیدراڵیی نەمسا بۆ کاروباری ئەورووپا و نێودەوڵەتی بە بۆنەی سەردانەکەی بۆ ناوچەکە. بەتایبەت بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ