ئیتر دونیای ئێمە کۆتاییھات!

27-03-2020
د. سالار عوسمان
A+ A-
 
دونیای ئێمە کۆتایی پێھات، مەبەستم لە دونیای ئێمە، دونیای بەر لە (COVID 19)یە، دونیایەک پڕ لە چەمک و تێگەیشتن، پڕ لە ئایین و ئایدیا، پڕ لە بەھا و سیستەم، پڕ لە راڤە و شرۆڤە و ھەمدیس پڕ لە خەون و پلان، بەڵێ بە حوزنێکی قووڵەوە، حوزنێک کە ھەڵگری چەندین پرسیاری بێ وەڵامە دەڵێین: دونیای ئێمە کۆتاییھات!
 
نازانم ئەم لێکدانەوەیەم چەند دروستە، ناشزانم زەمەنی لێکدانەوەکە زووە یان نا، لێ دەزانم کۆرۆنا ھەموو بەشەریەتی خستەوە کونجی ماڵەوە، کونجێک سەراپا لە تێنەگەیشتن، لە ترس، لە نادیار و لە بێڕاڤەیی، کە ڕێک خەسڵەتەکانی سەرەتای ژیانی مرۆڤایەتین، ئەوکاتەی مرۆڤ لە دەوروبەر، تەنانەت لە جووڵە جەستەییەکانی خۆیشی تێنەدەگەیشت، ئەو سەرەتایەی کە مرۆڤ لە ھەموو شت، تەنانەت لە سێبەری خۆیشی دەترسا و نزیک نەدەبوەوە لە ھیچ، لە نادیاری، کە مرۆڤی سەرەتایی عەوداڵی گەڕان کرد بەدوای فریادڕەسێک، تاوەکو پێناسەی نادیارەکانی بۆ بکات و ئۆقرە بگرێت، ھەمدیس لە بێڕاڤەیی، کە دەسکورتە و نەشێت راڤەی ئەو نوێییە بکات، نوێیەک کە ھەموو نوێکانی ئەم سەردەمەی کۆن کردەوە!
 
دونیای ئێمە تەواو، ئەو دونیایەی مرۆڤ بەھێزترین بوو، ئەو دونیایەی زانست کلیلی کردنەوەی دەرگاکان بوو، ئیتر کۆرۆنا مرۆڤی بچووک کردەوە، بچووک وەکو چۆن سەرەتا لە ئەشکەوت و کوخەکان، مەگەر بۆ خواردن سەرێکی لە ئەشکەوت دەرھێنابا، ئەویش بە ترسەوە، ترس تاوەکو ئەو رادەیەی ھەندێجار، خۆراکی چنگ نەکەوتووە و نەیتوانیوە، بێگومان لە ترسانا، زۆرتر بڕوات، ئاکام ئەزیزەکانی بە بەرچاوی خۆیەوە مردوون و بچووک و بێدەسەڵات و بێھێز، واقوڕماو نەیتوانیوە ھیچ بکات!
 
کۆرۆنا، ڕێک وەکو سەرەتای ژیانی مرۆڤایەتی، مرۆڤی دووچاری ترس لە دەوروبەر کردەوە، جا با ئەو دەوروبەرە باشیش بێت، ئێستایش ھەروایە، مرۆڤ گومانی لە گوڵ، درەخت، ھەوا، تەنانەت گومانی لە دایک، کوڕ، ھاوژین، مەعشوق و پتر لەمەیش، گومانی لە دەست و پەنجە و لووت و چاوی خۆیشی ھەیە، کە بێگومان ئەمانە باشەکانی ژیانن، لێ مرۆڤ ھەر ناتوانێ لێیان نزیک بکەوێتەوە، بەکورتی لێیان تێناگات و لێیان دەترسێت!
 
مرۆڤ بە ڕادەیەک بێھێزە، تەنانەت ھێزی دەقە ئایینییەکانیش، ھێزی پێگە و شۆرەت و ئاوەزمەندی و پارەیش وەفریای ناکەوێت و جوگرافیاکانیشی لێ قوفڵ بووە، قوفڵێک کە ئیتر نازانێ ژینگەی لەبار کامەیە، ئێرەیە یان ئەوێ، مرۆڤ لەنێوان تێنەگەیشتن لە ئێرە و ئەوێ، بێسەرترین مەخلوقە و ھەندێک کەڕەت ئیرەیی بە ئاژەڵ دەبات و قێز لە ئینسانبوونی خۆی دەکاتەوە، ئەو ئینسانەی دەقەکان بە پیرۆز، بە بەھێز و ڕێزلێگیراو وەسفیان کردووە!
 
دونیای ئێمە تەواو، کۆڕۆنا سەرجەم سیستەمە پێشکەوتووەکانی دونیای سفر کردەوە (1)، ئیتر دەبێ، دوای سفر دەست بە ژماردنەوەیەکی نوێ بکەین، نازانم، ئایا لەم قۆناخی شۆکەدا دەتوانین ددان بەو راستییەدا بنێین، کە ئیتر مرۆڤ ئەو کائینە بەھێزە نییە، کە ئەفسانەکان، دەق و زانستەکان بانگەشەیان بۆ دەکرد، یان جارێ ھەر لە قۆناخی شۆکداین و زەمەنێکمان پێویستە بۆ بینین، بۆ لێکدانەوە و دۆزینەوەی وەڵامی دروست؟! ئاخر ئێستا ئینسان، مرۆڤایەتی بەگشتی لە شۆکێکی گەورەدایە، شۆکی سفربوونەوەی زانست و بچووکبوونەوەی ئینسان، لەوانەیشە ئەم شۆکە، کە بێوێنەترین شۆکی مێژووە، کە وەک یەک، سەراپا گۆی زەوی سفرکردووەتەوە، ھاوکاریمان نەکات لە ڕوون بینین، لە لێکدانەوەی بە ئەزموون تێپەڕیو و ھەمدیس لە دۆزینەوەی وەڵامی دروستی ھەموو ئەو پرسیارانەی ئینسانەکان سەبارەت بە کۆرۆنا دەیکەن، ئەو پرسیارانەی تاوەکو دێت کەڵەکە دەبن و لە بێوەڵامیدا خەریکە بۆگەن دەکەن!
 
خەریکە بۆگەن دەکات ئەم دونیایەی ئێمە، دەبێ دەست بە ژماردنەوەیەکی نوێ بکەین، مەبەستم ژماردنی مردووەکان نییە، کە تاوەکو دێت وەکو دیوار بڵند دەبێتەوە و دونیای ئێمەی بۆگەن کردووە، نا، مەبەستم دەستپێکردن بە ژماردنەوەیەکی نوێی ژیانە، ژیانی ئێستاش نا، کە لەنێو شۆکە مەزنەکەدایە، نا، ژیانی دوای کۆڕۆنا.
 
دوای کۆرۆنا، وەکو حیکایەتەکانی پۆست مۆدێرنە و پۆست داعش نییە، کە بەشێک لە ھەموو بگۆڕێت، پۆست کۆرۆنا ھەموو ژیان دەگۆڕێت، بۆیە دەبێ خۆمان ئامادەبکەین بۆ ژیانێکی دیکە، ژیانێکی تەواو جیاواز، ژیانێک، کە ھەرگیز تامی پێشوو ناداتەوە!
 
دەبێ بە ھەموو چەمکەکاندا بچینەوە، دەبێ بەھاکان، تەنانەت ئایینەکانیش پێناسە بکەینەوە، ئیتر یەقین، ئایین، ئابووری، تەنانەت تەوقە، ماچ و سێکسیش گۆڕانیان بەسەردا دێت، ھەر بە نموونە: خودی یەقین دەکەوێتە گومانەوە، ئاو، کە دڵنیاین لەوەی زیندەگی دەبەخشێتەوە، لەوانەیە ببێتە فاکتەری مەرگ، ئایین، ئیتر مەرج نییە ڕووکردنە کڵێسا و مزگەوتەکان بریتی بێت لە خواپەرستی، لەوانەیە ببێ بە جۆرێک لە گوناھ، ئابووری، کێ لەو ھاوکێشە ئابوورییە مەعکوسانە سەردەردەکات، کە مرۆڤی بێھێز و ئابووری، کە ئابووری خۆی ھێزە، چۆن بەیەکەوە کۆدەکرێتەوە، ئەرێ بەڕاست ئاھەنگە قەرەباڵخەکان دەمێنن، چۆن دەستی ئازیزەکان بگرین و چی لە نیعمەتی ماچ بکەین و ئیتر بەم ھەموو گومانەوە سێکس چ مانا؟!
 
ئەرێ ئێمە لە بێماناییدا ناژین ؟! بێمانایی نێوان دونیای گەورە و ڤایرۆسی بچووک، نەک بچووک، نادیار!
 
ئێمە لەنێو شۆکێکی گەورەداین و بەدڵنیاییەوە قسەکردن لەنێو شۆک، بینین و لێکدانەوە لەنێو شۆکدا، لەوانەیە بەشێکی لە ھەڵم بچێت، لێ ھەڵمیش بێ بنەما نییە و گرنگ لەنێوان ئاو و ھەڵمدا راستیی سەلمێنراو ھەیە، راستی نێو ئەم لێکدانەوەیەش ئەوەیە خۆمان ئامادە بکەین بۆ ژیانێکی دیکە، بەتایبەت گەنجەکانمان، دەبێ بە ئامادەییەوە، تایبەت ئامادەیی سایکۆلۆژی خۆمان ڕابھێنین لەگەڵ پێناسەکردنەوەی سەرلەنوێی، ببوورن، ژمارەکردنەوەی سەرلەنوێی ژیان!
 
ئەمە قورسترین و پڕ ئازارترین راھێنانە لە سەردەمی ئەمڕۆدا، کە بە سەردەمی جەنگەکان ناسراوە، بە کورتی جەنگەکان ئەھوەنتر و کەم ئازارتر بوون لەم دەردی خۆڕاھێنانە بە ژمارەکردنەوەی ژیان، تەنانەت جەنگە خوێناوییەکانیش، کە داعش قێزەونترینیان بوو، بەڕاستی ھەقە بپرسین: مرۆڤ بۆ وای لێھات؟! بۆ وا بێھێز، بۆ وا بچووک، لە کونجی ماڵەوە، بێ تێگەیشتن، ترساو لە نادیار، راڤەیەکی چنگ ناکەوێت؟!
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عارف قوربانی

لەبارەى چەمچەماڵەوە، ئەمەیان بە خەڵک ناکرێت

ئەوەى من دەیڵێم جێبەجێکردنى کارێکى قورس و سەخت نییە، بەڵام چارەسەرێکى هەمیشەییە بۆ دوورخستنەوەى مەترسیی دروستبوونەوەى لافاو لەسەر چەمچەماڵ و شۆڕش. ئەو شوێنەى ئاوەکەى پێدا دێت، دۆڵێکى درێژە، دەبێت لە پشتى مۆفەرەوە لایەکى ئەو گردەى دۆڵەکەى دروستکردووە ببڕدرێت بۆ ئەوەى رێڕەوى ئاوى باراناوى ئەو بەشەى بانى مەقان لەبرى ئەوەى رووە و چەمچەماڵ بێت، بگۆڕدرێت بۆ پشتى گوندى (فەیزاوا). کارەکەش تەنیا چەند ئامێرێکى بووڵدۆزەر و شۆفڵ و گەڵابەى پێویستە.