باوەڕە میتۆلۆژییەکانی کورد

27-06-2025
محەممەد گوور
A+ A-
 
 
باوەڕە دێرینەکان بەزوویی لە نێو هیچ گەلێک کۆتایی ناهێن. هەمیشە کاریگەری و هێماکانیان لەنێو کۆمەڵگەکاندا دەمێننەوە، بە شێوەی جیاواز خۆیان دەردەخەنەوە.
 
شێوە و رێگەکانی باوەڕەکان دەگۆڕێن، بەڵام واتا و نێوەڕۆکیان بە پارێزراوی دەمێننەوە. هەرچەندە لە ئایین و باوەڕەکانی دەوروبەریان هەندێک ریتوال هەڵگرن لەنێو خۆشیان دا، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا نێوەڕۆکە قووڵەکەیان دەپارێزن. کۆمەڵگە  باوەڕ بە نێوەڕۆکە دێرینەکەیان دەکەن.
 
رەگی ئەم باوەڕانە کۆن و درێژە، دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمە دێرینەکان. لەنێو کورد دا باوەڕە کۆنەکان رەگیان دەگەڕێتەوە سەردەمی ئەفسانە و میتۆلۆژییەکان، تاوەکو دەگاتە سەردەمی نیۆلیتیک (سەردەمی بەردینی هاوچەرخ) . کورد زۆر سوودیان لە میتۆلۆژیای نیۆلیتیک وەرگرتووە.
 
مرۆڤ دەتوانێت بڵێت کە کاریگەرییەکی زۆری هەبووە لەسەر گەلی کوردستان. ئەم کاریگەرییە بووەتە هۆی زۆر باوەڕی جیاواز و، بووەتە شوێنی ئایینەکان و میتۆلۆژیەکان. ئایینە ئاسمانییەکان سوودیان لەم میتۆلۆژیانە وەرگرتووە. ئەگەر مرۆڤ تەماشای نێوەڕۆک، چیرۆک و واتای ئایینە یەکتاپەرستییەکان بکات، شوێنەوار و هێماکانی باوەڕەکانی کوردیان تێدا دەدۆزێتەوە. ئێستا با ئاماژە بە هەندێک لە باوەڕە کۆنەکانی کورد بدەین : 
 
ددان و دەمی گورگ
 
دانیشتووانی هەرێمی ئەلک (بەیتوشەباب، ناوچەیەکە دەکەوێتە نێوان شرنەخ و جۆلەمێرگ)، پێشتر باوەڕێکی جیاوازیان بە ددان و دەمی گورگ هەبوو. بەپێی باوەڕەکەیان ددان و دەمی گورگ منداڵە بچووکەکان لە مەچێتر (جنۆکە) دەپارێزن. بەپێی دەنگۆکانی نێو کۆمەڵگەی ئەلکییەکان، مەچێتر لە سەدەمە کۆنەکاندا لە گورگ دەترسان.
 
ترسی گورگ هەمیشە لە دڵی مەچێتران دایە. هەمیشە خۆیان لە هەڕەشە و هێرشەکانی گورگ دەپارێزن. لەنێو ئاژەڵان دا تەنیا گورگ مەچێتیران دەبینێت. لەنێوان مەچێتیر و گورگ دا دووژمنایەتییەکی درێژی مێژوویی هەیە.
 
لەم شەڕە میتۆلۆژییەدا هەمیشە گورگ سەرکەوتووە. دووژمنایەتییەکی قووڵ لەنێوانیاندا هەیە، لەم شەڕەدا ئەوەی سەردەکەوێت گورگە، ئەو پاڵەوانی سەر سەری مەچێترەکانە. لەبەر ئەم هۆکارانە خەڵکی هەرێمی بۆتان ددان و دەمی گورگیان وەک شتێکی پیرۆز و مرۆڤ پارێز دەبینن.
 
ددانی گورگ وەک نووشتە دەخەنە پشتی منداڵەوە و دەمەکەی دەخەنە سەر سەری بێشکە (لاندک). بەپێی باوەڕەکەیان ئەم ددان و دەمە ناهێڵن مەچێتر لە منداڵەکە نزیک ببنەوە. کاتێک مەچێترەکان ددان و دەمی گورگ دەبینن دەترسن، رادەکەن. ددان و دەمی گورگ منداڵەکان دەپارێزن. باوەڕیکی بەوشێوەیە لە کۆمەڵگەی ئەم ناوچەیەدا هەیە. رەگەکانی ئەم باوەڕە دەگەڕێتەوە سەردەمی ئەفسانەکان . 
 
دەرزی و ئاسن
 
دەرزی و ئاسن ئەرکێکی وەک ددان و دەمی گورگی لێ بارکراوە. هەندێک ناوچەی ئەم هەرێمە، ئەرکی پاراستن لە مەچێتریان داوەتە ئاسن. پێشتر دەگوترا مەچێترەکان دێن منداڵەکان دەبەن، یان شێتیان دەکەن. دەرزی و ئاسن وەک ئامرازێکی پاراستنن.
 
بەبیرم دێت دایکانی ئێمە دەرزی یان پارچە ئاسنێکی بچووکیان بە سینگی ئێمەوە دەکرد. بەپێی باوەڕی ئەوان کاتێک مەچێتیر هاتن ناتوانن لێمان نزیکببنەوە و ونمان بکەن لەبەر ئاسنەکەمان. ناتوانن پەردەی شاردنەوەمان بەسەردا بکێشن.
 
دەرزی و ئاسن کاریگەری ئەم توانایەی مەچێترەکان ناهێلن. تاوەکو تەمەنێک خێزانەکان دەیانگوت ئێمە بەوشێوەیە منداڵەکانمان دەپارێزین.
بە بڕوای من کاتێک مرۆڤ ئاسنیان دۆزیوەتەوە، واتایەکی پیرۆز و توانای پاراستنیان پێداوە. ئەم واتایەش تاوەکو سەردەمی ئێمە بەردەوام بووە. مرۆڤ ئاسنیان بۆ پاراستن بەکارهێناوە و هەروەها ئاسن ژیانی مرۆڤیشی ئاسان کردووە.
 
سەری ئاژەڵە مردووەکان
 
پێشتر گوندنشینان لە گوندەکان دا سەری ئاژەڵەکانی وەک گا، ئەسپ و کەریان لە سەر دەرگای ماڵەکانیان هەڵدەواسین، بۆ دوورکەوتنەوە لە کاریگەری چاووزار و چاوی چاوپیسەکان. کاتێک مرۆڤ تەماشای شتێک دەکات و لەناکاو سەری ئاژەڵێک بێتە بەرچاوی، یەکسەر تیری چاوی و وزەکەی پەرتوبڵاودەبێت.
 
بەپێی باوەڕەکەیان ئەم سەرانە وزەی چاووزار و چاوپیسەکان بڵاوەپێدەکات و ناهێڵێت کاریگەریی خراپیان هەبێت، دەبێتە دیوارێکی پاراستن .
 
شوبات و چاوکلدان
 
چاوکلدانی مانگی شوبات نەریتێکی کۆنی کوردە. مانگی شوبات دوایین مانگی زستانە، سارد و دژوار تێدەپەڕێت. کۆن نەریتی بەهێز لەنێو کورد دا هەبوون. خاوەنی شارستانییەکی تەواو بوون. لە مانگی شوبات دا چاویان کل دەکردن.
 
ئێستا خوێنەران دەڵێن چۆن کلیان دەکردن؟ بەڵێ هەر رۆژێک ماڵێک لە ژووری تەنووردا چاوی شوباتی کل دەکردن. چاوەکانی شوبات، ستوون و کاریتەکانی ژێر سەربانی ژوورەکە بوون . 
گوندنشینەکان ستوون، کاریتەکانی ماڵەکانیان وەک چاوەکانی شوبات دەبینین و بە ئاگر کلیان دەکردن. کاتێک بەفر زۆر دەباری، دەیانگوت ئەمڕۆ نۆرەی کام ماڵە چاوەکانی شوباتی باش کل نەکردوون. گازندەیان دەکردن و بە راکردن دەچوون چاوەکانی شوباتیان کل دەکردن .  
 
بەڵام دەبووایە کچێک یان ژنێک چاوی شوباتیان کل کردبان. کچ و ژن ، پاکی، راستی و جوانی مرۆڤیان وێنا دەکرد. لەبەرئەوە کلدانی چاوەکانی شوبات بە ژنان دەسپێردرا .
 
رێوی، کەروێشک، مار
 
هەر گەلێک بەپێی ئەزموونە کۆمەڵایەتییەکانی دەکرێ خاوەن ژمارەیەک باوەڕبێت و هەندێک ئاژەڵ دەبنە هێما و نیشانەی بیر و باوەڕەکانیان و، باوەڕی جیاواز بەم ئاژەڵانە دەهێنن. 
زۆر پەیام دەبەستنەوە بەم ئاژەڵانەوە. لەوانەیە هەندێک کەس، کاتێک بۆ کارێک دەچوون رووبەڕووی رووداوی باش و خراپ بووبن و هەندێک ئاژەڵیان بەر لەو رووداوانە لە رێگەدا یان لە شوێنەکەدا بینیبن، ئینجا ئەم باشی و خراپییەیان بەستبێتەوە بە بینینی ئەم ئاژەڵانەوە. 
 
خراپی و باشییەکەیان خستووەتە ئەستۆی ئەم ئاژەڵانە. ئینجا ئاژەڵیان کردوونەتە نیشانەی باشی و خراپی. لەسەر بنەمای ئەم ئەزموونە باوەڕێکی بەکۆمەڵ لە کۆمەڵگەدا دروستبووە.
 مار، رێوی و کەروێشک بوونەتە هێماکانی هەندێک باوەڕ و بیرکردنەوەی کورد.  بۆ نموونە رێوی لەلای کورد نیشانەی باشییە. 
 
 کاتێک رێوی دێتە سەر رێگەی کەسێک، ئەوا کاروبارەکەی بە باشی بەڕێوەدەچێت. ئەگەر کەسێک بچێتە کارێک و رێوی لەسەر رێگە ببینێ ئەوا کارەکەی زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت و ئامانجەکەی بەدیدەهێنێت، بەڵام ئەگەر کەروێشک ببینێ ئەوا کاری ئەو رۆژەی تێکدەچێ و خراپ دەبێت. 
 
کەروێشک بەخت رەشی دەهێنێت، وێنای خراپی دەکات. بۆیە بە کەسانی خراپ دەڵێن کەروێشکی رەشبەلەک. بێگومان جارێک کەسێک بۆ کارێک چووە و کەروێشک هاتووەتە سەر رێگەی و کارەکەی باش بەڕێوەنەچووە، خستوویەتییە ئەستۆی کەروێشک. کەروێشکی بەستەزمان بووەتە بەدیۆم و بەش.
 
کورد دەڵێن ئەگەر سەرلەبەیانی مار هاتە سەر رێگەت، ئەوە نیشانەی باشییە. ئەوەی ئێوارە دێتە سەر رێگەت بەختڕەشییە و خراپییە. کۆمەڵگە بەپێی رووداو، ئەزموون و ئەوەی بەسەری هاتووە بیر و باوەڕی خۆی داناوە. 
 
ئەلکی دڵ و هەناو
 
ئەلکی دڵ و هەناو، چیرۆک و باوەڕێکی کوردانی هەرێمی ئەلکە. ئەلکی دڵ و هەناو پیرەژنێکی ددان تیژ، درێژ، پرچ شین، چاوسوور و لووت درێژە. بەپێی باوەڕی خەڵکی ئەو ناوچەیە ئەم پیرەژنە خۆی بە دڵ و جگەری ژن و مەڕ بەخێو دەکات. شەوانی درێژی زستان لەکاتی مەڕ و بزن  زایین دا، دەچێتە ناویان و لەگەڵ ئەو گیایەی دەیخۆن دەچێتە نێو سکیان و لە کاتی مەڕ زایین دا دڵ و هەناویان دەردەهێنێت و دەخوات.
 
بەپێی قسەلۆکان پێشتر ئەم ئەلکی دڵ و هەناو خۆرە تووشی خێزانێک بووە. ژمارەیەک بووک و کچی کوشتن. لەکاتی منداڵبوونی بووکێکیان دا ، خەسوو دەچێت لەلای سەری دادەنیشێت و ئارخێڤێکی (لە ئارد و روون دروست دەکرێت) بووکەکەی بەدەستی خۆی دروست دەکات. هەمبانێک لە پێست دروست دەکات و لەژێر ئەژنۆی خۆی دادەنێت. کاتێک ئارخێڤک دەشێلێت، موویەکی ئەستوور دەکەوێتە ناویەوە، ئەو موویە هەڵدەگرێت و دەیخاتە نێو هەمبانەکەیەوە و سەرەکەی زۆر بە باشی لێ دادەخات. ئینجا ئارخێڤەکە دەداتە بووکەکەی، لەوکاتەدا هەمبانەکە هەر ئەستوور دەبێت و گەورە دەبێت و قیڕەی لێوەدێت . 
 
ئینجا خەزووری بووک، ئەلکی دڵ و هەناو سوێند دەدات کە ئیتر کاری بەسەر خێزان و خەڵکی ناوچەکەوە نەبێت. ئەلک بەڵێن دەدات و بەڵێنەکەی دەباتەسەر و خۆی تێکەلی ژیان و کاروباری خەڵکی ناوچەی ئەلک ناکات.  بێگومان چیرۆکەکانی ئەلکی دڵ و هەناو زۆرن.
 
جنۆکە و ئاوڕژاندنی شەوان 
 
لە هەرێمی بۆتان بە جنۆکە دەڵێن مەچێتر. واتە لە ئێمە هێژاتر، باشتر، زیرەکتر. مەچێتیر مرۆڤان دەبینن، بەڵام مرۆڤ ئەوان نابینن. بەپێی باوەڕەکەیان مەچێتر شەوان لە بەردەرگا، لە تەنیشت ماڵەکان و لە کۆڵانەکان دەگەڕێن یان دادەنیشن.
 
بەردەرگا و شوێنە تاریکەکان جێگە و ماڵی مەچێترانن. دەڵێن شەوان دەبێت مرۆڤ ئاگاداربێت و ئاو نەڕیژێت. ئەگەر ئاو بڕێژێت پێویستە ناوی خودا بهێنێت. ئەگەر تۆ ئاو بە مەچێتران دا بڕێژی تووشت دەبن و، دەبنە بەڵا بۆ ئەو کەسە و خێزانەکەی. پێشتر لە گوندان ئەوەندەی دەکرا بە شەو ئاویان کەم دەڕشت و ناوی خوایان دەهێنا. مرۆڤ نەیدەزانی کە مەچێترەکان لە کوێ دەگەڕێن و لە کوێ دانیشتوون. دەبێت کەس تووڕەیان نەکات و نەیانکاتە بەڵا بۆخۆی.
 
ئەم باوەڕانەی کورد دێرینن، رەگیان دەگەڕێتەوە سەردەمی میتۆلۆژیا و ئەفسانەکان. سەردەمی میتۆلۆژیا کاریگەرییەکی زۆری لە مێژوو و  گیانی کورد کردووە. ئەم کاریگەرییە بە شێوەی جیاواز کەوتووەتە نێو ژیانی مرۆڤی کورد و کۆمەڵگەی کوردستانییەوە . 
 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەلیل ئیبراهیم مەندەلاوی

عێراق لەنێوان کۆمیدیا و تراجیدیای سیاسیدا

سیاقی کێشەکە لە هەڵەیەکی سەرپێیی قووڵترە، چونکە لە کاتێکدا کە مەڵبەندە سیاسییەکان سەرقاڵی جەختکردن بوون لە پێویستیی پاراستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لیژنە تایبەتمەندەکە بە شێوەیەکی کۆمیدی پاساوی بۆ ئەو هەڵەیە هێنایەوە و، لێدوانێکی دەرکرد کە وەک پێویست یەکلاکەرەوە نەبوو، لە داواکردنی لێبووردنی منداڵێکی بچووک دەچوو کاتێک شووشەیەک لە ماڵەوە دەشکێنێت، کاتێک دەڵێت دانانی ئەو قەوارانە لە لیستەکەدا تەنیا رووداوێکی لاوەکی بووە، هاوشێوەی دۆخی شەرمهێنی دەست دانان لەسەر دوگمەی ناردن بۆ هەموو لە گرووپێکی خێزانیدا کە پڕە لە خزمی فزووڵ، بۆت دەردەکەوێت لە نامەکەدا بڕگەیەکی هەڵە هەیە. پاساوی لیژنەکە بە رستەیەکی فەرمیی جدی داڕێژرا: "پێش هەڵەگری بڵاوکرایەوە و دواتر راستی دەکەینەوە". وشەکان بەم جۆرە دەرکەوتن، وەک ئەوەی بە هێزەوە نالێهاتوویی رابگەیێنن، وەک ئەوەی کەوتنە نێو چاڵێکی هەڵەی سیاسی شتێکی ئاسایی بێت لە جیهانی سیاسەت لە عێراق دا، بەڵکو وەک ئەوەی کارەکە پەیوەندیی بە هەڵەیەکی رێنووسەوە هەبێت لە جۆری نووسینی "ئەمە" لە جیاتی "ئەمە" بێت، نەک دانانی کۆمەڵە گرووپێکی ناوچەکە لە لیستەکانی تیرۆردا