لە 12ی کانوونی یەکەمی 2022ەوە، گرووپێکی ئازەربایجانی بە جلی مەدەنییەوە کە خۆیان بە چالاکڤانی ژینگەیی دەناسێنن (دواتر چەندین کەس لەوان وەک نوێنەری خزمەتگوزارییە تایبەتە جۆراوجۆرەکانی ئازەربایجان دیاریکراون و پاشانیش ژمارەیەک لە سەربازانی ئازەربایجانی چوونە پاڵیان)، بە بیانووی مەترسی ژینگەیی، رێڕەوی لاچینیان داخستووە. رێڕەوی لاچین تاکە رێگەی ژیانە کە دانیشتووانی ناگۆرنۆ کاراباخ بە جیهان دەبەستێتەوە. سەپاندنی گەمارۆی سەر رێڕەوی لاچین لە راستیدا سەپاندنی گەمارۆیە بەسەر هەموو ناگۆرنۆ کاراباخ کە 120.000 هەزار کەس لە کاڵا و دەرمان بێبەش دەکات.
ئەو رێکارانەی کە ئازەربایجان پیادەی کردوون، بە رووداوەکانی پێشووشەوە، دانیشتووانی سڤیل و ژێرخانیان کردووەتە ئامانج. بەڵگەیەکی دیکە لەسەر ئەوەی داخستنی رێڕەوی لاچین پرۆسەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراوە ئەوەیە کە پێشتر دەسەڵاتدارانی ئازەربایجان زیانیان بە دانیشتووان گەیاندووە و قەیرانی مرۆیی فراوانیان لە ناگۆرنۆ کاراباخ دروستکردووە. بۆیە داخستنی رێڕەوی لاچین جارێکی دیکە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی گەلی ناگۆرنۆ کاراباخ هیچ ئاییندەیەکیان نییە لەژێر دەسەڵاتی ئازەربایجان دا، کە سیاسەتی پاکتاویی نەژادیان بەرامبەر بەکاردەهێنێت. لەو چوارچێوەیەدا پێویستە کرۆکی دۆزی ناگۆرنۆ کاراباخ زیاتر بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی روون بێتەوە.
روونە کە داخستنی رێڕەوی لاچین، هەر تەنیا پێچەوانەی بڕگەی 6ی پەیماننامەی سێقۆڵی نییە کە لە 9ی تشرینی دووەمی ساڵی 2020 دەرچوو و تێیدا هاتووە: "ئازەربایجان ئاسایشیی خەڵک و ئۆتۆمبێل و کاڵاکان دەگرێتە ئەستۆ بە درێژایی رێڕەوی لاچین لە هەردوو بەرەکەدا"، بەڵکو یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیشی پێشلکردووە.
وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییە جیاوازەکان بەردەوام هەڵسەنگاندنی خۆیان لەبارەی ئەو دۆخە پێشکێش دەکەن و داوا لە ئازەربایجان دەکەن رێڕەوەکە بکاتەوە، بۆ ئەوەی گواستنەوەی هەموو پێداویستییەکان بە ئارامی و بەبێ هیچ ئاستەنگێک بکرێت. لەو سۆنگەیەوە لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە20ی کانوونی یەکەم، باڵیۆزی ئەمریکا داوایکرد، "ئازەربایجان و بەرپرسانی دیکەی لە نزیکترین کاتدا ئاسایش و ئازادیی جموجووڵی رێڕەوەکە بگەڕێننەوە، لەوانەش بۆ بەکارهێنانی مرۆیی و بازرگانی." هەر لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا فەرەنسا داوایکرد، "دەستبەجێ رێکخراوە مرۆییەکان و ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، وەک کۆمیسیۆنی کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەبێ هیچ ئاستەنگێک بگەنە زیانمەندان لە رێگەی رێڕەوی لاچینەوە."
دادگەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، ئازرەبایجانی پابەند کردووە بەوەی "هەموو رێکارەکان بگرێتەبەر تاوەکو گەرەنتی ئەوە بکرێت ئەو خەڵکەی نەخۆشی مەترسیداریان هەیە و پێویستیان بە چارەسەری پزیشکییە لە ئەرمینیا و وڵاتانی دیکە و هیچ پەناگەیەکی دیکەیان نییە، بێ هیچ ترسێک ئەو رێگە بەکاربهێنن." زیاد لە دوو ساڵە بۆ یەکەمینجارە، دادگەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپی ئاماژە بە گرتنەبەری هەر رێکارێکی کاتی نوێ دەکات لە پرسە نێودەوڵەتییەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان دا. هەروەها رێکخراوی چاودێریی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ بەم دواییانە ئاماژەی بەوەکردووە کە "ئەوانەی کۆنتڕۆڵی رێگە و ناوچەکانی دەوروبەریان لە دەستە، واتە دەسەڵاتدارانی ئازەربایجانی و هێزەکانی پاراستنی ئاشتی رووسیا، پێویستە رێگەی هاتووچۆی ئەو ئۆتۆمبێلانە رێکبخەن کە کاڵا و کەرەستەی مرۆییان بارکردووە و ئازادی هاتووچۆیان رانەگرن."
روونە ئازەربایجان، نەک هەر تەنیا هەر دەسەڵاتێکی خۆبەڕێوەبەری لە ئاستێکی نزمیشدا بێت بۆ ئەرمەنەکان لە ناگۆرنۆ کاراباخ رەتدەکاتەوە، بەڵکو گەرەنتی ئەمنی و مافەکانی مرۆڤیش رەتدەکاتەوە کە ئەرمینیا و نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان داوای دەکەن، وەک رووسیا، یەکێتیی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
ئازەربایجان هەر هەوڵێک رەت و پووچەڵدەکاتەوە کە هەر رێکخراوێکی نێودەوڵەتی بیدات بۆ ئەوەی بگاتە ناوچەکە، لەنێوشیاندا رێکخراوە مرۆییە گرنگەکانی وەک کۆمیسیۆنی کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، یونسکۆ و لیژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی. لە ئابی ئەمساڵدا، لیژنەی دادوەریی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، تێبینی لەسەر هەموو شێوەکانی جیاکاریی رەگەزی دا و گوتی، ئازەربایجان، ناگۆرنۆ کاراباخ و گەلەی لە جیهاندا دابڕاندووە و رێگەنادات رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بچنە نێو ناگۆرنۆ کاراباخ بۆ ئەوەی ئەرکی مرۆییانەی خۆیان ئەنجامبدەن. دووپاتیکردەوە کە ئازەربایجان بەردەوامە لە هاندانی رق و کینەی رەگەزیی دژی ئەرمەنەکان.
بەردەوامبوونی گەمارۆی سەپێندراوی سەر رێڕەوی لاچین، نەک تەنیا دۆخێکی گۆشەگیرکردنە، بەڵکو بەڵگەیەکی دیکەیە لەسەر تووندتیژی بەرنامە بۆ داڕێژراو کە دەسەڵاتدارانی ئازەربایجان پیادەی دەکەن، ئەوەش بە ئامانجی ملکەچکردنی گەلی ناگۆرنی کاراباخ بۆ پاکتاویی نەژادی.
ئەوەش خۆی لە خۆیدا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی باکۆ سیاسەتی کۆمەڵکۆژیی پیادە دەکات. تەنانەت ئەگەر بەکارهێنانی چەمکی کۆمەڵکوژیی هێشتا زوو بێت بۆ دۆخی ئێستا، بەڵام ناکرێت نیازی پاکتاوکردنی رەگەزی ئەرمەنی لە ناگۆرنۆ کاراباخ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئازەربایجان بە زیادەڕۆییکردن دابنرێت. چەندین هێمانی سوور هەن ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەو کارە هەیە، لەوانەش بەڵگەی ئەوەی خاکی ناگۆرنۆ کاراباخ لەژێر کۆنتڕۆڵی ئازەربایجاندایە کە بە بەردەوامی بانگەوازی بۆ رق و کینەی دژی ئەرمەنی دەکرێت.
ئاشتی و سەقامگیریی لە باشووری قەوقاز ناکرێت بەدی بێت لە دۆخێکی سیاسیدا کە تێیدا ئازەربایجان بەردەوامە لە بەکارهێنانی هێز یان هەڕەشەی بەکارهێنای هێز و گوتاری بەرپرسەکانی لە ورژاندنی جەنگ و رق و کینە لە ئەرمەن.
ئەرشاک مانوکیان، کۆنسوڵی گشتیی کۆماری ئەرمینیا لە هەولێر
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ