چەمکی برایەتی گەلان، چەمکێکە بەکارهێنانی زۆر نالەبارە. بە زۆریی لەم ناوچەیە بەکاردێت. من تاوەکو ئێستا گوێم لێنەبووە ئەڵمانێک و فەرەنسییەک بڵێن برای یەکین. برایەتی گەلان لەم دەڤەرە بۆ چاوبەستی ئەوانی دیکەی و دژی چەوساوەکان بەکاردێت. زۆرتر درووشمی سەر زاری پاوانخوازانە. هەندێک جاریش لە ناچاریدا لە لایەن چەوساوان خۆیانەوە بەکاردێت بە هیوای ئەوەی کەمێک ستەمیان لەسەر کەم ببێتەوە.
تەماشاکردنێکی خێرای مێژووی نوێی ناوچەکە سەلمێنەرە کە هەموو ئەوانەی ئەم چەمکەیان بەردەوام بەکارهێناوە، خۆیان و فەرمانەکانیان سەرچاوەی چ ئافاتێک بوون بۆ کورد و نیشتمانەکەی. لە کاتێکدا قەدەخەکردنی زمان بەشێکی ترسناکە لە قڕکردن، جگە لە باشوور لە هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستان زمانی کوردی قەدەخە بووە و دەسەڵاتدارانیش بەردەوام باسی برایەتییان کردووە.
لە عێراقی سەدام حوسێنیشدا، نەک هەر ئەوەی بەردەوام باسی برایەتی دەکرا، بەڵکو سەدام حوسێن خۆی هەوڵی فێربوونی زمانی کوردیشی دەدا، کەچی هاوکات کوردی ئەنفال دەکرد و ژینگەی کوردستانی بە چەکی ژەهراوی وێران دەکرد. نووسەری بەنێوبانگی ئەڵمان هاینریش بۆل دەڵێت: "مرۆڤ تەنیا ئەو دەمە مرۆڤە کە بۆ ئەوی دیکە ئامادە بێت و بەرگری لێ بکات".
بەرگری ئەوان لە مێژووی نوێماندا چ بووە بۆ کورد؟ کورد چۆن و لە چ ئاستێکدا ژیاوە لەو وڵاتانەی "براکانی" بەڕێوەی دەبەن؟ چەند رێز لە شکۆی مرۆڤی کورد گیراوە؟
تا چەند مرۆڤی کوردیان کردووە بە زەخیرەی شەڕە بێهودەکانیان؟ لە باشترین دۆخیشدا مرۆڤی کورد توانیبێتی بژی، کردوویانە بە کرێگرتە. لە سایەی داگیرکارانی کوردستاندا مرۆڤی کورد بووە بە کۆڵبەر، کۆڵبەری لە بەدترین ئاستدا، لەو پەڕی مەترسیدا کۆڵبەری لەنێوان سنوورە دەستکردەکانی جەستەی خۆیدا کراوە بە پیشە، مرۆڤکوژانی سنوورەکانیش بۆ "خۆشی" نیشانی لێدەگرنەوە.
کرێکاری کورد بۆ دابینکردنی نانی منداڵانی ناچارە بە ساڵ کوردستان نەبینێت و لە شارەکانی ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و ئیزمیر کرێکاری بکات، کرێکاری لە دۆخی یەکجار نالەباردا و لەو دۆخەیشدا نەوێری بە کوردی ورتەی لەدەم دەربێ، لە شامی بەعسییەکاندا تەنیا بۆیاخچێتی پێڵاو بە گەنجانی کورد رەوا دەبیندرا. شام کە گۆڕی سەڵاحەدینی ئەیوبی لە ئامێز گرتووە. شێرکۆ بێکەس شیعرێکی یەکجار کاریگەری هەیە سەبارەت بەو دۆخە. شیعرەکە بەرجەستەی ئازار و بچووککردنەوەیەکی زۆر خەمگینی مرۆڤی کوردە لە سایەی رژێمی بەعسدا. لە کۆتایی ئەم نووسینەدا شیعرەکە دادەنێم. مایەی لەسەر وەستان و رامانە لەسەر ئەم شیعرە کاتی خۆی لە لایەن ئیسلامیی سیاسییەوە فتوانی کوشتنی شێرکۆ بێکەس درا. ئیسلامی سیاسی "تەنیا لەلای کورد" کردەوەی داگیرکەران نابینێت، بەڵام دەربڕینێکی مەجازی دەکات بە مایەی ئاشووبی ترسناک. ئاشووب لە دژی نەتەوە و زمانی خۆی، بەڵام ئیدی ئەو رۆژە چوو، ترسی داگیرکار و تۆقاندن و چاوبەستی بەدبەکارهێنانی گوتاری ئایینی هۆکار بن مرۆڤی کورد بە پێگەی بۆیاخچێتی رازی بێت و خزمەتی پێڵاوی ئەوانی دیکە بکات.
برایەتی پێویست نییە، هیچ دەستوورێکیش لەم ناوچەیەدا ناتوانێک برایەتی نێوان کەس، نەک هەر لەگەڵ کورد، لە نێوان خۆیشیاندا، دەستەبەر بکات و بیپارێزێت. چارەنووس وەهایە لەم رووبەرەدا پێکەوەبژین، بەڵام با وەک هەڤ بین، با یەکسان بین، با کورد باجی شکست و نووچخواردنەکانی ئەوانی دیکە نەدات. لە کاتێکدا لایەنگرانی دوو ئایینزا تەنیا لەم 20 ساڵەی دواییدا سەدان هەزار لە یەکدی دەکوژن، مرۆڤی کورد چۆن بڕوا بە برایەتییان بکات؟ ئەوانەی زمانی کوردی قەدەخە دەکەن و هاوکات باسی برایەتی دەکەن، چەمکی برایەتی لە کنیان تەنیا رووپۆشێکە بۆ شاردنەوەی سیمای راستەقینەیان. دەنا خۆ زمانی کوردی فیشەکدان نییە وەکو کەرەستەی تۆقاندن مامەڵەی لەگەڵ بکەن. زمانی کوردی وشەدانێکە لێوانلێو لە وشەی جوان و سترانی دڵگیر و بۆنی میهرەبانی. ئەدی بۆچ زمانی کوردیتان قەدەخەکرد؟ بۆچ زمانی کورد دەبڕن؟
زمانی کوردی قەدەخە بکە و مرۆڤی کورد لە پیشەی بۆیاخچی زۆرتر هیچی بە شایستە مەزانە و باسی برایەتیش بکە، چ ئاوەز و بیرکردنەوەیەکە؟ بە قسە کورد بکە بە برای خۆت و لە تاریکیشدا پیلانی شەیتانی بۆ بهۆنەوە! دەبێت بزانێت کە ناچارین پردی لێکحاڵیبوون و میهرەبانی لەنێوان کولتوور و گەلاندا بنیات بنێت. بە رق و کین ناگەینە هیچ مەنزڵێک. پێویستمان بە شەڕ نییە، گفتوگۆ و میهرەبانیمان دەوێت بۆ هەمووان. ئەمەیش تاکە شتێکە داهاتووی ئارام مسۆگەر دەکات، بەڵام دەبێت ئەوانیش رێ بدەن کورد چۆنی دەوێت وەها بژی، ئازاد بژی و ئەو دەم باسی یەکسانی بکرێت. بێ ئازادی باسکردنی هەموو شێوازەکانی برایەتی درۆیە، درۆیەکی یەکجار گەورە و ترسناک.
ورتە ورتێ
ئێوارە بوو،
"حەمە بچکۆل"ی بۆیاخچی
سەری ماندووی داخستبوو
لە سوچێکی گۆڕەپانە گەورەکەدا
لە ناوەندی دڵی "شام"دا
لەسەر کورسییە نزمەکەی خۆی دانیشتبوو
پەیتا ... پەیتا
وەکوو فڵچەی نێوان دەستی
جەستەی لەڕی ڕائەژەنی
حەمە بچکۆلی ئاوارە
لەبەرخۆوە بە ورتەورت
ئەمەی ئەوت؛
تۆ بازرگان، قاچت دانێ
تۆ مامۆستا، قاچت دانێ
تۆ پارێزەر، قاچت دانێ
ئەفسەر، سەرباز، جاسووس، جەللاد
کوڕی باش و هەرچیوپەرچی
هەر هەمووتان یەک لە دوای یەک قاچتان دانێن
کەس نەماوە
هەر خوا ماوە
لەوەو دنیا، دڵنیام ئەویش ئەنێرێ
ئەنێرێ بە شوێن کوردێکدا
پێڵاوەکەی بۆ بۆیاخکا
ڕەنگە ئەو کوردەیش هەر من بم
ئای دایە گیان
ئەوە ئەبێ پێڵاوی خوا چەند گەورە بێ؟
ژمارە چەند لە پێ بکا؟
ئای دایە گیان
ئەی بۆ پارە؟
خوا چەند ئەدا
ئەبێ چەند با؟
شێرکۆ بێکەس/ شام- مارتی / 1987
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ