جۆن مەکین، سیاسەتڤانی ئەمریکی گوتەیەکی بەنێوبانگی هەیە کە دەڵێت: سیستەمی خراپ پیاوی باش خراپ دەکات و پیاوی خراپ خراپتر. حکومەتی هەرێمی کوردستان کە رەنگدانەوەی ئەجێندای زۆربەی حیزبە کوردستانییەکانە، کاری سەرەکی بریتییە لە باشترکردنی سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵات لەڕێگەی بەهێزترکردنی دامەزراوەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکار. ناکرێت رۆڵی سەرۆکی ئێستای حکومەت لە سەرکردایەتیکردنی چاکسازی لە کەرتی گشتی لەبەرچاو نەگیرێت.
لەم وتارەدا باس لە چۆنییەتی مامەڵەکردنی ئەم پرۆسەیە دەکەین و خوێندنەوە دەکەین بۆ رێگەکانی سەرکردایەتیکردن بەپێی تیۆری دەسەڵاتی ماکس ڤێبەر.
ماکس ڤێبەر، فەیلەسووفی بەنێوبانگی ئەڵمانی دەسەڵات بە سێ شێوە پۆلێن دەکات: دەسەڵاتەکانی نەریتی، کاریزما و یاسایی/ عەقڵانی. بەو پۆلێنە سەرۆکی حکومەت لەڕووی دوو دەسەڵاتی نەریتی و کاریزماوە پشگیرییەکی گرنگی هەیە لە هەرێمی کوردستان و هەروەک تاوەکو ئێستا کاریگەرترین رۆڵیان هەبووە لە مانەوەیەکی بەهێزی پارتی لە دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان. هەرچەندە رووبەڕووی قەیرانی گەورەی ناوخۆیی و دەرەکی بووەتەوە لە 27 ساڵی رابردوودا. بەڵام فەلسەفەی حوکمڕانی لە جیهان و لە عێراقی ئێستای دوای خۆپیشاندانەکان پێویستی بە شێوەی سێیەمی دەسەڵاتە کە دەسەڵاتی یاسایی / عەقڵانییە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سێ کۆنفرانسی زانکۆی کوردستان، مێری و زانکۆی ئەمریکی - کوردستان بەرنامە و ستراتیژی حکومەتی روونکردەوە. کاری هەرە لەپێشی حکومەت کە بەکردار هەستی پێدەکرێت، بریتییە لە پاراستنی سەقامگیری، پێشگرتنی گەندەڵی و نزیکبوونەوە لە هاووڵاتیان لەڕێگەی کەمکردنەوەی رۆتین و بیۆرۆکراسی نێو دامەزراوەکانی حکومەت. لە وتارە هەرە کاریگەرەکانی کە لەنێو جەماوەر رەنگدانەوەی زۆری هەبووە باس لەوە دەکات، حکومەت و کارمەندانی بە هەموو پلە و پایەیەکەوە خزمەتکاری خەڵکن، ئەمە گرنگی خۆی هەیە لەبەر دوو هۆکار: یەکەم، پەیامێکی کلاسیکییە لە روانگەی حوکمڕانی مۆدێرن، بەڵام پەیامێکی مۆدێرنە لە شێوەی حوکمڕانی کلاسیکی هەرێمی کوردستان. دووەم، جیاکردنەوەی دەسەڵاتی جێبەجێکارە لەگەڵ دەسەڵاتی دامەزراوەکانی سەروەری یاسا، ئەم دوو فاکتەرە وامان پێدەڵێن کە روانگەی حکومەت خۆی لە پۆلێنی دەسەڵاتی مۆدێرن واتە: یاسایی / عەقڵانی دەبینێتەوە.
گرنگە ئەوە بزانین کە هیچ حکومەتێک سەرکەوتوو نابێت ئەگەر رێکارێک نەدۆزێتەوە لەنێوان خواستی خەڵک و توانای کرداری دامەزراوەکانی. حوکمڕانی لە هەر وڵاتێک تایبەتمەندی خۆی هەیە کە بەگوێرەی ستراکچەری کۆمەڵایەتی و سیاسی گۆڕانکاری بەسەردێت.
حکومەتی نۆیەم پێویستی بە بەهێزکردنی دامەزراوەکانە تاوەکو بتوانێت دەوڵەتسازی بکات، بەشێوەیەک کە بڕیاری حکومەت کۆتا بڕیاربێت لە هەموو ناوچەیەکی سنووری هەرێمی کوردستان. کەواتە لەڕێی نزیککردنەوەی حکومەت لەگەڵ خەڵک بە بوونە حکومەتی خزمەتکار، وەڵامدەر، کاریگەر و شەفاف لە یەککاتدا سێ گۆڕانکاری گرنگ روودەدەن: گەڕانەوەی متمانە بۆ خەڵک، نزیککردنەوەی خەڵک لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکان و کەمکردنەوەی رۆڵی حیزب لە کاروباری حکومەت.
گواستنەوەی مۆدێلی دەسەڵات لە کلاسیکەوە بۆ مۆدێرن پێوستی بە میکانیزمی مۆدێرن دەبێت کە لە رواڵەت لە شێوەی یاسایی / عەقڵانی بچێت. ئاڵۆزییەکانی عێراق ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە دووری و بێمتمانەیی نێوان خەڵک و دەسەڵات کێشەی گەورە بۆ وڵات لە هەموو روویەکەوە دروستدەکەن لەوانە: داکووتانی ئابووری، هەژاری و ناسەقامگیری ناوخۆیی و دەستێوەردانی دەرەکی. دەنگۆی ئەوە هەیە و کاردانەوەکان ئەوەمان پێنیشاندەدەن کە خۆپیشاندەران لە عێراق حکومەتێکی کاریگەر و کار جێبەجێکاری دەوێ و ئاساییە ئەگەر ئەم سیستەمە لە حوکمڕانی دیموکراتی نەبێت. زۆر لە خۆپیشاندەران باس لە گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی دەکەن لە عێراق کە ئەمەش ئەگەر گۆڕینی دەستووری لەدوای بێت بە مەترسی بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان دادەنرێت.
لە وەڵامی پرسیاری من لە کۆنفرانسی ساڵانەی زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک کە خۆپیشاندەرانی عێراقی حکومەتێکیان دەوێت کە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دابینبکات و بەرنامەی ئابووری درێژخایانی هەبێت، هەرچەندە رەوایی و شەرعییەتی دیموکراتیکی نەبێت، بەڕێز سەرۆکی حکومەت حوکمڕانی باش و شەرعیەتی لە چوارچێوەی سیستەمێکی دیموکراتی بە باشترین مۆدێل ناو برد.
بەهۆی بوون بە بەشێک لە عێراق، حکومەتی پێشوو لەنێو قەیرانە یەک لە دوای یەکە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا بوو و حکومەتی ئێستا لە کەنار قەیرانەکانە. جێی دڵخۆشییە کە حکومەتی هەرێم نییەتی چاکسازی هەیە و لەو ماوە کەمەی کە حکومەتی نۆیەم دەستی بەکار کردووە، بەکردار گۆڕانکاری باش ئەنجامدراون. خەڵک بەشێوەیەکی گشتی ئومێدیان بە چاکسازی لەو کابینەیە و بەتایبەت لە سەرۆکی حکومەت هەیە. بەڕای من کاتی ئەوە هاتووە کە قەبارەی حکومەت بچووکبکرێتەوە، هەروەک ئابووریناسی بەنێوبانگ، جۆزێف شومپیتەر ناوی ناوە رووخاندنی بونیادنەرانە. لەو کاتە ناسکەدا کە داهاتوویەکی نادیار چاوەڕێی عێراق دەکات، لە هەرێمی کوردستان دەبێت دەزگا حکومییەکان زیاتر وەڵامدانەوەیان هەبێت و حیزب و جەماوەر لەڕێگەی پەرلەمان و دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکان یارمەتیدەری حکومەت بن. لەوانەیە هەڵە نەبین کە بڵێین، سیستەمی باش پیاوی خراپ باش دەکات و پیاوی باش باشتر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ