ژینگەدۆستی نیشتمانپەروەرییە

28-12-2022
کاروان کەریمخان
A+ A-
 
دیارە چەند رۆژێک لەمەوبەر چەندین دار لە ناوچەی بالیسان بڕدراون کە کاردانەوەی دروستکرد. لەگەڵ ئەوەی کە ئەم دەنگ لێوەهاتنە بەرامبەر ئەو کارانە خۆی کارێکی کولتوورییە و دیارە بە میدیایی بوونی کاریگەریشی دەبێت، بەڵام پێویستە لێکۆڵینەوەی یاسایی و دادپەروەرانەی لەبارەوە بکرێت و سزای یاساییشی بۆ دیاری بکرێت و جێبەجێش بکرێت. وێڕای سوپاس و پێزانینمان بۆ کەناڵی رووداو کە کاتی خۆی بۆ ئەم بابەتە گرنگە تەرخان کرد و ئێمەشیان بانگ کرد، ئەوەی لێرەدا جێی سەرنجە ئەوەیە کە نابێ کەناڵەکانی راگەیاندن بە تایبەتی سۆشیاڵ میدیاکان بە موبالەغە و بە مەبەستی هەڵکشانی رێژەی بینەرانیان ببنە پلاتفۆڕمێک بۆ شکاندن و بریندارکردنی خەڵکی ژینگەپارێز و خاوەن رێزی ناوچەیەک. هیچ راگەیاندنێک و هیچ وێبلاگ و هیچ کەناڵێکی سۆشیاڵی خانەی داد نییە و هیچ میدیاکارێکیش قازیی نییە و تەنانەت هیچ هێزێکی ئەمنیش نابێ لە جێی دادوەر و دادگە دابنیشێت. بەڵکو هەر کەسە دەبێ کاری خۆی بە ئەرکناسییەوە جێبەجێ بکات.
 
ئەوەی زیاتر لەو نووسینەدا مەبەستە بگوترێت ئەو شتانەن کە لە کاتی چاوپێکەوتن لە کەناڵی رووداودا کاتی ئەوە نەبوو بیانڵێین. بە شێوەیەکی گشتی، پاراستنی ژینگە پێویستی بە کارێکی زانستی هەیە و بۆ ئەم مەبەستە پێویستە وەک بابەتێکی باندەوڵەتی یارمەتی لە وڵاتانی دیکەش وەربگیردرێت. بۆ نموونە زۆر نەخۆشی هەن کە لە دەرەوەی سنوورەکان دێن بۆیە گرنگە ئەگەر بتواندرێ ئەم کێشەیە لەگەڵ وڵاتانی دیکە بە هاوبەشی چارەسەر بکرێت. هەر ئەمساڵ سەرنجمان داوە چەندین داری هەنجیر لە چیاکان تووشی نەخۆشی بوونە و لەوانەیە پێویست بێ دەرمانڕشێنی هەواییان بۆ بکرێت کە ئەمەش رەنگە هەمیشە لە توانای یەک وڵاتدا نەبێت.
 
لە ئاستی ناوچەییدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داربڕین، دوو رێکار بۆ دارپارێزی هەن یەکیان رێکاری بەپەلەیە. بۆ نموونە دەبێ هێزی ژینگەپارێز و پۆلیس بە دانانی بەرنامەی خێرا و رۆشنسازی ئەرکناستر بکرێن و پێناسەی ژینگە و نیشتمانیان بۆ ببێتە شتێکی دەروونی. هەروەها پێویستە لەڕێگەی قوتابخانە، میدیا و مزگەوت بابەتی ژینگەدۆستی و نیشتمانپەروەری ببێتە گوتارێکی حەیسییەتی و ئەخلاقی و ئایینی. پێویستە زانست و زانیاریی گشتی بدرێتە هەموو چین و توێژەکان؛ بۆ وێنە شاخەوان، نەجاڕ، کۆچەر و ئەوانەی بەهاران دەچنە کەوشان فێری ئەوە بکرێن کە تاوەکو دارێک گەورە دەبێت چەندەی ئاو دەوێت، گیا کەی تۆو داوێ و نابێت بنجی گیا هەڵبکەندرێت. لە لایەکی دیکە پێویستە کۆمەڵگە بەهێز بکرێت و زیاتر بیر لە نیازە سەرەکییەکانی خەڵکیش بکرێتەوە. بە تایبەتی پێویستە لە ناوچە ساردترەکان کێشەی کارەبا و سووتەمەنی بەپێی توانا زیاتر چارە بکرێت. چەکێکی دیکە ئەوەیە کە پێویستە بە ئامراز و ئەحکامی دەوڵەتی، بەپێی یاسا تەفسیرهەڵگرەکان سزای بژاردنی کاش و سزای تووند بۆ ژینگە تێکدەران دیاری بکرێت و جێبەجێش بکرێت.
 
ئەوەی کە زۆر گرنگە و بە کارێکی بناخەیی دادەندرێت، ئەوە کە دەبێ فەرهەنگسازییەکی دوورمەودا بکرێت. کاری فەرهەنگی هەمیشە بە هونەر و نووسین و گوتن جێبەجێ نابێ. بەڵکو بە نیزامی موهەندیسییەکی بەڕۆژ و زانستییانەی گەرەکە. واتە دەبێ بەپێی کەشوهەوای باشووری کوردستان و ستایل و شێوازی ژیانی خەڵک نیزامی ئەندازیاری دابندرێت. بۆ نموونە ئەگەر رێگە نەدرێت خەڵک بە بلۆک خانوو دروست بکەن و ئاسانکاریی بۆ خشت و عایقبەندی بکرێت و سوود لە تەکنیکی نانۆ وەربگیردرێت، ئەو کات پێویستی بە سووتەمەنی و کارەبا کەمتر دەبێتەوە و ژینگەش پتر دەپارێزرێت. ئەگەر نیزامی ئەندازیاری خەڵک ناچار بکات کارەبا بە سیستمی لوولەیی ببەسترێت، ئەوا مەیدانە موگناتیسییەکانی کارەبا کەمتر دەبنەوە و کارەبا زیاتر دەگەڕێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاریان فەرەج

رووداو؛ دەنگێکی کوردی لە کۆشکی سپی و ناوەندەکانی بڕیاردا

لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەم سەردەمەدا، میدیای بە توانا چیتر تەنیا ئامرازی گواستنەوەی زانیاری نییە، بەڵکو بێ ئەوەی لە ئیتیک و پرەنسیپەکانی بابەتیبوون و بێلایەنیی میدیایی لابدات، دەتوانێ وەک هێزێکی نەرمی کاریگەر، رۆڵێکی گرنگی سیاسی و دیپلۆماسیش بگێڕێ؛ رەنگە دەستەواژەی گونجاو بۆ پێناسەی ئەم رۆڵە باڵا و نوێیەی میدیا لەم سەردەمەدا، چەمکی «دیپلۆماسیی میدیایی» بێت.