پەیامنێران وریابن لە بری هەواڵ ڤایرۆسەکە نەگوازنەوە

29-03-2020
بەرهەم خالید
نیشانەکردن کۆرۆنا رۆژنامەنووسان
A+ A-
لە سەروبەندی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا ڤایرۆسدا کاری رۆژنامەنووسی و پەیامنێران بە یەكێک لە پیشە سەرەکییەکان دەستنیشانکراوە کە دەتوانن درێژە بە کاری خۆیان بدەن و پابەندنەبن بەوەی لە ماڵەکانیان بمێننەوە، بەڵام ئەمە بەو واتایە نایەت کە ئەوانیش هاوشێوەی کەسانی دیکە رێوشوێنە تەندروستییەکان جێبەجێنەکەن. 
 
بەڵکو دەکرێت وەک زۆرێک لە پیشەکانی تر لە کاتی ئەم قەیرانە تەندروستییەدا رۆژنامەنووسانیش دەستبەرداری هەندێک لە شێواز و بنەماکانی کارەکەیان ببن لە پێناو پاراستنی سەلامەتی خۆیان و هاوپیشە و هاووڵاتیان و کەسوکاریان. لێرەدا چەند خاڵێک دەخەینەڕوو کە دەکرێت رۆژنامەنووسان بە تایبەت پەیامنێران لە کاتی کارەکانی رۆژانەیاندا رەچاوی بکەن.
 
1. سەرەتا دەبێت دەزگاکە هەندێک رێوشوێنی خۆپارێزی رەچاوبکەن لە پێناو پاراستنی گیانی کارمەندەکانیان لەوانە دانانی پاککەرەوە و پاکردنەوەی کەلوپەلەکان بە شێوەیەکی رۆژانە.
 
2. پەیامنێران دەبێت لە شوێنی کارەکەیانەوە هەنگاوەکانی خۆپارێزی دەستپێبکەن و هەموو ئامێرەکانیان بە پاککەرەوەی تایبەت و رێپێدراو پاکبکەنەوە لە ستاند و کامیرا و مایک و هەر کەلوپەلێکی دیکە.
 
3. بەکارهێنانی ماسک و دەستکێش بە شێوەیەکی تەندروست و بۆ یەکجار و دەستنەدان لێی. دوای کۆتایی کارەکەت فڕێبدرێت و دیسان ئەو کەلوپەلانەی دەستت لێداون پاکبکرێنەوە. رەنگە مۆبایلەکەت، قەڵەمەکەت، کیفی پارەکەت ڤایرۆساویی بووبن و دوای دانانی دەستکێشەکەت بەکاریان بهێنیت و تووشی ڤایرۆسەکەت بکەن.
 
4. ئاگاداربوون لەو ئۆتۆمبێلەی هاتووچۆی پێدەکەیت بە تایبەت کە ئۆتۆمبێلی دەزگاکەت بێت کە ئەشێت رۆژانە کەسانی دیکەش بەکاریبهێنن بۆیە لەگەڵ هەر دەستلێدان و بەرکەوتنێک دەبێت دەستت بشۆریت یاخود دەستکێشەکانت بگۆڕیت.
 
5. شووشتنی دەستەکانت بە شێوەیەکی بەردەوام بە ئاو و سابوون یاخود بەکارهێنانی جێڵی پاککەرەوە.
 
6. ئاگاداربوون لە خواردنت، چونکە رەنگە زۆرجار ناچار ببیت لە دەرەوە ژەمەکانت بخۆیت دەبێت ئاگاداربیت لە بەرکەوتن و جۆری خواردن و دڵنیابوون لە شوێنی نانخواردنت.
 
7. لەو شوێنانەی کاری لێدەکەیت کەلوپەل و ئامێرەکانت لە هەموو شوێنێک دامەنێ بە تایبەت شوێنی تەڕ و شێدار کە رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی ڤایرۆسەکە بگوازرێتەوە بۆ سەر ئامێرەکان.
 
8. هێشتنەوەی دووری کە باشترە دوو مەتر بێت لە نێوان خۆت و هەر کەسێک بە تایبەت ئەوانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجام دەدەیت زۆر تایبەتتر لەگەڵ ئەوانەی کە لە رووی تەندروستییەوە لاوازن یاخود نیشانەکانیان تێدایە و بە تەمەنن.

9. بەکارهێنانی ستاند و ستیکی درێژ وەک سێڵفی ستیک و مایکی بووم لە بری مایکی یەخە و دەستی کە نێوان خۆت و کەسی بەرامبەر زۆر کەمە و ئەگەری گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بەهێز دەکات.  هەتا ئەکرێت چاوپێکەوتن و لێدوانەکان بە تەلەفۆن و هۆکارەکانی دیکەی وەک ڤیدیۆکۆڵ وەربگرن. دەکرێت دەزگا حکومییەکانیش لەم حاڵەتەدا هاوکاربن و کۆنگرەکانیان هاوشێوەی ئەوەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بکەنە ئۆنلاین و رۆژنامەنووسان لە بری ئامادەبوون لە هۆڵەکان و کۆبوونەوە لە رێگەی لایڤەوە پرسیارەکانیان ئاراستە بکەن.
 
10. هەمیشە پاککردنەوەی مایک و شتنی ئیسفنجی سەر مایکەکان لە دوای بەکارهێنان لە پێناو پاراستنیان لە هەر ئەگەرێک کە رەنگە بووبێتە هۆی هەڵگرتنی ڤایرۆسەکە.
 
11. لە کاتی گەڕانەوە بۆ شوێنی کار پاککردنەوەی هەموو کەلوپەلەکان و دەست شتن و ئەگەر کرا گۆڕینی جل و بەرگەکانت و پێڵاوەکانت کە رەنگە لە دەرەوە ڤایرۆسەکەی هەڵگرتبێت لە کاتی روماڵکردن و کارکردنتدا لە دەرەوە، چونکە بە گەڕانەوەت بۆ ناو دەزگاکەت مامەڵە لەگەڵ ژوری هەواڵ و هاوکارەکانت دەکەیت و دەکرێت بە بێئاگایی ڤایرۆسەکەیان بۆ بگوازیتەوە.
 
سەرچاوەکان
 
ماڵپەڕی رۆژنامەنووسی بەریتانی
کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەلیل ئیبراهیم مەندەلاوی

عێراق لەنێوان کۆمیدیا و تراجیدیای سیاسیدا

سیاقی کێشەکە لە هەڵەیەکی سەرپێیی قووڵترە، چونکە لە کاتێکدا کە مەڵبەندە سیاسییەکان سەرقاڵی جەختکردن بوون لە پێویستیی پاراستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لیژنە تایبەتمەندەکە بە شێوەیەکی کۆمیدی پاساوی بۆ ئەو هەڵەیە هێنایەوە و، لێدوانێکی دەرکرد کە وەک پێویست یەکلاکەرەوە نەبوو، لە داواکردنی لێبووردنی منداڵێکی بچووک دەچوو کاتێک شووشەیەک لە ماڵەوە دەشکێنێت، کاتێک دەڵێت دانانی ئەو قەوارانە لە لیستەکەدا تەنیا رووداوێکی لاوەکی بووە، هاوشێوەی دۆخی شەرمهێنی دەست دانان لەسەر دوگمەی ناردن بۆ هەموو لە گرووپێکی خێزانیدا کە پڕە لە خزمی فزووڵ، بۆت دەردەکەوێت لە نامەکەدا بڕگەیەکی هەڵە هەیە. پاساوی لیژنەکە بە رستەیەکی فەرمیی جدی داڕێژرا: "پێش هەڵەگری بڵاوکرایەوە و دواتر راستی دەکەینەوە". وشەکان بەم جۆرە دەرکەوتن، وەک ئەوەی بە هێزەوە نالێهاتوویی رابگەیێنن، وەک ئەوەی کەوتنە نێو چاڵێکی هەڵەی سیاسی شتێکی ئاسایی بێت لە جیهانی سیاسەت لە عێراق دا، بەڵکو وەک ئەوەی کارەکە پەیوەندیی بە هەڵەیەکی رێنووسەوە هەبێت لە جۆری نووسینی "ئەمە" لە جیاتی "ئەمە" بێت، نەک دانانی کۆمەڵە گرووپێکی ناوچەکە لە لیستەکانی تیرۆردا