هەموو بابەتی دارایی و ئابوورییەکان لەسەر دوو پایە شیدەکرێنەوە، ئەویش: داهات و خەرجییە. هەر کاتێک بڕی داهات کەمتربوو لە کۆی خەرجییەکان، ئەوە بابەتێکی دیکە دێتە ئاراوە کە بریتییە لە کورتهێنان.
نەبوونی بودجە لە هەرێمی کوردستان هۆکارێکی سەرەکیی دروستبوونی گرفتی داراییە، کە لە ساڵی 2014ەوە بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراق و شەڕی داعش دروستبوو. تاوەکو ئێستا بودجە نەهاتووەتە پەرلەمانی کوردستان، بەڵام کە بودجە نەبوو، مانای ئەوە نییە، داهات دیار نەمێنێت و لە خزمەتی خەڵکدا خەرج نەکرێت کە خاوەنی یەکەم و کۆتایی داهاتی هەرێمی کوردستان خەڵک خۆیەتی.
خوێندنەوەی هەڵە و پشت نەبەستن بە سەرچاوەی باوەڕپێکراو بۆ پرسە داراییەکان قەیرانێکی دیکەی بۆ هەرێمی کوردستان دروستکردووە، هێنانەوەی ئامار و ژمارەی نادروست هۆکارێک بووە لە نەمانی متمانە لەنێوان هاونیشتمانی و حکومەت، لە دەرئەنجامی ئەمەشدا شڵەژانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دروستبووە.
وەکو دوو ئەندام لە لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری پەرلەمانی کوردستان، لە رێگەی ئەم نووسینەوە هەوڵدەدەین بە پشتبەستن بە داتا و بەڵگەی باوەڕپێکراو ژمارە داراییەکانی پەیوەست بە داهات و خەرجی بخەینەڕوو، لە پاڵ ئەمەشدا باس لە سستی دابەشکردنی مووچە لە پارێزگای سلێمانی (هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین) دەکەین.
یەکەم: داهات
سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان:
- داهاتی نەوتی
- داهاتی ناوخۆ (داهاتی نانەوتی)
- هاوکاری هاوپەیمانان
- 200 ملیاری بەغدا: بەهۆی پابەندنەبوونی بەغدا بە ناردنی ئەم بڕە پارەیە لەکاتی خۆیدا ناتوانین بەشێوەیەکی جێگیر پشت بەم سەرچاوە داهاتە ببەستین. بۆیە لەم سۆنگەیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی جێگیر پشت بە داهاتەکانی خۆی دەبەستێت، لەم ساڵدا بەغدا تەنیا یەک جار 200 ملیارەکەی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە.
- داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان:
هەرێمی کوردستان بەتێکڕا لە رۆژێکدا 420 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، پێویستە بۆ خوێنەران ئەوەش روونبکەینەوە کەوا سەرهەڵدانی کێشەی نێوان رووسیا و ئۆکراینا قەیرانێکی وزەی جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەهۆی ئەوەی یەکێک لە گەورە کۆمپانیاکانی رووسیا بەشدارە لە پڕۆسەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەمەش کێشەیەکی کاتی بۆ فرۆشتنی بڕی 60 هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ مانگی ئادار دروستکردووە. بۆیە تێکڕای فرۆشی نەوت بۆ مانگی ئادار 360 هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێکدا. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵدایە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.
لە مانگی ئادار تێکڕای نرخی فرۆشتنی بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان (99.97$) بووە. واتە داهاتی مانگی ئادار لە نەوت ملیارێک و 118 ملیۆن دۆلار بووە. لەو بڕە 577 ملیۆن دۆلار بۆ خەرجی کۆمپانیاکان و کرێی گواستنەوە و قەرزەکان رۆیشتووە، ئەوەی کە ماوەتەوە 541 ملیۆن دۆلار بۆ وەزارەتی دارایی گەڕاوەتەوە.
- داهاتی ناوخۆ: تێکڕای مانگانەی داهاتی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان (295) ملیار دینارە کە دەکاتە 28٪ی کۆی گشتی داهاتی هەرێمی کوردستان و بەم شێوەیە دابەش دەکرێت:
یەکەم/گومرک
تێکڕای داهاتی گومرک لە هەرێمی کوردستان بۆ مانگێک 126 ملیار دینارە. دەکاتە 42٪ی کۆی گشتی داهاتی ناوخۆ.
بڕی ئەم داهاتە لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک 87 ملیار دینارە کە %69ی داهاتی گومرک پێکدەهێنێت.
لە پارێزگای سلێمانی 39 ملیار دینارە و %31ی داهاتی گومرک پێکدەهێنێت.
دووەم/ باج
کۆکردنەوەی داهاتی باج یەکێکە لە گرفتە سەرەکییەکان و گفتوگۆی زۆری لەسەر دەکرێت. تێکڕای داهاتی باج بۆ مانگێک 39 ملیار دینارە. 13٪ی کۆی گشتی داهاتی ناوخۆیە.
لە هەولێر و دهۆک ئەم داهاتە بە تێکڕا بۆ مانگێک 32 ملیار دینارە کە دەکاتە 82٪ی داهاتی باج بۆ مانگێک.
پێشتر لە سلێمانییەوە داواکارییەک هەبوو کە ناکرێت کارێک لە سلێمانی بکرێت و بڕی باجەکەی لە هەولێر بدرێت. ئەو کێشەیە لەنێوان لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی بانکی ئاشتی لە سلێمانی بڕیاری چارەسەرکردنی درا، کە هەر پڕۆژەیەک لە سلێمانی بکرێت و کۆمپانیای جێبەجێکار لە هەولێر بێت، دەبێت داهاتی باجەکەشی هەر بۆ خودی سلێمانی بێت.
سێیەم/ رسومات:
لە کۆی 19 وەزارەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان 11 وەزارەت داهاتی هەیە و بڕی داهاتی بەدەستهاتوو لەم وەزارەتانە بە تێکڕا بۆ مانگێک (130 ملیار دینارە). دەکاتە 44٪ی کۆی گشتی داهاتی ناوخۆ.
ئەویش بەم شێوەیە:
وەزارەتی کارەبا:
73٪ لە هەولێر و دهۆک
27٪ سلێمانی
هاتووچۆ (وەزارەتی ناوخۆ):
74٪ هەولێر و دهۆک
26٪ سلێمانی
تۆماری خانووبەرە:
70٪ هەولێر و دهۆک
30٪ سلێمانی
شارەوانی:
79% هەولێر و دهۆک
%21 سلێمانی
دەرئەنجام کۆی گشتی داهاتی مانگی ئاداری ئەمساڵ 2022 بەم شێوەیە، نزیکەی ترلیۆنێک و 41 ملیۆن دینار (720 ملیۆن دۆلار). ئەمە لەگەڵ 200 ملیار دیناری عێراق کە تەنیا بۆ مانگی سێ نێردرا.
دووەم: خەرجی
خەرجییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگێکدا ترلیۆنێک و 41 ملیار دینارە و بەم شێوەیە دابەشکراوە:
- دابینکردنی مووچە 909 ملیار دینار.
- نەسرییە و بودجەی بەکاربردن و پڕۆژەکان 132 ملیار دینار.
کورتهێنان (عجز):
مانگی یەک و دوو حکومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەکی نەناردووە بۆ هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تەواوکردنی مووچەی مانگی یەک بڕی 138 ملیۆن دۆلار (200 ملیار دینار)ی لە داهاتی نەوتی مانگی دوو دابینکردووە.
ئەم کورتهێنانە لە مانگی شوبات بەردەوام بووە. لەگەڵ هاتنی 200 ملیارەکەی بەغدا و زیادبوونی داهاتی نەوت بۆ مانگی سێ 181 ملیۆن دۆلار داهات زیاد بووە. لەم بڕە 138 ملیۆن دۆلار بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان بووە و 43 ملیۆن دۆلاریش دراوە بۆ پەرەپێدان و چاککردنەوەی وێستگەکانی کارەبا و پارەکە هەمووی رادەستی کۆمپانیای ماس کراوە.
هۆکاری پشت سستی دابەشکردنی مووچە لە پارێزگای سلێمانی (هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین) چییە؟
نزیکەی 55 ملیار دینار داهاتی مانگانەی سلێمانی ئەوەی کە (بە فەرمی) کۆدەکرێتەوە ناگەڕێتەوە نێو بانکەکان.
ئەم شیکردنەوە داراییە بەرچاوڕوونییەکمان لەلا دروستدەکات و دەمانگەیێنێتە ئەم دەرئەنجامە:
کێشەکە لە کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆدایە و کە بەدوای خۆیدا کێشەی نەختینەی بۆ بانکەکانی سلێمانی دروستکردووە و ئەمەش هۆکاری سەرەکییە لە سستی دابەشکردنی مووچە، کەمیی دەرمان، پاکنەکردنەوەی شارەکان لە زبڵ و خاشاک...
بۆ بەڕێوەبردنی داهات و خەرجی، هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە سیستەمێکی دارایی تایبەت جێبەجێ دەکات، کە ئەم سیستەمە بەم شێوەیە: (%57 هەولێر و دهۆک) و (%43 سلێمانی).
لە کۆی گشتی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە 295 ملیار دینارە، تەنیا 78 ملیار دیناری لە پارێزگای سلێمانییەوەیە! لەکاتێکدا بەپێی سیستەمی رێژەیی دارایی هەرێمی کوردستان بێت پێویستە داهاتی سلێمانی مانگانە نزیکەی 130 ملیار دینار بێت، واتە 40٪ لە داهاتی سلێمانی مانگانە دیار نییە کە دەکاتە نزیکەی 55 ملیار دینار.
ئەمە جگە لە کارە نایاساییەکانی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکە بەتایبەت قاچاخچییەتی. سەبارەت بەم بابەتە ساڵی پێشوو وەکو لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان سەردانی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانمان کرد و بە بەڵگە و دۆکیۆمێنت بۆمان روونبووەوە کە قاچاخی لە باشماخ و پەروێزخان بە رۆژی رووناک بەردەوامە.
لەم بابەتە شیکارییەدا ئەوەی لای ئێمە گرنگە ئەو داهاتەیە کە بەشێوەیەکی یاسایی و فەرمی کۆدەکرێتەوە، ئەگەر تەواوی داهاتاکە ئەوەی بە فەرمی کۆدەکرێتەوە وەکو خۆی بچێتە خەزێنەی حکومەت و بەشێوەیەکی شەفاف و دادپەروەرانە بەڕێوەببردرێت، بەشی ئەوە دەکات کۆتایی بە قەیرانی دارایی لە سلێمانی بێت.
* هێڤیدار ئەحمەد و لیزا فەلەکەدین، پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لیژنەی دارایی پەرلەمان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ