هیچ گومانێک لەوەدا نییە ئێران لە شەڕێكی رانەگەیێندراوی قورسدا هێدی هێدی خەریكە زۆربەی سەرمایە دارایی و مرۆییەكانی لەدەست دەدات. لە نوێترین لێكەوتەی ئەم شەڕەدا ئێران زانایەكی ئەتۆمیی بەناوی موحسین فەخریزادە لەدەستچوو.
كێ بوو؟
زانای پلەبەرزی وەزارەتی بەرگریی ئێران و رەنگە گرنگترین كەسایەتیی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران كە ناوی تەواوی "موحسین فەخریزادەی مەهابادی" ـیە هەرچەند لەدەرەوەی ئێران كەسێكی نەناسراو نەبوو، بەڵام لەناوخۆی وڵاتدا بە بارتەقای پلە و پایە و بەرپرسیارێتییەكانی ناسراو نەبوو. دکتۆر فەخریزادەی مەهابادی، سەرۆكی پێشووی ناوەندی لێكۆڵینەوەی فیزیایی PHRC و سەرۆكی پێشووی زانكۆی ئیمام سادق و مامۆستای فیزیكی ئەتۆمی لە زانكۆكانی ئێران و لەكاتی تیرۆركردنیدا سەرۆكی دەزگای توێژینەوە بەرگرییە نوێیەكانی وەزارەتی بەرگریی كۆماری ئیسلامیی ئێران بوو. بەگوتەی وەزیری بەرگریی ئێران، فەخریزادە وەک سەرۆكی بەرگریی ئەتۆمیی ئێران لەگەڵ زۆربەی زانا ئەتۆمییەكانی ئێراندا لە پەیوەندیدا بووە. واڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێ فەخریزادە زیاتر لە هەموو كەسی دیكە سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران زانیاری هەبووە. بۆ زیاتر لە دە ساڵ لە لیستی بایكۆتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بووە. گۆڤاری فۆرین پۆڵیسی موحسین فەخریزادەی لەڕیزی 500 كەسی بەهێزی جیهاندا ناوزەد كردبوو. ئیهوود ئۆلمێرت سەرۆكوەزیرانی پێشووی ئیسراییل لە لێدوانێكدا رایگەیاندبوو، دكتۆر فەخریزادە هێندە باش دەناسێت كە ئەگەر لە شەقامێكی قەرەباڵخدا بیبینێت دەیناسێتەوە.
دەگوترێت زیاتر لە دە ساڵە لەژێر چاودێریی ئیسرائیلدا بووە و كاتێک كە ئۆلمێرت سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل بووە پلانی تیرۆركردنی زۆر لە جێبەجێكردن نزیکبووەتەوە، بەڵام ئۆلمێرت دواجار بەقسەی راوێژكارە سیاسییەكانی كردووە و پلانەكەی هەڵپەساردووە. بنیامین نەتانیاهوو كاتی پەردەلادان لەو بەڵگانەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران كە دەست مۆساد كەوتبوون ناوی فەخریزادەی هێنا و گوتی "دكتۆر موحسین فەخریزادە" ئەم ناوەتان لەبیربێت. هەر لە هەمان بەرنامەدا نەتانیاهوو رایگەیاند كە فەخریزادە سەرۆكی پرۆژەی "ئاماد" و ئەوكەسەیە كە دەیەوێ بەرنامەی ئەتۆمی سەربازیی ئێران لە دووتوێی پرۆژەیەكی لێكۆڵینەوەی زانستیدا سپی بكاتەوە (بشارێتەوە). ئیسرائیل و راگەیاندنەكانی ئیسرائیل فەخریزادە بە "باوكی بەرنامەی ئەتۆمیی سەربازیی ئێران" ناودەبەن و دەڵێن لە دۆستە هەرە نزیكەكانی حەسەن تەهرانی موقەدەم بووە كە بە باوكی موشەكیی ئێران دەناسرێت. ئیسرائیل، فەخریزادە بە پردی نێوان بەرنامەی مووشەكی و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ناودەبات. فەخریزادە هەروەها چەندساڵ بەر لە ئێستا بەشداریی تاقیكردنەوەیەكی ئەتۆمیی كۆریای باكووری كردووە.
هەموو ئەمانە چەند شتمان بۆ رووندەكەنەوە: یەكەم، فەخریزادە كەسایەتییەكی زۆر گرنگی وەزارەتی بەرگریی ئێران و رێكخراوی وزەی ئەتۆمی وڵات بووە، هێندە گرنگ كە زۆرك ەس بە قاسم سولەیمانیی ئەتۆمی ئێران ناوی دەبەن. دووەم، كەسێكی وەها گرنگ بەدڵنیاییەوە ئامانجێكی هەرەلەپێش بووە بۆ مۆساد و ئیسرائیل. سێیەم، فەخریزادە لەژێر چەتری ئەمنیی تووندی سوپای پاسداراندا بووە و ئۆپەراسیۆنی تیرۆری فەخریزادە لە شارۆچكەی ئابسەرد ئۆپەراسیۆنێكی هێندە قورس و ئاڵۆز بووە كە بەگوتەی شارەزایان و راگەیاندنەكانی ئێران پێویستی بە لۆجستیكی سەربازیی قورس هەبووە، كە ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە كارەكە لەلایەن وڵاتێكی بەهێزەوە ئەنجامدراوە نەک لەلایەن گرووپ و لایەنی بچووكتری وەک ئۆپۆزیسیۆنە چەكدارەكانی ئێران. ئەمانەش كە باسكران ئاماژەی روونن بۆ ئەوەی پەنجەی تاوان ئاسانتر لە هەر وڵاتێكی دیكە ئاراستەی ئیسرائیل بكرێت.
بۆ لەم كاتەدا؟
هەرچی لە كۆتایی ویلایەتی ترەمپ نزیکدەبینەوە گرژی و ئاڵۆزییەكانی ئێران و ئیسرائیل زیاتر هەڵكشان بەخۆوە دەبینێت. نەتانیاهوو نەیشاردووەتەوە ئەوەی پێیبكرێت بۆ دواخستنی رێككەوتنێكی نوێ لەنێوان ئێران و ئەمریكادا دەیكات. بە تێپەڕبوونی کات وردە وردە دیپلۆماسی خەریكبوو لەژێرەوە تەمومژی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری ئەمریكای دەدڕی و تیشكە لاوازەكانی بەردەوام بەهێزتر دەبوون. هەربۆیە رەنگە ئیسرائیل بەم هەنگاوە (ئەگەر كاری ئیسرائیل بووبێت) ویستبێتی گزنگی تیشكی لاوازی دیپلۆماسیی نێوان ئەمریكای بایدن و ئێرانی هێشتا هەڵنەهاتوو بەرەو ئاوابوون ببات. بەڵام هەر بەو جۆرەی كە نەمانی باوكی مووشەكی نەیتوانی بەرنامەی مووشەكیی ئێران بووەستێنێت، تیرۆری زانا ئەتۆمییەكانی ئێرانیش لەوانەیە نەتوانێت بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران رابگرێت، هەربۆیە راگرتن یان گرفت دروستكردن بۆ بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بە هۆكاری سەرەكیی ئەم هەنگاوە نابینم. ئیسرائیل و چەند لایەنێكی دیكەش هەوڵی كپكردنەوەی دیپلۆماسی یان كرانەوەی سیاسییانەی گرێی نێوان ئێران و ئەمریكا دەدەن و شیمانەكراوترین هۆكاری ئەمجۆرە هەنگاوانە ئەوەیە كە لە بازنەی پەكخستنی دیپلۆماسیدا خوێندنەوەیان بۆبكرێت. ئەگەر ئەم تیرۆرە كاری ئیسرائیل بووبێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە ئیسرائیل هەنگاوی لەوشێوەیە بەبێ ئاگاداركردنەوەی ئەمریكا نانێت، خاڵی گرنگ و شایەنی پرسیار و هەڵوێستەكردن لێرەدا ئەوەدەبێت، كە لە 25ی نۆڤەمبەرەوە راپۆرتی دەزگا نهێنیەكانی ئەمریكا جگە لە ترەمپ بە بایدنیش دەدرێت و بە گریمانەی ئاگاداریی پێشوەختەی بایدن دوو پرسیاری زۆر ئاسایی دێتە پێش:
یەكەم: بایدن چەندە لە داواكاریی چارەسەركردنی دیپلۆماسیانەی كێشەی ئێران و ئەمریكادا راستگۆیە؟
دووەم: ئەگەر راستگۆیە خۆ ئەو پلانە گرفت بۆ دیپلۆماسیی ئەو دروست دەكات و مادام وایە بۆ پلانەكەی لەڕێگەی زڕاندنی هەواڵەكە بۆ دەزگاكانی راگەیاندن یان ناردنی پەیامێكی نهێنی بۆ جەواد زەریفی كۆنەدۆستی پووچەڵ نەكردووەتەوە؟
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ