بەرایی
ئیسرائیل رۆژی هەینی 26-12-2025 بڕیاریدا بە فەرمی وەکو دەوڵەت دان بە سۆماڵیلاند دا بنێت. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، سۆماڵیلاند وەکو، "وڵاتێکی سەربەخۆ و سەروەر" ناسێنراوە و ئیسرائیل یەکەم وڵاتە ئەو بڕیارەی داو، ئامانج لە ناساندنی سۆماڵیلاند لەلایەن ئیسرائیلەوە چییە؟ ئەو بڕیارە لەناکاوەی ئیسرائیل بۆ ئێستا جێبەجێکرا؟ سۆماڵیلاند لەمەودا دەبێتە بەرەیەکی دیکەی جەنگی هایبرید لە باشوور؟ لە روانگەی هەواڵگری و سەربازییەوە ئەم بڕیارە چ دەستکەوتێکی بۆ ئیسرائیل تێدایە؟
ئەوەی لە بووڵتەنی هەواڵەکان دەبینرێت، پێکەنین و فلاشی کامێراکان و دەست لەناودەستکردن، هەموو بەشێکن لەو ئیلیزیۆنەی رای گشتی بەلایەکی دیکە دا دەبات، بڕیارە گرنگەکان لەبەرچاوی کامێرا نادرێن، بەڵکو لە ژوورە تاریکەکان و بە هەڵسەنگاندنی دۆسیە هەواڵگرییەکان واژۆیان لەسەر دەکرێت.
رێککەوتنی 26ـی دیسێمبەری نێوان ئیسرائیل و سۆماڵیلاند سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی نییە، چونکە ئەو بەرهەمی قەڵەمی وەزیران و راوێژکارانی وەزارەتی دەرەوە نییە، بەڵکو مەرەکەبی ئەو واژۆیە لە باڵاخانەکانی هەواڵگری نێو تەلئەڤیڤەوە دەڕێژرێت. کۆبوونەوە نهێنییەکانی نێوان سەرۆکی سۆماڵیلاند، عەبدولڕەحمان محەممەد عەبدوڵڵاهی (ناسراو بە ئیرۆ) و شێفی هەواڵگری و وەزیری بەرگری و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە تەلئەڤیڤ لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ، بونیاتنەری ئەو بڕیارەی ئیسرائیل بوون.
شەرعییەتدان بۆ سۆماڵیلاند، بۆ ئەو وڵاتە گرنگە، بەڵام بۆ ئیسرائیل گرنگترە، چونکە ئیسرائیل ئەو هەنگاوەی زیاتر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی داوە، نەک بەرژەوەندی و ئەو بنەمایانەی سۆماڵیلاند بۆ سەربەخۆیی پشتی پێدەبەست، دانپێدانان بە سەربەخۆیی سۆماڵیلاند، دەرگەیەکی گرنگ بۆ ئیسرائیل دەکاتەوە تاوەکو پێگەی خۆی لەسەر دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب بەهێزتر بکات، لەوەش زیاتر لەوێوە شەڕی دووژمن (وەکو حوسییەکانی یەمەن) و رکابەرەکانی وەکو (تورکیا) دەکات.
ئیسرائیل عەشقی بەندەری بەربەرای سۆماڵیلاندە
کاتێک سەیر نەخشەکان دەکەین رەنگە تەنیا سنوورەکانمان بەرچاو بکەوێت، بەڵام بۆ دەزگەی هەواڵگری و سەربازییەکان، دووریی مەودای نێوان وڵاتەکە لەگەڵ دووژمن دیاری دەکەن، بنکەی سەربازی و دابینکردنی سووتەمەنی و لۆجیستی سەربازی گرنگترە لە سەیرکردنی سنووری یەکدی، لەدوای رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەر، ئیسرائیل وانەیەکی گرنگی وەرگرت کە بۆشایی بەرگری هەبوو لەبەرامبەر ئەو مووشەک و درۆنانەی لە یەمەنەوە ئاراستە دەکران، شەڕ کردن لەگەڵ دووژمنێک نزیکەی 2000 کیلۆمەتر لێتەوە دووربێت، کابوسێکی جەنگی و سەربازییە، لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی کە درۆنێکی مووشەک هەڵگر یان فڕۆکەیەکی جەنگی رەوانە دەکەیت، ئەگەر نیوەی سووتەمەنییەکەی لە چوون و هاتن خەرج بکات، ئەو ئۆپەراسیۆنە کاریگەری نابێت، جگە لە زیادکردنی خەرجیی جەنگ.
ئیسرائیل عەشقی بەندەری بەربەرای سۆماڵیلاندە، کە تەنیا نزیکەی 300 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی یەمەنەوە دوورە، ئەمە تەنیا مەودایەکی جوگرافی نییە، بەڵکو لێکدانەوەیەکی بێ بەزەییانەی بیرکارییە کە کاریگەری درۆن و فڕۆکەی جەنگی چوار هێندە زیاتر دەکات لە کاتی ئۆپەراسیۆندا. جەنگی ئێستا ئەوەمان پێشان دەدات، دوای دەستنیشانکردنی دووژمن بۆ گورزی سەربازی، نەک چەند کاتژمێرێک بەڵکو جێبەجێکردنەکەی دەبێت لەماوەی چەند خولەکێک بێت. لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەگەر خەمی لۆجیستی و پڕکردنەوەی سووتەمەنی فڕۆکەکانت نەبێت، باڵادەستییەکی ستراتیجی گرنگت هەیە بۆ لێدان لە دووژمن، گەیشتنی ئیسرائیل بۆ سۆماڵیلاند، واتە چەقۆیەکی لەسەر سکی یەمەن داناوە بۆ داهاتوو، بەڵام لێرە ئامانج تەنیا یەمەن نییە.
ئیسرائیل چۆن ئەمەی کرد؟
یاساییەکی دیکەی جیهانی هەواڵگری و دیپلۆماسی هەیە: سەرەتا داواکارییەکی گەورە و ترسناک و مەحاڵ دەخەیتە سەر مێز، لە کاتێکدا هەمووان ناڕەزایەتیان دەردەبڕن، تۆ بە هێمنی ئەوەی بەڕاستی دەتەوێت وەکو "ئیمتیازێکی مەعقول" دەخەیتە گیرفانی خۆتەوە، لەماوەی رابردوو ئیسرائیل گوشاری ئەوەی دەکرد کە دانیشتووانی غەززە بەشێکیان بگوازرێنەوە بۆ سۆماڵیلاند. چیرۆکی گواستنەوەی دانیشتووانی غەززە بۆ سۆماڵیلاند تەنیا "سەرقاڵکردن"ێکی وا بوو، لە کاتێکدا هەمووان باسی پرسی پەنابەرانیان دەکرد، ئامانجی راستەقینە- بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکان و بەندەرەکان- بە بێدەنگی پەسند کرا، ئەمە بە "بالۆنی تاقیکردنەوە" ناودەبردرێت، چونکە کاردانەوەکە دەپێویت، ئاوەکان شێلو دەکەیت و بەردەپۆشی ئۆپەراسیۆنی راستەقینە دەکەیت.
پێکهاتە و هەستیاری ئیسلامی سۆماڵیلاند قەت رێگە بە ئەندازیاری دیمۆگرافیای لەو شێوەیە نادات. تەلئەڤیڤیش ئەمەی دەزانی، ئامانج لێی ئەوە بوو مردنیان پێشان بدرێت و وایان لێبکرێت نەخۆشی قبووڵ بکەن، کارتی راپێچدانی فەلەستینییەکان لەسەر مێز بوو، بەڵام لەژێر مێزەکە کارتی دیکە هەبوون ئامانج لێی دەستکەوتی گەورەتر بوو.
ئێستا بەڵێنی "شەرعیەتی نێودەوڵەتی" بۆ سۆماڵیلاند وەکو سەرابێک وایە و هەموو شەڕەکانی خێڵ و هەموو پەیڕەوی نێوخۆی حیزبەکانی بۆ وەلادەنرێت، ئیسرائیل بە وەبەرهێنانی "ناساندنی سۆماڵیلاند"، ئومێدێکی بەخشی بەو وڵاتە بۆ ئازادبوون لە گۆشەگیری. ئەم هەنگاوەش بۆ دوورمەودا دەبێتە هۆکاری دڵسۆزیی سۆماڵیلاند بۆ ئیسرائیل. رژێمە بێ ئومێدەکان دڵسۆزترین و گوێڕایەڵترین هاوپەیمانی جیهانن، چونکە هیچ دەرگەیەکی دیکەیان نییە کە تێیدا تێپەڕن.
ئیفلیجکردنی بەرژەوەندییە سەربازی و ئابوورییەکانی تورکیا
ئەگەر لێرە بوەستین و نەخشەکە پێچەوانە بکەینەوە، پرسی راستەقینە پەیوەستە بەو هێڵە نەبینراوەی کە لە تورکیاوە تاوەکو ئەفریقا درێژ دەبێتەوە، ئەو هێڵە بەرگرییەی تورکیا لەگەڵ سۆماڵ دروستی کردووە تەنیا بۆ راوەدوونانی چەتەی دەریایی نەبوو، جوگرافیای ئەنادۆڵ تەسکە؛ حەوشەیەکی پشتەوەی ئەوەندە گەورەی نییە بتوانێت مووشەکی دوور مەودای تێدا تاقی بکاتەوە، کۆریدۆری بەرفراوانی سۆماڵ بۆ زەریاکە تاکە "رێڕەوی تەلەمێتری"ـیە کە تورکیا دەتوانێت توانای بالیستی خۆی و سنووری مووشەکەکانی تاقیبکاتەوە.
ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل خەنجەرێکە لە قووڵایی ستراتیژی تورکیای داوە، بە دانپێدانانی سۆماڵیلاند، بنەمای یاسایی ئەو رێککەوتنانەی نێوان ئەنقەرە لەگەڵ مۆگادیشۆ تێکدەدەن. ئیسرائیل نەیتوانی چەکی ستراتیژی لە دەست تورکیا وەربگرێتەوە، ئێستا ئەو زەوییانە لەنێو دەبات لەسەری جێگیر کراوە، ئەمە ناکۆکییەک نییە لەسەر خاک، ئەمە ئۆپەراسیۆنێکە بۆ کوێرکردنی مەودای لێدانی داهاتووی تورکیا، ئێستا خەونی "نیشتیمانی شین"ـی تورکیا نەک تەنیا لە دەریای نێوەڕاست بەڵکو لە زەریای هیندیشدا گەمارۆدراوە.
هەموو کات پێویست ناکات هێزی دەریایی بنێری بۆ شەڕکردن، هەندێک جار کۆمپانیایەکی یاسایی باش دەتوانێت زیانێکی زیاتر بگەیێنێت، لە کاتێکدا کەشتیی "ئۆروچ ریس"ـی تورکیا لەنێو سنووری ئاوی سوودان بەدوای نەوتدا دەگەڕێ و مۆڵەتی لەلایەن مۆگادیشۆوە پێدراوە، بەڵام ئێستا دەوڵەت لە سوودان گۆڕاوە و ئەگەری زۆرە ئەو مۆڵەتەی تورکیا هەڵبوەشێتەوە، چونکە ئێستا سوودان یەک سنووری ئاوی نییە و سنووری دەریایی وەک "ناوچەی جێناکۆک" دەستنیشان دەکرێت، لێرەدا هیچ کۆمپانیایەکی بیمە لە جیهاندا کەشتییەک لە ناوچەیەکدا بیمە ناکات مەترسی شەڕی لەسەر بێت یان سنوورێکی ئاوی جێناکۆک بێت، ئیسرائیل بێ ئەوەی بزوێنەری کەشتی ئۆروچ ریس تێکبدات، دۆخێکی یاسایی "Force Majeure" ـی دروست کردووە کە چیدیکە تورکیا نەتوانێت لەوێ بەدوای نەوتدا بگەڕێت و کەشتییەکە لە کێڵگەیەکی مینی یاساییدا دەبێت، لەلایەکی دیکەوە ئیسرائیل لە سۆماڵیلاندەوە چاودێری بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە سۆماڵ و سوودان دەکات.
کۆتایی
قۆچەکەی ئەفریقا، ئیدی تەنیا تاوەرێکی چاودێری نییە بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لەڕێگەی گەرووی بابولمەندەب، بەڵکو بەرەی نوێی باشووری شەڕی هایبریدە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، نەخشەکە دووبارە کێشراوەتەوە، لە لایەک بلۆکی ئیسرائیل – ئەسیوپیا – سۆماڵیلاند بە پاڵپشتی ئیمارات، لە لایەکی دیکەوە میحوەرەکەی تورکیا – سۆماڵ – قەتەر. ئەمە "جەنگی سارد"ـی نوێ نییە، بەڵکو هێڵێکی زۆر گەرمی بەریەکەوتنی راستەوخۆ و شەڕی بە وەکالەتە لە داهاتوو، لە رۆژانی داهاتوودا دەبینین سێبەرەکان لەسەر ئەو سنوورانە شەڕ دەکەن و شەڕەکانی بە وەکالەت تووندتر دەبنەوە. ئیسرائیل سەرقاڵی گەمارۆدانی تورکیا لە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست (لەگەڵ یۆنان و قوبرسی یۆنانی) و لە کەناراوەکانی ئەفریقا لەسەر زەریای هێمن (لەگەڵ ئیمارات). ئەنقەرە ناچار دەکات بکەوێتە بەرەیەکی دیکەی جەنگی لە دووری 3000 کیلۆمەتر لە وشکانییەوە، لەمەودوا لە رێگە بازرگانییەکان و لە ژووری سێرڤەری داتا هەواڵگرییەکان و لە نووسینگەکانی یاسادا شەڕی نێوان تورکیا و ئیسرائیل دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ