جەلال بەرزنجی
زلهێزەکان، بە تایبەتی ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەتی جاران لە سەردەمی شەڕی سارد، لە سەدەی 20 کە دنیا بەسەر دوو بلۆکی کاپیتالیزم و سۆشیالیزم دابەشببوو، چەکیان بۆ ئەگەری شەڕی ئەستێران و بن زەریاکان دروستکرد. بۆمبی ئەتۆمی وایان داهێنا کە توانای چەندەها جار وێران کردنی گۆی زەوی هەیە.
کەچی ئەوە بۆ سێ مانگ دەچێت کۆرۆنا وەک رەوە گورگێکی برسی کەوتبێتە ناو رانە مەڕێک، کەوتووەتە ناو دنیا و مرۆڤ دەخوات. تا ئێستا لە سێ ملیۆن مرۆڤ زیاتر تووشی ئەو ڤایرۆسە بووینە و زیاتر لە 200 هەزار کەسیش زیاتر گیانیان لەدەستداوە. جگە لەوەش مرۆڤی لە هەموو کونجێکی گێتی تووشی ترس و تۆقاندن کردووە. بگرە ئەوەی دەرگەی هەیە داخراوە. مرۆڤ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی خۆی حەپس و کەرەنتینە کردووە، ئابووریی وڵاتان زیانی گەورەیان پێکەوتووە، تائێستاش لە ئاسۆ مژدەی دۆزینەوەی ڤاکسینێک دژی ئەو پەتایە دیار نییە ئومێد بە مرۆڤایەتی بدات.
ئەو پارەیەی وڵاتە زلهێزەکان کە بۆ کەرتی تەندروستی لە ساڵانە لە میزانییە دایدەنێن، بە بەراورد لەگەڵ ئەو ترلیۆنەها دۆلارەی بۆ خەرجی سەربازی و دروستکردنی چەکی کاولکەر تەرخانی دەکەن هیچ نییە. جگە لەوەش دنیا ئەزموون و پێشینەی لەگەڵ ئەو جۆرە ڤایرۆسانەی لە ئەنجامی پیسکرنی ژینگە لەلایەک و لە لایێکی دیکە کولتووری خواردنی گۆشتی ئەو باڵندانەی لەشیان هەمووی ڤایرۆسە، وەک: شەمشەکوێرە.
ئەو هێرشەی کۆرۆنا شتێکی تازە نییە. لە ساڵی 1918 ئەنفلوەنزا 50 ملێون مرۆڤی کوشت، لەدوای ئەویش سارس، میرۆس، ئەنفلوەنزای باڵندە و بەراز، ئیبۆلا و سەدان هەزاریان کوشت.
کۆرۆنا ڤایرۆسێکی لەخشتەبەرە، دەزانم دەبێت نەخۆشیەکە بناسرێت ئینجا دەرمانی بۆ بدۆزێتەوە، بەڵام ئەویش وەک سارس و ئەنفلوەنزا ئەوانی دیکە عەشقی سییەکان و قوڕگە. دەکرا بە سیستەمێکی تەندروستی پشگتیری کراو بە بودجەیەکی گەورە وابکرێت، بەرگریی لەشی مرۆڤ بەهێز بکەن، یان هەر هیچ نا ماسک و دەستەوانە چوار بۆ پێنج دۆلاری تێناچێت، لەکاتێکدا دەبابەی (ئەبرامز) نرخی چوار بۆ پێنج ملیۆن دۆلارە، ئەوەیان بۆ کوشتنی مرۆڤە رەزیلی لێناکرێت و ئەوەی دیکەیان بۆ پاراستنی مرۆڤە کەچی لە ویلایەتە پێشکەوتووەکانی ئەوروپا و ئەمریکای باکوور لەگەڵ ئامێری پشکنین، نەخۆشخانە و قەرەوێڵەی تەواو بۆ ئەو هاووڵاتییانەی نەخۆش دەکەون دابین نەکراوە. کەمی ماسک و دەستەوانە بوونەتە گرفت و هۆی دروستبوونی کێشە، وەک ئەوەی لەو دواییەی لەنێوان هەردوو وڵاتی هاوسێ کەنەداو ئەمریکا دروستبوو.
ئەو بێدەسەڵاتیەی مرۆڤ بەرامبەر ئەو هێرشانەی ئەو ڤایرۆسانە هەر چەند ساڵ جارێک دەیکەن، لاوازی و هەرەسهێنانی ئەو سیستەمەی ئەمڕۆ کە پێیدەڵێن (گڵۆبەلایزەیشن) و پۆستمۆدێرنیزم پیشان دەدات.
هەرچەندە دڵنیام تازە زەحمەتە ئەو وڵاتانە بگەڕێنەوە سەر ئەو پرەنسیپ و پەیامانەی بایەخ بە مرۆڤ، سەلامەتیی مرۆڤ، پارستنی ژینگە و گۆڕینی ستایلی خواردن بدەن، بەڵام ئەو زۆر رۆیشتنە و دوورکەوتنەوە لە کرۆکی مرۆڤایەتی پێویستی بە هەڵوێستە و ئاوڕدانەوە هەیە.
تائێستا کۆرۆنا هەڕەشەکەی لە مرۆڤ نەبردووەتەوە، بەڵام لەناوماندایە، چەکی بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڤایرۆسە خۆگونجاندنە لەگەڵ ئەو واقیعە لە رێگەی خۆ کەرەنتینەکردن و تێکەڵ نەبوون بە خەڵک، لەبەرئەوەی مرۆڤ کائینێکی کۆمەڵایەتییە و ئێستاش بەهارە رەنگە لە ماڵەوەبوون تا ئەندازەیەک نیگەرانمان بکات.
ڤایرۆسی کۆرۆنا بە ئەندازەیەک زیرەکە مرۆڤ گوماندەکات دەستکردی خۆی یان سرووشتی دایکمان بێت. ئەو ڤایرۆسە لەناو سییەکان چالاک دەبێت و دەڕوا بۆ کەسێکی دیکە. بۆیە تائێستا دەمامک، دەستەوانە و لە ماڵەوەبوون، تاکە چەکمانن لەو شەڕەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ