ئینزۆ مارێسکای راهێنەری چێڵسی لە لێواری دوورخستنەوەدایە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن ئینزۆ مارێسکا
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

ئینزۆ مارێسکا، راهێنەری ئیتاڵیی یانەی چێڵسی لە دوایین ساتەکانی کارکردنی لەگەڵ یانە لەندەنییەکە نزیکبووەتەوە و پێشبینی دەکرێت بڕیاری کۆتایی لەبارەی داهاتووی پێش گەشتەکەیان بۆ مانچێستەر سیتی بدرێت. پەیوەندییەکانی مارێسکا و کارگێڕیی یانەکە بەتەواوی تێکچووە و هیچ گرەنتییەک نییە مارێسکا لە یاریی رۆژی یەکشەممە بەرامبەر سیتیزن سەرپەرشتی تیپەکە بکات.
 
بەپێی میدیاکانی ئینگلتەرا، مارێسکا مەترسی لەدەستدانی پۆستەکەی لەسەرە، دوای ئەوەی لە 7 یاریی رابردووی پرێمەرلیگ تەنیا 1 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە. راهێنەرە ئیتاڵییەکە بیر لە دەستبەرداربوون لە پۆستەکەی دەکاتەوە، چونکە هەست دەکات بارودۆخەکە چیدی بەرگەی ناگیرێت.
 
ئەگەر مارێسکا یانەکە جێبهێڵێت، لیام رۆسینیۆر، راهێنەری یانەی ستراسبۆرگی فەرەنسی بژاردەی سەرەکییە بۆ شوێنگرتنەوەی. رۆسینیۆر سەرنجی بەرپرسانی چێڵسی راکێشاوە دوای ئەوەی لە یەکەم وەرزیدا پلەی حەوتەمی بۆ تیپە فەرەنسییەکە بەدەستهێنا.
 
گرژییەکانی نێوان مارێسکا و بەرپرسانی چێڵسی بۆ ساڵی رابردوو دەگەڕێتەوە. ئامادەنەبوونی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەی بۆرنمۆس، ئاماژەیەکی دیکەی کێشە ناوخۆییەکانی یانەکەیە. مارێسکا پێشتر رایگەیاندبوو کە لەنێو یانەکە پشتگیری ناکرێت و 48 کاژێری پێش یارییەکەی ئێڤەرتۆنی بە 'خراپترین کات' وەسف کردبوو.
 
ئاستی چێڵسی لەژێر سەرپەرشتی مارێسکا دوای سەرکەوتنە گەورەکەی بەرامبەر بارسێلۆنا لە مانگی 11 دابەزی. سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 2025 نازناوی کۆنفرانسلیگ و مۆندیالی یانەکانی بردەوە و یانەکەی گەڕاندەوە بۆ چامپیۆنزلیگ، بەڵام شکستەکانی بەرامبەر لیدز، ئاتالانتا و ئەستۆن ڤێلا گوشارەکانیان زیاتر کرد.
 
میدیا ئینگلیزییەکان باس لەوە دەکەن مارێسکا هەست دەکات رێزی لێناگیرێت و پێویستی بە پشتگیری زیاترە. ئەو راهێنەرە گەنجترین پێکهاتەی پرێمەرلیگی لەبەردەستە و پێیوایە کارێکی قورسی کردووە، بەڵام وەک لایەنەکان ئاماژەی پێ دەدەن، پەیوەندییەکان گەیشتووەتە خاڵی کۆتا و رەنگە بە رێککەوتنی هەردوولا یانەکە جێبهێڵێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە