بۆ رزگاربوون لە چێڵسی، مارێسکا دەستی لە 14 ملیۆن پاوەند هەڵگرتووە

04-01-2026
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن یانەی چێڵسی ئینزۆ مارێسکا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

میدیای ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە، ئینزۆ مارێسکای راهێنەری ئیتاڵی، دەستی لە بڕی 14 ملیۆن پاوەند مووچەی خۆی تاوەکو کۆتایی گرێبەستەکەی هەڵگرتووە، تەنیا بۆ رۆیشتنە دەرەوە لە یانەی چێڵسی.
 
رۆژی یەکی ئەم مانگە، یانەی چێڵسی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەسی ئینزۆ مارێسکای راهێنەری راگەیاند، پاشئەوەی وەک میدیاکان گوتیان، ناکۆکی لەنێوان ئەو راهێنەرە و کارگێڕیی یانەکەدا روویدا.
 
رۆژنامەی 'زە سەن'ی بەریتانی ئاشکرایکردووە، ئینزۆ مارێسکا دەستی لە مەشقدانی یانەکە کێشاوەتەوە، لە کاتێکدا دەیزانی لە بڕی 14 ملیۆن پاوەندی مووچەکەی بێبەش دەبێت.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، مارێسکا تەنیا 18 مانگ بوو راهێنەری یانەکە بوو، هەربۆیە بەپێی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە، دەیتوانی تەواوی مووچەکانی ساڵانی داهاتووی داوا بکات، بەڵام ئەو بەبێئەوەی هیچ باسی شایستە داراییەکانی خۆی بکات، دەستی لەکارکێشایەوە، چونکە زوو تووڕەبوو لە دەستتێوەردانی کارگێڕیی یانەکە، لە کارەکەی.
 
مارێسکای 45 ساڵان، کە لەگەڵ چێڵسی نازناوی کۆنفرانسلیگ و مۆندیالی یانەکانی بەدەستهێنا، بەپێی میدیاکان، بەهۆی ناکۆکیی قووڵەوە لەگەڵ یانەکە، وازی لە کارەکانی هێنا.
 
وەک رۆژنامەکە دەڵێ، ئەو راهێنەرە وێڕای ناکۆکیی قووڵی لەگەڵ یانەکە، هەستی بەوە کردووە کە چیدی ناتوانێت بەردەوام بێت، هەربۆیە داوای هیچ قەرەبوویەکی دارایی نەکردووە و چاوەڕێش نەبووە یانەکە خۆیان دووری بخەنەوە تاوەکو قەرەبوو بکرێتەوە.
 
مارێسکا گرێبەستەکەی لەگەڵ چێڵسی بۆ ماوەی پێنج ساڵ بوو، لەگەڵ ئەگەری نوێکردنەوە بۆ ساڵێکی دیکە.
 
ئەو راهێنەرە لە لێستەر سیتییەوە روویکردە چێڵسی لە هاوینی 2024 و بەمووچەی ساڵانەی نزیکەی 4 ملیۆن پاوەند.
 
رۆیشتنی ئەو راهێنەرە لە یانەکە، پاش نزیکەی تەنیا پێنج مانگ دێت لە بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالی یانەکان لەگەڵ یانەکە.
 
رۆژنامەی 'زە سەن' دەڵێ، مارێسکا لە دەستتێوەردانی کارگێڕیی یانەکە و بەتایبەت بەڕێوەبەری وەرزشیی زۆر نیگەران بووە، کە قسەی لەسەر پێکهاتەی سەرەکی و گۆڕانکارییەکان کردووە، هەر ئەوەش وایکردووە ئەو پێیوابێت، چیدی ناتوانێت لەگەڵ یانەکە بەردەوام بێت و ئەوەی روودەدات، بێڕێزییە بەرامبەر تیپەکە و جەماوەرەکەی.
 
نزیکەکانی مارێسکا، لێدوانی هەندێک میدیایان رەتکردووەتەوە کە دەڵێن ئەو گوشاری لە یانەکە کردووە بۆ چاککردنی مووچەکەی، پاشئەوەی یانەکانی یوڤێنتوس و مانچێستەر سیتی بایەخیان پێدا.
 
ماریسکا، هەروەها رەتیکردووەتەوە سەلامەتیی یاریزانانی وەک ریس جەیمس و کۆڵ پاڵمەری لە دوای گەڕانەوەیان لە پێکان خستبێتە مەترسییەوە.
 
مارێسکا چوارەم راهێنەرە لەماوەی کەمتر لە چوار ساڵی رابردوودا لە بلووز دەڕوات، لەوکاتەوەی موڵکایەتیی یانەکە بەدەست تۆد بۆیلی سەرمایەداری ئەمریکییەوەیە.
 
پێشتر هەریەکە لە تۆماس توخێل، گراهام پۆتەر و ماوریسیۆ پۆچەتینیۆ بەهۆکاری جیاواز لە یانەکە دوورخراونەتەوە.
 
چێڵسی لە 2022ەوە زیاتر لە ملیارێک و 300 ملیۆن پاوەندی لە گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانانی نوێدا خەرجکردووە.
 
لە دوای رۆیشتنی مارێسکاوە، تاوەکو ئێستا چێڵسی راهێنەری نوێی بۆ تیپەکە دەستنیشاننەکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە