ئێنزۆ مارێسکا: بەراوردکردنی ئیستیڤاو بە مێسی و رۆناڵدۆ ناڕەوایە

26-11-2025
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن ئینزۆ مارێسکا
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

ئێنزۆ مارێسکا، راهێنەری یانەی چێڵسی ئینگلیزی داوا لە ئەستێرە لاوەکەی، ئیستیڤاو ویلیان دەکات "ئارام بێتەوە" و گوێ بەو بەراوردکارییانە نەدات کە لەگەڵ لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆی دەکرێن، ئەمەش دوای ئەوەی یاریزانە بەرازیلییە تەمەن 18 ساڵانەکە لە یارییەکەیان بەرامبەر بارسێلۆنا ئاستێکی بەرز و ناوازەی پێشکێش کرد.
 
بەپێی میدیا ئینگلیزییەکان، لە شەوی رووبەڕووبوونەوەی چێڵسی و بارسێلۆنا لە چامپیۆنزلیگ، هەموو چاوەکان لەسەر ململانێی نێوان دوو باشترین لاوەکانی جیهان بوون، ئیستیڤاو و لامين یامال. لە کۆتاییدا یاریزانە بەرازیلییەکەی چێڵسی وەک براوەی یارییەکە دەرکەوت و توانی گۆڵێک لە بردنەوەی گەورەی تیپەکەی بە ئەنجامی 3-0 تۆماربکات. ئەم گۆڵە وایکرد ناوی ئیستیڤاو بچێتە تەنیشت کیلیان ئێمباپێ و هالاند، وەک سێیەم یاریزانی لاو لە مێژوودا کە بتوانێت لە هەر سێ یاریی یەکەمی دەستپێکی خۆی لە چامپیۆنزلیگ گۆڵ تۆماربکات.
 
سەرەڕای ئەو ئاستە بەرزە و بەراوردکردنی بە ئەفسانەکانی تۆپی پێ، راهێنەری چێڵسی هۆشداری دەدات "پێویستە ئیستیڤاو ئارام بێتەوە، دەبێت چێژ لە راهێنان و یارییکردن وەربگرێت، ئەو و لامين یامال زۆر گەنجن و تەمەنیان تەنیا 18 ساڵە، ئەگەر دەست بە بەراوردکردنیان بکەیت لەگەڵ مێسی و رۆناڵدۆ، ئەوا فشارێکی زۆریان بۆ دروست دەبێت و ئەمە بۆ ئەوان باش نییە".
 
لای خۆیەوە ئیستیڤاو دوای یارییەکە دڵخۆشی خۆی نەشاردەوە و گوتی: "هیچ وشەیەکم نییە وەسفی هەستەکانمی پێ بکەم، هەموو شتێک خێرا روویدا و توانیم بۆشاییەک بدۆزمەوە و گۆڵ تۆماربکەم، شەوەکە بۆ من تەواو خەیاڵی بوو".
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکە ئامۆژگاری یاریزانەکەی کردووە تەنیا بیر لە باشتربوونی خۆی بکاتەوە نەک رکابەری یاریزانانی دیکە. ئێستا چێڵسی دوای ئەم بردنەوەیە، ئامادەکاری بۆ یارییەکی بەهێزی پرێمەرلیگ دەکات بەرامبەر ئارسیناڵ و دەیەوێت جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ پێشەنگ کەمبکاتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە