ئەمشەو ئاستۆن ڤێلا و مانچێستەر سیتی یاری کۆتایی کاراباو ئەنجام دەدەن

01-03-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئاستۆن ڤێلا مانچێستەر سیتی جامی خولی ئینگلتەرا
A+ A-

رووداو - هەولێر

لە کاتێکدا کە ئاستۆن ڤێلا لە هەوڵ و کۆشس دایە بۆ مانەوە لە پرێمەرلیگ، ئەمشەو بەگژ مانچێستەر سیتیدا دەچێتەوە بۆ بردنەوەی جامی خولی ئینگلتەرا.

کاژێر 19:30 لەسەر یاریگەی وێمبلی لە لەندەن هەردوو یانەی ئاستۆن ڤێلا و مانچێستەر سیتی یاری کۆتایی جامی خولی ئینگلتەرا ئەنجام دەدەن.

ئەگەرچی پێشبینییەکان لە بەرژەوەندی مانچێستەر سیتیدان، بەڵام دەکرێت ئاستۆن ڤێلا سوپرایزێک بکات و دیارییەکی گەورە پێشکەشی جەماوەرەکەی بکات، کە لەو بارەیەوە دین سمێسی راهێنەری ئاستۆن ڤێلا، گوتی "بە یاریزانەکانم گوتووە تیپەکەمان چەند پێویستی بە نازناوێک هەیە، بردنەوەی ئەو نازناوە یارمەتیمان دەدات لە پرێمەرلیگیش باشتر یاری بکەین لەپێناو مانەوە لە خولەکەدا".

سمێس و تیپەکەی ئەزموونێکی باشیان لەنێو یاریگەی وێمبلیدا هەیە، کە هەر لەسەر ئەو یاریگەیەدا یاری پاشکۆیان بردەوەو گەڕانەوە پرێمەرلیگ.

ئەمە لە کاتێکدایە کە کیڤن دی برۆینی ئەستێرەی مانچێستەر سیتی گوتی "بە بردنەوە لە ریال مەدرید سەلماندمان کە تیپێکی گەورەین".

ئەگەر سیتی جامەکە بباتەوە دەبێتە جاری پێنجەم نازناوی ئەو پاڵەوانێتییە لە ماوەی دویین 7 ساڵدا بەدەستی بهێنێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە