یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بۆ رووداو سپۆرتس: سەرجەم یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق ڤیزای ئەمریکایان وەرگرتووە

49 خولەک له‌مه‌وپێش
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن هەڵبژاردەی عێراق مۆندیالی 2026
A+ A-
رووداو دیجیتال

ئەندامێکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو سپۆرتس، هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا ڤیزای بە کۆمەڵێک یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق نەداوە بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی 2026.
 
میدیای عێراقی و بەشێک لە میدیا عەرەبییەکان بەشێوەیەکی بەرفراوان دەنگۆی پێنەدانی ڤیزای وڵاتی ئەمریکایان بۆ هەریەک لە یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق ئیبراهیم بایش، موهەنەد عەلی، زەید تەحسین، عەلی حەمادی بڵاوکردەوە و ئەو هەواڵە دەنگدانەوەی زۆر گەورەی هەبوو، بەڵام یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لە رێگەی رووداو سپۆرتسەوە سەرلەبەری ئەو هەواڵە بەدرۆ دەخاتەوە.
 
لەسەر داوای گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق 50 یاریزان کە ناویان لە لیستی سەرەتایی پێکهاتەی هەڵبژاردەی عێراقدایە بۆ مۆندیال، ڤیزای وڵاتی ئەمریکایان بۆ وەرگیراوە.
 
فیراس بەحرلعلوم، ئەندامی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "دەمانەوێت بەشێوەیەکی فەرمی بۆ یەکەمجار لە میدیایەکی فەرمییەوە دڵنیایی بدەین بە هەموو خەڵکی عێراق کە هەموو یاریزانەکان و شاندی عێراق ڤیزای وڵاتی ئەمریکایان وەرگرتووە. ئیبراهیم بایش ئەستێرەی تیپەکەمان لە ئیمارات ڤیزاکەی وەرگرتووە و هەموو شتێک زۆر باشە، کەس نییە ڤیزای ئەمریکای وەرنەگرتبێت". 
 
هەڵبژاردەی عێراق لە یارییەکانی مۆندیال لە کۆمەڵەی نۆیەم بەرامبەر هەڵبژاردەکانی فەرەنسا، سەنیگال و نەرویج یاری دەکات، یارییەکان لە وڵاتانی کەنەدا و ئەمریکا ئەنجام دەدرێن. 
 
ئەندامەکەی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لەبارەی دابینکردنی ڤیزای وڵاتی کەنەدا ئاشکرایکرد "فەرمانبەرێکی تایبەت لە یەکێتییەکەمان گەشتی وڵاتی ئوردنی کردووە و تەواوی دیکیۆمێنتەکانی پێیە و لەگەڵ باڵێوزخانەی کەنەدا هەواهەنگی کراوە، تاوەکو دوو رۆژی داهاتوو ڤیزای ئەو وڵاتەش بۆ هەموو شاندی عێراق وەربگرێت و کێشەمان نییە". 
 
بڕیارە هەڵبژاردەی عێراق کۆتایی ئەم مانگە کەمپێکی راهێنان و ئامادەکاریی بۆ یارییەکانی مۆندیال لە وڵاتی ئیسپانیا بکاتەوە، لەوێ دوو یاریی دۆستانە بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیسپانیا و هەڵبژاردەی ئەندۆرا ئەنجام دەدات.
 
هەڵبژاردەی عێراق دووەمجارە لە مێژووی خۆیدا بەشداری لە یارییەکانی مۆندیال دەکات، چاوەڕوان دەکرێت هەریەک لە ئەستێرەکانی کورد، یوسف ئەمین، مێرخاس دۆسکی، ئاکام هاشم و مارکۆ فەرەج لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەشداری لە یارییەکانی مۆندیالدا بکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە