فیدراسیۆنی گۆڕەپان و مەیدانی نێودەوڵەتی، بڕیاریدا سەرجەم وەرزشوانانی رووسیا و بێلاڕووس لە بەشداریکردن لە سەرجەم پێشبڕکێکانی پاڵەوانێتییەکانی گۆڕەپان و مەیدانی ئەمساڵ بێبەش بکات
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەرزشی فیدراسیۆنی گۆڕەپان و مەیدان کۆبووەوە بۆ بڕیاردان لەسەر سزادانی وەرزشی رووسیا و بێلاڕووس، لە کۆبوونەوەکەدا، بە دەنگی زۆرینە چەند سزایەکی قورسی وەرزشییان بەسەر هەردوو وڵاتی رووسیا و بێلارووس سەپاند، ئەمەش وەکو کاردانەوەیەک بوو لە دژی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر خاکی ئۆکراینا.
لە کۆبوونەوەکە بڕیار درا، سەرجەم وەرزشوانان و کارمەندانی ستافی وەرزشی، رووسیا و بڵاڕووس، لە چالاکییە وەرزشییەکانی داهاتووی فیدراسیۆنی گۆڕەپان و مەیدان بێبەش بکەن.
چالاکییە وەرزشییەکانی داهاتوو بریتییە لە: ئۆریگۆن 22، لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، 22مین پاڵەوانێتی گۆڕەپان و مەیدانی هۆڵی داخراو کە لە بەلگراد ئەنجام دەدرێت، پاڵەوانێتی گۆڕەپان و مەیدانی مەسقەت کە 4ی ئادار لە وڵاتی عومان بەڕێوەدەچێت. لە هیچ یەکێک لەو پاڵەوانێتییانە، هیچ وەرزشوانێکی ئەو دوو وڵاتە مافی بەشداریکردنیان نییە.
هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنەکە رەزامەندییان نیشاندا لەسەر گرتنەبەری رێوشوێنی توندتر لە دژی وەرزشی رووسیا و بێلارووس، کە پێشبینی دەکرێت لە کۆبوونەوەی داهاتوو کە 9-10ی مانگی ئادار بەڕێوەدەچێت، پێشبینی دەکرێت، ئەندامێتی رووسیا و بێلاڕووس هەڵپەسێردرێن.
لە گوتارێکیدا کە بەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی فیدراسیۆنی گۆڕەپان و مەیدان پێشکێشی کرد، سیباستیان کو، سەرۆکی فیدراسیۆنی گۆڕەپان و مەیدانی جیهانی گوتی: "ئەوەی رووسیا ئەنجامی دەدات، جیهانی ترساندووە، کە بە پاڵپشتی و هاندانی بێلاڕووس سەرقاڵی هێرشی ناڕەوایە بۆ داگیرکردنی ئۆکراینا. سەرکردەکانی جیهان لە رێگەی هەوڵی دیبلۆماسیەوە هەوڵیاندا رێگری لەو داگیرکارییە بکەن، بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو، بۆیە پێدەچێت تەنیا رێگەی ئاشتیانە بۆ پەشیمانکردنەوەی رووسیا لە هێرشەکانی، تەنیا سزای ئابووریی بێت.
لە بڵاوکراوەکەی فیدراسیۆنی گۆڕەپان و مەیدان هاتووە: :هیچ وەرزشوانێکی رووسیایی و بێلارووس، بۆیان نییە لە پاڵەوانێتی گۆڕەپان و مەیدانی ئەمساڵ بەشداریبکەن".
پاڵەوانێتییەکە لە 18 تاوەکو 20ی ئادار بەردەوام دەبێت کە وڵاتی سربیا میوانداری کردووە. هەروەها بۆشیان نییە لە پاڵەوانێتی یۆجین کە لە مانگی تەمموز لە ئەمریکا ئەنجام دەدرێت، نابێت هیچ یاریزانێکی ئەو دوو وڵاتەو بەشداری بکەن.
دوابەدوای راگەیاندنی جەنگ لەلایەن رووسیا لە دژی ئۆکراینا، فیدراسیۆنە وەرزشییە جیهانی کیشوەرییەکان، چەندین سزای قورسیان بەسەر وەرزشی وڵاتی رووسیا سەپاندووە، دیارترینیان فیفا و یۆفایە کە هەڵبژاردەی رووسیایان لە پاڵاوتنەکانی مۆندیان بێبەش کرد.
لە ساڵی 2015، فیدراسیۆنی گۆڕوپان و مەیدانی جیهانی بڕیاریدا، فیدراسیۆنی وەرزشی رووسیای سزادا کە بۆی نییە وەکو هەڵبژاردە لە بۆنە وەرزشییەکان بەشداری بکات، دوای ئەوەی ئاشکرابوو، وەرزشوانانی ئەو هەڵبژاردەیە، مادەی وزەبەخشیان بەکارهێنابوو، هەر لەبەر ئەو سەرپێچییە، رووسیا مافی میوانداریکردنی هیچ جالاکییەکی وەرزشیی نییە کە لەژێر چەتری فیدراسیۆنی گۆڕەپان و مەیدان بەڕێوەبچێت، بۆیە وەرزشوانانی رووسیا لە چەند ساڵی رابردوودا بەناچاری، وەکو وەرزشوانی سەربەخۆ بەشداری پاڵەوانێتییەکانیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ